هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

مه‌لا کرێکار سه‌رۆکی پێشوی حیزبی ئه‌نسار ئیسلام له‌ چاوپێکه‌وتنێکیدا له‌گه‌ڵ که‌ناڵی جه‌زیره‌ی عه‌ره‌بی ده‌ڵێت ” ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ت ” ( داعش ) هیوای موسڵمانان و سه‌رچاوه‌ی بیرکردنه‌وه‌مانه‌ ” و شتێکی سه‌یر نیه‌ ”.

مه‌لا کرێکار باس له‌وانه‌ ده‌کات که‌ داوای روبه‌روبونه‌وه‌ی داعش ده‌که‌ن و ده‌ڵێت ” ئه‌وانه‌ی ئه‌و جۆره‌ داوایه‌ ده‌که‌ن هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ن و هه‌ڵاتون و ده‌که‌ونه‌ دوای قسه‌کانی جۆن کیری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا و سیاسه‌ته‌کانی ئه‌مه‌ریکا ”.

ده‌شڵێت ” نابێت ئه‌هلی سونه‌ت و جه‌ماعه‌ت سه‌ربازێک بن و فه‌رمانه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و رۆژئاوا و ئێران جێبه‌جێ بکه‌ن له‌ ناوچه‌که‌دا ”

مه‌لا کرێکار رووی ده‌می ده‌کاته‌ سونه‌ و کورد و ده‌ڵێت ” ئه‌م شه‌ڕه‌ شه‌ڕی کورد و سونه‌ نیه‌ ، به‌ڵکو رۆژئاوا و ئێران چه‌پڵه‌تان بۆ لێده‌ده‌ن و فریوتان ده‌ده‌ن ”.

باس له‌وه‌ش ده‌کات که‌ ئه‌م رووبەڕووبونەوانه‌ی  له‌ نێوان داعش و حیزبه‌ سونیه‌ جیهادیه‌کانی تردا له‌ سوریا و عێراق روده‌دات شتێکی نوێ نیه‌ ، به‌ڵکو ئه‌مه‌ پێشتریش له‌ ئه‌فغانستان له‌ نێوان تاڵیبان و حیزبه‌ ئیسلامیه‌کانی تردا روویداوه‌ هه‌روه‌ها له‌ ئازه‌ربایجانیش هه‌مان شت روویداوه‌ وه‌ له‌ عێراقیش له‌ نێوان رێکخراوی قاعیده‌ به‌ سه‌رۆکایه‌تی ئه‌بو مه‌سعه‌ب زه‌رقاوی و رێکخراوی ئه‌نسارولئیسلام روویداوه‌ .

کرێکار نمونه‌یه‌ک له‌ عێراقدا ده‌هێنێته‌وه‌ و ده‌ڵێت  ” هیچ که‌س بڕوای نه‌ده‌کرد ئه‌م هه‌موو حیزبه‌ ئیسلامیه‌ به‌هۆی داگیرکاری ئه‌مه‌ریکاوه‌ له‌ عێراقدا دروستببن که‌ ئه‌مه‌ش ” سیاسه‌تێکی زۆردارانه‌ ” بوو پێشتر سه‌دام حسێن سه‌رۆکی رژێمی به‌عس ئه‌نجامیده‌دا و شیعه‌ و کوردی ده‌چه‌وسانده‌وه‌ و سونه‌کانیش نه‌یان ده‌وێرا سه‌ریان هه‌ڵبڕن ”.

مه‌لا کرێکار که‌ له‌ ساڵی 1991 تا ئێستا له‌ وڵاتی نه‌رویج ده‌ژی ، پێیوایه‌  ” وڵاتانی رۆژئاوا ئاگرێکیان له‌ نێوان سونه‌ و شیعه‌کاندا هه‌ڵگیرساندوه‌ که‌ تینی ئه‌م ئاگره‌ تا 50 ساڵێ تر به‌رده‌وامی ده‌بێت ”.

ده‌رباره‌ی رۆڵێ ئێران ده‌ڵێت ” ئێران 1 ملیار موسوڵمانی به‌ کوشتدا بۆ ئه‌وه‌ی 175 ملیۆن شیعه‌ رزگاربکات ”، وه‌ ڕۆڵی ئێران له‌ ناوچه‌که‌دا به‌ ” فیتنه‌گێڕ و شه‌یتان و پیس ” وه‌سف ده‌کات .

وه‌ پێیوایه‌ شیعه‌ مه‌زهه‌بێکی سیاسیه‌ و که‌سیش ناتوانێت ڕوبه‌ڕوی بیروباوه‌ڕی تاکپه‌رستی بوه‌ستێته‌وه‌ .

له‌ چاوپێکه‌تنه‌که‌دا مه‌لا کرێکار دێته‌ سه‌ر باسی ده‌سه‌ڵاتی حوسیه‌کان له‌ وڵاتی یه‌مه‌ن و ده‌ڵێت ” حوسیه‌کان و عه‌لمانیه‌کانی عه‌لی عبدالله‌ ساڵح هه‌رچه‌نده‌ به‌هێزبن ناتوانن چۆک به‌ حیزبی چاکسازی دابه‌ن ئیتر چۆن ئه‌توانن شکست به‌ قاعیده‌ بهێنن ”.

هه‌روه‌ها پێیوایه‌ جارێکی تر سونه‌کان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ سه‌ر بیروباوه‌ڕی خۆیان و یه‌کتاپه‌رستی و جیهاد کردن ، له‌به‌رئه‌وه‌ هیچ هێزێک ناتوانێت روبه‌رویان بوه‌ستێت و تێکیان بدات .

هەروەها لەبەشێکی تردا دەڵێت : من کێشکەم سیاسییەوە و ، من سەرۆکی حیزب م ، وەک چوان ئەوان سەرۆکی حیزبن . وە هەروەها خۆیش بەنەوەی سەلاحەدینی ئەیوبیی ناو دەبات .

نه‌جمه‌دین فه‌ره‌ج-ی 61 ساڵ ، که‌ به‌ مه‌لا کرێکار ناسراوه‌ ، له‌ساڵی 2012 له‌لایه‌ن دادگایه‌کی نه‌رویجه‌وه‌ به‌ شه‌ش ساڵ زیندانی حوکمدرا ، به‌ڵام دواتر حوکمه‌که‌ی بۆ دوو ساڵ و 10 مانگ که‌مکرایه‌وه‌ وپێشتر له‌ هه‌رێـی کوردستان  سه‌رۆکی رێکخراوی ئه‌نسار ئیسلام بوه‌ که‌ رێکخراوێکی توندڕه‌و بوو وه‌ چه‌ند کارێکی تیرۆریستی له‌ کوردستاندا ئه‌نجامدا دیارترینیان کۆمه‌ڵکوژیه‌که‌ی خێڵی حه‌مه‌ بوو .

س – م

 

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت