هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

لە ئێستادا  12-08-2017 دا 2 مانگ و 6 ڕۆژى ڕێک تێپەڕ بوە بەسەر یەکەم کۆبونەوەى پارت و سەرکردە سیاسیەکاندا لە  06-07-2017 دا کە تیایدا بڕیارى سازدانی ڕیفراندۆمیان ڕاگەیاند لە  25-09-2017 دا. ئیدى ئەو ماوەیە هێندەى باسى ڕیفرندام کراوە لەم هەرێمەدا باس لە هیچ بابەتێکى تر نەکراوە و بەهەق بۆتە بابەتى پلە یەکى گەرمگوڕى هەموو کۆڕ و گفتوگۆگان هەر لە شەقامەوە تا لوتکەى سەرکردایەتى و دەسەڵات لەم هەرێمەدا.
هەر لەسەرەتاشەوە بەداخەوە دووبەرەى دژ بەیەک دروستبوون لەسەر ڕیفراندۆم و لەسەر وەڵامدانەوە بە ( بەڵێ ) و ( نەخێر ). ئیدى ئەم دووبەرەیى و جیابونەوە و دوورکەوتنەوە لەیەکتریە شۆڕبۆتەوە بۆ ناو سادەترین جومگە و ئۆرگان لەم کۆمەڵگایەدا و خێزان و تاکەکانیشى دابەشکردوە.کەلەبنچینەدا پێویست بوو پرسى ڕیفراندۆم بۆخۆى ببوایاتە هۆکارێکى سەرەکى بۆ کۆکردنەوە و یەک ڕیزى و تەبایى و متمانە دروستکردن و کۆدەنگیەکى گشتگیرى نیشتیمانى و نەتەوەیى.چونکە پڕۆسەکە بۆخۆى پێویستى زۆر و گەورەى بە کۆدەنگى و دەنگى تاک بەتاکى میلەتەکەمانە.ئەم دووبەرەییەش لە ئەنجامى 26 ساڵ حوکمڕانیى گەندەڵى و بێ پلانى و قۆرخکارى و ناعەدالەتى و بێ ویژدانى دەسەڵاتدارانەوە هاتۆتە بوون.کە بەشێک لە ڕەوایى و حەقیانەتى تیادایە.
لەهەمان کاتدا لێکدانەوە و شیکردنەوەى ڕیفراندۆم و ئامانج و ڕوونکردنەوەى مەبەست و تێڕوانینە جیاوازەکان لەسەرى ،ڕیفراندۆمى لەهەنگاو و هۆکارەوە کردە ئامانج و هەموان لەهەوڵداین بەرگێکى پیرۆز بکەینە بەر بەروارى 25-09 و ڕیفراندۆمیش وەکو دوائامانج و کۆتایى دونیا و ژیان و خەباتیش لێیانبڕوانین.
لەئێستادا و دواى تێپەڕبوونى ئەو دوومانگە و مانەوەى تەنها 43 ڕۆژ بۆ 25 ى ئەیلول، نەک کارى زۆر جدى نەکراوە بۆ سەرخستن و زەمینەسازى گونجاو و شیاو و هەنگاو هەڵگرتنى بوێرانە لەناوخۆ و ناوچەکە و دەرەوەشدا ،بەڵکو لەناوخۆدا بەرەیەکى فەرمى ڕاگەیەنراوە بۆ کارکردن دژى سەرگرتنى ئەم پڕۆسەیە لە ژێر ناونیشانى ( نەخێر بۆ ڕیفراندۆم لە ئێستادا). کە ئەم کارە بۆخۆى بەمەبەست بێت یان بێمەبەست دەچێتە خانەى دژایەتى خەباتى چەندین ساڵەى گەلەکەمان کە هەموو خەون و ئامانجى بریتى بوە لە ئازادى و سەربەخۆیى و ڕاگەیاندنى دەوڵەتى سەربەخۆى کوردى.و دژى هەموو خەون و ئاواتە لە مێژینە نیشتیمانى و نەتەوایەتیکانمانە.بەڵام ئەم بەرەیە لەپێکهاتە و ڕابەرانیدا بەرەیەکى لاواز و نەناسراو و خاوەن مێژویەکى پرشنگداریش نین لەنێو کۆمەڵگەى کوردەواریدا. بۆیە بەرەى نەخێر لاواز و کەم و بچوکن لە بەرانبەر بەرەى بەڵێی زۆرینەدا.
پرسیارى گرنگ ئەوەیە لەنێوان (بەڵێ و نەخێردا) دا کامیان هەڵببژێرین بۆ ڕیفراندۆم؟ دوور لە تێڕوانینى تەسکى حیزبى و دەسکەوت و بەرژەوەندى مادى و پلە و پۆست ؟
گەر وەک تاکێکى کورد و خەمخۆر بۆ مەسەلەى کورد و کوردایەتى و ئایندەى میلەت و نەوەکانى داهاتوومان بڕوانینە هەنگاوى ڕیفراندۆم کە ئامانجى سەرەکى بریتى بێت لە ڕاگەیاندنى دەوڵەتى سەربەخۆى کوردى . ئەوا دەبێت بەبێ دوودڵى بڵێین (بەڵێ ).
خۆ ئەگەریش بە چاویلکەى تەسکى حیزبایەتى و دەسکەوتى هەڵبژاردن و دەنگ کۆکردنەوە و بەدەستهێنانى دەسکەوتى مادى و پلە و پۆستى حکومى و حیزبى،ئەوا دەبێت نەخێر هەڵببژێرین.
بەڵام لەڕاستیدا ڕیفراندۆم و سەربەخۆیى موڵکى هیچ سەرکردە و حیزب و بنەماڵەیەک نیە،بەڵکو دروشم و ئامانجێکى دێرینى نەتەوە و نیشتیمانیە بەدرێژایى 100 ساڵى ڕابووردوى خەباتى کوردایەتى لەهەر چوار بەشەکەى کوردستاندا،بەڵام سەرکەوتن و ڕاگەیاندنى دەوڵەتى سەربەخۆییش دەبێتە دەسکەوتێکى گەورە و گرنگى ئەو حیزب و سەرکردەیەى کە پێشنیازى کردوە و کارى جدى بۆ دەکات و خەبات و خوێنى لەپێناودا دەدات و ناو و ناونیشانى لەمێژوودا بە درەوشاوەیى دەمێنێتەوە.
بەڵام هەردوو وشەى ( بەڵێ و نەخێر) یش ، زەمان و زەمینە و داروپەردووى پێویستى خۆیان گەرەکە، چونکە گەر تەنها بە هەست و سۆز و حەماسەتى نیشتیمانى و نەتەوەییەوە کاربکەین دوور لە حساب کردنى هەلومەرج و فشار و کاریگەرى و ئاڵنگاریەکانى دەوروبەر و ناوچەکە و دونیاش ،ئەوا دەکەوینە هەڵەى گەورە و کارەساتى دڵتەزێنیشى لێدەکەوێتەوە.
وتنى( بەڵێ ) باجى خۆى هەیە و نەخێریش بەهەمان شێوە.بەڵێ ڕووبەڕووى فشار و گەمارۆى ئابورى و سیاسى و سەربازیمان دەکاتەوە و ڕووبەڕووى برسێتى و کوشتن و قاتوقڕیمان دەکاتەوە،ڕووبەڕووى ململانێى توندى ناوخۆیى و ناوچەیمان دەکاتەوە.
(نەخێر) یش بەهەمان شێوە دەبێتە هۆى بچوکبونەوەى زیاترى مەسەلەى کور و سوک و چروکبوونى لەناوخۆ و ناوچەکە و جیهانیشدا،دەبێتەهۆى لێکترازانى زیاترى نێوماڵى کورد،دەبێتە هۆى چەسپاندنى داگیر و دابەشکردنى زیاترى کوردستان، دەبێتە هۆى زاڵبونى زیاترى دوژمنانى کورد و کوردستان.
بەم شێوەیە گەرەکە زۆر بەووردى و جدیەوە کاربکرێت بۆ سەرخستنى ئەم ڕیفراندۆرمە ئەویش بەهەڵبژاردنى کات و ساتى گونجاو کە بریتیە لەوەى کە تەواو دڵنیابین لە ( بەڵێ ) کانى ناوخۆ و ناوەچەکە و دۆستەکانمان لە زلهێزەکانى دونیا و متمانەى جەماوەرەکەشمان هەبێت،بۆ پشتگیرى و مقاوەمەتکردنى ئایندە.بۆیە گەر لەوادەى 25 ئەیلولیشدا ئەم ڕیفراندۆمە چێنەکرا ماناى کۆتاى کوردایەتى و ژیان و مانمان نیە،بەڵکو تەنها دواخستنێکى کاتیە بۆ کەشوهەواو دۆخێکى گونجاوتر کە سەرکەوتنمان مسۆگەر تر بکات نەک وەک ئێستا دوودڵى و ڕاڕاییمان تیادا بڵاوبکاتەوە و ترسمان هەبێت لەسەر خستن یان سەرنەگرتنى.
لەکۆتایدا بەرەى ناوخۆى میلەتەکەمان لە هەموو کاتێکدا زۆر گرنگتر و کاریگەرترە لەبەرەى دەرەکى چونکە هەمیشە فاکتەرى ناوخۆ سەرەکى و فاکتەرى دەرەکیش لاوەکى بوە هەرچەندە بەهێز و کاریگەریش بێت. بۆیە بۆ مسۆگەرکردنى زۆرینەى ( بەڵێ ) ى میلەتەکەمان پێویستە کاربکرێت بۆ خۆشگوزەرانکردنى میلەت چونکە ( نان و ئازادى ) بێ یەکتر نابن وئاشتەواییەکى ڕاستەقینەى بە متمانە چێبکرێت و دواتر پێویستە ڕیفراندۆم سەرجەم ناوچە کوردنشینەکان بگرێتەوە و پڕۆسەکەش دەبێت بەڕێکار و ڕچە یاسایەکاندا تێبپەڕێت و ئامانجەکەشى تەنها سەربەخۆی بێت، گەر بمانەوێت دەوڵەتێکى سەربەخۆیى یاسایى دابمەزرێنین کەببێتە ئەندام لە نەتەوە یەکگرتوەکاندا وەک ئۆرگانێکى یاسایى نێودەوڵەتى باوەڕپێکراو.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە