هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

لە دوێنێوە پارچە گۆرانیەکی پیرۆزبایی جەژنی شڤان پەروەرم بڵاوکردۆتەوە، کەسانێکی زۆر پەست کردووە لەبەر ‏هۆکاری جیا جای حزبی یان نەتەوەیی و… هتد. ‏
کورد لەگەڵ دڵسۆزەکانی زۆر بێ خەمە کاتێ لە لوتکەی دڵسۆزیشن تەنها بە وشە پشتگیریان دەکەن، ئەگەر بزانن لەبەر ‏هەڵوێستە دڵسۆزەکانی باجی مەرگیش دەدات دەستی بۆ درێژ ناکەن، ئەگەر لە برسانا بشمرن هاریکاریان ناکەن، بەڵام ‏کاتێ بچوکترین هەڵە و لاوازی بەدی کرد لە هەڵوێستی ئەو کەسە دڵسۆزە، وا بەر نەفرەتی دەدات، ئەگەر پەنجا ساڵیش لە ‏خزمەتی میللەت دا بێت بەوپەڕی دڵسۆزیەوە، هەمووی بۆ دەسڕێتەوە و دەکەوێتە وێزەی، بە جوێندان و سووکایەتی ‏پێکردنی، هەتا ئەگەر هەڵوێستەکەشی بە هەڵە وەرگرتبێت، و وەك ڕایەكی ئازادانەی خۆی بێت، ناوی خیانەتی لێ دەنێن.‏
شڤان بەر لە چەند ساڵێك پاڵپشتی پرۆسەی ئاشتی کرد بە ڕابەرایەتی ئەردۆگان، منیش ڕەخنەم هەبوو لەو کارەی، بەڵام ‏ناتوانم بڵێم خیانەتی کردوە، ئەوە ڕای خۆیەتی گەیشتوە بەو ڕایە هەڵەیە لە نەزەری من و تۆ، لەوانەیە خۆی زۆر بە ‏دڵسۆزانە پێیوابوو بێت ئەردۆگان کلیلی چارەسەری کێشەکەی لە دەستە، هەروەك من و هەزارانی وەك منیش ڕۆژێك ‏فریومان بەو بیرۆکەیە خواردبوو!‏
من ئەگەر لە مێردمنداڵیەوە شڤانم ناسیبێت و فێری خۆشەویستی گەل و نیشتیمان بووبم لێی، دەبێت ئەو هەموو دڵسۆزیەم ‏لەبەرچاو بێت، هەرنەبێ ناڵێم وەک موسڵمان 70 عوزر بۆ براکەت بدۆزەرەوە، بەڵکو تەنها یەك دوو عوزری بۆ ‏بدۆزەرەوە!‏
لەبیرمە لە وتارێك لە گۆڤاری ئاڵای ئیسلام نووسیبووم ئەگەر قورئان بە دەنگی عبدالباسط و مەنشاوی ئیمانم ‏بەرزبکاتەوە، ئەوە شڤان بە گۆرانییەکانی ڕووحی کوردایەتی و خۆشەویستی میللەتەکەم تێدا زیندوو دەکاتەوە، وەك ‏پەشێوی مەزن دەربارەی شڤان دەڵێت‎:‎

ئەی نێرە هەڵۆی ڕەوەزان بچریکێنە
ئاسمانی بە تلیاک نوستوو ڕاچڵەکێنە

دوێنی لەگەڵ هاوڕێیەک باسی شڤانمان دەکرد، پێیم گووت، مرۆڤی گەورەی کورد دووچاری دەیان ئەزموونی دەوڵەت ‏و حزبی دەروروبەر و ناوخۆ دەبێتەوە، هەمووی هەوڵی کڕین و بە ڕۆبۆتکردن و ناوزڕاندنی دەدەن، بۆیە زۆر قورسە ‏هەموو مرۆڤی کورد لە هەموو ئەزموونەکان بە سەلامەتی دەرچێ.‏‎ ‎
دوایێ کێ هەیە بە ئەردۆگان فریوی نەخواردبێت؟! منیش هەتاڕادەیەکی زۆر پێی فریوم خواردبوو، خودی پەکەکەش ‏فریویان بە ئەردۆگان خواردبوو کاتێ چوونە ناوپرۆسەی ئاشتی لەگەڵی بۆ چەندین ساڵ خەباتی چەکدارییان بۆی ‏ڕاگرت‎!‎
دەبا شڤانیش ئەو کوفرەی کردبێت، و فریوی پێ خواردبێت! بڵێن هەڵەی کردوە، نەیپێکاوە، و بڵێن نەدەبوایە وای کردبا، ‏بەڵام بۆ دەبێت جوێن بە دایک و باوکی بدەین و بە خیانەتکار ناوزەدی کەین، لەناو ئاهەنگدا سازەکەی بەسەردا بشکێنین؟‎!‎
ئەخر هەموو مرۆڤیك قابیلی هەڵەیە، خۆ منیش ئەو کاتە بەر لە چوار ساڵێک لێی پەستبووم و ڕەخنەم لەو هەڵوێستەی ‏هەبوو، بەڵام هەموو هەواڵەکان دەڵێن پاشەکشەی کردوە لە هەڵوێستەکانی کە زانیتی ئەردۆگان کلاوچییە. ئینجا بەڕاستی ‏خاوەن دەنگێک و مێژوێکە لە هونەری بەرەنگاری زۆربەمان قەرزاری دەنگ و ڕوحیەتی شۆڕشگێری ئەوین. هیوادارم ‏هەندێک نەرمتر بین لەگەڵ ئەو مرۆڤە بەتوانا و گەورانە بەڵکو ئەگەر هەڵەیەکیشی کردبێت، زووتر پەشیمان دەبێتەوە ‏نەک دوژمنایەتی تا دێت تۆختر کەینەوە‎. ‎جوێنی پێدەین و لەناو ئاهەنگێکی کۆمەڵایەتی هەڵکوتینە سەری و دەستدرێژی ‏بکەینە سەری. نازانم ئێمە ئەو پیاوانەی کە مێژوو لە چەند سەد ساڵێك، تەنها دانەیەکمان پێ دەدات بۆ هێندە بەخشەندەین ‏بۆ لە ناوبردنیان و تێکشکاندنیان؟!‏
بۆ هەلێکیتریان پێ نەدەین؟ خۆ تۆ خوا نیت و حزبەکەت خوا نییە بڕیاری خاینبوون و بێ باوەڕی و کوفری کەسێك ‏دەدەیت بۆ هەتا هەتایی؟! شڤانێك 37 ساڵ وڵاتی خۆی جێبهێڵێت لەبەر دۆزی میللەتەکەی، و گۆرانی بۆ هەر چوار ‏پارچەی کوردستان چڕیبێت، بەڵکو بۆ گەلی تورك و سوریا و فەلەستینیش گۆرانی گوتبێت، ڕۆژنامەیەکی عەرەبی العرب ‏وەسفی بکات بە [شڤان هبة الله للاکراد]! شڤان دیاری خوایە بۆ کورد! تۆ چۆن دەتەوێ و دەتوانی وا بیسڕیتەوە؟!‏
ئەوە حزبە شاعیرێکی بەعسی پۆلێش دەکات وساف ولووسی دەکات و زیاتر لە ڕوبعە ملیۆنیك دەنگی بۆ کۆدەکاتەوە، هەر ‏هەمان حزبیشە کابرایەکی توندڕەوی دینی لای حزبی [ئەلف] بەرزدەکاتەوە چونکە دژی حزبی [بێ] لێدوان دەدات، لە ‏هەمان کاتدا هەر حزبە کابرایەکی وەك شڤان بە مێژووێکەوە لە خزمەتی کورد وا مەنبوز و بێ ئەرزش دەکات چونکە ‏سەردانی حزبی [بێی] کردوە!‏


لەگەڵ عەدنان کەریم یش هەمان بەزمە. پێیان ئاساییە یاریکەرێکی وەك مێسی دوو بەقەد مووچەی هەموو کوردستان ‏پارە وەرگرێت لەبەر یاری تۆپیپێ کەس ناڵێت بۆ دەیەها هونەرمەند و زانا و خەڵکی لەو شاینتر هەن هەتا مووچەی ‏دەرگەوانی مێسی یش وەرناگرن، بەڵام ئەگەر گۆرانیبێژێکی گەورەی بێ وێنەی وەك عەدنان کەریم لە ئاهەنگێك ‏دەفتەرێك دۆلاری وەرگرتبێت ئەوە زۆرە و دەبێت خاین بکرێت؟! ‏
یان ئەگەر حزبێکی کوردی بە زۆر عەدنان لە هەڵوێستێك تێوەگلێنێ و تووشی هەڵەیەکی بکات، ئیتر فەیسبوك بە ‏پاڵنەرێکی سیاسی حزبی یەك پارچە دەبێتە جوێندان بە عەدنان کەریم! هەتا ئەگەر عەدنان کارێکی چاکی وەك ‏کوردئایدڵیشی کرد و دەیان گەنجی کوردی ڕزگار بکات لە عەرەب و تورک ئایدل، هەر خراپە، و نازانێ قسە بکات، ‏نازانێ بڕیار بدات، سووکە شایی دەکات، تا کۆتایی لەو قسە منداڵبازاڕییانە.‏
عەدنان کەریم هونەرمەندە، دەنگێکە مەگەر خوا لە 500 ساڵێك جارێك بە میللەتێکی بدات، تۆ چی تێدەگەی لە سامانی ‏نەتەوەیی تا بڵێیت هەتا ماوم گوێ لەدەنگی ناگرم چونکە سەردانی زۆنی پارتی کردوە و خەڵاتی لێیان وەرگرتووە!؟ منیش ‏پێم هەڵە بوو کە چوبوە ناو پەرلەمانی هەتککراودا، دڵنیام بە خۆشی خۆی نەچووە بۆ ئەوێ، دەتوانین ڕەخنەی تووندی ‏سیاسی لێ بگرین وگوێ لە وەڵامیشی بگرین، بەڵکو خۆی جارێکیتر هەزار حیساب بۆ هەڵوێستێکی وا بکات، نەك بیکەیتە ‏هەڵمەتی ناوزڕاندن و قسەپێگوتن و لە سفرداندا! دەیان پۆستی نەزانانەم دیوە جوێنی پێدەدەن و دەڵێن جارێکیتر گوێی لێ ‏ناگرین! عەدنان کەریم هەر گەورەیە بە دەنگەگەی، گوێت لێگرت یان نا، ئەخر خۆت شایانی ئەوە نیت گوێی لێ بگریت، ‏لە ئاستی مەزنی ئەودا نیت.‏
عەدنان کەریم مرۆڤە وەك هەر مرۆڤێك هەڵەش دەکات، تۆ بۆ چاوەڕوانی خوداوەندی لێ دەکەیت؟! هەموو وەزیر ‏وپەرلەمانتارەکانی حزبەکەی تۆش لەو زیاتر تێوەگڵاون، بۆ لەوان خۆش دەبیت، کە هەریەکەی هەزاران بەدیلی هەیە، ‏بەڵام لە عەدنان خۆش نابیت کە بەدیلی پاش ٥٠٠ ساڵیتریش نابێت؟! ئەی بۆ کاتێ لە سلێمانی عەدنان کەریم بۆ چەند ‏مانگ مووچەی وەرنەگرتبوو، کەسێكتان یارمەتیتان نەدا؟! یا تەنها ئازان بیکوتنەوە؟!‏
بە خوا خائینم کەن و کافرم کەن من هەر قەرزارباری دەنگ و ڕووحی شڤان و عەدنان کەریمم، دەنگی عەدنان و چەند ‏کەسێکیتر نەبێت، دەبێت شەرم کەین بڵێین ئێمە هونەرمان هەیە!‏
منیش پێمخۆشە هەڵوێستی هەموو مرۆڤە ناودار وگەورەکانمان وەك هەڵوێستی پەشێو بێت، کە من دەزانم چەند بە قورس لەسەری ‏کەوتووە، ئەوم کردۆتە ڕێنیشاندەرم، بەڵام لە هەموو کەسێکیش ڕانابینم وەك پەشێو بێت! چاوپۆشی لە خائینان ناکەین، بەڵام بە ئاسانیش ‏کەس خائین ناکەین بەتایبەت ئەو کەڵە هونەرمەند وخەباتگێڕ و شاعیر وسیاسیانەی کە دەگمەنن لەناو میللەتدا. تا پێم بکرێ هەڵوێستی ‏وایان لێ وەرناگرم بیانخەمە بەرەی دوژمن بە زۆری، وهیچ هەلێکی نەدەمێ بەخۆیدا بچێتەوە ئەگەر هەڵەیەکی کردبێت‎.‎
ڕەخنەشم لێیان هەبێت ناگەمە ئەو ئاستە بازاڕییەی کە کەسانیك نیشآنی دەدەن بەناوی سیاسەتکردن، درۆش دەکەن چونکە ‏سیاسەت دەبێت فێری هونەری مودارات و هەڵکردن و زیان لە خۆنەدانت بکات نەك لەسەر بچوکترین شت شەق لە ‏گەورەترین سامانی نەتەوە هەڵدەیت.‏

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە