هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

ئامادەکاریی دیدار ـ وریا باقر

وریا باقر : پاڵنەرى دەسپێکردنى نووسین لاتان چى بوو ؟ بۆ نووسین ؟

سەعید بلغربى : کۆمەڵێک فاکتەر و تێکشکانى زاتى و سایکۆلۆژى ، بوونە هەوێنى دەستپێکى سەرەتاکانى نووسینم .. هەر لەمنداڵییەوە حەزم بەخوێندنەوە بوو ، هەر زووش دەستم دایە نووسین ، زۆربەى ئەوەى دەشم خوێندەوە ، هەستم دەکرد هیچ پەیوەندییەکى بەزاتى من و شوناس و دەوروبەرى منەوە نییە . بیرم کردەوە بەزمانى دایک و بەشێوەیەکى جیاواز بنووسم ، هەوڵمدا گوزارشت لەبیرۆکەو دنیابینى و پرسیارەکانى ناخى خۆم بکەم و بەتێپەڕبوونى کات نووسین بووە بەشێکى گەورەى ژیانم .. بووە ئەو دەرفەتەى کەلەڕێى ئەوەوە دەتوانم چێژ بەدەست بهێنم . لەم ڕووەوە زۆر لەئاماژەکان کۆکن لەسەر ئەوەى نووسین کردەیەکى مرۆییانەى کاریگەرە لەسەر کۆمەڵگە ، بۆیە هەوڵدەدەم لەڕێى نووسینەکانمەوە نیشانگەلێک دروست بکەم تا جیاى بکاتەوە .. بەزمانى دایک دەستم دایە نووسین .. نزیک زیندەگى مرۆڤە سادەکان مامەوە .. ئەمەکدار بەرامبەر ئینتیماى زمانەوانى و مێژوویى و مرۆیى خۆم .. نووسەر دەبێت مەسەلەیەکى گەورەى هەبێت و دەبێت بەتوندى داکۆکى لێبکات و بەرامبەر بەو رەشەبا توندە بوەستێت کە لە هەموو روویەکەوە بەرامبەرى دێت ، ئەمە جگە لە کارلێککردن لەگەڵ فەزاى شوێن و زەمەنى فراوان ، بۆ ئەوەى لەقاوغێکى دوور لەکارلێکەکانى دەورووبەر نەمێنینەوە .

وریا باقر : محمد شوکرى بەزمانى ئەمازیغى دەستى پێنەکرد ، بەڵکو یەکەمین رۆمانى” نانى پەتى ” بەزمانى ئینگلیزى بڵاوبۆوە ؟ بۆ بە ئەمازیغى دەنوووسیت ؟
سەعید بلغربى : خاوەنى شاکارى ” نانى پەتى ” منداڵییەکى سەرکوتکەرانەى زمانەوانى ژیا ، وەک زۆربەى ئەمازیغییەکانى پەراوێز .. ئەم نووسەرە جیهانییە پەنایەکى لەزمانى خۆیدا نەبینیوە ، بۆیە خۆى فێرە زمانى عەرەبى کردو هەوڵیدا بەشێوەیەکى تایبەت پێى بنووسێت . بەڵام داشنەبڕا لەڕەگ و ریشە ئەمازیغییەکەى خۆى .. نووسینەکانى لەهەموو روویەکەوە وێنەى ئەو ئەمازیغییە پەراوێزخراوە بوو ، هەر ئەمەش هۆکارى جۆرێک لەجیهانى بوون و گرنگی پێدانى بوو . بووە نووسەرێکى بەناوبانگ ، نووسینەکانى گۆڕدرایە سەر هەموو زمانەکانى جیهان ، تەنها زمانى ئەمازیغى نەبێت ، ئەمەش کەموکورتییەکە دەرئەنجامى تەمەڵى ئەو کەسانەیە کەلەبنەڕەتدا گرنگى بەکەڵچەرى مەغریبى دەدەن . ئەوەى لەگەل ” محەمەد شوکرى ” دا روویدا ، زۆرێک لەهاوشێوەکانى لەنووسەرەکانى ئەمازیغیش دەگرێتەوە ، بەهۆى نووسینەکانیانەوە بەناوبانگ بوون ، لەکاتێکدا بەزمانى ترى غەیرە ئەمازیغى نووسیان ، بۆ نموونە ” محەمەد خەیرەدین “.. ئەوەى بەشێوەیەکى گشتى سەیرى ئەدەبى ئەمازیغى بکات ، دەبینێت کەداهێنەرى ئەمازیغى ، لەژێر زەبرى سیستمە شۆڤێنیستییە سەرکوتکەرەکاندا ، شوناس و ناسنامەى خۆى بەرەو سڕینەوە چووە.. هەر لەمەشەوەیە کەهەر زوو و بەپەرۆشەوە گرنگیمدا بەکەڵچەرى ئەمازیغى و زمانى دایک ، لەڕێى دۆزینەوەى جوانییەکان ، کەناکرێت بەدی بێت ، تەنها لەڕێى مومارەسەى نووسینى جدییەوە نەبێت . زانیم چێژ بەخشترین شت نووسینە بەم زمانەو دەرخستنى ئەو پێکهێنەرانەیەتى کەشارستانییەت و رۆشنبیرى و کلتوورى مرۆڤایەتى لەخۆ دەگرێت ، کەتەمەنى هەزاران ساڵە .

وریا باقر : کام بواریان ئەدەبى یان فیکرى ، زیاتر لەتواناکانى نووسینتەوە نزیکن ؟ ئایا ئەدەبیاتت پێ باشترە یان نووسینە فیکرییەکانت ؟

سەعید بلغربى : هەر لەسەرەتاوە کاریگەرى خەباتى ئەمازیغیانەم و خوێندنەوەى ئەدەبیاتى ” بزافى ئەمازیغى ” ، رۆڵى هەبوو لەبەرەو پێش چوونى توانا مەعریفى و زیندەگیەکانم ، ئەمەش کاریکردە سەر رێچکەى نووسینە ئەدەبییەکانم ، هەمیشە هەوڵمدەدا لەپەیوەندیدا بم لەگەڵ دەنگى جفات و بزافى ئەمازیغى کەپێشتر و ئێستاش پڕە لەو بانگهێشتانەو ئەو دەنگە پەراوێزخراوە سەرکوتکراوانە .. وەک نووسەرێکیش هەوڵمداوە وەرگێڕى ئەو بانگهێشتانەبم ، بۆ تێکستى ئەدەبى کەدواتر دەبێتە بۆتەى بیرکردنەوەو مامەڵەکردنم لەگەڵ کۆمەڵگە .

وریا باقر : لەیەکێک لەدیمانە تەلەفزیۆنیەکانتاندا ، بینیمان گرنگى بەباڵندەو رووەک دەدەیت و بەئاسوودەیش لەگەل هاوڕێکانت دادەنیشیت .. ئایا ئەمە ئەوە دەگەیەنێت ، ئەدیب و نووسەرانى مەغریب ، دوورن لەململانێ و دژایەتییە شەخسییەکان ، کەلەگشت وەسەتە ئەدەبی و رۆشنبیرییەکانى دنیادا هەیە ، هەر لەناشیرینکردنى ناوى نووسەر و دژایەتیکردنى بەشێوازێک کەهەموو حیساباتە رەوشتییەکان دەبەزێنێت ؟

سەعید بلغربى : دانیشتن بەئاسوودەیى لەگەڵ هاوڕێیان و گرنگیدان بەباڵندە ، ماناى وانییە کەمرۆڤ لەشارێکى نموونەیدا دەژى و تەنها هەواى پاکى تێدا هەڵدەمژێ ! کۆمەڵگەکان هەرچییەک بن ، بەسروشت خێر و شەڕیان تێدایە ، بەڵام من هەمیشە هەوڵ دەدەم ، دوورە پەرێز بم لەو ململانێیانە ، تا خۆم لەپەرچەکردارەکانى بەدوور بگرم ، کە تەنها ئەدەب و داهێنان تووشى ئەزمە و لێک هەڵوەشاندن دەکات .. دەمەوێت هەندێک هیوایەتى لاوەکى بۆ خۆم دروست بکەم ، تا وەک وتتان ، لەم دنیا پۆخڵەواتییە دوور بکەومەوە .. بەڵام ئەمەش رێگر نییە کەپەیوەندى باش و دۆستانەمان لەگەل نوسەران و شاعیران و ئەوانەى گرنگى بەئەدەبیات دەدەن هەبێت ، وەک هاوڕێ لەدیدەنى و رێوڕەسمە رۆشنبیرییەکاندا لەگەڵیان یەکبگرینەوە ، وەک دەزانن شێوازە بەیەک گەیشتنە نوێیەکان ، بەشدارە لەدروستکردنى دیالۆگى ئەدەبى و گفتوگۆ و لەو رێیەشەوە زانیارى و بەرهەمەکانمان ئاڵوگۆڕدەکەین .

وریا باقر : دەمانەوێت چالاکییە رۆشنبیرییەکانتان لەدەرەوەى مەغریب بزانین ؟ بەتایبەتیش بۆ نموونە کاتێک لە ” کاتالۆنیا – ئیسپانیا ” بوون ؟ غوربەت و ئیغتراب لاتان چییە ؟

سەعید بلغربى : لەڕاستیدا لەم ساڵانەى دواییدا ” کاتالۆنیا ” هەنگاوێکى گەورەى نا ، لەڕووى گرنگیدانى حکومەتەکەى بەڕۆشنبیرى و زمانى ئەمازیغى و زۆر دەستپێشخەرى کەڵچەریانەش کرا ، کە ئامانجى ناساندنى کلتووریى و رۆشنبیریى و ژیاریى گەلى ئەمازیغ بوو . خۆم ئەندامى کۆمەڵەیەکى ئەمازیغى بووم و وەک کۆمەڵەیەک لەسنوورى ئیمکانیاتە خاکیەکانمان مەبەستمان ناساندنى رۆشنبیرى ئەمازیغى بوو .. کۆمەڵەکەشمان بەشداریکرد لەدامەزراندنى ” خانەى ئەمازیغى لەکاتالۆنیا “، لەپال بەشداریکردن لەفێرکردنى منداڵانى جالیەى ئەمازیغى پرەنسیپە سەرەتاییەکانى زمان و رۆشنبیرى ئەمازیغى ، بەڵام بەداخێکى زۆرەوە قەیرانى ئابوورى بەشێوەیەکى سلبى کاریکردە سەرمان و ئیتر دامەزراوە ئابوورى و حکومییەکانى کاتۆلۆنیا نەیانتوانى پشتگیرى ماددیمان بکەن . زۆربەى چیرۆکەکانى خۆم لەوێ نووسى ، رەنگە فاکتەرى غوربەت و دووریم لەکەشوهەواى گەرم و گوڕى زێدم ، هۆکاربووبێت بۆ پەنابردنە بەر نووسین .. بەنیسبەت منەوە غوربەت ئەزموونێکى دەوڵەمەند بوو ، زۆر لایەنى سلبى و ئیجابیم تێدا بینییەوە ، بەڵام بەنیسبەت منەوە هەلێک بوو ، بۆ نووسین و رامان .

وریا باقر : لەڕێى یەکێک لەسایتەکانەوە ، سایتى ” کورد پرێس ” ـەوە زانیمان کەتۆ هەستاوى بەوەرگێڕانى کۆمەڵێک تێکستى تایبەت بە هونەرى گێڕانەوەى نووسەر و رۆماننووسى کورد ” یوسف عزدەین “، ئایا دەتوانن زیاتر لەبارەى قورسى وەرگێڕانەکەو ئەو ماوەیەى کەپێویستى کرد تابخەمڵێت لەدوا فۆرمیداو وەک ئاگاداریشین ئەمە یەکەمجارە تێکستى کوردى بکرێتە ئەمازیغى ؟

سعید بلغربى : نووسینەکانى ” یوسف عزەدین ” م پێش ناسینى شەخسى خۆى ناسى .. ئیتر لەم رێیەوە توانیم بڕوانمە ئەدەبى کوردى ، کەبەوەرگێڕاوى لەسایتە ئەدەبییەکاندا شان بەشانى ئەدەبیاتى میللەتانى تر بڵاودەبۆوە . هەستم کرد تێکستە کوردییە وەرگێڕاوەکانى ” یوسف عزەدین ” بۆ زمانى عەرەبى و بەتایبەتیش ئەوەى لە ” دروب ” ى مەغریبیدا بڵاودەبۆوە ، زیاتر رایاندەکێشام .. بۆ یەکەمجار بوو ، هەست بکەم گێڕانەوەى زۆر نزیک لەخۆم دەخوێنمەوە . تێکستەکانى پڕبوون لەمیسۆلۆژیاو ئەفسانەى خوڵقێنراو بەخەیاڵێکى فراوان و رەمزیەتییەکى قوول ، لەدنیایەکدا کەهەستم دەکرد بەمن نامۆ نییە .. لێرەوە هەستم کرد کەلەنێوان گەلى کورد و ئەمازیغدا ، هاوبەشییەک هەیە کەلەزۆر کایەو لایەنەوە لەئێمە دەچێت . هەر لەمەشەوە بیرۆکەى وەرگێڕانى تێکستەکانى ئەم نووسەرەم بەخەیاڵدا هات .. نکوڵیش لەوە ناکەم کەئاسان نییە ، تێکستى سەردیى وەربگێڕیت ، کە ئەتمۆسفێرى تایبەت و موفرەداتى تایبەت و هەڵاوێردەى هەیە ، لەپاڵ بونیاد و داڕشتن و شێوازى جیاوازى لەبونیادى زمانەوانى و داڕشتنى زمانى ئەمازیغى .. بەتایبەتیش ئەم وەرگێڕانە لەزمانێکى نێوەندەوە کراوە کەزمانى عەرەبى – یە . دەشزانین هەر وەرگێڕانێک چەند بەدیقەت و ئەمینیش بێت ، ئاستەمە بتوانێت ئەو گەرم و گوڕییە حەقیقییەى تێکستەکە بگوازێتەوە ، تێگەیشتن و هۆشیاریم بەرامبەر بەم راستییە وای لێکردم بچمە دنیاى خەیاڵى نووسەرەکەو داواى راڤەکردنى زۆر مەسەلەى وردى لێبکەم تا بەباشى نزیک بمەوە لەو تایبەتمەندیانەى کەتەنها لەواقیعى کوردیدا هەیە ، وێڕاى لەخۆگرتنى بۆ خەزێنەیەک لەموفرەدات و رووداو . بەو پێیەى کەوەرگێڕان بەپرسیارییەتێکى ئەدەبى و مۆڕاڵییە ، پێش ئەوەى گوێزانەوەى زمانێک بێت بۆ زمانێکى تر ، بۆیە هەوڵمدا سەربارى ئەو قورسایى و ئاستەنگانە وەرگێڕانەکە هەر بکەم ، کەحەوت ساڵى لەپێداچوونەوەو وردبوونەوەو پاکنووسکردن و وردەکارى تر ویست .. بەمەش گەیشتمە پوختەى ئەوەى ئەدەبیاتى کوردى ، لەسەردەستى هەندێک لەنووسەرانى و هەوڵدانەکانیان گۆڕانێکى چۆنایەتى بەسەردا هاتووە ، شایانى باسیشە وەرگێڕانەکەم بەم دواییە لەمەغریب و لەژێر ناونیشانى ” ئەنفرار – کۆتایى ” بڵاوبۆوەو ئەمە یەکەمجاریشە تێکستى کوردى بکرێتە ئەمازیغى .

وریا باقر : وەک دەڵێن کورد گەورەترین نەتەوەیە لەڕووى ژمارەوە کەبێ دەوڵەتە ؟ ڕۆشنبیرى ئەمازیغى چى لەبارەى دۆزى کوردەوە دەزانێت ؟

سعید بلغربى : رۆشنبیرى ئەمازیغى ئێستاشى لەگەڵدا بێت ، ئیمانى بەعەدالەت و مەشروعییەتى دۆزى کورد هەیەو هەڵوێستى ئیجابیشى دەرحەق هەبووە ، بەتایبەت لەو بۆنانەى کەداکۆکى لەزۆر گەل و نەتەوەى تینو بەئازادى و دیمکراتییەت و عەدالەت و ئاشتى و شکۆمەندى دەکات .
ئەمە جگە لەبەشدارییان لەهەڵوێستى هاوپشتى لەگەڵ گەلى کورد ، دژ بەو حکومەتانەى کەئەم گەلە کۆڵنەدەرەیان گەیاندۆتە ئەم وەزعە . وەک زانراویشە ئاسان بڵاوبوونەوەى زانیارى بەهۆى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ، زیاتر توانیویەتى هەردوو گەلى ئەمازیغى و کوردى بناسێنێت و هەردوو گەل نزیک بخاتەوەو خاڵە هاوبەشەکانیشیان دەربخات .
هەردوو گەل لەژێر دەسەڵاتى ئەو سیستمانەدا دەژین کەدەیانکاتە هاوڵاتى پلە سێ ، بۆئەوەى زیاتریش گەشبین ببین ، لەبەردەم هۆشمەندى زیاتر و بەئاگاهاتنەوەى میللەتە چەوساوەکان ، کەلەدۆخى سڕبوونى بەئاگا دێتەوەو ئیمان بەوە دەهێنێت ، کەدواڕۆژ لەبەرژەوەندیدایە ئەگەر خەبات بەڕێچکە ئینسانییە راست و دروستەکەدا بکات ، ئەو دەم بارودۆخەکە بەرەو باشتر دەڕوات . لەڕوویەکى تریشەوە دەبێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کەگوتارى فەرمى مەغریبى ، چ لەڕووى راگەیاندن و چ لەڕووى چالاکیشەوە ، خۆى لەناو هێنانى کورد نادات ، بۆ نموونە نابیستین راگەیاندنى فەرمى هیچ شتێکى دەرحەق بەدۆزى کورد وتبێت ، کەگەیشتبێتە ئاستى وتووێژ و دیالۆگ ، یان رۆشنکردنەوەى راستییەکان و وردەکارییەکانیان … لەکۆتایشدا سوپاستان دەکەم .

ناساندنى نووسەر و توێژەرى مەغریبى – ئەمازیغى
سەعید بلغربى نووسەر و توێژەرێکى مەغریبى- ئەمازیغى- یە ، ئەندامى هەندێک کۆمەڵەیە لەوانە ” ئایت سعید ” بۆ کەڵچەر و گەشەسەندن .. کۆمەڵەى ” ئەمازیغییەکانى کاتالۆنیا ” لەئیسپانیا ، رێکخراوى بزافى شاعیرە جیهانییەکان لە ” شیلى “، ئەندامى یەکێتى نووسەرانى مەغریب – ە لەسەر ئینتەرنێت )
خاوەنى کۆمەڵێک کتێبە بەزمانى عەرەبى و ئەمازیغى لەوانە :
مەغریب – کۆچیرۆکى ئەمازیغى2006 Aswad Yebuyebhen
کۆچیرۆکى ئەمازیغى Asfidjet

مەغریب – رۆمان – ئەمازیغى Nunja tanecruftn izerfan

تاسەرئێشەکە دەڕەوێتەوە – هاوبەشى عەرەبى- بڵاوکراوەى داهێنەرە مەغریبیەکان2011
میدیاى ئەلکترۆنى ئەمازیغى – دەروازەیەک بۆ توێژینەوەى تیۆرى و شیکارى – مەغریب -2011
” کۆتایى ” هونەرى گێڕانەوە – کۆمەڵێک تێکستى وەرگێڕاوى کوردى – مەغریب2015 Anfarar

کۆچیرۆکى ئەمازیغى – مەغریب – 2015 Tariwriwtn raxart
سەرنج : وریا باقر ” نووسەر و رۆژنامەنووس “
دەرچووى بەشى کۆمەڵایەتى/ کۆلێژى پەروەردە
بەڕێوەبەرى نووسینى گۆڤارى ” روون ” ە

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.