هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

بەرخۆدانی عەفرین کلیلی چارەسەرییە.
ئیمڕۆ ئەستانە 5 دەستی بە کارەکانی کرد . ئەستانە بە دیدی من شەرعاندنی دەسەڵاتی ڕوسیا بە پلەی یەکەم و، هەردوو داگیرکەری ئێران و تورکیایە لە سوریا. ڕوسیا دەیەوێت لە دەرەوەی شەرعیەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، یا ڕاستتر بڵێین: لە دەرەوەی ئەمەریکا، سوریا بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە.
جێگای باسە لەم دابەشکردنی نفوزە، ڕوسیا رێگە بە گەیشتن بە هەندێ ئامانجی دەوڵەتی تورکیا و ئێران دەدات. گرنگترین ئامانجی دەوڵەتی فاشستی تورکیا، رێگەگرتن لە کورد بۆ ئەوەی دەستکەوتی زیاتر بەدەست نەهێنن و ئەوەی هەشیانە لە دەستی بدەن. جا بۆ ئەوە تورکیا هەموو گروپە تیرۆریستەکانی سەر بە خۆیی لەوانە جەبهەتولنەسرە و ئەحرار الشام و گروپەکانی دیکە گواستۆتەوە لە شەرکردن لەگەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەد بۆ شەرکردن دژی کوردان، بە مانایەکی دیکە ئێستا هەموو گروپە تیرۆریستەکان و ڕژێمی سوریا لە باکوری سوریا لە ئیتفاقێکدا لە دژی کوردان، دیارە بە پیرۆزباییکردنی ئێران و تورکیا و ڕوسیا.
هەرچی ئیرانە گرنگترین ئامانج گۆڕینی دیموگرافیای دەوروبەری دیمەشقە بۆ شیعە و دابینکردنی هێڵی تاران بەغدا و دیمشەق یا لازقیەیە. لەم ناوەندەدا، قەتەر وەک پارەدەری ئەو پرۆژەیە بەدەردەکەوێت، ئەویش گواستنەوەی عارەبی سونەیە بۆ ناوچەی شەهبا و دەرکردنی کوردە لەوێدا، لە بەرمبەردا گواستنەوەی عەلەویی و شیعەکانی ناوچە جیاجیاکانە بۆ دەوروبەری دیمەشق.
کاتێ کۆبانی سەرکەوت، هەموو هاوکێشەکان قڵپ بۆوە، داعش تێکشکا، قەتەر کە پارەدەری سەرەکی داعش و گروپە تیرۆریستەکان بووە و، تورکیا گەورەترین پشتیوانیان بوو، تێکشکان، ئەوەتا ئێستا لەسەر ئەرز داعش بەرەو لە ناوچوون دەچێت، رەقە گەمارۆدراوە، شەرڤانان ڕۆژ بە دوای ڕۆژ سەرکەوترن بەدەستدەهێنن، بۆیە پرۆژەکەیان کە هاوبەش بوو لە گەڵ تورکیا، تەواو شکستی هینا، وایکرد سەرلەنوێ بەرەکان رێکبخرێنەوە، بەرەی تورکیا و قەتەر کەوتنە پاڵ بەرەی ئێران و رژێمی سوریا و، ڕوسیاش سەرپەرشتیان دەکات. لە بەرامبەردا هێزەکانی دیکە، کە سەر بە سعودیە بوون، لاواز دەرکەوتن، ئێستا لە هەموو لایەک لێیان دەدرێت.
ئەو ڕیزبەندییە بوو وایکرد، سعودیە و ئەوانی دیکە دژی قەتەر بووەستنەوە، بە مانایەکی دیکە کاتێ ئێمە دەڵێین: کۆبانی ناوچەکە و جیهانی گۆڕیی دیارە لە خۆڕا نییە. ئەو هەموو چەقۆیەی سەر ملی قەتەری ئیخوانی، کۆبانێ هۆکار بوو.
حالی حازر ئەو بەرە تازە هەڵکەوتووە دژی بەژەوەندییەکانی ئەمەریکا حەرەکەت دەکات، لەو نێوەندەدا، کورد و گەلانی ناوچەکە نوێنەرایەتی هێلی سێیەم دەکەن، بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ هێلی سێیەم دێتەوە، بۆیە دەبینرێتن بەیەکەوە لە شەردان لە سوریا، ئەمە خاڵێکی گرنگە.
بۆ تێکدانی ئەو هاوپەیمانیەی نێوان کورد و ئەمەریکا، ڕوسیا و تورکیا لە پیلانێکی چەپەڵدان، ڕێگا بە تورکیا دەدرێت پەل بهاوێت بۆ عەفرین لەو ناوەندەدا، ئەمەریکا لە بەردەم ئیختیاری قورسدا دەبێت. بەشداری نەکردنی لە پاراستنی کانتۆنی عەفرین و دووروویی خۆی دەسەلمێنێت لە دەرئەنجامدا ئەو هاوپەیمانییە تێکدەدات. ئیلتزامکردنیشی بەرامبەر بەهاکانی ئەمەریکا و گرێدانیان بە هاوپەیمانیانەوە لەگەڵ کورد، بەرامبەر تورکیا دەبێت بوەستێتەوە. ڕوسیا دەیەوێت ئەوەندەی دیکە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکا بخاتە لێکترازان، تا بەیەکجاریی تورکیا بچێتە باوەشی خۆیەوە (مەبەستم روسیایە)، کە لە دەرئەنجامی کۆتاییدا، ئامانجی روسیا بۆ دابینکردنی گواستنەوەی غازی ڕوسیا بە تورکیا دابین دەکات. تورکیایەکی لاواز و شوینکەوتەی خۆی بەرهەم دەهێنێت و دەرکراو لە پەیمانی ناتۆ و، ئەمەریکا و ڕۆژئاوای لێدەکاتەوە، دەیکاتە تەیرێکی مەعقول.
کەواتە ئەمەریکا لە بەردەم هەڵبژاردەی قورسە، بەڵام لە دەستدانی تەڤگەری ئازادی لە سوریا، پێگەی بەهێزی لە دەست دەدات، بە دیدی من ناکەوێتە ژێر پیلانی روسیا و تورکیاوە، چونکە لە پشتکردنە کوردەوە لە سوریا لە تورکیا قازانج ناکات، چونکە تورکیا بۆتە مەڵبەندی ئیرهابی جیهانی، بەو ئەدەواتانەی کە ئەمەریکا هەیەتی ناتوانێت بەرەنگاری ببێتەوە، ڕوسیا دەتوانێت یا دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ تورکیا بکات، چونکە سیستەمی تورکیا کۆپی ڕوسیایە، کۆپی بەشار ئەسەد و ئێرانە.
لە کۆتاییدا، دەڵێین: عەفرین بڕیاری خۆیداوە، کۆبانێ دووەم لە عەفرین دەئافرێنرێت، دەستکەوتەکانی کوردان ئەمجارە پیلانی ئەستانە و \روسیا و ئێران و تورکیا بنپێ دەخات، ئەگەر لەیەکەمجاردا لە کۆبانێ هاوکێشەکەی گۆڕیی، ئەمجارەش لە عەفرین دووبارە هاوکێشەکە دەگۆڕێت و سوریا بەرەو چارەسەریی دەبات. با چاوەڕێ بکەین.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە