هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگاتە هاوڕێکانت.

ئەو تێگەیشتنە دروست نییە پێمانوابێت تەنها دراوسێكانمان نەیانهێشتووە كورد ببێت بەهیچ! ئەمە دیدگایەكی ئایدۆلۆژی سەردەمێكە ناتوانێت بۆشاییەكانی ناوخۆی ببینێت، بۆیە هەمیشە بۆ شاردنەوەی بۆشاییەكانی خۆی دوژمنێك لە دەرەوە دەكاتە كەرەستەی نەبینینی لاوازییەكانی ناوخۆ. هەركەسێك خوێنەری مێژووی ئەم ناوچەیەبێت_میزۆپۆتامیا_ لەوە تێدەگات نەبوونی كورد بەهێزێكی كاریگەر بەشێكی گەورەی پەیوەندی بە جەوهەری خۆیەوەتی، نەك دەرەوە. ئەوەی جەوهەرەكەی وێرانكردوە بریتیە لەو عەقڵە سنووردارە، لە قۆناغێكدا خێڵەكیانە، لە قۆناغێكی دیكەدا خێڵەكیانە بارگاوی بە ئایدۆلۆژیای سنووردار، ئەم عەقڵە نە توانای دروستكردنی چوارچێوەیەكی گەورەی هەیە، نە توانای رونكردنەوەی ئایندەی هەیە.
چ مێژووەكەمان، چ ئێستای سەردەمی نوێ‌ پێماندەڵێت: بەم دیدگا نارۆشنەوە لەبری هەنگاو نان بۆ پێشەوە، بەرەو دواوە دەگەرێینەوە و تا دێت قورسایی سیاسی، ئابووری، هێزی كورد لەناوچەكە لاوازتردەبێت (بەتایبەت هەرێم) هەڵەی گەورە لە دراوسێكاندا نییە، لەبوونی خۆماندایە كە نە دەتوانین سیستەمێكی تەندروست دروست بكەین، نە دەتوانین پاییەكانی دروستكردنی دەوڵەت بونیاد بنێین، نە توانای بینینی لاوازییەكانی ناوخۆمان هەیە. رەنگە ئەمە جۆرێكبێت لە پەخشكردنی نائومێدی كە بڵێم: هەمیشە ئەو هێزانەی لەناو كورددا بوون و پشتیان بەناوخۆ بەستووە و نەبوونەتە بەشێك لە سێبەری دەرەكی، وردە وردە لەناو كۆمەڵگەی كوردیدا ئەو هێزانە كاڵبوونەتەوە، چونكە سروشتێكمان هەیە بە بەردەوام زۆرینەی وابەستەی دەسەڵاتە و ئەو دەسەڵاتە هەر فۆڕمێك بێت بۆی گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە دەسەڵاتێك هەبێت ئەو لەژێریدا خەریكی تێركردنی ئارەزوەكانی خۆی بێت. بۆیە مێژوو پێماندەڵێت: زۆربەی هێزە كوردییەكان چ لەرابردوودا، چ لە ئێستادا بەردەوام بەشێك بوون لە هێزی ئاراستەكراوی دەرەوە. هەرچۆن ئێستا دیمەنەكانی هەرێمی كوردستان بەروونی دابەشبوونەكە پیشاندەدات، لە رابردووشدا بەم شێوەیە بووە. پێویست بەوە ناكات خۆمان نیگەران بكەین بۆچی نەبووینەتە دەوڵەت، چونكە پێكهاتەی سیاسیی و خێڵەكیمان بەم جۆرەی ئێستایە كە دەبینرێت و لای زۆرینەش ئەم بینینە ئاسایی دەكەوێتەوە!
هاتنی هێزی بێگانە بۆ هەرێم لەوانەیە هەندێك كەسی نشتیمانی نیگەران بكات، ئەما سیاسییە باڵادەستە حیزبییەكانی ئەم هەرێمە نیگەران ناكات، چونكە لەبنەڕەتدا سێبەری ئەو دەوڵەتانەن هێزەكانیان لێرەیە. ئەو لەشكرەی هەیە، لەشكرێكی نیشتیمانی پەروەردەكراوی سەربازی نییە. لەشكرێكە هەرگیز توانای بەرگری نییە لەبەردەم سوپاكانی توركیا و عێراق و ئێران لە رابردوشدا ئەم بێتواناییە دەركەوت. لەشكرێكە دەتوانێت لەچوارچێوەیەكی سنوورداری حیزبیدا شەربكات، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو هێزە ناوخۆیانەی چەكیان پێنییە، لەشكرێك نییە ئومێدت پێی هەبێت رێگری لەهاتنی سوپایەكی بێگانە بكات، چونكە وا پەروەردەكراوە لەبەردەم هێزە گەورەكاندا خۆی نەگرێت و لەبەردەم هێزە بێچەكەكاندا خۆی لێببێتە پاڵەوان. یەكێك لە كۆڵەكە گەورەكانی دروستكردنی دەوڵەتیش لەشكری تۆكمەیە كە نیمانە. كاتێك ئەم كۆڵەكەیە ئامادەیی نەبوو، هەندێك دەنگە دەنگكەری ناوشاشەش هەر خەریكی پیاهەڵدانبن بەم لەشكرە حیزبییە بێتوانایەو بە موقەدەسكردنی بۆ ئەوەی بەرگری لە بارەگای حیزبی بكات، بێگومان چاوەرێی ئەوە دەكرێت لەو سەرەوە لەشكری توركیا بێت، لەناوەراستەوە لەشكری عێراق، لەم سەریشەوە لەشكری ئێران. هەریەكەشیان بۆ تێكشكاندنی ئەویتریان خەریكی بیانووهێنانەوە دەبن بۆ هێنانی سوپایی بێگانە بۆ ناو خاكی هەرێم، نەك خەریكی دەركردنی لەشكری بێگانەبن لەناو خاكەكەدا!
هەرچۆن لە رابردوودا عەقڵی خۆ بەرێوەبردن نەیتوانیووە ئایندەیەكی روون بۆ كۆمەڵگەی كوردی بەدەست بهێنێت، لە ئێستاشدا جارێكی كە ئەو عەقڵە شكستی بە بیست و حەوتساڵی خۆبەرێوەبردن هێنا. دەبێت چاوەرێبین بەهەر شێوەیەك بێت_تەنانەت بە چەمینەوەش_ بگەرێینەوە بۆ بەغداد. دەبێت بەچاوی خۆمان بیبینین لەشكرەكانی بێگانە لەناو خاكی هەرێم شوێنیان هەبێت. دەبێت لەناوخۆی هەرێمدا پەرتەوازەی ببینین_چونكە پەرتەوازەی بەشێكی سروشتی كوردە_ دەبێت بۆ كەمێك چاككردنەوەی دۆخی ئابووری هەرێم پشت بە ناوەند ببەستین. دەبێت ددان بەوەدا بنێین هێشتا نەگەیشتوینەتە ئەو دۆخەی بتوانین خۆبەرێوەبردنێكی تەندروست بونیاد بنێین و ئەزمونی رابردوومان دەریخست خۆ بەرێوەبردنەكەمان شكستی هێنا و قەیرانی گەورە گەورە بەشوێن خۆیدا دەهێنێت. ئەو عەقڵەی خۆی كردوە بە سەرقافڵەی سیاسیی لەبری كۆتای هێنان بەخۆی، سەرلەنوێ‌ لە دۆخێكی لاوازدا هاتووەتەوە و هەمان ئەزموونی تێكشكان بە جۆرێكی دیكە دووبارە دەكاتەوە. هەتا ئەم عەقڵە بەم شێوازە ئایدۆلۆژییە بیر لە دونیای كورد بكاتەوە بێگومام بەرەو دواوە دەگەرێینەوە.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگاتە هاوڕێکانت.