هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

پێناچێت هیچ كۆمەڵگەیەك هەبێت هێندەی ئێستای كۆمەڵگەی كوردیی ئەم پارچەیە قسە بكات! ئەو مۆدێلی قسەكردنەی ئێستای ناو میدیا، كە هیچ بەرهەمێكی نییە، هەم فەزا كۆمەڵایەتییەكە، هەم فەزا سیاسییەكەی شێواندووە. باشترین كارێك لە ئێستادا رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی حیزبی و مەدەنی بیكەن ئەوەیە بڵێن: (بەرێزان: تەلەفزیۆنی ناو ماڵەكانتان بكوژێننەوە، بۆ ئەوەی كەمێك دوركەونەوە لە سەر ئێشە) یان (بەرێزان: كۆمەڵگەیەك زیاتر لە بیركردنەوە قسە بكات، كۆمەڵگەیەكە چاوەروانی بەرهەمی باشی لێناكرێت) پێناچێت هیچ كام لە رێكخراوەكان، كە خۆیان شەیدای قسەكردن و كۆنفرانسی بێبەرهەمن بیانەوێت كارێكی لەو جۆرە بكەن.
سەرم سوڕماوە لەو هەموو قسە دووبارانە. ئەوەی دەیەوێت لەم قۆناغەدا شتێكی نوێ بڵێت و دەرك بە شتی نوێ‌ دەكات، ئەوانەن نایانەوێت قسە بكەن. ئەوانەی بەردەوام قسە دەكەن، نە شتی نوێ دەڵێن، نە دەرك بە نوێ بوون دەكەن، چونكە قسەكردن ناهێڵێت بیربكەنەوە. مرۆڤی وا هەیە لە شەو رۆژێكدا لە چوارپێنج كەناڵ قسە دەكات! گەر لێی بپرسیت: ئەرێ‌ بێزەحمەت كەی دەخوێنیتەوە؟ كەی بیردەكەیتەوە؟ لەسەر ئەم پرسیارانەت یەك كاتژمێر قسە دەكات، كە چۆن ناخوێنێتەوە و چۆن بیرناكاتەوە و، چۆن هەرخەریكی وتنەوەی شتە كۆنەكانە! لەوەش واوەتر، هی وا هەیە ئیشوكاری بووە بەوە سەردانی باڵۆنەكانی ناو شاشەكان بكات، ئیدی پێی وایە بەم بەسەركردنەوەیە هەمووشتێك باشدەبێت!
گەر نیگەران نابیت، بەرپرسی وا پەیدابووە، هەموو لێدوانێكی پێویستی بە لیژنەیەك هەیە رونكردنەوەی بەدوادا بڵاو بكاتەوە تا لێدوانەكەی چاك بكات، كەچی هەرگیز خۆی هەڵوەستەیەك ناكات و بپرسێت: باشە من بۆ وام؟! لێدوانچی واش هەیە، پرسیاری ئەتۆمی لێبكەن، بێئەوەی بزانێت چییە نیوكاتژمێر قسەی تیادەكات! دۆستێكی رۆژنامەنووسم هەیە، هەفتەی پێشوو وتی: ” پەرلەمانتارەكان وایان لێهاتووە نوكەیان بۆ دەكەین! بەنوكەیەك دەزانن بۆ لێدوانە خۆیان تەلەفۆن دەكەنەوە و، دێن بۆ ئەو شوێنەی ئێمە دەمانەوێت لێدوانیان لێوەربگرین!” لە دونیادا رۆژنامەنووس بەشوێن پەرلەمانتاردا دەگەڕێت، لێرە پەرلەمانتار بەشوێن رۆژنامەنووسدا دەگەڕێت! پێدەچێت ئەگەر بەرێوبەرایەتی هاتووچۆی شارەكان، چاوێك بە كامێرەی چاودێریدا بخشێنن وێنەی چەندین پەرلەمانتار دەردەكەوێت، كە وایانزانیووە كامێرەی تەلەفزیۆنەكانە و لەبەردەمیدا وەستاون بۆ لێدوان.
ئێمە ناخوازین پێیان بڵێین: لانیكەم چوار پێنج كتێب بخوێننەوە، پاشان نیوكاتژمێر قسە بكەن، بەس خۆشبەختانە (تەلەفزیۆنی ناو ماڵەكەمان) دوای حەوت ساڵ ئیشنەكردنی بەهۆی كۆنبوونییەوە فرێدرایە دەرەوە. لەبەرئەوە ئەمكارەمان كرد سەرمان بە دەست قسەی كۆنەوە نەئێشێت. كاتێك هاوڕێ و دۆستەكانم دەبینم هاوارییانە بەدەست زۆر قسەكردنەوە، منیش لەگەڵ ئەواندا سەرم دێشێت. هەر لەبەر داوای ئەوانیش ئەم تەنزەم نووسی.
تۆ وابیربكەوە هەرێمی كوردستان هێندەی وڵاتی (چین) خەڵكی تێدابوواییە؟ چی ڕویدەدا؟ ئاخر هاونیشتیمانی خۆشەویست، هەرێمەكەمان هێندەی چەمۆڵەیەكە، ئەم هەموو قسە بێبەرهەمە، ئەم هەموو فەوزایە، هەم هەموو كێشەیە چییە تێیدا؟ گەر بریاربێت سیستەم بگۆڕین، سیستەم بە كردە دەگۆڕێت، نەك بەم هەموو قسەیە. گەر بریاربێت فەرهەنگ و كلتوور بگۆڕین، لەراستیدا فەرهەنگ و كلتوور بە بیركردنەوە دەگۆڕێت، نەك بە قسە. گەر بریاربێت دونیاكەمان بگۆڕین، بەر لە دونیاكەمان پێویستە خۆمان بگۆڕین. ئەوەی ئێستا دەوترێت یەك رستەی تێدا نییە تازەبێت، تەواوی وتنەكان هەزاربارەییە. هەرچی پێویست بوو وترا، بەڵام ئەوەی پێوست بوو نەكرا. كەوایە لەبری هەزاربارەكردنەوەی خۆمان، دەبێت لەشوێنێكدا بوەستین و بیربكەینەوە. بوەستین و لەخۆمان بپرسین: من لەكوێم؟ خەریكی چیم؟ دەمەوێت چی بكەم؟ چی بكەم باشە؟ كردە گرنگە یان قسە؟ چۆن دەسكاری دونیا بكەم؟ چی چاككدەكەم و چی زیاد دەكەم؟ ئەگەر ئەم پرسیارە جەوهەریانە لە خۆمان بكەین، بێگومان هەرگیز ناكەوینە ناو ئەو شەڕە باڵۆنەی لەناو شاشەكاندا دروست بووە، لەبری ئەوە لەگۆشەیەكی ژیانەوە، هەریەكە و بەكەرەستەی خۆی دەسكاری ئەو شوێنە دەكات پێویستە دەسكاری بكرێت. گەر تەنها خەمی بەباڵۆنبوون بێت، لەبری وەستان، وەك ئێستای كۆنفرانسچی و شاشەچی، سەرقاڵدەبیت بە سەرئێشاندنی خەڵكەوە. (باڵۆنەكان بۆ بەباڵۆنبوونی خۆیان لەبری بیركردنەوە، دەمیان بەكاردەهێنن)

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت