ئەمە هاوکارییەکەتە: کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاورێکانت.

لە دواى ڕووخاندنى ڕژێمى بەعسى ێدامیەوە لەساڵى 2003دا، کورد دەرگاکانى مێژووى بەڕوودا کرایەوە و هیوا و ئاواتى زۆرى هەڵچنیبوو لەسەر عێراقى نوێ و ئایندە و سەرکردەکانى بە عەرەبى شیعە و سونەیانەوە، وا تێگەیشتبوو کە گۆڕانکاریەکى گەورە هاتوە بەسەر بیرکردنەوە و ڕوئیا و تێگەیشتنى سەرکردە نوێکانى عێراق دەربارەى کورد و مەسەلەکەى ومافە ڕەواکانى،بەتایبەتیش بەهۆى ئەوەى کە ماوەى 30 ساڵ زیاتر کورد و کوردستان و سەرکردە و حیزبەکانى لە یەک بەرەى ئۆپۆزسیۆنى ڕژێمى بەعسى ێدامیدا خەباتى هاوبەشیان کردبوو وەکوردستان ببوە جێگە و نەواى مانەوە و پارێزگارى لەهەموو ئەو حیزب و سەرکردانە بەشێوەیەکى گشتى و بەتایبەتیش شیعە مەزهەبەکانیان بەهۆى هاوکارى و هەمئاهەنگى کۆمارى ئیسلامى ئێرانەوە بۆ هەردوولا( کورد و شیعەکان). بەڵام ئەوەى کە ڕوویدا لەڕاستیدا چاوەڕوانکراو بوو بەڵام کورد و سەرکردەکانى نەیاندەویست بڕوا بکەن بەوەى کە بەبێ جیاوزاى بیروڕا و هەڵوێستەکانیان و تەکتیکەکانیا هەموان بەبێ جیاوازى سەرکردە و لایەنە عەرەبەکان بەسونە و شیعەیانەوە کاتێک گەیشتنە پۆست و پلە و دەسەڵات، لەسەر هەمان ئاڕاستە و بیرکردنەوەى کۆنى بەعسیەکان بەردەوام بوون و هەموانیان کەوتنە پشتگوێخستن و دانپیادانەنان و پشتکردنە مافە ڕەوا و دەستوریەکانى کورد لە عێراقدا، ئەوەتا ماوەى 13 ساڵى ڕێکە کورد هێشتا لە چاوەڕوانى ( گۆدۆدایە) لە جێبەجێکردنى مادە دەستوریەکان و بەتایبەتیش مادەى 140 و گەڕانەوەى 51% خاکەکەى بۆ سەر کوردستان و گەلێکى تریش، بەڵام کورد لەچاوەڕوانى بێهودەیدا ماوەتەوە.
لەئێستادا کە کەمتر لە 2 مانگى ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانى ئایندەى پەڕلەمانى عێراق، عەرەبەکان( شیعە و سونەکان) کەوتونەتە خۆ بۆ خۆنزیک کردنەوەیان لەکورد وەک تاکتیکێکى سیاسى و هەڵبژاردن و لەولاشەوە لەهەڵمەتى هەڵبژاردندا هەموانمیان چەندە توند و دژى مافەکانى کورد بن هێندە لەناو جەماوەردا دەنگ کۆدەکەنەوە، بۆیە کورد بۆ حیزب و سەرکردە سیاسیەکانى شیعە و سونە و تورکومان بۆتە فریادڕەس و مایەى دەرچوون و دەنگهێنانى زیاتر.
هەربۆیە هەموانیان کەوتونەتە خۆ بۆ پێکەوەنانى لیست و قەوارە و هاوپەیمانى بۆ ئەو هەڵبژاردنەى کە بۆ هەموانیان دەبێتە هۆکارى مانەوەیان لەدەسەڵاتدا لانى کەم بۆ ماوەى 4 ساڵى ئایندە.
دوان لەو کەسایەتیانەى کە لەماوەى ئەم 13 ساڵەى ڕابووردوودا کاریگەرى و جێگە دەستیان دیاربووە لە سیاسەتى دەوڵەتى عێراقیدا و هەڵوێستیان بەرامبەر بە کورد ، بریتبین لە هەردووک( لە مالکى و عەبادى) کە دوو کەسایەتى باڵادەستى شیعە مەزهەب و لە گەورەترین حیزبى سیاسى شیعەى عێراقن (حیزبى دەعوەى ئیسلامى). هەردووکیان بۆ کورد تاقیکراونەتەوە و هیچیان لەویتریان باشتر نیە و دژایەتیان بۆ مافەکانى کورد زۆر توندە، لەگەڵ ئەوەى هەردووکیان بە پشتیوانى و دەنگەکانى کورد ئەو پۆستانەیان وەرگرتوە. جاهەریەکەیان بە شێوازى خۆى ئەو دژایەتیە دەکەن، مالکى بە ئاشکرا و زۆر بەتوندى و لەڕێگەى بودجە و مووچە بڕینى هەرێمى کوردستان لە ساڵى 2014 وە و هەوڵدان بۆ هەڵوەشانەوەى قەوارەى سیاسى یەکگرتوى هەرێم و ڕێگەگرتن لە جێبەجێکردنى مادە دەستوریەکان و فشار خستنە سەر لێپرسراو و نوێنەرانى کورد لەحکومەت و پەڕلەمانى عێراقیدا و لێپرسینەوەیان و تەنانەت دەرکردنیشیان.
هەرچى عەبادیشە کە لەماوەى ئەم 4 ساڵەى ڕابووردودا بوە سەرۆک وەزیران و بەهۆى سەرکەوتنەکانى بەسەر داعش و ڕزگارکردنى زۆرینەى خاکى عێراق و نەشوە گرتنى سەرکەوتنەکانى گەرەکێتى لەڕێگەى بەناو جێبەجێکردنى مادە دەستوریەکانەوە هەرێمى کوردستان لە مەنگەنە بدات و بێ دەسەڵات و بێهێز و زۆر لاوازى بکات وهەرواشى کردوە و بەردەوامیشە لەسەر هەنگاوەکانى مالکى لە بڕینى بودجە و مووچە و گەمارۆى ئابورى و سەربازى و بەکارهێنانى هێز و توندوتیژى لەسەر کورد و کوردستان.
کەواتە نە مالکى و نەعەبادى دۆست و فریادڕەسى کورد نین و هەردووکیان لاپەڕە و مێژوویەکى ڕەشیان هەیە بەرامبەر بەکورد، هەربۆیە کورد و سەرکردایەتیەکانى هەڵەیەکى مێژوویى دەکەن بە پشتگیرکردنى یەکێکیان لەسەر حسابى ئەویتریان، کورد پێویستە سەرەتا یەکو یەکگرتوویى ڕیزەکانى خۆى و هەڵویست و کردارەکانى خۆى بچەسپێنێت و نێوماڵى خۆى ڕێکبخاتەوە و هێز و دەسەڵاتى لەعێراقدا بگێڕێتەوە، چونکە تەنها بەیەک و یەکگرتوویى و بەهێزى چ مالکى و چ عەبادى حسابى زۆر گەورە بۆ کورد دەکەن، بەڵام بەپەرت و بڵاوى و جیاوازى گوتار و کردارى کورد لەبەغداد هەمیشە لاواز و بێدەسەڵات دەبێت، لەکاتێکیشدا کە مالکى و عەبادیش بۆخۆیان بوکەڵەیەکى سیاسبین بەدەست هێزى هەرێمایەتى و زلهێزەکانەوە و ئەوان بڕیاردەرى کۆتایى نین لەعێراقدا، بۆیە کوردیش پێویستە پەیوەندیەکانى لەگەڵ ئەو هێزە هەرێمایەتى و دونیایانەدا گەشە و پتە و بەهێز و توندوتۆڵ بکا و هێندە نەرمى و سازش نە بۆ مالکى بکات و نەبۆ عەبادیش.

ئەمە هاوکارییەکەتە: کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاورێکانت.