هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

بەشی دووهەم:
پاڵەوانی ڕۆمانەكە كاتێك لەكار دەگەڕێتەوە و دەچێتەوە ناو ژوورەكەی خۆی، لەناو تیانووسی یاداشتەكانیدا ئەم ڕستەیەی دێتە بەرچاو: مەرگ بۆ ڕێبەری گەورە!” ئەم رستەیە لە خەیاڵدانیدا پانتاییەكی زۆری داگیر كردووە. رستەیەكە لەناو واقیعدا تەنانەت خەیاڵكردن لێی كوشتنی بەدوادادێت. بەڵام ئەو ژیانە واقیعیەی كە بە وێنە و وتەكانی سەرۆك یان رێبەری گەورە داپۆشراوە، بوونەتە فشارێكی زۆر بۆ سەر خەیاڵ و ئەندێشەیی و لە پەرچەكرداری ئەم فشارەدا، خەیاڵی هەمیشە لەسەر ئەوە دەوەستێت مەرگی رێبەر بببنیت.
رۆژانە لەناو یاداشتەكانی ئەم رستەیە دەنووسێتەوە. رستەیەكە بە دەركەوتنی، یان بە بینینی لەلایەن كەسێكی ترەوە، راستەوخۆ مەرگی بنووسەكەی مسەوگەر دەكات. هەرچۆن لەناو دونیای حیزبی كوردیدا، مەرگی سەرۆك، رێبەر، لە خەیاڵی كارەكتەری حیزبیدا جێگەی نابێتەوە و مەرگ دەبێتە مەرگی هەموو حیزب. بەهەمان شێوە هیچ كات كارەكتەری حیزبی كوردی ناتوانێت تەنانەت لە دەرەوەی ژیانە واقیعییەكەش بیر لەو مەرگە بكاتەوە. یەكێك لە قورسترین رستەكان، مەرگی سەرۆكی حیزبە. نەك تەنها مەرگی بەڵكو بیماربوونی بیماربوونی حیزبە. ئەو پەیوەندییە بەهێزەی لەنێوان سەرۆك و حیزبدا هەیە، بەجۆرێك ئاوێزانبووە، جوڵە و دیمەنەكانی سەرۆك دەبنە جوڵە و دیمەنی حیزب. لەو چركەساتەی سەرۆك پێدەكەنێت و دڵی خۆشە، حیزب پێدەكەنێت و دڵی خۆشە. لەو چركەساتەی سەرۆك ناوچاوانی دەدات بەیەكدا، تەواوی سایكۆلۆژیای حیزب تێكدەچێت و دەمووچاوی حیزب دەدرێت بەیەكدا.
ئەو پەیوەندییە ناجۆر و ناتەندروستەی لەنێوان حیزب و سەرۆكدا هەیە، لە چوارچێوە سروشتییەكەی خۆی تێدەپەڕێت و چوارچێوەیەكی (هەندێكجار عیرفانی_ هەندێكجار پیرۆزكراو) وەردەگرێت. راستەوخۆ ئەندامانی حیزب رۆحی حیزب و ئایدۆلۆژیا پەیوەست دەكەنەوە بە رۆحی سەرۆكەوە. بەشێكی ئەم پەیوەستبوونە زۆر كۆمیدییە، بەشێكی دیكەی كارەساتبارە. ئەوە تەنها حیزبی فاشییە بەم مۆدێڵە پەیوەندی حیزبی و سەرۆك دروستدەكات، هەر ئەویشە سەرۆكی حیزب دەخاتە شوێنێك نە دەبێت بیر لەمەرگی بكرێتەوە نە دەبێت بیر لە رۆیشتنی بكرێتەوە. خەمی گەورەی حیزبی فاشیی خەمی مەرگ و بیماریی سەرۆكە. ئەم خەمە تەواوی حیزبی كوردی گرتوەتەوە.
(جۆرج ئۆروێڵ) لە بەشی دووهەمی ئەم رۆمانەدا، دەست دەخاتە سەر ئەو خەمە ئایدۆلۆژییە. (بەرێزان ئایدۆلۆژیا لێرەدا بەمانا فەلسەفییەكەی بەكار ناهێنرێت كە دەكاتە_ئایدیا و_ لۆژیك_ بەڵكو بەمانا لەقاڵبدراوە فاشییەكەی بەكار دەهێنرێت، كە كاردەكات بۆ بەجەماوەریكردنی تاك، كاڵكردنەوەی رەنگەكان و دروستكردنی خودێكی ئاراستەكراو لەناو چوارچێوەیەكی دیاریكراو.) لە بەشی دووهەمی رۆمانەكەدا، دیوێكمان پیشاندەدات ئەو دیوە لەناو حیزبی كوردیدا رووبەرێكی فراوانی داگیركردوە. مەرگی سەرۆك، یان رێبەر، مەرگێكی ئاسان نییە وەك مەرگی مرۆڤەكانی دیكە، مەرگی حیزبێك و ئایدۆلۆژیاییەكە. ئەم دیوە حیزبی كوردی هەر لەسەرەتاوە تاكو ئێستا كاری لەسەركردوە. بۆیە هەمیشە حیزب نایەوێت ددان بەوەدا بنێت سەرۆك دەمرێت، دەیەوێت وێنەیەكی نەمری بۆ سەرۆك پیشانبدات، وێنەیەك بەردەوام سەرۆك بەزیندویەتی بهێڵێیتەوە و لە وتارەكانی خۆیدا باس لە زیندویەتی سەرۆك بكات، چونكە پێی وایە زیندویەتی حیزب پەیوەستە بە زیندویەتی سەرۆكەوە. مەرگی سەرۆكیش مەرگی حیزبە.
ئەم وتارە فاشییە، تەنانەت رووبەروو مەرگێك دەبێتەوە كە حەتمییە. ئەم رووبەروو بوونەوەیەی بۆ خزمەتكردنی ئایدۆلۆژیاییەكە، ئایدۆلۆژیاكە مەرگی هەمووان وەك شتێكی ئاساییی دەبینێت و هەندێكجاریش هەمووان هاندەدات بۆ ئەوەی لەپێناو سەرۆك و حیزبدا بمرن، بەڵام لەبەرامبەر ئەوەدا خودە ئاراستەكراوەكان وا پەروەردە دەكات ئەوەی تەنها نەمرە و هەمیشە دەمێنێتەوە سەرۆكە. مرۆڤەكانی دیكە دەبێت بمرن، دەبێت لەبیربكرێن، بەڵام سەرۆك نەدەمرێت و نە لەبیردەكرێت. نەمردنی سەرۆك لە زۆربەی حیزبی كوردیدا پەیوەندیی بەو میراسە فیكرییەوە نییە دوای خۆی جێدەهێڵێت و دەبێتە هۆی زیندوومانەوەی، بەڵكو پەیوەندی بە وتارێكی بەتاڵی فریودەرانەوەیە. وتارێك تەنها بە وێنەكان و بە چەند رستەیەكی كۆنكرێتی سوواو لەگەڵ زەمەنەكاندا دەكەوێتە شەڕەوە. ئەم رستە سواوانەی كە میراسی سەرۆكەكانی حیزبن، دەبنە دینەمۆیەك بۆهەمیشە دەوترێنەوە و هیچ مانایەكی نوێش نابەخشن. (زۆركەمن ئەو سەرۆك حیزبانەی دوای خۆیان لەرێگای كتێبەكانەوە میراسی فیكری جێدەهێڵن و ئەو میراسە دەبێتە هۆی زیندویەتیان نەك رستەی دیوەخانی.) كەچی بۆ خودە ئاراستەكراوەكەی ناو حیزب، ئەم رستە سواوانە دەیان مانا وەردەگرن و هەموو ماناكانیش كۆمیدین. خودە ئاراستەكراوەكە پرسیار دروستكەر نییە، بیركەرەوە نییە، خودێكی توتوی ئاساییە بۆ دووبارە وتنەوە و دووبارەكردنەوەی وێنەكان. بۆیە هەرمانایەك لای ئەم خودە، مانایەكی كومیدییە.
(دەمانەوێت لە سێدارەدان ببینین… لە سێدارەدان ببینین!) ئەمە یەكێك لەو رستانەی بەشی دووهەم، كە راماندەوەستێنێت و راستەوخۆ دەمانگەڕێنێتەوە بۆناو ئەو شەیدایی و دێوانەبوونەی حیزبی كوردی. شەڕی ناوخۆی حیزبی كوردی لە شەستەكانەوە تا ئەم دواییە، هەزاران رستەی لەوە سەختر، لەوە تاڵتری تێدا وتراوە. هەزاران دیمەنی ترسناكی تێدا دووبارەكراونەتەوە. ئەم شەیدابوونە بۆ ئایدۆلۆژیایەكی فاشیی، ئەم دێوانەبوونە بۆ جێژبینین لە مەرگی ئەویتر، یان بۆ جێژبینین بۆ شكاندن و تیرۆركردنی ئەویتر، بەشێكی مێژووی حیزبی كوردییە. شەیدابوونێك لەناو حیزبی كوردیدا هەیەو بە دێوانەبوونێكی نەرجسی كۆتایی دێت. گەر كەمێك سەیری ئێستا بكەین، بەتایبەتی لەناو دونیای شاشەكاندا. لەم دونیایەدا كە حیزب هاتووەتە ناوی، رۆژانە دەرگیری ئەم شەیدابوون و دێوانەبوونە نێرجسییە دەبیینەوە. حیزبی كوردی بە هەموو تایبەكانییەوە سەرقاڵی بەرهەم هێنانی خودێكە، ئەم خودە شەیدایە بە وێرانكردنی ئەویتری دەرەوەی خۆی، شەیدایە بە شكاندنی ئەویتری دەرەوەی خۆی، دێوانە و بیمارە بە جێژبینین بۆ مەرگ و نەمانی ئەویتر. هەرچۆن لە رۆمانەكەدا ئەم شەیدایی و جێژە دەردەخات بۆمان، كە خودێك بەرهەم هاتووە جێژ لەوە دەبینێت مەرگی ئەویتر ببنێت. لەناو حیزبی كوردیشدا هەمان دیمەن بە چەندین فۆرمی جیاجیاوە دووبارە دەبێتەوە.
سەرۆك و تەمەنە ئەزەلییەكەی، باڵی بەسەر ئایدۆلۆژییایەكی مەترسیداردا گرتووە و، لەرێگەی خودە ئاراستەكراوەكانەوە دەیەوێت ئەو شەیدایەی خۆی بۆ دەسەڵات و هێز، بكاتە شەیداییەك بۆ جێژبینن بۆ مەرگی ئەویتری دەرەوەی خۆی. سەرۆكی حیزبی كوردیی تایبەترین سەرۆكە كە جێژ لە شكاندن و نەمان و سڕینەوەی ئەویتری بەرامبەر خۆی دەبینێت. ئەم شەیدابوونە لە ئەوەوە دێتە خوارەوە و خودە ئاراستەكراوەكان دووبارەی دەكەنەوە. ئەو خودە ئاراستەكراوەی بەرهەمی ئەو ئایدۆلۆژاییەیە، هەمان ئەو خودەیە لە بوونی سەرۆكدا هەیە بە رەنگێكی ترەوە.
(لەو جێیە یەكتر دەبینین، كە تاریكی لێ‌ نییە!) خودە ئاراستەكراوەكە و سەرۆكی حیزب و حیزب و ئایدۆلۆژیاكە، هەمیشە دەبێت لەیەك شوێن یەكتری ببینن، ئەو شوێنەش ناو فەزا تایبەتییەكەی سیستەمە. ناو ئەم فەزایە نابێت شوێنێكی تاریكبێت (لێرەدا تاریكی بە مانای نەزانی نایەت) دەبێت شوێنێكی روناكبێت، شوێنێك بێت خودە ئاراستەكراوەكە بە روونی دەركەوێت و نەتوانێت چ لە جەستە، چ لەناو خەیاڵیدا تاقە شوێنێك بهێڵێتەوە پەنهانبێت لە حیزب و سەرۆك. ئەو شوێنەی حیزب داوای دەكات روتكردنەوەی خەیاڵ و بیركردنەوەی كەسی حیزبییە. ئەوە شوێنێكە ئیدی كارەكتەری حیزبی بۆی نییە لەدەرەوەی حیزب، خەیاڵێك، بیركردنەوەیەك دروستبكات خزمەت بە خودی سەرۆك و ئایدۆلۆژیا نەكات. ئەوە شوێنێكە حیزب دەیەوێت خودەكە بەروتی بەهەموو دیوە شاراوە و ئاشكراكانییەوە، ببینرێت.
ئەم شوێنە روناكەی حیزب، خود لە هەموو بەهاكان دادەماڵێت. كاتێك حیزبی كوردی بەردەوام گومان و پرسیار دەخاتە سەر كارەكتەرەكانی ناوخۆی، هەمان ئەو شوێنەیە كە لە رۆمانەكەدا ئاماژەی پێدەكرێت و، پێماندەڵێت: حیزب دەیەوێت تۆ وەك مرۆڤ شوێنێك، خەیاڵێك، بیركردنەوەیەكت نەبێت بۆ خۆت. تۆ ئیدی مرۆڤێكی حیزبی ئایدۆلۆژیت. مرۆڤێكیت تەواوی بوونت پەیوەستە بە حیزبەوە. تەنانەت حیزبی كوردی تائەو شوێنە دەروات كە مانەوەی حیزب و بەردەوامی حیزب، دەبەستێت بەمانەوە و بەردەوامی ژیانی مرۆڤەكانەوە. یانی ئەگەر لەشوێنێك حیزب نەما ژیانیش نامێنێت و بوون و كەرامەتیش نامێنێت. ئەم دیدگا فاشییەی حیزب بووەتە یەكێك لە تارماییە مەترسیدارەكانی سەر ژیانی گشتی. حیزب نازانێت بە هەمان زمان و هەمان میتۆدی ناو رۆمانی (1984) ناو لە بكەر و لە شوێن و لە كردەكان بنێت، چونكە ئاستی تێگەیشتنی هێندە باڵانییە، ئەما دێت بە فۆرمێكی دیكە دووبارەیاندەكاتەوە.
رونتر بڵێین: وەك لە بەشی دووهەمی رومانەكەدا دەڵێت: ” هیچ شتێكت هی خۆت نییە.”
ئەمە تەنها رستەیەكی ئاسایی ناو رۆمانێك نییە. ئەمە بریارێكی حیزبییەو لەناو حیزبی كوردیدا، بەتایبەت لە ئێستادا حیزب دەتوانێت بە هەموو خودە ئارستەكراوەكانی ناوخۆی ئەم رستەیە بڵێت. چەندیجار دیومانە حیزب كاتێك لە كارەكتەرێكی ناو خۆی نیگەران دەبێت بەهۆی ئەوەوە كە لەناو تاریكیدا ماوەتەوە و كەشف نەبووە، یان روون نەبووە، بریاریداوە ئەو كارەكتەرە بكاتە دەرەوەی خۆی و هەموو ئەو شتانەی لێوەربگرێتەوە لە ژیانیدا لەناو حیزبدا دەستیكەوتووە. بەم بریارەی حیزب ئەو رستەیە دێنێتەوە ناو بیركردنەوەمان و دەزانین هەموو ئەو شتانەی خودە ئاراستەكراوەكانی حیزب هەیانە هی خۆیان نییە و، حیزب هەركاتێك بیەوێت لێیان وەردەگرێتەوە. رۆژانەش بە زمانی جیاجیا هەمان رستە لەلایەن حیزبەوە دەدرێت بەگوێی خودە ئاراستەكراوەكانی ناو حیزبەوە.

 

بەشی یەکەم: سەردەمی ڕق لێبوونەوە

– تیبینی: ماویەتی.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە