هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

هەوڵی بەکرداری گواستنەوەی چەمکی دەسەڵات؛ لە هێزی خێڵ و بنەماڵەوە بۆ هێزی هاوڵاتی و دەسەڵاتی یاسایی لەکوردستاندا، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دروست بونی بزوتنەوەی گۆڕان و ئامانجی پرۆژەکانی بۆ چونە نێو قۆناغێکی نوێی سیستمی کارکردنی جیاواز و تینو بە خواستی گۆڕانکاری لە سیستمی سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵاتدا.
تەوژمی هێزگەلەێکی خۆبەخشی تەرخانکراو بەویست و زانستی کارکردن بۆ بەرەو پێشبردنی وڵات و گواستنەوەی لە قۆناغی بندەستی خێڵەوە بۆ ژێر ڕکێفی جومگەکانی یاسا لەژێر چەتری پلان و پرۆژەکانی گۆڕاندا کۆبونەوەو تێکۆشان.
قۆناغەکانی سەرکەوتنیان بە هەنگاو هەڵگرتنی باشدا تێپەڕاند، گەیاندویانەتە دوا قۆناغی کێشمە کێشەکەو سەرکەوتنی پرۆسەی گۆڕانکاری لە سیستمی سیاسی وڵاتدا بۆ خەڵکی کوردستان و گەیشتن بەخواستەکانییان. کە دروست بونی وڵاتێکی ئارام و ئاسودەیە بۆ گەلێک کە تێیدا بتوانێت کاریگەریەکانی سەروەری یاسا بەرجەستە بکات، بێ ترس و تۆقاندن و چەوساندنەوە ئۆقرەی تیابگرێت، خەونی هاوڵاتی بوونی خۆی بخاتە ئامێزی نیشتیمانەوە.
گەرچی کۆی دەستکەوتی سیاسی و دۆخی ئێستا و باڵادەستی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرهەمی ئەو داگیرکاری و داکوتانە ناڕەوایەیە کە هێزو چەکی دوژمنان کردیە براوەی شەڕی ناوخۆی” 31ی ئاب ” و دەسەڵاتی سیاسی خۆی پێ سەپاند لەکوردستاندا.!
ساڵانێکە ” پارتی دیموکرات ” دەرفەتی دەستبەسەرداگرتنی زۆرینەی جومگەکانی هەرێمی کوردستانی وەک هەلێک بۆ خۆی بردووە و ساڵ لە دوای ساڵ ئەم دەسەڵاتە قۆرغکارییەی بە جۆرێک لە جۆرەکانی پاساو و هۆکاری پێویستی ئاشتی بەڕێوەبردن بۆ خۆی قۆستۆتەوە بەمەبەستی خواست و دەسەڵاتی تاکی حزبی و بنەماڵەیی خۆیدا بۆ” مانەوە “.!؟
پارتی لە هەرێمەکەدا زۆرترین و نایابترین پشکەکانی بەرکەوتەی پۆست و پایەی هێزەکانی تری هەرێمی کوردستانیشیان بۆخۆیان بردوە. لەبەرامبەر گۆڕینەوە و دەستبەرداربونی هەندێک لە پۆستەکانی بەغداد و حکومەتی عێراقی.! زۆرینەی ئەم چاوپۆشینانەشیان لە ڕێکەوتنی ستراتیژییەوە ئاڵ پێچکردوە و دڵ و چاوی نەیارانیشیان بە پارە و قوتی خەڵک ، چاو و دەست و دەم بەستکردوە کە نەبنە دەنگی نەشاز و بزۆک بەو دۆخەی سەپاو و ناهەموارەی حیزبی سەرۆک.!
بەجۆرێکی ئەوها نەیارەکانی خۆیان سەرگێژ و مەست کردبو کە توانایی بینینی ڕاستی و کێشەکانیان نەبێت، تا بیرێک لە چارەسەری ئەو ناڕەواێتی و بێدادییەی نێو دابەشکردنی پشکەکانی حیزب و کەلێنەکانی بکەنەوە لە چوارچێوەی ڕێکەوتنە ستراتیژەکەیاندا بۆ دەسەڵاتی سیاسی و هێزی سەنگ لە کوردستاندا دابەشیانکردبوو .
هەوڵە بەردەوامییەکانی پارتی بەخواست و مەرامی بەرەوپێشبردن و تۆکمەکردنی دەسەڵاتی چڕ و پڕی تاک لایەنی خۆیان بوو لە پرۆسەی سەرخستنی بەرنامەکار و خواستی تیۆری بنەماڵەیی و درێژەدان بە دەسەڵات و بڕیاری پڕ خواستی کوێخایانەی باڵا و سەرکردەی تاک لە کوردستاندا.!
ئەمەش بێ شک سەرەتای هەنگاو هەڵگرتنێکی خراپ و چەوت بوو بۆ بزواندنی بیرۆکەی دروستکردنی دەوڵەتۆچکەیەکی بنەماڵەیی بە هێزی چەک و پارە و ملهوڕی لە پاڵ پشتگیری ژێر بەژێری وڵاتە داگیرکەرەکاندا .!؟
گۆڕان لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی مێژووییەوە لە هەوڵێکی سەرەتاییدا بە قبوڵکردنی هەموو چەوتیەکانەوە هاتە ناو پرۆسەی حکومڕانییەکی شکستەوە لە کوردستاندا.! دروشمی چوار ساڵ ئارامی پێکەوە ژیان بۆ چاکسازی بەرزکردەوە، لە دوایدا پارتی خۆی لەم دروشم و بەڵێنەی گۆڕانی پێ چووبوە پرۆسەکەوە کشایەوە و پەشیمان بۆوە و کەوتە گەمەی کات بەفیڕۆدان.!
سەری گەورە و بیرکەرەوەی پارتی واتێگەیشتبوون، دەتوانن گۆڕان بەکات و دەستکەوتی پۆست و ناچارکردن بە فشار و پارە و پلە و چاوەڕوانی، بخەنە ژێر ئەجێندای خواست و خەونەکانی خۆیانەوە و مەرامەکانیان دەبەنەسەر و شکست بە پرۆسەکەی گۆڕان و گۆڕانکاریش دەهێنن و ئێمەش دەکەنە مردویەکی ڕوو زەردی رەنگ پەڕیوو لای خەڵکی کوردستان و جەماوەرەکەی گۆڕانیش دەتوێننەوە.!
بزوتنەوەی گۆڕانیان بە هەرزەی سیاسی و کەف و کوڵی توڕەبوونی شەقام دەبینی. بۆیە بزوتنەوەکە جۆرە هێمنییەکی ئەوتۆی بۆ دروشمە ئارامییەکەی خۆی دۆزییەوە تا بتوانێت بە پیشتیوانی خەڵکی کوردستان و پشوو درێژی دەنگدەرەکانی پەتی چاوەڕوانی خواستەکانی پارتی بپسێنێت . بیر و بڕیاری کوێخای دۆخەکە بە ئاراستەیەکی نزیک لە تێگەیشتندا بەرێت و دەستپێک و سەرەتای بڕوا بوونی تێگەیشتنی پارتی بێت بە گۆڕینی سیستم و دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان،کەئەمەش هەوڵ و هەنگاوێکی باشە بۆ تێگەیشتنە ڕاستەقینەکەی بەڕێوەبردن و قەپکردنی کوێخای باڵا و خستنە گەڕی بڕگە و ڕەواێتی بڕیارە یاساییەکانی نێو دەزگا فەرمییەکانی وڵات.
بۆیە دەبێت خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسیەکانی ئەم هەرێمە. راستەوخۆ دەست ببەن بۆ ڕێکەوتنێکی نوێی سیاسی و ئاشتەواییەکی نوێی نیشتیمانی بەرهەم بهێنن. کە تێیدا تەواویی خەڵکی کوردستان بەشدار و بەختەوەربێت.
بۆ بەدەست هێنانی کۆدەنگییەکی ئەوتۆی تۆکمە تا هەموان بخاتە سەر ڕێی ڕاستەقینەی پێکەوە کارکردن و دڵسۆزی بۆ گەیشتن بە دوا بڕیار لەپێناو چارەسەکردن و بەجێهێشتنی ئەم دۆخە نەخوازراوەی ئێستا و جێبەجێکردنی ئەو کۆدەنگییەی دەبێتە خۆشگوزارنی بۆ خەڵکەکەی.
بۆشایی و دڵ ساردی سیاسی کارکردن و نەبونی دەستور و سەرۆکێکی هەڵبژێردراوی راستەقینەی هەرێم و پەراوێزخستنی پەرلەمان و نەبونی یاساکانی بەڕێوەبردن لە وڵاتدا. هۆکاری پێویستییەکن کە لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان دەست بە ڕێکەوتنێکی نوێی سیاسی و نیشتیمانی بکەن بۆ خوڵقاندنی ئاشتەوایی نیشتیمانی و گەڕانەوەی متمانەی ڕاستەقینە و ئاشتکردنەوە خەڵک بە دەزگا رەواکانی هەرێم و خاکی نیشتیمان.
هەوڵدان بۆ کارکردن و گەڕاندنەوەی دۆخی ئاسایی و لابردن و بنەبڕکردنی گرژیەکانی بەرکەوتن لە پێناو شەڕی نێوان کوێخا و یاسادا لە وڵات.
بێگومان کارکردنی بزوتنەوەی گۆڕان لەژێر خواست و ویستی و دەنگی ڕەوای خەڵکی کوردستاندایە کە بەر چاوگرتنی بەرکەوتەو ڕێژەی کورسی هەڵبژاردن و دەنگدەرانی خەڵکی کوردستانی تێدابێت، لەنێو لیستە دیاریکراوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمدا ، بۆ چارەسەری هەر سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێم و پەرلەمان و حکومەت بە پاکێجێکی ڕێکەوتنی سیاسی لە چوار چێوەی بەرکەوتەی کورسیەکانی پەرلەماندا دابڕێژرێتەوە و دابەشبکرێن بەسەر سێ هێزی براوەدا و ماف و دەنگی هاوڵاتیان بنرخێندرێت و بخرێتەوە بەردەم لایەنە سیاسیەکان و گرنگی بەشداری پێکردنیان لە دروستکردنەوەی پەیکەرەی دەسەڵات و بڕیاری سیاسیدا ببێتە دەرگایەکی نوێی واڵاکراوی ئاشتەوایی هاوڵاتی بوون لە پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی وڵاتدا.
لە کاتێکدا هاوڵاتیانی کوردستان باجی قورس و گرانی کوێخای باڵا و سیستمی دیوەخانییان بە بێدەنگییەکی ناخ هەژێن لە وەڵاتدا بەخشییە پرۆسەی سەرخستنی ئازادی و دەربازکردنی وڵات لە سیستمی دیکتاتۆری و گۆڕینی ئاڕاستەی سیاسی وڵاتیان بە هێمنی پاراست.
بەدڵنیایی ئومێدێکی گرنگیش دەبێت بۆ گەڕاندنەوەی متمانە و بڕوابوون بە پرۆسەی دیموکراسی و سیستمی هەڵبژاردن لە دەرەوە و ناوەوەی هەرێمەکەماندا، کە لەئێستادا بەشێوەیەکی لەکەدار و گومانوی دەبینرێن لە دونیادا، دڵنیابونەوەش دەبێت لە گرنگی و سەنگی کاریگەری بەژداری پێکردنی دەنگدەرانی کوردستان لە گۆڕانکاریەکانی ئایندەدا بۆ بەردەوامی لە گۆڕانکاری و بەرەو پێشچونی وڵات.
تێپەڕاندنی ئەم دۆخە ئاڵۆز و ئاڵۆزکاوە سەختەی ئێستای هەرێمی کوردستان بە کۆدەنگی و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و ئاشتەوایی لە کوردستاندا دێتە پێشەوە، ئەمەش بەدورکەوتنەوەیەکی ڕاستگۆیانەو بوێرانە دەبێت لە کوێخای خێڵ و فەراهەمکردنی سەروەری یاسا و دەسەڵاتەکەیەتی بۆ هەموان.!

 

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە