هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

حیزبی كوردی لەم ساڵەدا كار بۆ ئەوە دەكات، سەرلەنوێ‌ خولێكی تری شەری نوێنەرایەتی دەست پێبكات. لەناوەراستی ساڵی رابردوودا بەرپرسەكانی (توركیا) زۆر بەروونی باسیان لە دەستپێكردنی ئەم خوڵەی شەردەكرد. لەكۆتایی ساڵەكەشدا پیاوێكی نەوتفرۆشی ئەمریكی هەیە ناوی (زەڵمای خەلیل زادە) لەیەكێك لە لێدوانەكانیدا ئاماژەی بەسەر هەڵدانی ئەم شەرەكرد. هەڵبەتە شەرەكە سەرەتا لەشوێنێك روودەدات، پاشان گەشەدەكات بۆ شوێنەكانی دیكە و، دوای گەشەكردنەكەی ئیدی خاوەنە راستەقینەكانی شەرەكە، دێنە ناوەوە و بەشێوەیەكی بەردەوام پاڵپشتی نوێنەرەكانی خۆیان دەكەن. هیچ كام لەو حیزبانەی لەم شەرەدا تێوەدەگلێن، شەری خۆیان ناكەن، بەڵكو شەری نوێنەرایەتی دەكەن.
مرۆڤ بۆ ئەوەی باسی خودی شەرەكە بكات، دەبێت باس لە (توركیا و ئێران) بكات. چونكە ئەوان نوێنەری راستەقینەی شەرەكەن و، ئەوانن ململانێكانی خۆیان خستوەتە دەرەوەی وڵاتەكەی خۆیان و، هەرێمی كوردستانیان كردوە بە گۆڕەپانی شەرەكانی خۆیان. ئەشێت لە ئێستادا كە سەرەتای سەرهەڵدانی شەرەكەیە، هێشتا دیمەنەكە بەروونی دەرنەكەوتووە، لەگەڵ گەشەكردنی شەرەكەدا دیمەنەكە روون دەبێتەوە و ، تارمایی خاوەنانی شەرەكە بە تەواوەتی دەكەوێتە بەرچاو. ئەگەر لە ئێستاوە هێزێك نەیەت كارێك بكات بۆ وەستاندنی ئەم شەرەی لەبەردەماندایە، بێگومانی شەری ئەمجارە زۆر لە شەری ناوخۆ سەختر دەبێت. هۆكاری سەختییەكەشی ئەوەیە، فەزایەكی شەر بوونی هەیە، ئەم فەزایە رێگا دەدات خاوەنانی شەرەكە زۆر بە ئاسانی بێنە ناوەوە و، بەردەوام شەرەكە بەهێزتر بكەن.
بروای تەواوم بەوەیە حیزبی كوردی گەر لە ئێستاشدا شەرەكە بوەستێنێت، ماوەیەكی دیكە هەردەبێت بیكات، چونكە شەری خۆی نییە و توانای رەدكردنەوەی ئەو نوێنەرایەتییەشی نییە. ماوەكانی پێشوو ئەو جوموجوڵەی ناوی نرابوو (جوڵەی دیبلۆماسی) راستییەكەی بۆ زەمینە سازكردنی شەرەكەبوو، نەك بۆ خەونی دیكە. هەتاكو ئەو حیزبانەی كە هێزی چەكداریان هەیە، دەست لە نوێنەرایەتی بێگانەكان هەڵنەگرن، چاوەروانی هەموو شەرێكی كورد بە كورد دەكرێت. رونییشە كە ناتوانن دەست لەو نوێنەرایەتی بێگانەكان هەڵگرن، بۆیە دەبێت شەرەكە بكرێت. ئەوەشی لەم شەرەدا سەردەكەوێت كورد نییە، ئەوەشی لەم شەرەدا تێك دەشكێت (توركیا و ئێران) نین.
ئێمە تەنها دەتوانین بڵێن: دژی ئەو شەرەین، زۆر دژی ئەو شەرەین، بەڵام ناتوانین بیوەستێنین، نوێنەرەكان ئەركە لەسەریان بیكەن. كاتێك كە نەوتفرۆشێكی ئەمریكی باسی لە مەترسی شەری دیكەی دەكرد، كەس قسەكانی بەهەند وەرنەدەگرت، بەڵام ئەو بەراستی بوو، دەیزانی چی لەپێشماندایە. (شەنگال) تەنها بیانووێكە بۆ هەڵگیرسانی شەرەكە. دوای (شەنگال) نەوت و بۆری نەوت، دەبێتە بیانوێكی بەهێزتر بۆ گەورەكردنی شەرەكە و تێوە گلانی هێزی دیكە. چاوەرواندەبین بزانین حیزبی كوردی ئەمجارە لە رێگای مەكینە فاشییەكەیەوە، چۆن كاردەكات تا جارێكی دیكە كۆمەڵگەیەك بخاتە بەردەم وێرانەیەكی دیكە. چاوەرێ‌ نابین خەونی كۆمەڵگەیەك بهێنێتە دی، چونكە دەزانین حیزبی كوردی هەمیشە بەرهەمەكەی وێرانكەرە.

 

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە