هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

هەر کە نوسینێک یان کتێبێک لەسەر سەڵاحەدینی ئەیوبی ‏دەخوێنمەوە، زۆر ئەسەف دەکێشم لە کەمتەرخەمیم لە ‏‏نەخوێندنەوەى هەموو ئەو کتێبانەى لە کۆن و تازەدا لەسەر ئەو ‏پیاوە بەرز و گەورەیە نوسراوە. ئەو پیاوەى باڵاى بەقەد ‏کێوەکانى ‏کوردستان بەرز و گەورەیە. گومانى تێدا نیە کە سەڵاحەدینی ئەیوبی ‏بە ڕەوشت و ئاکارە بەرز و پاکەکانى، کە ‏هێندە دەنگى دابوەوە لە ‏جیهانی ئەوروپاى کۆنى ئەو سەردەمە تا ئەو ڕادەیەى دەیەها ‏ئەفسانەى پۆزەتیڤى لەسەر دروست ‏کرا بوو. بەڕاستى ئەگەر ئاکار ‏و ڕەوشتەکانى سەڵاحەدینی ئەیوبی ناوێزە و بێ هاوتا نەبان، هەرگیز ‏نەدەکرا لە ئەوروپاى ‏کۆن کە ڕاستەوخۆ بە دەستى کەنیسە و پاپا ‏و پاشایە خاچ پەرستەکان حوکم دەکرا، نەدەکرا بەو سەرسامیەوە باس ‏لە ‏گەورەیی و میهرەبانى و ڕەوشت بەرزى سەڵاحەدینی ئەیوبی کرابا.‏
لە نێو ‏ئەو خەڵکەى کە لەو سەردەمە تا سەر ئێسقان دەمارگیر بوون بۆ ‏مەسیحیەت! مێژوو نوسێکى ئەوروپی دەڵێت: ‏هەردەم لە یادەوەرى ‏جیهان دەمێنێتەوە، کە سەردەمێکى وەکو ئەو سەردەمە خوێناوى و دڵ ‏ڕەقە نەیتوانى مرۆڤێکى ‏دەسەڵاتدارى گەورەى وەک سەڵاحەدین ‏گەندەڵ بکات! بێگومان سەڵاحەدین گوزاریشی لە هەندێ بەهای ئاینى ئیسلام ‏دەکرد لە هەندێک لە خەسڵەتەکانى، بەڵام ‏بەڕاستى زۆریش لەو ئاکار و ڕەوشتانە مۆرکێکى کوردى تەواوى پێوە ‏بوو!‏
بێگومان پێغەمبەر دانى بە چەند ئاکارێکى بەرزى ‏عەرەبی سەردەمى جاهیلی داناوە بۆیە فەرمویەتى (إنما جئت لاتمم ‏‏مکارم الاخلاق) (هاتوم بۆ تەواوکردنى ڕەوشتە بەرزەکان) هەر لە ‏ڕۆشنایی ئەو فەرمودەوە و ئەو نوسراوانەى لەسەر ‏کورد نوسراون بە ‏دەستى ڕۆژهەڵاتناسەکان دەردەکەوێت، کە کورد خاوەن چەند ‏خەسڵەتێک و بەهایەکى ڕەوشتى تایبەت ‏بووە، بۆیە زۆر لە کارەکانى سەڵاحەدینی ئەیوبی لە ئاکار و ڕەوشتى کەسى تر ناکات. خۆزگە ‏سەرکردەکانى کورد هەر ‏یەکەى کۆرسێکى چڕی وەردەگرت لەسەر ‏ڕەوشت و بەها بەرزەکانى سەڵاحەدین هەر هیچ نەبێت بۆ ڕاکێشانى ‏دڵى کورد، ‏وەک چۆن سەڵاحەدین دڵی هەموو جیهانی بە دۆست ‏و دوژمنەوە بۆ خۆی ڕاکێشا بوو.‏
بێگومان باسکردنى خەسڵەتە کوردیەکانى سەڵاحەدین بە کتێبێکیش ‏تەواو نابێت نەک بە وتارێک، بەڵام وەک نموونە باسی ‏هەندێکیان ‏دەکەین:‏
یەکەم: ڕەفتارى سەڵاحەدینی ئەیوبی لەگەڵ شاژن و ئافرەتە ‏پایەدارەکانى سەرکردە خاچ پەرستەکان، لە جیاتى بە دیل ‏بردنیان ‏کە یاساى باوى ئەو سەردەمە بوو، لە جیاتى ئەوە سەڵاحەدین نەک ‏هەر خۆیانى ئازاد کرد، بەڵکو ڕێگاى پێدان ‏ئەوەى مێردى یان برا ‏و کەسوکارى دیل بوو لەگەڵ خۆیانیان بەرنەوە!‏
نەک هێندە بەڵکو ‏فەرمانى دا ئەوەى مێردى یان باوکى کوژرا بوو، هیچی بەدەستەوە ‏نەمابوو بڕێکى چاکى پارەى بۆ ‏سەرف بکرێت وئازاد بێت لە مانەوە ‏یان ڕۆیشتن بۆ هەر شوێنێک. میهرەبانى سەڵاحەدین هەر بە ژن ‏و منداڵ و پیر ‏و پەککەوتە نەبوو، بەڵکو بەبەر جەنگاوەرە خاچ ‏پەرستەکانیش دەکەوت. سەڵاحەدین بەو مەسلەکەى کارى کردبوە ‏سەر ‏هەموو کەس و کارى و لەشکرەکەشی، ئەوەتە مەلیک عادیلی براى ‏داواى لێکرد هەزار دیلی خاچ پەرستى پێ ببەخشێت، ‏و هەر کە پێی ‏بەخشی هەموویانى ئازاد کرد. (جێمس رستون) دەربارەى لەشکرى ‏سەڵاحەدین دەڵێت: سەربازەکانى ‏سەڵاحەدین ڕەفتارێکى نمونەیی و میسالییان ‏نیشاندا لە کاتی داگیرکردنیان بۆ قودس.‏
سەڵاحەدینی ئەیوبی وەک ڕیزلێنانێک لە چەند مەلیکێکى خاچ پەرستان، ‏سەرەڕاى بەدیل گرتنیان، هەزاران دیلی بەخشیە ‏ئەوان و ئازادى ‏کردن! لە هیچ ڕۆژێک لە مێژووى ئیسلامدا دیل و خەڵکى وڵاتێکى لە ‏جەنگ دۆڕاو بەو شێوەى ‏سەڵاحەدین ڕەفتاریان لەگەڵ نەکراوە.!‏
جارێکیان هەندێ دز و جەردەى موسڵمانان منداڵێکى شیرەخۆرەى سێ ‏مانگیان فڕاند، و دایکى هێندە بۆی گریا، تا ‏فەرمانڕەوایانى خاچ ‏پەرستەکان هانیان دا هاوار بۆ سەڵاحەدین بەرێت، چونکە دەیانزانى ‏چەند مرۆڤە، کە دایکى جگەر ‏سوتاو و لێقەماو چووە بەردەم سەڵاحەدین بە گریان و پاڕانەوەى جەرگبڕی، ئەو پاڵەوانە ‏نەبەردەى هێنایە گریان، وەک ‏قازى ابن شداد دەیگێڕێتەوە! سەڵاحەدین فەرمانى دا بە دواى مناڵەکە بگەڕێن و بیدۆزنەوە، هێندەى ‏نەبر دۆزیانەوە ‏و بەپارەى خۆی کڕیەوە و دایەوە باوەشی دایکى! کە ‏لە خۆشیان باوەشی پیاکرد، و زۆر بە گەرمى دەگریا، لە خۆشی ‏‏دۆزینەوەى منداڵەکەى، هەتا هەموو موسڵمانانى هێنایە گریان. ابن ‏شداد دەڵێت: بڕوانە بۆ ئەو میهرەبانیە سەرتاسەریەى ‏بۆ ڕەگەزى ‏ئادەمیزاد.‏
دووەم: هەر ابن شداد دەگێڕێتەوە: کاتێک پاشاى ئینگلیز ریچاردى ‏شێردڵ نەخۆش کەوت، کە لە هەرە دوژمنەکانی ‏سەڵاحەدین بوو، سەڵاحەدین بەفر و میوەى بۆ نارد!! کەى شتى وابوە لە هەموو مێژووى ‏جیهاندا لە نێوان دوو شا لەکاتى ‏جەنگیاندا؟!‏
ئینجا هەر بەراوردێکى ئەو بارە بکە بەوەى لەکاتى فتوحاتى فارس ‏ڕویدا، ئەو کاتە دەزانیت ئەو ئاکارە بەرزەى ‏سەڵاحەدین تایبەت ‏و کوردى بوو، ئەو شەهاماتە بە مۆرکێکى کوردى نەخش کرابوو.‏
بە نیسبەت خەڵکى فارس لەوانەى دەکەوتنە ژێر دەستى لەشکرى ‏فتوحاتى ئیسلامى کە پڕ بوون لە سەحابەش، ئەوە ‏زۆربەیان ئەکران بە کۆیلە و دابەش دەکران ‏بەسەر دەوڵەت و سەربازەکان، واتە جەنگاوەر و ژن و منداڵەکانیانیش!! ‏هەتا ‏ئێمە گومانمان نیە کە ئەو سیاسەتە هۆی سەرەکى کوشتنى ‏حەزرەتى عومەرى کوڕی خەتاب بوو، چونکە بەپێی ‏سەرچاوە ‏مێژوویەکان حەزرەتى عومەر تەنها ڕێگاى دابوو بە هێنانى منداڵە ‏دیلەکان بۆ مەدینە، ڕازى نەبوو بە هێنانى ‏گەورەکان. ئەوە جگە لە ‏چەند حاڵەتێکى کەم نەبێت وەک هاتنى هورمزان و ئەبو لوئلئە ‏نەبێت، بێگومان دیتنى ئەو ‏منداڵانەى وڵاتى فارس، و جیاکردنەوەیان ‏لە دایک و باوکیان مەنزەڕێکى جەرگ بڕ بوو بۆ هەموو کەسێک، هەر ‏ئەو ‏دیمەن و مەنزەرە بوو کاری کردە سەر ئەبو لوئلئە، کە دەڵێن کاتێ ئەو ‏مناڵە بەستەزمانانەى دەدیت دەگریا و دەستى ‏بەسەردا دەهێنان، ئەوە ‏سەرەڕاى ئەوەى وێنەى چارەنوسی خێزانى خۆشی لەو منداڵە ‏پەڕاگەندە و بێ باوک و دایکانەى ‏دەدۆزیەوە، بۆیە هەڵسا بە کوشتنى ‏حەزرەتى عومەرى.‏!‏
بەڕاستى ئەوەى پێی دەڵێن فتوحاتى ئیسلامى، لەزۆر لایەن زیانى بە ‏وێنەى ئیسلام گەیاند و پێویستی بە چاوپێداخشاندنەوە ‏هەیە. چونکە ‏ئەو عەدالەتە مەزنەى عومەر کە باسی دەکەن، لەگەڵ دیمەنى ئەو ‏منداڵە بچوک و بێ دایک و باوکانە ‏ناوەشێتەوە! یانیش ئەوەى لە ‏مێژوو نوسراوە هەمووى لە هەمووى درۆیە! بەڕای ئێمە چونکە کورد ‏دوور بووە لە ئاکاریى ‏بە کۆیلەکردنى خەڵکانى تر، بۆیە ئاکارى سەڵاحەدین لە مامەڵە کردندا لەگەڵ دیل و منداڵان زۆر جیابوە لەوانى تر، ‏چونکە ‏جاروبار کورد خۆشی قوربانى بە کۆیلە کردن بوە، وەک ‏‏(تەبەرى) و (ابن کەسیر) باسی یەک لەو شەڕانەى لە شکرى ‏ئیسلامى ‏دەکەن لە دژى کوردا بەناوى: ( خبر سلمە بن قیس الاشجعی والاکراد: ‏بعثه عمر على سریە ووصاه بوصایا ‏کثیرة، فساروا فلقوا جمعا من ‏المشرکین فدعوهم الی احدى ثلاث خلال، فأبوا ان یقبلوا واحدة منها، ‏فقاتلوهم، فقتلوا ‏مقاتلیهم، وسبوا ذراریهم وغنموا اموالهم، ثم بعث ‏سلمة رسولا الى عمر بالفتح والغنائم ) ( تاریخ ابن کثیر 7/ 133 ، ‏‏التفاصیل فی تاریخ الطبری 4/ 186 : 190 )‏
واتە (هەواڵی سەلمەى کوڕی قەیس و کورد: کە عومەر ناردى بە ‏فەرماندەى تیپێک و زۆر وەسیەتى پێدا، ئەوانیش ‏بەڕێکەوتن و توشی ‏کۆمەڵێکى موشریک بوون و داوای یەک لە سێیانیان لێکردن (واتە ‏ئیسلام بوون، یان جزیەدان، یان ‏شەڕِ)، ئەوانیش واتە کوردەکان هەر ‏سێکیان ڕەت کردەوە، ئەوانیش جەنگان لەگەڵیان، جەنگاوەرانیان ‏کوشتن، و ژن ‏و مننداڵیان بە کۆیلە بردن، و پارە و سامانیشیان بە ‏غەنیمە و دەسکەوت، دوایی سەلەمە نێردراوێکى نارد بۆ لاى عومەر بە ‏‏هەواڵی فەتح و دەسکەوت!!)‏
نوسەرێکى عەرەب کە باسی ئەو ڕوداوە دەکات لە تەعلیقیدا دەڵێت: ‏‏کورد خاوەنى دەوڵەت نەبوون، و هیچ پەیوەندییەکیان ‏بەعەرەب ‏نەبوو لە هیچ جۆرێک. پوختەى باسەکە ئەوان خۆیان دۆزیەوە ‏ڕوبەڕوى لەشکرێک لە زمانیان تێناگەن ‏و هەڵمەتى هێناوەتە سەر ‏خاک و ماڵیان، بۆیە بەرگریان لەوڵات و کەس و کار و عەرز و شەرەفی ‏خۆیان کرد، بەڵام لە ‏شەڕدا دۆڕان (بێگومان لەبەر ناکاوى و لاسەنگى ‏هێز) و پاش ئەوەى عەرەب (جەنگاوەرانیان کوشتن، ژن و منداڵانیان ‏بە ‏کۆیلەبردن، و ماڵ و سامانیشیان بە غەنیمەت…‏)‏
وەرە ئەو ڕەفتارە زبر و بەربەریانە لە تەك خەڵکی بێ ئاگا و بێ هێز، بەراورد کە بە ڕەفتارەکانی سەڵاحەدینی ئەیوبی لە ‏تەك دوژمنی بەهێز و سەرسەختەکانی خۆی کە چەندە مرۆڤ دۆست و ناوێزە بوون، ئینجا تێدەگەی لەو خەسڵەتە ‏کوردییانەی سەڵاحەدین کە من باسیان دەکەم!‏

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە