هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

لەوە دەچێت لە مێژە خۆمان باش ناناسین، لەبەر هەندێ سیفەتی باش، سیفەت و شتە خراپەکانی خۆمان نەزانیبێت. یەك لەو ‏شتانەی کە نەماندەزانی ئەوەیە کە ئێمەی کورد هەمیشە گەندەڵی بەبەرچاومانەوە کراوە لەلایەن سەرۆك و سەرکردەکان، ‏هەمیشەش یان ئەوەتا قەت دەنگیشمان نەکردوە، یانیش دەنگیشمان کردبێت هەر بۆیان چۆتە سەر، تا ڕادەی ئەوەی هەندێ ‏لەو سەرۆك و سەرکردانە بۆنەتە ئیکۆنێکی مێژوویی پیرۆز و موقەدەس، هیچ کەس شتێکی ئەوتۆ لەبارەی دیوەکەی تری ‏گەندەڵی و خیانەتەکانی نازانێت دەرهەق بە گەل.‏
من هەرگیز باوەڕ ناکەم ئەو هەموو گەندەڵەی کە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دەیکەن، کە بڕستی لە خەڵك بڕیوە، بێ ڕەگی ‏مێژوویی بێت، ڕاستە سەرکردەی باش و خاکیش هەشبوون، بەڵام نازانم ئەوانیش هیچیان لە دەستدا نەبوو، یان پارە نەبوو ‏و کات لەبار نەبوو بۆ گەندەڵی بۆیە نەیانکردوە، یان هەر خۆیان مرۆڤگەلی چاك بوون!‏
من زۆرم لە کەسە زیندوەکان گوێ لێ بووە دەربارەی ئەو گەندەڵییەی کە هەبوو لە شۆڕشی ساڵی 1974، سەرەڕای ‏داوێن پیسی بەرپرسان بەرامبەر ژنانی کوردی ئاوارە و دەیان کاری بۆگەنتر. بەس دیارە دەرامەتەکە ناکاتە 1٪ ئەوەی ‏ئەمڕۆ بۆیە هەر کەس بە کتێبێکیش بەلایدا نەچووە، مەگەر وەك خاڵێك لە کتێبێکدا بە خێرایی باس کرابێت!‏
دەزانن ئەو شێخ مەحمودەی کە بۆتە ئەو کاریزمایە مێژووییە دەڵێن دەیان کاری گەندەڵی ڕوویداوە لەسەردەمی ئەو، بە ‏عیلم و ئاگاداری خۆی، هەندێکیان بە دەستی خۆشی!‏
پێش ماوەیەك وتارێکی زۆر سەرنج ڕاکێشەری فەرهاد پیرباڵم دی دەربارەی گەندەڵیەکی گەورەی سەردەمی شێخ، کە ‏گوزارش دەکات لەو دەروونزمییەی کە بەرپرسانی کورد تیایدان، بەڵکو تاکی کوردیش. ئەوە هەمان ئەو دەرووننزمیەیە ‏کە مرۆڤێك هاندەدات لە ئەوروپاوە بژیت ژیانی هەموو دابین بێت، کەچی بۆ مووچەیەکی گەندەڵی جڕت و فرتی بێت لە ‏نێوان ئەوروپا و کوردستان لە پێناو مووچەیەکی گەندەڵی!‏
وتارەکەی پیرباڵ باسی شتێك دەکات کە پێیان گووتوە [فەقیرانە] لە سەردەمی شێخ مەحمود وەك مووچەیەکی هەژاران ‏بڕاوەتەوە گوایە بۆ ئەو خەڵکە هەژارەی کە بژێوی ژیانیان خراپ بووە! بەڵام وەك پیرباڵ دەڵێت:‏
‏” لەناو رۆژنامەكانی سەردەمی شێخ مەحموود، لەناو لیستی ئەوانەی “فەقیرانە”یان لە بەلەدییەی سلێمانی وەرگرتووە، ‏ناوی دەیان بەگ و ئاغا و شێخ و بەگزادەی – بۆ نموونە وەك “ئەحمەد بەگی شەوكەت بەگ، شێخ حەمەومین ئاغا و فڵان ‏ئاغای ناودار و بەگزادەی شێخ فڵان بەگ‎” ‎دەبینیت، وەك (سواڵكەر!) ناویان لە رۆژنامەكەی شێخ مەحمووددا تۆمار ‏كراون، “‏‎“‎فەقیرانە- سۆسیال”یان لە حكوومەتی مەلیك مەحموود وەرگرتووە‎!‎
لە هەمووی ناخۆشتر وتارەکە دەڵێت : دوو مەلای ناوداریشیان تێدایە كە هەمان فەقیرانەیان وەرگرتووە و ناویان نووسراوە!‏
باشە ماقوڵە ئەگەر دەروون نزم نەبیت ناو لە خۆت بنێی ئاغا و شێخ و بەگ و بەگزادە، کە ئەو ڕۆژگارە سەرتۆپی کۆمەڵگا بوون، ‏هەمووی دەرەبەگ و خاوەن خاک و گوند و زەوی، کەچی بچیت ناوت لە لیستی فەقیرانە تۆمار بکەیت، تا بەشی فەقیرەکانیش بخۆیت؟! ‏بەخوای مرۆڤی فەقیریش پێی ناخۆشە مووچەیەك وەرگرێت بەناوی فەقیرانە ئەگەر ناچار نەبێت، ئەخر شێخ و بەگ و ئاغای تڕزل ‏چۆن شەرمیان نەکردوە “ناویان لە ڕۆژنامەی “ژیانەوە و ژیان”دا تۆمار كراوە، خەڵكی وای تێدایە كە ئەولادە ملیۆنێرەكانی ‏ئەمڕۆ، روبعێكی سلێمانی بەناوی ئەوانە! هەر لەبەر هەمان هۆكاریش، نەمویست ناوەكانیان لێرەدا بڵاو بكەمەوە وەك ‏بەڵگە‎.‎‏”‏
ڕاستە کاوە حەفید وەڵامی دایەوە بەڵام چ وەڵامێك، گوایە بە پاڵنەری حزبایەتی و پارتی ئەو سوکایەتیە دەکرێت بە شێخ ‏مەحمودم دەڵێت: ئەو بەگ و ئاغا و شێخانە مەرج نییە هەژار نەبووبن! یانی شێخ و بەگ و ئاغای تۆزوبا بوونە! ناڵێت چۆن ‏شێخ محمود ڕازی بووە لە ڕۆژنامەکانی ناوی ئەو هەموو بەگ و ئاغا و برسی بەگانە ببینێت، لە لیستی فەقیرانە و چاوپۆشی ‏لێ بکات، دەیەوێت کێشەکە بگەڕێنێتەوە بۆ کێشەی یەکێتی و پارتی.‏
من هەقم نییە پیرباڵ ئەو کارەی بۆ کێ و بە پاڵنەر چی کردوە، لەوەش ناچێت بەو پاڵنەرە کردبێتی، چونکە ڕەخنە لە ‏گەندەڵی ئێستاش دەگرێت لە وتارەکە. گرنگ ئەوەیە لیستەکان و سەرچاوەکان هەن، دەیسەلمێنن کەسایەتی کوردی لە ‏لوتکەوە وا سووك و چروک بوون هەمیشە، بۆیە ئەمڕۆ سەرکردەکانمان ئامادەن کورد لە برسان بکوژن و ڕیسواکەن، ‏نەك دەست لە دزی و تەماعی بێ بڕوانەوە و چڵێسی هەڵگرن، دەستی ئەو مللەتە بگرن بیانبەنە ناو کۆڕی ‏میللەتانەوە. دزی و تاڵانمان مەکەن دەوڵەتی کوردیمان لێتان ناوێت بەو برسێتییە و دەروون تێکشکاویە، دزی و تاڵانی ‏خەڵك مەکەن، کەس نایەوێت ئاڵایان بۆ هەڵکەن ئەو چڕە مەعاشەی بەغداشیان لێ ببڕن!‏

سەرچاوەی وتارەکە و وەڵامەکەی شێخ کاوە حەفید ــ ئاوێنە

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت