هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

دوێنێ، 8ی8ی 2018 میلیشیاکانی (حسدک) لە نزیک گوندی گوڵەخانە، مانۆڕێکی سەربازیان کرد. ساڵی 1993 یش میلیشیاکانی (حسک) پەلاماری بارەگای (لیوای 24) وەزارەتی پێشمەرگەیان دا لە نزیک عەربەت و دەستیان گرت بەسەر هەمو چەک و چوێڵەکانیا.
فەوجەکەی عەربەت لە پشکی پارتی بو لە ناو تەشکیلاتی وەزارەتی پێشمەرگە دا. بەو هۆیەوە لە ناو شاری سلێمانی شەڕ لە نێوان (پدک) و (حسک) دا بەرپا بو. بارەگایەکی میلیشیایی (پدک) نزیک بو لە ماڵی حەمەی حاجی مەحمود. راستە شەقامی سالم، لە ئاستی گەڕەکی رزگاری/ خانوەکانی کارگەی جگەرە، لە نێوانیانا بو، کەوتنە تەقە و پەلاماردانی یەکتری.
لەگەڵ بەرپابونی تەقە، لەگەڵ خالدی برام و ئاکۆی پورم (ئاکۆ محەمەد وەهبی) چوین بۆ لای کاک ملازم عومەر. ئەو کاتە کاک عومەر (سەرپەرشتیار)ـی مەڵبەندی یەک بو.
کە گەیشتین، ژورەکەی قەڵەباڵغ بو. داوامان لێکرد بچینە ژورێکی کە، هەنێ قسەی تایبەتیمان هەیە. چوینە ژورێک خاڵی لە هەمو شت، تەنیا مێزێکی پچوک و کورسییەکی تیا بو. هەر بە پێوە کەوتینە قسەکردن.
وتم: کاک عومەر وا تەقە لە ناو شارا دەستی پێکرد. ئەوەی (حسک) کردویەتی سوکایەتی کردنە بەو حوکمەتەی سەدان هەزار قوربانیمان لە پێناوا داوە. ئەو فەوجەی چەکدارەکانی (حسک) پەلاماریان داوە و هەمو چەک و چوێڵەکانیان تاڵان کردوە، بە ناویش بێ، پێی ئەڵێن: فەوجێکی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە.
وتم، یەکێتی لە ناو سلێمانی و پارێزگای سلێمانی لە هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی کوردستانا، نزیکەی 75% ی دەنگەکانی هێناوە و ئێستا بە کردەوە یەکێتی لە سلێمانیا وەکو حیزبی حاکم وایە، لەبەر ئەوە هەر سوکایەتییەک بە هەر داوودەزگایەکی حوکمەتی لە پارێزگای سلێمانی، خۆ بە خۆ ئەکاتە سوکایەتی کردن بە یەکێتی. لەبەر ئەوە هەق نیە رێگە بدەن ئەم تاوانە سانا تێپەڕێ و تاوانباران بێ سزا لێی دەرچن.
وتم: جیا لە هەمو ئەوانە، فڵانە سەرکردە (ناویم هێنا، ئێستا بە پێویستی نازانم بیڵێم) ئەڵێ حەمەی حاجی مەحمود جاسوسی ئێران و عیراقیشە… ئەم تاوانەشی کردووە، فرسەتە بیگرن و بیدەنە دادگا و بیکەن بە عیبرەت بۆ هەرکەسێکی تر کە بیەوێ سوکایەتی بە داوودەزگاکانی حوکمەت بکا.
وتم: داوات لێ ئەکەین هەر ئێستا تەلەفۆنێ بۆ لقی چواری پارتی و حەمەی حاجی مەحمود بکە و پێیان بڵێ: هەرچی هێزتان هەیە بیانکێشنەوە بۆ ناو بارەگاکانی خۆتان… ئێرە شاری بێ حاکم نیە… لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە ئەکەین و تاوانباران سزای قانونی ئەدرێن…”. هەڕەشەیان لێ بکە: ئەگەر تەقە را نە گرن بە هێز پێتان را ئەگرین.
وتم: ئەگەر ئەمە بکەن بە بەردێ دو نیشانە ئەشکێنن: لە لایەک ئەم ناوچەیە لە حەمەی حاجی مەحمود و میلیشیاکانی رزگار ئەکەن، لە لایەکی ترەوە هەیبەت ئەبەخشن بە حوکمەت و بە یەکێتی یش، ئیتر نە پارتی و نە حسک و نە هیچ هێزێکی کە ناتوانێ لە سنوری هەژمونی یەکێتیا لاساری و سوکایەتی بە داوودەزگاکانی حوکمەت بکا. ئیتر وردە وردە کلتوری حوکمەتداری سەرهەڵئەدا.
وتم: ئەگەر بشتانەوێ لە رقی پارتی، کە لە دژی یەکێتی یارمەتی بزوتنەوەی ئیسلامی ئەدا و پشتی ئەگرێ، ئێوە یارمەتی حەمەی حاجی مەحمود بدەن، ئەوا هەڵەیەکی گەورە ئەکەن، چونکە هێزی بزوتنەوە و حسک بە یەک بەراورد ناکرێن… بزوتنەوە هێزێکی عەقائیدیی پڕچەک و بەدسپلین و سازماندراو و دەسوەشێن و بزێو و دڕ و چاونەترسە، بەڵام هێزەکەی حەمەی حاجی مەحمود کۆمەڵێ گروپی بێ دسپلین و راووڕوتکەر و چەتە و مشەخۆر و سەیارە دز و گیرفانبڕن.
کاک عومەر لە وەڵامی هەمو قسەکانما وتی: نا توانم، فەرمانی سەروم پێیە یارمەتی حەمەی حاجی مەحمود بدەم… لەم قسانا بوین، کەسێ تەقەی لە دەرگای ژورەکە دا، هاتە ژورەوە و پارچە کاغەزێکی دایە دەستی کاک عومەر.
دیار بو کاک عومەر مەبەستی بو ئێمە ناوەرۆکی نامەکە ببینین، بۆیە لەسەر مێزی ژورەکە داینا و چوە دەرێ. سەیرمان کرد، نامەیەکی حەمەی حاجی مەحمودە. بە خەتێکی زۆر درشتی زۆر ناشیرین و خواروخێچ نوسی بوی: “فیشەکی بی کەی سیم فریا خەن”.
کاک عومەر کە هاتەوە ژورێ، شێخ جەعفەری لەگەڵ بو. شێخ جەعفەر باسی کرد تەقەکان لە کوێوە لە یەکتری ئە کەن و شەڕەکە چەند گەرمە.
کاک عومەر بە شێخ جەعفەری وت: “هێزێک بەرە و بچۆرە نێوان هەردولا با تەقە راگرن”.
شێخ جەعفەر وتی: ناکرێ… زەحمەتە… تەقەکان زۆرن و هەردولاش لێک نزیکن…چۆن بچم!
بە کەمێ قەڵسی و توڕەیی یەوە رومکردە شێخ جەعفەر و وتم: یا شێخ خۆ یەکەمجارت نیە تەقە و شەڕ ببینی. ئەم شەڕە بۆ یەکێتی و حوکمەتەکەی سلێمانی عەیبە و شورەیی یە. خۆ ناچی بەسەر راستەڕێی سالما هێز بەری و بکەویتە ناوجەرگەی تەقەی هەردولا، لە شەستی یەکەوە هێزێک بەرە و لە پشتەوە بچۆرە ماڵی حەمەی حاجی مەحمود و تەقەی پێ راگرە. کە لای ئەوەوە تەقە نەما، پارتی یش ناچارە تەقە راگرێ.
ئەگەر ئەو رۆژانە سنورێ بۆ میلیشیا و شڕەخۆر و راوڕوتچی دا بنرایە، ئێستا ئاوا ئەنواع و ئەشکاڵ هێزی میلیشیایی وەک مەگەز تێی نە ئەداین و ئاوا نە ئەبون بە خەتەر لەسەر ئێستە و ئایندەی خەڵک و خاکی کوردستان.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.