میران موحەمەد : به‌ داخه‌وه‌ کـه‌لـێــنـده‌ره‌که‌تان  زۆر له‌ دوایه‌ . 

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

پاش هه‌ره‌سی  رژێمی سه‌دامی گۆڕبه‌گۆڕ  ساڵی   ٢٠٠٣ ،  کاتێ  سه‌رجه‌م خاکی  کوردستانی باشور  به‌ده‌ر له‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ ، ته‌واو خاڵی بو له هێزی کاریگه‌ری نه‌ته‌وه‌کانی تری عێراق . کورد  تاکه‌ هێزی کاریگه‌ر و  باڵاده‌ستی نه‌ك کوردستان ته‌نانه‌ت عێراقیش بون . کورد جێی متمانه‌ و چاوساغ  و ده‌سته‌ ڕاستی  هاوپه‌یمانان  و ریش سپی  و ده‌مڕاستی گشت عێراقیه‌کان  بون .  پێویستی داگیرکه‌ران  به‌ لایه‌ن  و‌ هێزه‌ کوردیه‌ نیمچه‌ یه‌کگرتوه‌کان  به‌ راده‌یه‌ك  بو ‌ئاماده‌ی رازیکردنی کورد  بون به‌ هه‌ر نرخ و شێوه‌یه‌ك داوایان بکردایه‌ ! باری ئابوری و دیبلۆماسی دوژمنانی دراوسێش ئه‌وه‌نده‌ باش نه‌ بو  ئیره‌یان پێ ببرێت . گه‌رماوگه‌رم  هه‌ر له‌و سات و دۆخه‌ له‌باره‌ خولقاوه‌دا ، هاوڵاتیان له‌ سه‌رکرده‌  سیاسیه‌کانیان هه‌ستیارتر بون و دڵسۆزانه‌  ویستان ئه‌و هه‌له‌ زێڕینه بقۆزنه‌وه ‌و له‌ده‌ستی نه‌ده‌ن . ئه‌وه‌بو شێلگیرانه‌ داوای ئه‌نجامدانی رێفراندۆمیان ده‌کرد  بۆ لکاندنه‌وه‌ی ناوچه‌ دابڕێندراوه‌کان و راگه‌یندانی سه‌ربه‌خۆیی ! وه‌لی سه‌دان مه‌خابن ، له‌به‌رامبه‌ردا  به‌رپرسانی کورد ، له‌ پێش هه‌موشیانه‌وه کاك مسعود ،  نه‌ك  گوێیان بۆ خواست و داخوازی رۆڵه‌کانی گه‌له‌که‌یان شل نه‌کرد و به‌قسه‌یان نه‌کردن ،  به‌ڵکو  رێگریه‌کی  سه‌رسه‌ختانه‌یان له‌  ئه‌نجامدانی ئه‌و رێفراندۆمه  کرد و په‌کیان خست !

پاش ١٢ ساڵ و دوای له‌ده‌ستدانی کاریگه‌ری و پێگه‌ و ده‌سه‌ڵاتی  کورد له‌ عێراق ،  په‌رته‌وازه‌بونی هێز و لایه‌نه‌ ‌کوردیه‌کان و شیر و تیر له‌یه‌ك  سوانیان ،  گه‌یاندنی هه‌رێم  به‌م  بێ ده‌رامه‌تی  و قه‌رزاری و  پاشا گه‌ردانیه ،  کۆچی به‌ کۆمه‌ڵی  هاوڵاتیان و بێ هیوا بون و له ‌ده‌سدانی متمانه‌یان  به‌ شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌ڵات و داموده‌زگا به‌ ناو حکومه‌ییه‌کانی ، هه‌ستانه‌وه‌ و به‌ هێزبونی عێراقی عه‌ره‌بی  و هاتنه‌ گۆڕه‌پانی هێزی پڕچه‌کی کاریگه‌ر و دڕنده‌ و دوژمنکاری پشت ئه‌ستور  به‌ دوژمنانی کورد ، هه‌ر له‌ داعش و سوپای فه‌رمی عێراق و تورکیا و ئێرانه‌وه‌ بیگره‌ تا ده‌گاته‌ حه‌شدی شعبی و عه‌شائری و ده‌یانی تریش ،  تێوه‌گلان له‌ شه‌ڕی خوێناوی لابه‌لای داعش و بون به‌ کراس سوری به‌ر له‌شکری ئه‌و شه‌ڕه‌ نه‌گریسه‌ ، بوژانه‌وه‌ی پێگه‌و  کایه‌  ئابوری و  دیبلۆماسیه‌کانی دوژمنانی دراوسێ،  جێی سه‌رسوڕمانه‌ کاك مسعود تازه‌ به‌ تازه‌ ده‌گاته‌  قه‌ناعه‌‌تی ئه‌وسای ٢٠٠٣ی هاوڵاتیان و ئه‌مڕۆ ئه‌یه‌وێت هاوڵاتیان له‌سه‌ر  خواستی ئه‌و رێفڕاندۆم  ئه‌نجام  بده‌ن!

تو ویژدانتان سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ ‌ نیه ،  یه‌ك دو فه‌رمان  به‌ده‌ست له‌ کاتی کاتاندا ‌به‌ قسه‌ی چوار پێنج ملیۆن هاونیشتمانی خۆیان  نه‌که‌ن و ئێستا به‌ته‌مابن  له‌سه‌ر ‌ ئاره‌زوی تاکه‌ فه‌رمان به‌ده‌ستێك ، که‌ به‌ یاسای هه‌رێمه‌که‌ی خۆی چه‌ند مانگێکه‌ پۆست و پێگه‌یه‌ی فه‌رمی شه‌رعی  خۆی له‌ده‌س داوه ،  ئه‌و چوار پێنج ملیۆن هاونیشتمانیه‌ له‌م  وه‌ختی  ناوه‌ختان و دۆخه ‌ناهه‌موار و پشێو و مه‌ترسیداره‌‌دا  وه‌ك رانه‌ مه‌ڕ دوای قسه‌ی ئه‌و بکه‌ون و رێفراندۆمێکی  روکه‌شی کورت و کوێری  بێ سه‌مه‌ری مه‌حاڵ  ئه‌نجام  بده‌ن !
 
به‌ڕێز کاك مسعود ، به‌ که‌لێنده‌ری  وڵات په‌روه‌رانمان ، هه‌نوکه‌ رۆژی به‌لاوه‌نانی به‌رژه‌وه‌ندی که‌سی و حیزبی و ناوچه‌گه‌رییه . ساتی ڕاپه‌ڕینی سه‌راتاسه‌ریی  و به‌ هاناوه‌ چونی رٶڵه‌ی به‌شه‌کانی تری وڵاته . کاتی به‌خوردانه‌ بۆ پچڕینی ماف و یه‌کگرتنه‌وه‌ی کوردستانی گه‌وره‌ ، ساتی  قوربانی دانه‌ ‌ بۆ چه‌سپاندنی سنور و دیاریکردنی نه‌خشه‌ و شادبونه‌ به سه‌ربه‌خۆیی  وڵات‌ .   ‌
 
به‌ڕێز کاك مسعود قسه‌ی به‌ینی خۆمان بێت :
ــ  که‌لێنده‌ره‌که‌تان  بۆ رێفراندۆم  بۆ به‌ ده‌وڵه‌تبونی  باشور ، یان راستر بڵێین به‌شێك له‌ باشور ، زۆر زۆر له‌ دوایه، بۆ خۆتان ده‌که‌ن به‌ که‌ڵه‌شێری نا وه‌خت‌!
ــ  ئه‌و مه‌سره‌فه‌ی رێفراندۆم‌  بۆ کۆمه‌کی هه‌ژاران  و جه‌نگاوه‌رانی فیداکارای  نیشتمانه‌که‌تان  خه‌رجکه‌ن باشتره .
ــ  گه‌ر مه‌به‌ستان اعلام  و جه‌نجاڵ کردنی هاولاتیان و له‌ بیربردنه‌وه‌ و غافڵ کردنیانه‌ له‌ نه‌هامه‌تی و سه‌ختی گوزه‌ران و ئه‌و ره‌وشه‌ دژوار و  بۆگه‌نه‌ی بۆتان خولقاندون ، ئه‌وا دڵنیابن که‌ سه‌هون ،  ئه‌و متمانه‌یه‌تان نه‌ماوه‌ لایان ،‌ چی دی  بۆتان له‌ خشته‌ نا برێن ! 
ــ  خۆ گه‌ر مه‌به‌ستیشتان له‌  رێفراندۆم  به‌رده‌وامی شه‌راکه‌ت و لکاندنی ناوچه‌کانی ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وی به‌ڕێزتانه‌ به‌ تورکیای سته‌مکار و  خوێنرێژی خوشك و  براکانمانه‌وه‌ ئه‌وه‌ مه‌سه‌له‌یه‌کی تره‌ که‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌  چاره‌نوسی  به‌ڕیزتان و حیزبه‌که‌تان دیاری ده‌کات، خۆتان سه‌ربه‌ستن تێیدا و ئێمه‌مانان  هیچ کارێکمان نیه‌ به‌سه‌ریه‌وه‌‌ ، وه‌لی سبه‌ی مه‌رحه‌بایه‌ك له‌ یه‌ك ده‌که‌ینه‌وه‌. و ان الغد لناظره لقریب !

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێكانت

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.
میران محەمەد

About میران محەمەد