هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

ئاشکرایە هەر کار و پیشەیەک کەسى شیاو و کارامە و لێهاتوو و خاوەن ئەزموونى خۆى گەرەکە، چونکە هەرکات هەر پیشەیەک کەوتە دەست کەسانى نەشارەزا و ناشى ئەوا لەلایەک کارەکە سوک و ڕسوا دەبێت و لەلایەکیش کەسەکە بۆخۆى مایەپووچ و زەرەرمەندى گەورە دەبێت. هەربۆیە چ سیاسەت وەک زانست و وەک وەزیفە و پیشەش پێویستە لەلایەن کەسانى پسپۆڕ و بە ئەزمون و خاوەن ڕابووردوى پراکتیکى لە بوارى زانستى سیاسیدا و وەک پیشەش جا بەحوکمى بارودۆرخى سیاسى و هەلومەرجى سەپێنراو چوبێتە ناو کایەى سیاسیەوە یان بە ویست و ئارەزووى خۆى بەشداریکردبێت و لە ئەنجامى ئەزموونى زۆر و زەوەند و کارى پڕاکتیکى و ئامادەگى لە گۆڕەپانى سیاسیدا بووبێتە کەسێکى سیاسى و سیاسەتمەدار و وەک پیشە و وەزیفەیەکى نیشتیمانى و نەتەوایەتیش لە خۆبوردوانە کارى کردبێت، ئەوا کەسى شیاو و گونجاوى گەرەکە.
پێویستیش دەکات بۆ سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونى خەبات و تەمەنى سیاسى خۆى تابتوانێت کۆمەڵێک سیفاتى بێ وێنە و شیاو و شیرین لەخۆیدا کۆبکاتەوە و ببێتە کەسایەتیەکى دیار و خاوەن بڕیار و هەڵوێستى سیاسى، بۆیە پێویستە کەسانى سیاسى و سیاسەتمەدارى ڕاستەقینە و سەرکەوتوو کۆمەڵێک سیفاتى جوان و بە ویقاریان تیادا بێت بۆئەوەى ببنە جێگە متمانەى لەلایەک حیزب و سەرکردە و لایەنگرانى خۆى و لەلایەکیش ببنە جێگە متمانەى جەماوەرى پان و پۆڕى گەل، کەسایەتى سیاسى سەرکەوتوو نابێت لە قوژبنێک یان کونجێکى بچوکى حیزبایەتیدا بمێنێتەوە بەڵکو لەگەڵ هەڵکشانى تەمەن و ئەزمون و شارەزاییدا دەبێت ببێتە کەسایەتیەکى نیشتیماى و دواتریش نەتەوەیى و ناوچەیى و جیهانى،ئەمەش بە توانا و وزە و لەخۆبوردویى و گرتنە بەرى سیاسەت و ئامانج و دروشم گەلێکى مرۆڤایەتى کە پڕ بێت لە ڕێزگرتن لە ئازادى و سەربەخۆیى و عەدالەتى کۆمەڵایەتى و یەکسانى و پێکەوە ژیان و قبوڵکردنى ڕاى جیاواز و فەراهەمکردنى دۆخێکى دیموکراسى و خزمەتکردن بە ئامانجە مرۆڤایەتیەکان، لەسەر ئاستى کەسێتیش دەبێت کەسایەتیەکى خاکى و سادە و ڕاستگۆ و بڕوا بەخۆ و خاوەن هەڵوێست و بڕیارى یەکلاکەرەوە و بوێر و جەربەزە لەکار و گوتاریدا بێت و دووربێت لە دیاردە تەسک و بچوکەکانى خۆبەزلزانین و خۆپەرستى و خزمایەتى و مەنسوبیەت و مەحسوبیەت و خۆبەستنەوە بە ناوچەگەرێتى تەسک و عەشرەت و خێڵ چێتى، دەبێت خاوەن تێڕانین و فکر و ئایدیایەکى ڕوون و لیبڕاڵ و دوور مەودا بێت و لەهەموو قۆناغەکان و وێسگەکانى ژیانى سیاسى و حیزبایەتیدا دوور بێت لەگەندەڵى و خراپ بەکارهێنانى دەسەڵات و خۆ دەوڵەمەندکردن و نزیکبونەوە لەکارى بازرگانى و بازاڕ و سەرمایەداران و کۆمپانیاکان،پیاوى سیاسى سەرکەوتوو دەبێت پیاوێکى دەوڵەتمەدارى ڕاستەقینە بێت بە پلەى ئیمتیاز و تێڕوانین و پلانەکانى لەسەروو بەرژەوەندیە تەسک و بچوکە حیزبیەکان و کەسێتى و خۆپەرستێتیەوە بێت، دەبێت خۆى بکاتە نوێنەرانى هەموان نەک بەشێکى بچوکى کۆمەڵگا و چین و توێژەکان، دەبێت پارێزەرى سەروەرى یاسا و ڕێزگرتنى مافەکانى مرۆڤ بێت، دەبێت گیانى تۆڵەکردنەوەى ناڕەواى لە ناخدا نەبێت و سیاسەتیش لەسەر بنەماى ڕق و تۆڵەکردنەوە نەکات ،دەبێت سیاسەت وەک وەزیفە و ئەرک ببینێت نەک میراتى و بۆماوەى و موڵکدارێتى بنەماڵە و باوباپیرانى، کەسى سیاسى دەبێت خۆى بەدوور بگرێت لە غرورو توشى بەڵاى خۆ بەزل زان و کەسانى تر بە هیچ نەبێت، دەبێت کەسى سیاسى لە هەموو دۆخەکاندا تەنگانە و ئارامدا بتوانێت خاوەنى گیانى مقاوەمەت و خۆڕاگرى بێت لە ڕووبەڕووبونەوەى دۆخەکان ودوژمنان و ناحەزاندا و پشوودرێژ بێت و کەسى بەزیوو و هەڵاتوو نەبێت و بچوکترین نەرمى و چاوپۆشى نەکات لە سەر بەرژەوەندى گەل و میلەت. دەبێت دڵسۆز بێت بۆ خاک و نیشتیمان و وڵات و سەروەت و سامانەکەى بە تاڵان و هەڕاجکردن نەدات. دەبێت خۆى دوور بگرێت لە ئایدیا و فکر و بۆچوونى توندوتیژى و تۆقێنەر و مەترسیدار، هەموو ئەم سیفەتانە لەهەر کەسێتیەکى سیاسیدا هەبێت بەدڵنیایى دەبێتە کەسایەتیەکى کاریزما و هەڵکەوتوو و دەبێتە خاڵى کۆکەرەوەى هەموو لایەن و سەرکردە ناکۆکەکان و دەبێتە جێگە متمانەى هەموان و دەشتوانێت ببێتە فریاد ڕەس و کەشتیوانێکى سەرکەوتوو کە کەشتیى میلەتەکەى بگەێنێتە ڕۆخى ئارامى و کەنارێکى بێ مەترسى.
بەڵام هەرکات سیاسەتمەدار و کەسى سیاسى، لەپاڵ دەسەڵات و کارە سەرەکیەکەى خۆیدا، دەستى دایە کارى بازرگانى و تێکەڵ بوون لە گەڵ کۆمپانیا و سەرمایەدارەکاندا و بوە شەریکە بەش و بەرنامەى خۆدەوڵەمەندکردنى دانا و چاوى بڕیە سەروەت و سامانى میلەت و هەڵپەى پارەکۆکردنەوە و هێنانەپێشەوەى کەسە نزیکەکانى لە دەسەڵات و سەپاندنیان بەسەر بازاڕ و بازرگانى و وڵاتدا سەپاند و دەستیوەردایە هەموو کار و بارێکى گەورە و بچوکى وڵاتەوە و حەزى بە خۆسەپاندن و مانەوەى لەدەسەڵاتدا بزواو و دەستى دایە ڕەشوە وەرگرتن و بەرتیل خۆرى ئەوا بەدڵنیایش هەموو دیاردە دزێوەکانى ترى ناو کۆمەڵگا بڵاودەبێتەوە لە گەندەڵى ئیدارى و دارایى و ئەخلاقى و هیچ مانایەک نامێنێتەوە بۆ بەها جوانەکانى کۆمەڵگا و دابونەریتە بەرزەکانى تاکەکان، هەر کات سیایسیەک بوە دەڵاڵى کۆمپانیاکان و گەورە بازرگانەکان و لەبەرامبەر پێدانى تەندەر و پڕۆژەکاندا بەرتیل و شیرینى وەرگرت، ئەوا بەدڵنیایى دەبێت ترسى لە ناوچونى ئەو دەسەڵاتە و هەژارکەوتنى کۆمەڵگا و زیادبوونى تاوانەکان و بەرەو دواگەڕانەوەى پێشکەوتن و داهێنانەکان لەبەرچاومان بێت، هەر کات سیاسیەک خوى دایە گیرفان پڕکردن و تەنها بەرژەوەندى خۆى و حیزب و سەرکردە و بنەماڵەى لەبەرچاو گرت دوور لە بەرژەوەندیەکانى چین و توێژە پانوپۆِرەکانى جەماوەرى میلەتەکەى دەبێت بزانرێت ئەو دەسەڵات و نیشتیمانە هەڕاج دەکرێت و مایە پووچ و برسى و هەژار دەکەوێت و ئایندەشى بەرەو تاریکاندن دەچێت.
هەربۆیە هیچ کات سیاسەتکردن و بازرگانیکردن دۆستى یەکترى نەبوون و لەگەڵ یەکدا نەگونجاون و ناتوانرێت پێکەوە لەیەک کەسایەتیدا کۆببنەوە، هەر کات سیاسیەک بوە بازرگان بەدڵنیایى گەندەڵ دەبێت و دەسەڵاتیشى لەدەست دەچێت، بەڵام بە پێچەوانەوە دەکرێت بازرگانێکى سەرکەوتوو ببێتە سیاسەتەمەدارێکى سەرکەوتوش بەمەرجێک هیچ کام لەو دووکارە تێکەڵ بەیەکدى نەکات، بەڵام بەهیچ شێوەیەک ناکرێت سیاسیەک ببێتە بازرگانێکى سەرکەوتوو گەر لەدەسەڵاتدا بمێنێتەوە، چونکە هەمیشە بەرژەوەندیە ئابوریەکان وادەخوازێت کە چاو لە زۆر کارى گەندەڵى و هەڵە بپۆشێت کە لەکۆتایدا بە زیانى گەورە بۆ خۆى و بۆ حیزب و بۆ وڵاتەکەشى دەشکێتەوە.لەمێژووشدا زۆر نمونەى دیار هەن لەسەر ئەو سیاسیانەى کە ویستویانە دەسەڵات و پۆستە سیاسیەکانیان بەکاربێنن بۆ خۆدەوڵەمەندکردن و کۆتایشیان یان بە زیندانى یان بە مردن کۆتایى هاتوە و لەبەردەم گەل و نیشتیمان و مێژوو و پەروەردگاریشدا ڕسوا کراون.
بۆیە گەر هەرکەس بیەوێت ببێتە سیاسیەکى سەرکەوتوو دەبێت لە بازرگانى و بازاڕ و ئابورى دوور بکەوێتەوە ،چونکە زۆر زەحمەتە سیاسیەکى خاوێن و ئەمین و دڵسۆز بمێنێتەوە و توشى گەندەڵى نەبێت، بۆیە بەهیچ شێوەیەک کەسى سیاسى و سیاستەمەدار نابێت ببێتە بازرگان و هەر کات ویست و خواستى دەوڵەمەندبوونى کەوتە خولیا ئەوا زۆر ئاساییە سیاسەت بەجێبهێڵێت و ببێتە بازرگان و سەرمایەدار و کەسیش گلەیى لێناکات.
لەکۆتایدا، ئەو پرسیارە سادە و ساکارە لە سیاسیەکانى کوردستان دەکەین، ئەرێ کەسى سیاسى سەرکەوتوو لەکوردستاندا ماوە کە تێوە نەگلا بێت لە کارى بازرگانى و بازاڕ؟ئەرێ کەسێکى سیاسى پڕۆفیشناڵ و کاریزما ماوەتەوە کە نەبوبێتەخاوەن کۆمپانیا و شەریکە بەشى سەرمایەدارەکان؟ئەرێ ئەو سیاسیانەى کە بونەتە بازرگان و سەرمایەدار جێگە و پێگەى پیرۆزى پێشووتریان ماوەتەوە؟ ئەرێ سیاسیەکانى کوردستان سیاسەت دەکەن یان بازرگانى؟
بەدڵنیایى کەمێکى زۆر کەم لە سیاسیەکانى کوردستان ماونەتەوە و نەبوبنەتە بازرگان، و نەبوبنەتە شەریکە بەشى کۆمپانیاو بازاڕ و سەرمایەدارەکان و بەداخیشەوە ئەو سیاسیانەى بونەتە بازرگان و شەریکە بەشیان بەهیچ شێوەیەک ڕێز و سەنگینى پێشوویان بۆ نەماوەتەوە و زۆرینەیەکى زۆرى سیاسیەکانى کوردستان هەوڵدەدەن هەم سیاسەت بکەن و هەمیش بارزگانى کە ئەمە کارێکى سەخت و دژوار و نالۆژیکیە ،هەربۆیە پێویستە لەلایەک سیاسیەکان خۆیان دوور بگرن لەو تێکەڵاویە و لەلایەکى تریشەوە بازرگان و سەرمایەدارەکانیش گەر خواستیان دەوڵەمەندبونى زیاتر بوو لەپاڵ سیاسیەکاندا و لە پێناو کۆکردنەوەى زیاترى سەرمایەکانیاندا بەخۆنزیککردنەوە لە سیاسیەکان، ئەوا پێویستە یاسا سەروەربێت و لێپچینەوە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکات و سزاى یاسایى توندیان بدات، چونکە ئەوانن کە دەبنە هاندەر و هۆکار بۆ سیاسیەکان کە ڕووبکەنە بازرگانى لە پێناو دەسکەوتنى قازانج و پاراستنى بەرژەوەندى بازرگانەکان خۆیاندا.
بەداخەوە لە ئەنجامى تێکەڵاوبوونى سیاسەت و بازرگانى لەگەڵ یەکدا و دروست بوونى شەریکایەتى لەنێوان سیاسیەکان و بازرگانەکانى ئەم هەرێمەدا، لەلایەک جیاوازیە چینایەتیەکان فراواتر بون و دوو چینى زۆر دەوڵەمەند و زۆر هەژار لەدروست بوون و خەمڵیندان کە ئەمە بۆ خۆى مەترسیەکى ئێجگار گەورەیە بۆ سەر پێکهاتەى ئایندەى فکرى و تێڕاونین و پەیکەرى کۆمەڵایەتى دانیشتوانى ئەم هەرێمە، و لەلایەکى تریشەوە دۆخى سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتیمان گەیشتۆتە ئەم قۆناغە چەقبەستووو بنبەستوە و ئوێد و هیواکانیش بەدواڕۆژ کاڵبونەتەوە و هەرێمەکەمان لە جیاتى ئەوەى ڕۆژ بەڕۆژ بەرە و پێشکەوتن و هەستانەوە و گەشەکردن بڕوات بە پێچەوانەوە بۆ دواوە دەگەڕٍێتەوە و سیاسیەکان لەپێناو خۆدەوڵەمەندکردن و کۆکردنەوەى زیاترى سەرمایەکانیاندا زۆر نزیکە حوکمڕانى و دەسەڵات و دەسکەوتى 26 ساڵەى ڕاپەڕین و بەرى ڕەنجى 100 ساڵەى خەباتى کوردایەتى بە بادا بدەنەوە،کەئەمەش مەترسیە گەورەکەیە کە هەمیشە لەگەڵ کورداندا و لە مێژوویاندا دووبارە دەبێتەوە.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە