هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

چەند زانیاریەکى وورد لەسەر بیرە نەوتەکانى تەق تەق

* کێڵگەى نەوتى تەق تەق دەکەوێتە 60 کم باکورى ڕۆژهەڵاتى کەرکوک و 65 کم باشورى ڕۆژهەڵاتى هەولێر و 120 کم باکورى خۆرئاواى سلێمانى.
* بۆ یەکەم جار لە ساڵى 1978دا لەلایەن ڕژێمى عێراقى ئەوکاتەوە 3 بیرە نەوت لێدراوە و دواتر سەریان داپۆشراوەتەوە. بڕى یەدەگى نەوتى ئەوکاتە خەمڵێنراوە بە 260 ملیۆن بەرمیل.
* بۆ دووەم جار لەسەردەمى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا و لەساڵى 1994-1996 ئەو 3 بیرە نەوتە سەریان لادرایەوە و بەرهەمى نەوتى خاویان دەستپێکرد.
* تا ساڵى 2002 نەوتى خاو دەهێنرایە پاڵاوگەى نەوتى سلێمانى و بەشێوەیەکى سەرەتایى بەنزین و گازۆیل و نەوتى سپیان بەبڕێکى کەم بەرهەم دەهێنا.
* لە17/7/ 2002 وە بەڕەسمى گرێبەست واژۆکراوە لە گەڵ کۆمپانیاى(( گەنەڵ ئینێرجى تورکیدا)) کە تا ئەو کاتە 6-7 بیرە نەوت هەبوە.
لەساڵى 2002وە تاکو ئێستا ژمارەى بیرە نەوتەکان بونەتە 26-28 بیرە نەوت بەم شێوەیە:
* 3 بیر لە ساڵى 1978 لێدراوە
* 14 بیر لە ساڵى 2002 تا 2011 لێدراوە لە کێڵگەى تەق تەق و کێوە چەرمیلە
* 5 بیر لەساڵى 2012 لێدراوە
* 3 بیر لە ساڵى 2013 لێدراوە
* 1بیر لە کێوە چەرمیلە بە قوڵى 5200م لێدراوە
* لەمانگى 6/2015دا بڕى بەرهەمى ڕۆژانە بریتى بوە لە 150 هەزار بەرمیل نەوتى خاو
* ڕووبەرى کێڵگەکە بریتیە لە 951کیلۆمەتر چوارگۆشە
* پشکەکانى ئەم کێڵگەیە بریتیە لە 44% گەنەڵ ئینێرجى تورکى و 36% ئەداکسى کەنەدى و 20% حکومەتى هەرێم.
* جۆرى نەوتى ئەم کێڵگەیە لە هەرەباشترین جۆرى نەوتى جیهانە چونکە (( نەوتێکى سووکە API لە نێوان(( 48- 51 )) دا و کبریتى تیادا نیە و قوڵى بیرەکانیش مام ناوەندە هەربۆیە بە (شەمپانیاى نەوت یان شەمپانیاى ڕەش) دادەنرێت. جا هەر نەوتێک ئەم سیفاتە باشانەى تیادا بوو هەمیشە نرخیان بەرز دەبێت، هەربۆیە نرخى نەوتى تەق تەق هەمیشە بەرز دەبێت.
* جۆرى گرێبەستەکە و پشکى کۆمپانیاکان لە نەوتى داهات و قازانجدا دەریدەخەن کە نەوتى تەق تەق زۆر بە هەرزان دراوەتە ئەو کۆمپانیایانە، کە دەرهێنانى ئاسان و لە جۆرى زۆر باشى نەوتیشن و هیچ خەرجیەک نەچۆتە پڕۆسەى بەدواداگەڕان و دۆزینەوەیان، چونکە پێشتر دۆزراوەتەوە و بیرى لێدراوە و بەرهەمى هەبووەو ناوچەیەکى تازە دۆزراوە نەبوە وەک کێڵگەکانى تریى تاوگێ و شێخان و … هتد.
* جۆرى گرێبەستەکە بریتیە لە (( گرێبەستى موشارەکە لە بەرهەمدا
* نەوتى قازانج لەم کێڵگەیەدا بریتیە لە 27%-15%
* بڕى بەرهەمى ئەم کێڵگەیە لە ساڵى 2003 تا 2012 بریتى بوە لە 9ر77 ملیۆن بەرمیل.
* لەساڵى 2012دا بە درێژایى 78 کم بۆرى ئەم کێڵگەیە بەسراوەتەوە بە وێسگەى خۆرمەڵەوە و لەوێشەوە بۆ بۆرى سەر بەندەرى جیهانى تورکیا بۆ هەناردەکردنى نەوت.
* لە 7/8/2012دا ئەم کێڵگەیە ڕۆژانە بڕى 105 هەزار بەرمیل نەوتى خاوى هەناردەکردووە بەم شێوەیە:
1- 55 هەزار بەرمیل بۆ خۆمەڵە بۆ هەناردەکردن لەڕێگەى بەندەرى جیهانى تورکیەوە
2- 35هەزار بەرمیل بە تانکەر بۆ پاڵاوگەى بازیان
3- 15 هەزار بەرمیل خەزن دەکرا
بڕى یەدەگى نەوتى ئەم کێڵگەیە بریتیە لە:
1- یەدەگ لەجۆرى 2P (( یەدەگى جێگیرە بەڵام بە ووردى نەخەمڵێنراوە)) بریتیە لە 683 ملیۆن بەرمیل لە 30 حوزەیرانى 2011دا. لەکاتێکدا لە مانگى 12 /2016 بۆتە 356 ملیۆن بەرمیل.(( نیواونیو کەمى کردوە))!!!
2- لەکاتێکدا لەساڵى 1978دا بریتى بوە لە 260 ملیۆن بەرمیل
3- یەدەگ لەجۆرى 3P (( یەدەگى خەمڵێنراو)) بریتیە لە 1042 ملیۆن بەرمیل نەوت
4- بڕى بەرهەمى ئەم کێڵگەیە لە ساڵى 2016 بریتى بوە لە 184 ملیۆن بەرمیل/ ڕۆژانە .و پێشبینیش دەکرێت کەم ببێتەوە بۆ 80 هەزار بەرمیل ڕۆژانە لەساڵى 2017دا. وە پێشبینیش دەکرێت لەساڵى 2018دا بگاتە تەنها 50 هەزار بەرمیل ڕۆژانە.
لەسەر بڕى ئەو یەدەگەى 2P بە کێڵگەى نەوتى تەق تەق دەوترێت (( کێڵگەى عملاق GIANT FIELD )) چونکە بڕى یەدەگى جێگیرى تیادایە و دەتوانرێت دەربهێنرێت بەبڕى کەمتر لە 5 ملیار بەرمیل و زیاتر لە نیو ملیار بەرمیل. خۆ ئەگەر بڕى یەدەگ لە ((5 ملیار بەرمیل)) زیاتر بوو پێى دەوترێت (( کێڵگەى زۆر عملاق)) SUPER GIANT FIELD

تێچووى لێدانى بیرە نەوتەکان :
* تێچووى 13 بیرى نەوتى ئەم کێڵگەیە بریتیە لە 158865000 دۆلار. واتە هەر بیرێک بڕى 12288000 دۆلارى تێچووە. کە ئەم نرخانە زۆر بەرزن بەهەموو پێوانەیەک.و هەندێک بیریش گەیشتۆتە 18500000 دۆلار وەک بیرى ژمارە ((4)) و بیرى ژمارە(( Kc-51 )) گەیشتۆتە 31831000دۆلار.
* 9 بیرى تر تێچوەکەیان گەیشتۆتە 110052000 دۆلار تاکۆتایى ساڵى 2013 واتە هەر بیرێک بڕى 12288000 دۆلارى تێچوە.
* لە 28/3/2017دا لەلایەن کۆمپانیاى گەنەڵ ئینێرجى تورکیەوە ڕاگەیەنرا کە بڕى یەدەگى نەوتى کێڵگەى تەق تەق بە ڕێژەى 66% دابەزیوە.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە بۆچى بەم شێوەیە بڕى یەدەگەکە دابەزیوە؟ هۆکارەکانى چین ؟ چۆن چارەسەر دەکرێت؟

هۆکارى دابەزینى بڕى یەدەگى نەوتى بریتیە لەوەى کە:
1- بەرهەمهێنان لەم کێڵگەیەدا بەشێوەیەکى زانستى نەبوە.
2- هەتا توانراوە لە چەند بیرە نەوتێک نەوت دەرهێنراوە لەبەر ئاسانى کارەکە و ئەوانى تر پشتگوێخراون.
3- دەبێت لە کێڵگەى نەوتیدا بەرهەم لە هەموو بیرەکاندا بە بەرنامە و وەکیەکى بێت.
4- لێدانى بیرەکان دەبێت 250 – 500 مەتر لێک دوور بن.
5- دابەزینى فشارى ناو بیرەکە.

بۆ چارەسەرى ئەم حاڵەتە و زیادکردنەوەى بڕى بەرهەم پێویستە:
1- بۆ ماوەیەک برهەمهێنان ڕابگیرێت بۆئەوەى لەو بیرانەى گەیشتۆتە ئاو نەوتى خاوى نوێ بێتەوە جێگەى لە دەمارەکان و جێگەى کۆبۆوەى نەوتى خاو چونکە نەوت سوکترە لە ئاو و سەر ئاوەکە دەکەوێت.هەروەها فشارى ناو بیرەکەش بەرزببێتەوە.
2- بیرى نەوتى زیاتر لێبدرێت.
3- چاکسازى زیاتر و بەردەوامى بیرە نەوتەکان بکرێت.
4- دەرهێنانى نەوت لە هەموو بیرە نەوتەکان وەکو یەک دەربهێنرێت.
5- تێخستنى ماتۆڕى غەگاس بۆ ناو بیرەکان بەمەبەستى بەرزکردنەوەى فشارى ناو بیرەکان.
لە کۆتایدا لە پڕۆسەى دەرهێنانى نەوتدا کارێکى ئاساییە کە بڕى بەرهەم کەم بکات یان تەنانەت بیرە نەوتەکان چۆڕبڕیش ببن، بەڵام بۆ کێڵگەى نەوتى تەقتەق کارێکى زۆر جێگەى بڕوا نیە و لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت بە تێپەڕبوونى کات و لێدانى بیرى زیاتر بڕى بەرهەم زیاتر بکرێتەوە.
هەروەها پێدەچێت لەکاتى دیاریکردنى بڕى یەدەگیشدا هەر لەسەرەتاوە ژمارەکان زۆر زیاتر لە بڕى ڕاستەقینە ڕاگەیەندرابێت، ئەگینا بەپێى ئەو بڕە یەدەگە بێت کە 683ملیۆن بەرمیل نەوت هەبوبێت، ئەوا بەو بڕە بەرهەمەى کە لەساڵى 2003وە تا 2016 حساب کراوە کۆکەى دەکاتە 252 ملیۆن بەرمیل کە دەرهێنراوە.
گریمان زیاتریش دەرهێنرابێت و گەیشتبێتە 300 ملیۆن بەرمیل. کەواتە ئێستا بڕى 380 ملیۆن بەرمیل نەوتى خاو و یەدەگ لە کێڵگەى تەق تەق دا ماوە. کە ئەگەر ڕۆژانە بڕى 100 هەزار بەرمیلیش دەربهێنرێت ئەوا بەشى 10 ساڵ و نیوى تر نەوتى تیادا ماوە.
بۆیە ئەم کێڵگەیە دوورە لە وشکبون و چۆڕبڕ بوون. بەڵام دەکرێت بڕى بەرهەم کەم ببێتەوە و وەک ڕوونیشمان کردەوە دەتوانرێت بڕى بەرهەم زیادبکرێتەوە بە گرتنە بەرى ئەو ڕێوشوێنانەى کە باسمان کردوون. هەروەها دەبێت حکومەتى هەرێم و وەزارەتى سامانە سروشتیەکان لەلایەن تیمى شارەزاو بە ئەزموونى خۆیەوە چاودێرى کارى دەرهێنان و مامەڵەى ئەو کۆمپانیا نەوتیانە بکات لەو کێڵگانەدا بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتى و زانستى دەرهێنان و مامەڵەیان لەگەڵ بیرە نەوتەکاندا.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە