هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگاتە هاوڕێکانت.

لوبنان ئەو وڵاتە بچوکەى عەرەب کە یەکەمین وڵاتانى عەرەبیە کە سەربەخۆیى خۆى وەدەستهێناوە لە 22 نۆڤەمبەرى 1943دا و تەنها ژمارەى دانیشتوانى بریتیە لە6 ملیۆن کەس و ڕووبەرى وڵاتەکەشى بریتیە لە 10452کیلۆمەتر چوارگۆشە، بەڵام بەهێندەى وڵاتە عەرەبیە گەورەکان بەناوبانگە لەسەر ئاستى ناوچەکە و دونیاشدا بەهۆى کرانەوەى دانیشتوانەکەى و جوانى مامەڵەکردنیان لەگەڵ گەشتیاران و بەرزى ئاستى هوشیارى و ڕۆشنبیریان و لوبنان بۆخۆشى کەوتۆتە ناوجەرگەى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و بەناوبانگە لە بوارى چاپەمەنى و بڵاوکردنەوەى کتێب و ڕۆژنامەى ئازاددا، هەموو ئەم هۆکارانە بونەتە هۆى ئەوەى کە لوبنان جێگە و پێگەیەکى گرنگ و سەرنج ڕاکێشى هەبێت.
بەڵام ئەم جێگە و پێگە گرنگەشى بۆتە بەڵایەک بۆ لوبنان و بۆتە هۆى چاوتێبڕینى وڵاتانى دراوسێى هەر لە مێژەوە بەتایبەتیش سوریا کە هەمیشە خەون بە گێڕانەوەى لوبنانەوە دەبینێت بۆ سەر شامى گەورە و لەم دواییانەشدا لەلایەن ئیسڕائیلیشەوە بۆتە ئامانج و جێگەى چاوتێبڕین بەهۆى ئەوەى کە لوبنان لەلایەک بۆتە جێگەى حەوانەوەى ئاوارە فەلەستینیەکان لەساڵى 1982وە و لەلایەکى تریشەوە حیزبوڵاى لوبنانیش و لە سەر سنورەکانى ئیسڕائیل بۆتە هێزێکى مەترسیدار بۆ سەر ئەمن و ئاسایشى ئیسڕائیل بە پشتیوانى سوریا و ئێرانى شیعە مەزهەب.
لوبنان هەر لەسەرەتاى سەربەخۆبونیەوە لەسەر بنەماى پشکپشکێنەى ئاینى و مەزهەبى دابەشکراوە بەسەر پێکهاتە ئاینى و مەزهەبیەکاندا لە سونە و شیعەى ئیسلام و مەسحیى و دورزى و… هتد. کە ئەم هۆکارە بۆتە هۆى ئەوەى کە هەمیشە حکومەتەکانى لوبنان حکومەتى لاواز و فشەڵ بن و لەژێر کاریگەرى و هەژموونى دەوڵەتانى دەرەوەى لوبناندا بن بە پشتیوانیکردنیان لە هەر ئاین و مەزهەبێکى سەر بەخۆیان، لە سوریا و ئێران و سعودیە و قەتەر و عێراق و… هتد. بۆیە بەداخەوە لوبنان لەساڵانى حەفتاکاندا توشى شەڕێکى درێژخایەنى نەخوازراو بۆوە کە تاساڵى نەوەدەکانى سەدەى ڕابووردووى خایاند و بە ڕێکەوتنى تائیف کۆتایى پێهات و ئەو کات لوبنان و لوبنانیەکان ئاهێکى خۆشیان پیادا هاتەوە، بەڵام ئەوەندەى نەخایاند و جارێکى تر لوبنان بوەوە ئامانجى وڵاتانى ناوچەکە و دەستیان خستە ناو کاروبارەکانیەوە و هێمنى و ئارامى و گەشە و پێشکەوتنى ئەو وڵاتەیان خستەوە بەر ڕەشەباى لەناوچوون.
لوبنان بۆ خۆى و گەلەکەشى وڵات و کۆمەڵگایەکى دیموکراسى و ئازادیخواز و کراوەن، بۆیە لە مێژە پابەندن بە پڕۆسەى هەڵبژاردنەکانى پەڕلەمانەوە و دیموکراسیەت جێ پێى خۆى قایم داکوتاوە، بەڵام ململانێ حیزبیەکان و تایەفى و ئاینیەکان ڕێگەیان نەداوە کە ئەم پڕۆسە گرنگە بەردەوام بێت و گەشەش بکات. ئەوەتا لەدواى 9 ساڵ تونرا لە 6/5/2018 دا جارێکى تر هەڵبژاردنى پەڕلەمان ئەنجام بدرێت دواى هەوڵێکی زۆر، کێبڕکێى توندیش لە نێوان 9 حیزبى سیاسى کلاسیکىیدا بوو کە بەدرێژایى مێژووى سیاسى لوبنان لە ململانێدان و هەریەکەشیان نوێنەرایەتى ئاینێک و مەزهەبێکى دیارکراو دەکات، بەڵام ئەنجامەکانى چاوەڕوانکراو نەبوون بۆ زۆرێک لە هێزە گەورە و کلاسیکیەکان و بەمەش جارێکى تر لوبنان و ئایندەکەى پێناچێت زۆر ڕۆشن بێت و حکومەتى ئایندەشى زۆر بەهێز نابێت بەتایبەتیش کە حیزبوڵاو هاوپەیمانەکانى بەڕابەرایەتى حەسن نەسروڵا و نەبیه بەڕى زیاد لەنیوەى کورسیەکانى پەڕلەمانیان بۆ خۆیان مسۆگەر کردوە کە زیاد لە 67 کورسیە لەکۆى 128 کورسى پەڕلەمان، هەروەها هێزى ڕەوتى ئایندە بەسەرۆکایەتى سەعد حەریریش تەنها 21 کورسى وەدەستهێناوە کە پاشەکشەیەکى گەورەى کردوە بەبەراورد بە هەڵبژاردنى ساڵى 2009 کە 30 کورسى هەبوە، هەروەها ئاڕاستەى نیشتیمانى ئازاد کە زاواکەى سەرۆکى لوبنان مێشێل عون سەرکردایەتى دەکات ئەویش شکستى بەرکەوتوە، ئەوەى کە توانیویەتى کورسى زیاتر بەدەستبێنێت هێزەکانى لوبنانە بەڕابەرایەتى سەمیر جەعجەع کە 17 کورسى بەدەستهێناوە.
ئەم هەڵبژاردنە لەکاتێکى هەستیار و چارەنوسسازى لوبنان و ناوچەکەدا چێ دەبێت و تەنها نیوەى دەنگدەران بەشداریان کردوە بەڕێژەى 20 ر49% کەئەمەش ماناى ئەوە دەگەیەنێت گەلى لوبنانى بڕوا و متمانەیان بەم جۆرە حیزب و سەرکردە و دەسەڵاتە نەماوە و پشتگیرى گەورەش لەهیچ کامیان ناکەن، چونکە وڵاتیان بەرەو پاشەکشەى دیموکراسى و ءئازادى و خۆشگوزەرانى بردوە. و گەرەکیانە کە گۆڕانکارى بکرێت لە دەموچاو و جەستە و عەقڵەکانیشدا، بەڵام لوبنانیەکان لەوە بێهێزترن کە بتوانن گۆڕانکارى بکەن چونکە پێکهاتەى کۆمەڵگاى لوبنانى دابەشبونەتە سەر ئینتیماى جیاوازى ئاینى و مەزهەبى و نەتەوەیى جیاواز کە لەدەرەوەى سنورەکانەوە ئاڕاستەدەکرێن و هەریەکەشیان لەبەرژەوەندى خۆیان کاردەکەن. لەگەڵ ئەمانەشدا سونە مەزهەبەکان کە بە (تەیارى شین) ناسراون پێکەوە دەتوانن حکومەت پێک بێننەوە بە سەرۆکایەتى سەعد حەریرى بەڵام حکومەتێکى لاوازتر لەجاران چونکە پاڵپشتى بەهێزى نەماوە لە پەڕلەماندا و حیزبوڵا و بزوتنەوەى ئەمەلى شیعى و هاوپەیمانەکانیان دەتوانن مەرجەکانیان بسەپێنن بەسەر ئەو حکومەتدا و هەرکاتیش ویستیان حکومەت هەڵبوەشێنەوە یان توشى گێژواو و سەرئێشەى بکەن. چونکە پێکهێناتنى حکومەت پێویستى بە 65 دەنگ و زیاتر هەیە کە بەئاسانى کۆناکرێتەوە بۆ سونە مەزهەبەکان گەر ڕێکەوتنى پێشوەختە نەبێت لەنێوان هەموو حیزب و ئاڕاستەکاندا و بەتایبەتیش شیعیەکان. بەم شێوەیە حکومەتەکانى لوبنان هەمیشە حکومەتى ئیئتیلافى بێهێز بوون نەک حکومەتێکى زۆرینەى بەهێز، هەربۆیە حکومەتى داهاتووى لوبنان لە ئەنجامى ئەم هەڵبژاردنەوە، حکومەتێکى لاواز و فشەڵ دەبێت و ئایندەى لوبنانیش زۆر ڕۆشن نابێت.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگاتە هاوڕێکانت.