هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

بەشی دووەم.
11- خۆشەویستیی و ڕێزی جەماوەر.
زۆر جار وەک گەنجێک و تا ئەوکاتەی نەچوبوومە (سەرکردایەتیی شۆڕش) لە ناوزەنگ، ناوو ژیریی و خاکێتیی و شۆڕشگێڕیی کاک نەوشێروانم لە شارو لە شاخ دەبیست، ئاواتەخواز بووم لە نزیکەوە بە چاوەکانی خۆم ئەو ڕاستیانە ببینم و بزانم، زۆریش هەبوون هەمان ئاواتیان هەبوو، دەتوانم بڵیم: من بەختەوەربووم ، نەک تەنها بە بینین بەڵکو ساڵانێک لە نزیکیەوە بمێنمەوەو زیاتر لەوەی مەبەستم بوو ببیستم و ببینم لە بارەیەوە.
بێگومان ئەمەش بۆ گەنجێکی ئاسایی وەک من لە کایەی شۆڕش و شۆڕشگێڕیدا کاریگەری راستەوخۆی هەبوو لەسەرم و بە هۆیەوە توانیم ڕەش و سپی بناسم و فێری زۆر شت ببم و کەسایەتییەکی پەروەردە کراوی شۆڕشگێڕانەم پێ ببەخشێت، هەروەک چۆن لە پێشترو دواتریشدا بە چەندین هاوڕی و هاوخەباتی دیکەی بەخشیی. واتە کاک نەوشێروان نەک تەنها لە ڕێی کاری ڕێکخراوەیی و شۆڕشگێڕانەوە بگرە لەڕێی گەورەیی و بەرزیی ڕەوشت و ڕەفتاریشییەوە کاریگەریی هەبووە لەسەر ئاراستە کردنی گەنجان بۆ نێو کۆڕی خەباتو تێکۆشان .
ساڵ: 1983، شوێن: ناوزەنگ، ڕۆژهەڵاتی کوردستان، قوڵایی باشوور.
هەڤاڵانی ناوەندی کۆمەڵە ئاگادارییان کردم کە خۆم ئامادە بکەم و لەگەل کاک نەوشێروان و شەهید ئازاد هەورامیی دەچینە قوڵایی باشورەوە، من پێشتر لەگەڵ هەڤاڵ مام جەلال و شەهید ئازاد هەورامیدا جەولەم کردبوو، بەڵام لەگەڵ کاک نەوشێروان ئەوە یەکەم جار بوو جەولە بکەم، لەو ماوەیەدا زیاتر لێی نزیک بوومەوەو بەسەرنجەوە لە کردارو گوفتاریم دەڕوانیی و بەوانەی کە پێشتر بیستبووم بەراوردم دەکرد، ڕۆژ بەڕۆژ خۆشەویستیم بۆی زیاتر دەبوو تەواوی هەڵسوکەوتەکانیی جێی ڕەزامەندیی و دڵخۆشیی بوون، دوای ئەوەی بە هۆی شەهید ئازادەوە یەکترمان ناسیی پەیوەندیمان تادەهات گەرمتر دەبوو، ئەوکات من پێشمەرگەی ناوەندیی کۆمەڵەبووم، لەگەڵ کاک سەیوانی برام پەیوەندی خۆش بوو، دەیزانی کە ئێمە چوار برایین و هەمومان پێشمەرگەین، دەیزانی کە (کاک حسێن عارف ) زاوامانە، نوسین و کارە ئەدەبییەکانی ئەو جێی سەرنجی بوون، هەموو ئەمانە بوە هۆی نزیک بونەوەی زیاترمان لە یەکتر.
خۆشەویستیی گوندنشینان بۆ ئەو وای لێکردبوو کە دەچووە هەر گوندێک، جەماوەر بە خۆشحاڵییەوە پێشوازیان لێدەکرد، لە چەندین گوند زۆربەی دانیشتوانەکەی لەپێش گوند لەچاوەڕوانیدا دەبوون و بەگەرمی بەخێرهاتنیان دەکرد، بە چاوی ڕێزەوە لێیان دەڕووانی و هەموو داوای دەکرد لای ئەوان میوان بێت، ئەمەش بۆ ئەوەی بە کردار بسەلمێنن خۆشییان دەوێت. ئەویش بۆ ئەوەی دڵی کەس نەشکێنێ، دەستی بۆ ئێمە درێژ دەکرد و دەیگوت ئەوانە وەک من وان، ناکرێ هەمومان لە ماڵێک بین و ئەرک گرانتر بکەین، ئەوان بەرنەوە لەباتی من.
لە ڕاستیدا بەدەم و چاویدا دیار بوو کە حەزی بەو پێشوازە نەدەکرد و دەیویست زۆر سادە وەک هەر پێشمەرگەیەکی تر لە جێگایەک دابمەزرێت و شەوانیش لە مزگەوت بخەوێت.
بەڵام دەیزانی ناتوانێ ئەوە بکات، ناچار دەبوو بە داوای خەڵک قایل ببێت، بوچوینایەتە هەر گوندێک و نەیان ناسیبایە، نە ئێمە ئاشکرامان دەکرد، نە خۆشی پێێ خۆش بوو بیناسن، زۆر جار وەک ئێمە دادەمەزراو و ئاسایی هەڵسوکەوتی دەکرد، کە دواتر بۆیان ئاشکرادەبووە، پەشیمان بوون کە وەک پێویست بەدەنگیەوە نەچوون. بەڵام لە زووربەی گوندەکان ناسراو بوو، ئەوەش کێشە بوو، هەم بۆ خۆی و بۆ ناوچەکە، زوو هەواڵ دەگەشتەوە ڕژێم و زۆر جار بە تۆپ و تەیارە ئەو گوندانەیان بۆردومان دەکرد. چەندین جار زیانیان بە گوند و خەڵکەکەی گەیاندبوو. ئەم هەڵوێستەی جەماوەر هەندێ کات توشی کارەساتی ناخۆش و هەندێ جار ڕووداوی خۆش و پێکەنیناوی کردووین بە تایبەتی ئەو خەڵکە دڵسۆزەی، کە لە شارەکانەوە بە خۆشی و شادی زۆرەوە دەهاتن بۆ بینینی پێشمەرگە.
ئەوەی لەم باسەدا دەربارەی کاک نەوشیروان مەبەستە، سادەیی ئەو سەرکردەیە و دڵسۆزی و دیدی یەکسانی ئەوە بۆ هاوسەنگەرەکانی، هەرگیز نەیدەویست جیابکرێتەوە لە هاوخەباتەکانی، هاوکات وەک پێشمەرگەیەکی ئاسایی کە ئەرکێکی نیشتیمانی جێبەجێ دەکات، خۆی لە دەوروبەرەکەی بە گەورەتر نەدەزانی. هەموو ئەمانەو بەتوانایی و زیرەکی و سوربونی ئەو لە خەبات ببونە هۆکاری بەنرخی و ڕێزو خۆشەویستیی جەماوەر و هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو سەرکردەیە.

12- دیدی یەکسانی.
ساڵ: 1983 شوێن: گوندی ( دۆڵە گۆم ) شاخی ئاسۆس.
بە مەبەستی دۆڵی مەرگە لە( باوزێ) وە بەڕێکەوتین بەرەو شاخی ئاسۆس، دەبوایە لە وێوە بگەینە ئەو ناوچەیە و گوندەکانی سەر ئەو ڕێیەش بەهۆێ ڕاگواستنیانەوە گشتیان وێران بوو بوون و کەسیان تێدا نەدەژیا، تەنها چەند ڕاوچی و ئاژەڵدارێک نەبێت کە هاوینان دەچونە ئەوێ، لە ڕاستیدا ئەو ناوچە شاخاویانە دەبوایە لەو کاتەدا وا گەرم نەبن بەڵام گەرمایەکی نائاسایی بوو، لەبەر قوڵی و شاخەکانی چواردەوری دۆڵێکی قوڵ و سەخت و تەنگی هەبوو کە تەنها ئاسمانت لێوەدیار بوو، دۆستانمان بەهۆی شەهید ( سەلیم ئاغا ) و شەهید ( ملازم محمود)ەوە بۆ پەڕینەوە لە زێی بچوک لەپشتی قەڵادزێوە بە نهێنی سیمێکیان ئامادەکردبوو، چونکە ئەوان شارەزای ناوچەکە بوون و پێشمەرگە ئەو ناوچەیەی بەکار نەدەهێنا، بەڵام لەبەر وشکی و بێ ئاوەدانی و هاوکات خوڕیی چەمەکە و نەبوونی (سیم ) بۆ پەڕینەوە لەباتی سیمی تەل گوریسی نایلۆن ئامادە کرابوو، کە ڕۆژێ پێش پەرینەوەمان دایان مەزراندبوو.
کاک نەوشیروان لەسەر چەمە کە دانیشتبوو، یەکە یەکە بانگی دەکردین، دەیپرسی : ترست هەیە لە پەڕینەوە ؟
کەس نەبوو بڵێ: بەڵی بەڵام ئاوەکە زۆر خوڕ و ماوەکەش درێژوو و ناوچەکەش مەترسیدار بوو لە هەموی ناخۆشتر پێش ئەوەی بگەیتە ئەوبەر، گیرت دەخوارد و دەبوایە بە حەبل ڕایانکێشایتایەتە ئەوبەرەوە، بۆسەر گابەردێکی لوس و سەخت، دەبوایە بە چنگە خشکە سەرکەوتیتایە و خۆت دەرباز بکردایە، بەڕاستی نازانم چۆن ئەو پەتەیان بەستبوو.
زۆربەمانی پەڕانەوە و دواتر خۆشی پەڕییەوە، هەموو پێمان باشبوو ئەو زوو بپەرێتەوە، ئەوبەر سەلامەتتر بوو، هەم بۆ فرۆکە و هەم بۆ هاتنی جاش و سەرباز، بەڵام ئەو ڕازی نەبوو.
بە دۆڵێکی تەسک و ناخۆش و بەردەڵانیدا سەرکەوتین، گەرما تادەهات بەهێزتر دەبوو، زۆربەمان ئاوی تەواومان پێنەبوو، ئەوەی هەبوو چەند مەتارەیەک بوو، کە بە قوم قوم هەر زوو تەواو بوو. من و خەبات چاوشین لە هەموان کۆڵەوارتر بووین، تینویەتی زۆری بۆ هێنابووین، هێزی لەبەر بڕیبووین، شارەزاکەشی کە لەگەڵمان بوو، دەیگوت لەم ناوچەیە ئاو و کانی بوونی نییە، زۆر ووشکە.
من و خەبات کەوتینە جووینی گەڵا دارەکان، چەندیان ووت خراپتر دەبن بە گوێمان نەکردن، دواتر ڕاستییان کرد. پێشمەرگەیەکی دەستەکەی شەهید سەلیم ئاغا، لە یەکێک لە دۆڵەکاندا و لەسەر تاشەبەردێک کەمێ ئاوی دۆزییەوە.
کە بانگی کرد لێرە ئاو هەیە، زۆر دڵخۆش بووین و هەموو بەدەنگیەوە چوین، بەڵام چ ئاوێک …. لە دوو چنگ ئاوێک زیاتر نەدەبوو و چواردەوری پڕ پیسی، بەڵام هەر دڵخۆش بووین.
کاک نەوشیروان بە پەرداخێکی نایلون، بوو بە میراو و هەر یەکەمان کە ویستمان قومێ ئاوی داینێ، کە هەستت دەکرد ئاوە، وەکوتر گەرم و پیس و تینوشکێن نەبوو، هەندێ برادەر ووتیان ئێمە پێویستیمان پێێ نییە و ئەوەندە تینومان نییە.
کە ئێوارە گەشتینە (دۆڵە گۆم ) چەندین چاڵی وەک بیری لێبوو، کە بە ئاوی باراناوو و توانەوەی بەفر پڕ دەبوون، لەکاتی ئاوەدانیی گوندەکەدا هەم بۆ خواردنەوە و بەکارهێنانی ڕۆژانە و ئاژەڵیش (ڕان) سودیان لێبینیوە.
بە هۆی کتریەکی ڕەشی قوپاوەوە کە بە گوشێکی چەند مەتری گرێدرابوو، بە پەلە ئاومان دەرهێناو بە لولەکەی کەوتینە خواردنەوەی. شەو ماینەوە کە دەمانتوانی بەردەوام بین و بگەینە دۆڵی مەرگە، بەڵام بە بێسییم هەواڵێک هات و کاک نەوشیروان بڕیاریدا لەوێ بمێنینەوە.
کە تەواو حەساینەوە، برادەرێک سەیری ئاوی ناو کتریەکەی کردبوو، بۆ ئاگاداری بە دەنگی بەرز ووتی: برادەران ئاوەکە پڕە لە کرم و دەعبا، بەڵام هەموو تێرمان خواردبۆوە، دواتر بەهۆی پشتێنەوە، کرم و پیسییەکەمان دەپاڵاوت، کاک نەشیروانیش وەک ئێمە تینویەتی خۆی لێ شکاندبوو. بە پێکەنینەوە ووتی: بەس نەبوو ئەمەشمان دەست کەوت، ئەگەر نا هەموو لە تینوا دەخنکاین. تێر ئاو بووین، بەڵام نانمان پێنەبوو، خۆشبەختانە ڕانێک بەرەو ئەو گوندە وێرانەی کە لێی لاماندا بوو هات بە نیازی ئاودانی ڕانەکەی. دوو بزنمان کڕی و دوای ئەوەی ئاگرێکی گەورەمان کردەوە بێ خوێ و نان گۆشتمان برژان و تا بەیانی بەدیاریەوە دانیشتین.
لە هەمویی خۆشتر … کە شوانەکە حەسایەوە، بینیمان پەتەکەی لە کتریە ڕەشەکە کردەوە و بردی بۆ تارات گرتن، هەموو سەیری یەکمان دەکرد و بزەمان دەهات.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە