هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

یەکەم: لە دوای مردنی نەوشیروان مستەفاوە پارتی و یەکێتی چاوەڕوانی ئەوەبوون بزوتنەوەی گۆڕان نەتوانێت لە دەوری ھاوبەشێک کۆببێتەوە و بۆ چەندان پارچە و ئارستەی جیاواز دابەشببن و وەک بزوتنەوەیەکی کۆگیر کۆتاییان پێبێت.. ئەمەشیان بە ئەمریکییەکان و وڵاتانی تر وتبوو. بەڵام ئەوەی بینیمان پێچەوانەی ئەمە بوو، ئەم بزوتنەویە لە ماوەی نزیکەی دوو مانگدا، پێچەوانەی ئەو چاوەڕوانییەی سەلماند و تا ڕادەیەکی باش بەسەر ناکۆکییە ناوەکییەکانیاندا زاڵبووە و خۆی وەک بزوتنەوەیەکی کۆگیر ڕێکخستۆتەوە. ئەمەش سەرەتایەکی ماقوڵە و پێویستی بە قووڵکردنەوە و گەشەپێدانی زیاتر ھەیە.
دووھەم: تا ئەم ساتە بزوتنەوەی گۆڕان بەسەر کێشەی تەوریسی سیاسیدا سەرکەوتوە و لەدوای مردنی نەوشیروان مستەفاوە دەسەڵات لەناو بزوتنەوەکەدا نەگواسترایەوە بۆ کوڕ و برا و خزم و کەس و کارە نزیەکانی نەوشیروان مستەفا. تەوریسیی سیاسیی نەخۆشی ژمارە یەکی ناو کایەی سیاسەتە لە کوردستاندا و خۆپاراستنی گۆڕان لەم نەخۆشییە کارێکی سیاسیی گرنگ و بەسودە.
سێھەم: ئەو خاڵەی کە بزوتنەوەکە تیایدا دەرنەچووە و بەتەواویش فاشیل بووە سیاسەتی جێندەر و بەھێزکردنی پێگەی ژنانە لەناو بزوتنەوەکەدا. سەرکردایەتییە تازەکەی ئەم بزوتنەوەیە سەرکردایەتییەکی پاتریارکیی پیاوسالارانەی تەقلیدییە و تەواو ناکۆکە بە خواستی سەرەکی ئەم بزوتنەوەیە لە بەرپاکردنی گۆڕانکاریی ھەمەلایەن لەناو کۆمەڵگای کوردیدا. لەم ڕووەوە سەرکردایەتی ئەم بزوتنەوەیە ھەڵگری ھەموو نەخۆشییەکانی تری ناو ھێزە سیاسییەکان و ناو کەرتە تەقلدیی و دواکەوتوەکانی کۆمەڵگای کوردییە.
چوارھەم: ھەندێک لەوانەی لەم ھەڵبژاردنەدا چوونەتە پێگەی سەرۆکایەتی و ئاستی باڵای بزوتنەوەکەوە کەسانێکن باشتربوو پشووبدەن و شوێنی خۆیان بۆ خوێن و توانای نوێ بەجێبھێڵن. دەبوایە سەرکردایەتیی بزوتنەوەکە ڕەنگدانەوەی پێگە جەماوەریەکەی ئەم بزوتنەوەیە بێت کە پڕیەتی لە گەنجانی پڕ وزە و بەتوانا. دەبوایە سەرەتایەکی تەندروستیان بۆ ”خانەنشینبوونی سیاسیی“ لە کوردستاندا بھێنایەتە کایەوە.
پێنجەم: شێوازی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکان بێ پەڵە و نوقسانیی بەرچاو نەبوو، ڕێکەوتنی ژێربەژێر و تەوافوقی نادیموکراسییانە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکانی لە مەساری ڕاستەقینەی خۆیا بردە دەرەوە و ئەو کەلەپوری ھەڵبژاردنەی تیادا زیندووکردەوە کە لەناو یەکێتی نیشتیمانیەوە ھاتووە، کەلەپوری دروستکردنی تەوافقێکی نادیموکراسییانە بەر لە پرۆسە دیموکراسییەکان.
بە کورتیی، ئەوەی گۆڕان لە ئێستادا و لە دوای مردنی ڕێکخەرەکەیانەوە ئەنجامیانداوە، دەسکەوتێکی سیاسیی گرنگە بۆ بزوتنەوەکە، بەڵام گۆڕان بۆئەوەی بەردەوام بێت و بتوانێت ھێزێک بێت ھەندێک ئومێدی عەقڵانی لەسەر بینابکرێت، دەبێت بەسەر ھەموو ئەو کورتھێنانەی ئێستایدا سەربکەوێت. گۆڕان لە ئێستادا خۆی لە دابەشبوون و پارچەپارچەبوون و تەوریسی سیاسیی پاراست، بەڵام بۆئەوەی بتوانێت ھێزێک بێت بۆ گۆڕانکاریی پێویستە خاوەنی ھێز و ئیرادەیەکی نوێ بێت و لەخەمی پیادەکردنی بەرنامە سیاسییەکەیدا بێت.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت