هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

میدیاى کوردى لەکوێى گۆڕانکارى و پێشهاتەکاندایە ؟

سەرەتا دەبێت دان بەو ڕاستیەدا بنێین کە دواى ڕاپەڕینى بەهارى ساڵى 1991ى گەلەکەمان و ئازادبوونى هەموان لە هەرێمى کوردستاندا لەهەموو بوارەکاندا، هەریەکەش دەستى دایە ئەو کارەى کە حەزیپێدەکرد و لەناویشیاندا کارى ڕۆژنامەوانى و ڕۆژنامەنوسى برەوێکى گەورەى هەبوو وەک دەروازەیەکى فراوان بۆ خۆناسین بەخەڵکى و حیزب و سەرکردەکانیش، هەربۆیە زۆرێک لە گەنجان و تەنانەت ئەو کەسانەى کە پێشتریش لەو بوارەدا کاریان کردبوو دەستیان دایەوە قەڵەم و نوسین، هەربۆیە سەردەمى دواى ڕاپەڕین سەردەمى زێڕینى ڕۆژنامەوانى کوردى بوو کە تاکو ئێستاش بەردەوامى هەیە بۆ ماوەى 26 ساڵ و سەردەمى پێگەیاندنى چەندین کادرى شارەزا و لێهاتووى ئەو بوارە و کەڵەکەبوونى ئەزموون و شارەزایى لاى زۆرێکیان.
هەموو ئەو ڕۆژنامەنوس و میدیاکارانەى ئێستا کە ناو و ناوبانگێکیان هەیە و هەیانە بۆتە سەرنوسەرى ڕۆژنامە و گۆفارى بە متمانە و بەناوبانگ و پڕ خوێنەر و هەشیانە بۆتە بەڕێوەبەرى دەزگایەکى ڕۆژنامەوانى و میدیاى بەهەموو جورەکانى (( نوسراو و بینراو و بیستراو و ئەلکترۆنیەوە))، هەموو ئەمانە لەژێر پاڵتۆى میدیاى حیزبیەوە دەرچوون و پێگەیشتون و پێشکەوتون و بونەتە کەسانى بەناوبانگ لە دونیاى ڕۆژنامەوانى کوردیدا.

ئەرێ ڕۆژنامەوانى حیزبى زیانى هەبوە یان سوود؟
گەر ئێستا ئەم پرسیارە لە زۆرێک لە ڕۆژنامەنوسان بکەین،ڕاستەوخۆ دەڵێت میدیاى حیزبى کارێکى نەگریس و خراپە و دەبێت نەمێنێت و لێیدووربکەوینەوە،چونکە ئازادى ڕەخنەگرتن و نوسینى تیادا نیە،و ناتوانرێت بە ئارەزووى دڵى خۆت تیایدا بنوسیت و لەبەر زۆرى چاودێرى و هێڵى سوور. بەڵام ئەم وەڵامە ناهەقیەکى زۆرى تیادایە، چونکە هەر میدیاى حیزبى بوو کە سەرچاوەى پێگەیاندنى ڕۆژنامەنوسەکان بوە بەگەنج و بەتەمەنەکانیشەوە و هەر ئەویش بوە دەست واڵاو یارمەتى و کۆمەکى مادى کردوون و تواناکانى پێشخستون،ڕاستە حیزب دەسەڵاتدارە و لەسەرەتاوە هەر ئەو توانیویەتى کارى دەرچوونى ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بکات، بەڵام لەوبوارەشدا زۆرێک لە ڕۆژنامەنوسانى پێگەیاندوە و بەخەڵکى ناساندوون، دەبێت ئەو ڕاستیە بزانین کە میدیاى حیزبى میدیایەکى ئاڕاستەکراو و قەتیسکراوە لە چوارچێوەى سیاسەت و بەرژەوەندى حیزبەکەدا و ئەم کارەش نامۆ نیە و کارێکى زۆر ئاساییە،بەڵام هێندەش بەرتەسک و داخراو نەبوون کە ڕێگە بەهیچ ڕەخنەیەکى بونیاتنەر نەدەن و کەموکوڕى حیزب و حکومەتیش دەرنەخەن، بەڵکو لەهەندێک کاتدا بەهۆى ئەوەى کە ڕۆژنامەکە حیزبى بوە باشتر و بوێرانەتر دەستى خستۆتە سەر کەموکوڕیەکان و پیشانیداون و جەماوەرى لێبەئاگاهێناونەتەوە و ڕاى گشتیشى لەسەر بزواندون.

ئەى ڕۆژنامەى بەناو ئازاد و بێلایەن چیان کردوە؟
بەداخەوە لە هەرێمى کوردستاندا ئەوەى پێى دەڵێن ڕۆژنامەى ئازاد بە ڕۆژنامە و گۆڤار و تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و سایتە ئەلکترۆنیەکانیشەوە هیچکامیان بێلایەن و ئازاد نین و ناشبن،چونکە لەلایەک ستاف و بەڕێوەبەر و سەرنوسەرەکانیان بۆخۆیان کەسانى سەر بە حیزب و لایەن و ئاڕاستەیەکى سیاسى دیاریکراون یاخود لایەنگرى سەرمایەدارێکن و لەبەرژەوەندى سەرمایەدار و خاوەن ئیمتیازەکەدا دەنوسن هەربۆیە چاوپۆشى زۆریش دەکەن لە گەندەڵى و کەموکوڕى لە پڕۆژە و کارو و سەرمایەگوزاریەکەیدا، ئەوان لە پێناو بەردەوامبوونى ڕۆژنامەکە یان گۆڤار و سایتەکەیاندا و دەستخستنى پاڵپشتى مادى بۆى هەنگاو بەسەر هەموو ئیتیکێکى ڕۆژنامەوانیدا دەنێن و لەپێناو بڵاوکردنەوەى چەند ڕیکلامێکدا هەنگاو بەسەر سەدان وتار و ڕەخنەى جدیدا دەنێن، ئەو ڕۆژنامەو گۆڤار و سایتانە ئەو وتارانە بڵاوناکەنەوە کەلەگەڵ بیروڕاو تێڕوانین و سیاسەتى خۆیاندا ناگونجێن، هەربۆیە زۆربەیان ڕەنگێکى دیاریکراوى بۆخۆى هەڵبژاردوە و لە میدیا حیزبیەکان زیاتر داخراوترن و ئازادیەکانیان بەرتەسک کردۆتەوە.
ئایا ڕۆژزنامەوانى کوردى لە ئێستادا چى خستۆتە سەر بنە و بارگە و خەرمانى ڕۆژنامەوانى دێرین و ڕابووروومان؟
بەڕاستى گەر بەچاوێکى دیقەت و بەویژدانەوە بڕوانینە ئەو بوارەى کە لە ئێستادا جمەى دێت و سیخناخ بوە لە جۆرەها ڕۆژنامە و تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و گۆڤار و سایتەکان،کە هەموانیان یان سەر بەحیزبێکن یان سەر بە دەزگایەکى ئەمنى و کەسایەتیەکى سیاسین یان سەر بە سەرمایەدارێکى بەدەسەڵاتن یان سێبەر و پاشکۆى ئاڕاستەیەکى دیاریکراون، هیچ کامیان نەیاتوانیوە ببنە جێگەى متمانەى زۆرینەى خوێنەر و ڕۆشنبیران و بەدەلیلى ئەوەى زۆرترین ژمارەى دەرچوونیان لە 5000 هەزار ژمارە تێپەڕ ناکەن ((گەر کەمتریش نەبن)) کە ئێستاش نەگەیشتونەتە ئاستى ڕۆژنامەیەکى حیزبى کە ڕۆژانە دەردەچێت، ئەمەش هۆکارى خۆى هەیە لەوانە:
* ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانە لەلایەن کەسانێکەوە بەڕێوە دەبرێن سەرەتا خۆیان ئەهلى قەڵەم و نوسین نین و ئەزمون و شارەزاییەک و پسپۆڕیەکیان نیە.
* ئەوکارەیان کردۆتە سەرچاوەى ژیان و گوزەرانیان نەک حەز و ئارەزوو و داهێنان و پسپۆڕبوون.
* میدیاى ئێستا و میدیاکارانیش لەژێر سایە و ناوى میدیاى ئازاد و ئۆپۆزسیۆن و دژ بەدەسەڵاتدا ئەوەندەى هەوڵى ناوزڕاندن و شکاندن و لەکەدارکردنى لێپرسراوە حیزبى و سەرکردە و ئەوموون و دەسەڵاتەکەى ئەم هەرێمە دەدەن بەنیەتى تەشهیرکردن و ناوزڕاندیان نیوهێندە بەتەنگ گەشەکردنى ئەزموون و ئازدیەکان و ڕەخنەگرتن و پێگەیاندنى کادرى پڕۆفیشناڵەوە نین.
ئەم قەیرانە داراییەى کەماوەى 3 ساڵە بەردەوامە ڕووى ڕاستەقینە و تواناى مادى و مەعنەوى زۆرێک لەو ڕۆژنامە و گۆڤار وسایتانەى دەرخست کە تەنها وەک بوکەڵەیەک وابون بەدەست ئەو لایەن و کەسایەتیانەى کە پشتگیریان دەکردن و خۆشبەختانە ڕەسەن و ناڕەسەنەکانى لێک جودا کردنەوە و بەهێز و جێگیرەکانى هێشتەوە و ئەوانى تریشى ڕووبەڕووى دەرگا داخستن و کڵۆمکردنى کردنەوە و تاڕادەیەک بازاڕى ڕۆژنامەوانى کوردى پاککردەوە، هێشتاش ماوە ئەو کارە تەواو بکرێت و بگاتە ئامانجى کۆتایى.
ئایا میدیاکان بەحیزبى و ناحیزبیەوە توانیویانە ببنە مینبەرێک بۆ ڕەخنەى ئازاد و جدى لەهەموو بوارەکانى ژیاندا؟.
بەداخەوە کارى ڕەخنەگرتن نەبۆتە پیشەیەکى سەرەکى لاى زۆرێک لە نوسەران و ڕۆژنامەوانان،لەسەرجەم بوارەکانى ژیانى کۆمەڵگاى کوردەواریدا، ئەوەى هەموان ڕوویانتێکردوە بریتیە لە نوسینى وتارى ئاگرین دژى دەسەڵات و سیاسى و سەرکردەکان بۆ ئەوەى بە زووترین کات ببنە پاڵەوانى سەر ڕووى ڕۆژنامە و گۆڤارەکان و تەلەفزیۆن و سایت و ڕادیۆکان،نا لەبەرئەوەى کە ڕەخنە و دیدو بۆچونێکى زۆر جیاوازیان داهێناوە بەڵکو تەنها لەبەر ناوزڕاندن و شکاندن و خۆدەرخستنى خۆ بوونە،چونکە باش دەزانن ئەو بازاڕە گەرمیەکى زۆرى هەیە لەلایەن زۆرینەى جەماوەرەوە، ئەگینا کوان ئەو ڕۆژنامەنوسانە کە لە بوارى ڕەخنەى ئەدەبى و کۆمەڵایەتى و فەرهەنگى وژینگەیى و پزیشکى و ئەندازیارى و یاسایى و ..هتد. دەرکەوتون و قەڵەمیان خستۆتە کار.
ڕاستە کارى ڕەخنەگرتن ئاسان نیە و کارى هەموو کەس نیە، بەڵام خۆ دەکرێت لەماوەى 26 ساڵى ئەم ئەزمونەدا بەنیوهێندەى نوسەرى سیاسى و ڕەخنەگرى سیاسى ڕەخنەگرانى بوارەکانى تریش دەربکەوتنایە. کە من ئەو کەسانەى کە خۆ خەریک دەکەن بە دەستخستنە سەر دیاردە دزێوەکانى گەندەڵى و مەحسوبیەت و مەنسوبیەت و ناوچەگەرێتى و زیندووکردنەوەى عەشرەتچێتى و برەودان بەدیاردە ئاینى و خورافیەکان و دیاردە کۆمەڵایەتیەکان، کەمن ئەو کەسانەى کە گرنگى دەدەن بەبوارەکانى ژیان و ژیاندۆستى و ژینگە و ئەندازیارى و پەروەردە و پێگەیاندنى نەوەکانى ئایندە.
هەربۆیە بەداخەوە ڕۆژنامەوانى کوردى لەگەڵ هەبوونى ئازادیەکى تاڕادەیەک باش لەم هەرێمەداو لەم سەردەمى جیهانگیرى و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا کەبونەتە مینبەرێکى باش و چالاک بۆ هەموان بۆ دەربڕینى ڕاوبۆچونەکان و دەرخستنى زۆرێک لە دیاردە نەشازەکانى ناو کۆمەڵگاو بەخێرایى بڵاوبونەوەیان و کۆکردنەوەى ڕاى زۆرینەیەک لەسەریان و گەیشتنە بەردەم دەسەڵاتدارانیش بە خێرایى و بێ ڕتووش، سەرەڕاى زیان و لێکەوتە خراپەکانیشیان، بەڵام ڕۆژنامەوانى کوردى هێشتا لەئاست ئەو گۆڕانکارى و پێشهاتە نوێیانەدا نین کە کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى بەگشتى و کوردەواریش بەتایبەتى چاواڕوانین و و هێشتا بەشکڵ و مۆدێلە کۆنەکەى جارانەوە کاردەکەن و هێشتا دەزگا و دامەزراوەیەکى گەورە و گرنگ و پڕۆفیشناڵى نیشتیمانى پەیدا نەبوە کە کار بکات لەسەر ڕێکخستن و ئاڕاستەکردنى ڕۆژنامەوانى کوردى بە ئاڕاستەیەکى پڕۆفیشناڵى و مۆدێرن و سەردەمیانە و ئازاد و لیبڕاڵانە تا بتوانێت میدیاى ئازد و بێلایەن برەو پێبدات و پاشەکشە بەمیدیاى حیزبى بکات، هێشتا حیزبایەتى و کایەى سیاسى هێندە برە و گرنگیان هەیە کە هێشتا کایەکانى ئابورى و کۆمەڵایەتى و ئەمنى و فەرهەنگى لەچاویاندا لەئاستێکى نزمدان، هێشتا حیزبایەتى تەسک بیر و ئەندێشەى زۆرێک لە ڕۆژنامەوانانى داگیرکردوە، هێشتا وەلائو ئینتیما بۆ حیزب و سەرکردە و بنەماڵە لە پێش ئینتیماى نەتەوە و نیشتیماندان، جا تا ئەو کاتەى ئەم هەموو ئینتیما نەزۆکانە کاڵ دەبنەوە هیوایەک بە ڕۆژنامەوانى کوردى پەیدا نابێت، بۆیە هەموان لەبەردەم ئەرک و چارەنوسێکى مێژوویداین بۆ ئەوەى ڕۆژنامەوانى کوردى ڕزگاربکرێت لە و فۆرمە کۆن و ڕزیوەى جاران و دەستبکرێت بە هەنگاوى نوێ و لەیادى 120 ساڵەى ڕۆژنامەوانى کوردیدا هەق وایە هەموان خۆ ڕزگاربکەین و بەبیروڕاو تێڕوانینێکى نوێوە کایەکە برەو پێبدەینەوە و بتوانینرێت ڕۆژنامەوانى کوردى بگەیەنرێتە ئاستێکى باڵاتر و پێگەیشتووتر کە لە ئاست متمانەى کۆمەڵگەى کوردى و ڕووبەڕووبونەوەى گۆڕانکارى و پێشهاتە نوێکاندا بێت.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە