هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

میحنەی ئیبن ڕاوەندی بە دەستی موعتەزیلە!

لە بەدبەختی ئیبن ڕاوەندی هەموو ئەوانەی باسیان کردوە و هەواڵیان گواستۆتەوە نەیارانی ئەون، جگە لە دوو کەس نەبێت کە ابن خلکان و الشریف المرتضی نەبێت. نووسینەکانی ئیبن ڕاوەندی کاریگەری لەسەر هەموو گۆڕەپانی فەرهەنگی سەردەمی خۆی جێهێشتووە، کەم ناوی بەرز هەبووە کە وەڵامی نەدابێتەوە لەوانە فارابی و کیندی و ئەشعەری و سهل و ابو محمد نوبەختی، ئەشعەری و ابو القاسم البلخي الکعبي و ابو علي الجبائي و ابو هاشم الجبائي و الخیاط المعتزلي. لەناو ئەو هەموو وەڵامانەش تەنها وەڵامی خەیاتی موعتەزیلیمان پێ گەیشتووە بە ناوی [الانتصار] کە ؛ە وەڵامی کتێبی [فضیحة المعتزلة] ی ئیبن ڕاوەندی نووسراوە کە خۆشی لە وەڵامێ کتێبی [فضیلة المعتزلة] ی جاحظ نوسیبووی!

لەوەدەچێت ئەو کتێبە کاریگەریەکی زۆر گەورەی جێهێشتبێت لەسەر هەموو ئاڕاستە و تەوژمەکانی موعتەزیلەکان، بەڕادەیەك یەك وشەی چاك نادۆزیتەوە دەرهەق بەو پیاوەیان گوتبێت، سەرەڕای ئەوەی ماوەیەکی زۆر موعتەزیلی بووە و چەندین کتێبی لە بەرگری و برەودان بە موعتەزیلە نووسیوە.

هێرش کردنە سەر ئەو پیاوە لە ڕادەیەك بووە هەتا ئەوانەی کە خۆیان بەوە ناسراون کە تۆمەتبار کراون بە زەندەقە وەك ابو علاء المعري و ابو حیان التوحیدي یش دەستیان نەپاراستوە لە خراپ باسکردنی ئیبن ڕاوەندی!

درۆیەکی هێندە زۆر کراوە بە دەمی ئەو ئیبن ڕاوەندی یە لەلایەن ناحەزانی و جاروبار خەڵکانێک کە نەوێراون نوسینەکانیان بە ناوی خۆیان بڵاوکەنەوە داویانەتە پاڵ ئیبن ڕاوەندی، مرۆڤ سەری دەسوڕمێ دەبێت ئەو مێژووە چەند تەحریفاتی تێکراوە؟!

هەتا نووسەر و ڕۆمانووسێکی گەورەی ئەو سەردەمە وەك یوسف زیدان، کە ڕۆمانێکی مێژووی ئایینی مەزنی وەك[عەزازیل] نووسیوە، لە وتارێکدا بە ناوی [أحفاد ابن الراوندى]  زۆر نەشارەزایانە باوەڕی بەو هەموو درۆیە هەڤدژیانە کردوە کە دژی ئیبن ڕاوەندی هەڵبەستراوە، و دەڵێت: خۆی جوو بوو، کە ئەوە هیچ بنچینەیەکی نییە، کە دیتی موعتەزیلە باڵادەستن بووە موعتەزیلە، دویێ موعتەزیلەی جێهێشت چونکە شوێن و پایەکی لایقیان پێی نەدا! دوایێ بووە شیعی کتێبێکیانی بۆ نووسی بە ناوی [في الامامة] بە ٣٣ دینار! دوایێ بوە سونی، دوایێ بوەوە جوو کتێبێکی بۆ نوسین بە ٤٠٠ درهەم، دوایێ ویستی هەر خۆی وەڵامی کتێبەکەی بداتەوە، بۆیە جووەکان ١٠٠ درهەمی تریان دایێ تا بوەستێت و وەستا!

یوسف زیدان ئیبن ڕاوەندی وەك نمونەیەك هێناوەتەوە بۆ ئەوانەی کە قەڵەمیان دەفرۆشن و هەر ڕۆژەی لەسەر خوانێکن، ئێمەش دژی ئەو زومرەیە خۆفرۆشەین، بەڵام ئەوەی زیدان هەڵەی تێدا کردوە دوو شتە: یەکەم باوەڕکردنی بەو هەموو درۆ و دەلەسەیەی بۆ سوککردنی ئیبن ڕاوەندی هەڵبەستراوە هەتا لەلایەن ڕۆشنبیرترین چینی موسڵمانان کە موعتەزیلەیە، دوایێ چەند نمونەیەك لە وەڵامەکەی خەیاتی موعتەزیلی دەخەینە ڕوو بزانە هیچ سووکایەتی وجوێن ماوە بە ئیبن ڕاوەندی نەدابێت!

بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە، کلیک بکەرە سەر  دۆخی ڕۆشنبیران لە سەردەمە ئیسلامیەکاندا

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت