هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

بۆ ئەوەی نەناسرێیتەوە، زوو زوو سیماكانت بگۆڕە.

لە ئێستادا دوو بۆچون لەسەر یەكێتیی هەیە:
بۆچونێك پێی وایە: ئەم هێزە كێشەی ناوخۆیی هەیە، كێشە ناوخۆییەكانی بووەتە هۆی ئەوەی نەتوانێت لەسەر یەك ستراتیژ، یەك دیدگا، خۆی یەكلایی بكاتەوە.(ئەشێت لەرووی ناوخۆییەوە ئەمە راستبێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە، هێزێك لەبەر كێشەی ناوخۆیی، سیماكانی خۆی ونبكات.)
بوچونێكی دیكە پێی وایە: ئەم هێزە یاریی دەكات، كێشە ناوخۆییەكانی نابنە هۆی لە دەستدانی یارییەكانی! (ئەشێت ئەمەش راستبێت، بەڵام دیسان ئەمە مانای ئەوە نییە، هێزێك لەبەر یارییە سیاسییەكانی سیما راستەقینەكەی خۆی ونبكات.)
بۆئەوەی دەرگا بەرووی خۆماندا بكەینەوە و، لەم نەبوونی سیمایە تێبگەین، كۆمەڵێك نمونە دەخەینە بەردەم خۆمان و، پاشان لەسەر جەوهەری كێشەكە كەمێك دەوەستین.
نمونە: یەكێتیی لەگەڵ پەكەكە، پەكەكەیەكی تەواوە و بەناوی خەباتی چوارپاچەییەوە قسە دەكات. لەگەڵ عێراقدا بەژداری دەسەڵاتە و، دەیەوێت بەشێك بێت لە عێراقی یەكپارچە و، لە هەرێمیش باسی سەربەخۆی دەكات. لەگەڵ پارتیدا بەژداری دەسەڵاتە و، پشتگیری پڕۆژەكانی پارتی دەكات و، لەگەڵ گۆڕاندیشدا گۆڕانە و، پشتگیری ئەو گوتارە واقیعیە دەكات گۆڕان خاوەنییەتی. لەناو حوكومەتدا دەسەڵاتدار و پشكی هەیە لە جومگە سەرەكییەكان، رەخنەش لە دەسەڵاتەكە دەگرێت و لەگەڵ نارەزاییەتییەكاندایە و، دەمێك دەسەڵاتە و دەمێك خۆپیشاندەری نارازی. دەمێك دژی دەسەڵاتەكەیە و، دەمێكیش دژی ئەوانەیە دژی دەسەڵاتن. دەمێك پشتگیری حیزبە شۆسیالدیموكراتەكانە و، دەمێكیش دنەی باڵادەستی سەرمایەداری و كاپیتالیزم دەدات. دەمێك لە دۆخی شۆرشگێریدایە و، دەمێك لە دۆخی دەسەڵات. ئەم نمونە كەمانە، دەمانبەنە سەر جەوهەری مەسەلەكە.
هەمووجارێك (كاك نەوشیروان) دەیگووت: “هەر هێزێكی سیاسیی گوتاری نەما، ئیدی توشی سەرگەردانی سیاسیی دەبێت و، لەو سەرگەردانییە سیاسییەدا هەوڵدەدات خۆی لەگەڵ هەموو گوتارەكاندا بگونجێنێت.”
زۆر روونە، كە یەكێتیی وەك هێزێكی باڵادەست و كاریگەر لەم گۆڕەپانەی هەرێمەدا، لە دۆخی بێ‌ گوتاریدایە. هیچ گوتارێكی نەماوە، بۆیە هەمیشە بۆ ئەوەی خۆی لەو دۆخی بێگوتارییە رزگار بكات، بەردەوام لە بەیاننامەكاندا باسی ئەو رابردووە دەكات كە خاوەن گوتاربووە، گوتارە كۆنەكان سەر لەنوێ‌ گەرمدەكاتەوە و پەنا بۆ سەردەمێك دەبات گوتاری هەبووە و بۆشاییەكانی ئێستای پێپڕدەكاتەوە. هەر لە دوا بەیاننامەدا لە یەك پەرەگرافدا، ئەم بێ‌ گوتارییەی پێوە دیارە. ( لەگەڵ ریفراندۆمداین بەبێ‌ ئەملاو ئەولا، بەڵام بە مەرجی كاراكردنەوەی پەرلەمان!)
یانی ئەو گوتارە رەمزییەی ئەمرۆ پارتی بەرزیكردوەتەوە و گوتاری ریفراندۆمە، بەبێ‌ ئەملاو ئەولا لەگەڵیدان. لەپاڵ ئەوەشدا ئەو گوتارە واقیعیەی گۆڕان بەرزیكردوەتەوە و پەیوەندی بە دامەزراوە یاساییەكان و سیستەمەكەوە هەیە، لەگەڵ ئەوەشدان. هەندێك لە سیاسییەكانیشیان پێیان وایە، ئەمە نیشانەی ئەوەیە یەكێتیی بۆچونی تایبەتی خۆی هەیە و، نایەوێت بكەوێتە ژێر كاریگەری ئەو دوو جۆر گوتارەوە. بەڵام لەراستیدا پێچەوانەكەی راستە و، ئەمە دەرخەری ئەوەیە ئەم حیزبە گوتارێكی بۆ نەماوەتەوە، لەبێ‌ گوتاریدا دەیەوێت سیما راستەقینەكەی خۆی بشارێتەوە و، بەڕستەی ئاڵۆزی دوو جەمسەری بۆشاییە گەورەكەی خۆی پڕبكاتەوە. ئەو بۆشاییەی تووشی بووە و بردویەتییە ناو وێزگەیەك لە بێ‌ گوتاریدا دەبێت لەگەڵ هەموو گوتارەكاندابێت بۆ ئەوەی بڵێت خاوەن بۆچوونی خۆمم!
بەبڕوای من، پارتی حیزبێكی روونە. دەیەوێت سیستەمێكی سیاسیی لەسەر گوتاری رەمزی، بەشێوەیەكی بنەماڵەیی، بەلاوازكردنی دامەزراوە یاساییەكان و دیموكراسی، دروست بكات، لەم سیستەمەشدا ڕەنگەكانی ستەمكاری بەهیزترن لە ڕەنگەكانی ئازادی و دیموكراسی (نمونەش رابردوو ئێستایە).
لەهەمان كاتیشدا گۆڕانیش روونە، هێزێكە گوتاری واقیعی بەرزكردوەتەوە، دژی شێوازی سیستەمەكە، دژی جۆری بەرێوبردنەكە، دژی كۆمەڵێك بنەمایە كە پارتی بەرگریان لێدەكات.(نمونەش جوڵە سیاسییەكانییەتی.)
ئەوەی روون نییە لەم نێوانەدا یەكێتییە. (ببورن باسی كۆمەڵ و یەكگرتوو ناكەم، چونكە ئیشی ئەم وتارە پەیوەندی بەو هێزانەوە نییە.) ناروونی یەكێتیی، فرە سیمایی و نەناسراوییەكەی، باوادانێین بەشێكی پەیوەندی بە كێشەكانی ناوخۆوە هەیە، ئەما بەشە بنەرەتییەكەی پەیوەندی بەوە هەیە، ئەم هێزە بەشوێن خۆیدا دەگەرێت لەناو گوتارەكاندا. ناچار لەو رووبەرەدا بۆ مانەوەی هێزی خۆی، بۆ مانەوەی كاریگەرییەكانی خۆی بەسەر هەرێمەوە، خەریكی گۆڕینی دەمامكەكانە. ئەو دەمامكانەی بەپێی زەمەنەكە دەیگۆڕێت و بە پێی زەمەنەكە سیماكانی بەشێوەی جیاجیا پیشاندەدات. گەر بەم جۆرە بڕوات ئەم هێزە وایلێدێت لەو نێوانەدا ببێتە هێزێكی رۆژانە. هێزێك ستراتیژی دورخایەنی نەمێنێت و بەپێی مۆدێلی رۆژەكە خۆی بگونجێنێت. هەتاكو نەگەرێتەوە سەر سیمایەكی روون و نەبێتەوە خاوەن یەك گوتار، نە دەتوانێت نیگەرانییەكانی ناوخۆی چارەبكات، نە دەشتوانێت كاریگەرییەكی وادابنێت كە سیستەمەكە لەم دۆخە خراپەوە بچێتە دۆخێكی باشتر. كە پارتی و گۆڕانیش هەندێكجار متمانەیان كەم دەبێتەوە بەرامبەر یەكێتیی، تەنها هۆكارەكەی دەگەرێتەوە بۆ نەبوونی سیمایەكی راستەقینە لەو هێزەدا. لە ئێستاشدا هیچ كەس جەسارەتی ئەوەناكات بڵێت: من یەكێتیی دەناسم، چونكە یەكێتیی ئەوەندە سیماكانی زۆر بوون، ناسینەوەی ئاسان نییە.

 

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت