هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگاتە هاوڕێکانت.

ئەو وڵاتەى ناوى عێراقە و تەمەنى دامەزراندن و دروستکردنى بەشێوەیەکى سەپێنراو و زۆرەملێ و لەلایەن دەوڵەتانى داگیرکار و ئیستیعمارى سەدەى بیستەوە تەنها تەمەنى بریتیە لە 98 ساڵ، بەڵام هەر لەسەرەتاوە بە شێوازێکى نامۆ و سەیروسەمەرە دروسکرا لە فوسەیفسائێکى هەمەجۆر وعەجیب و غەریب لە نەتەوە و ئاین و مەزهەبى جیاواز،کە نە کەلتور و نە ئابورى و نە سیاسەت و تەنانەت نە جوگرافیایەکى هاوبەشیش کۆیانى دەکردنەوە، هەربۆیە ئەم وڵاتە عەجیب و غەریبەى کە ناونرا عێراق تاکو ئێستاکە هەروا ماوەتەوە بە سەیروسەمەرەیى، چونکە هیچ جۆرە پێشکەوتن و گەشەکردنێک نە بەسەر عەقڵیەتى حوکمڕانان و دەسەڵاتدارانیدا هاتوە و نە وڵاتەکەش بۆخۆى بۆتە وڵاتێکى گەشەکردوى ئابورى و سیاسى و ئەمنى و بەبەردەوامى بەدەست کێشە و ململانێ ناوخۆییەکان لەلایەک و لەلایەکى تریشەوە لەگەڵ دەرودراوسێکانیدا لەناوچەکە و دواتریش لەگەڵ ڕەوت و ئاڕاستە و نەزمى نوێى جیهاندا وێک نایەتەوە و ناتوانێت خۆى بگونجێنێت و هەر بە وڵاتێکى پڕ لەشەڕ و شۆڕ وجەنگ و کوشتار و وێرانکارى و دواکەوتویى و هەژارى دەمێنێتەوە هەرچەندە یەکێکە لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان بە سەروەت و سامانە مرۆیى و سروشتیە زۆر وزەوەندەکانیەوە.
لەئێستادا عێراق دواى 15 ساڵ لە ڕزگاربوونى لە خراپترین دەسەڵاتى تاکڕەوى لە ناوچەکەدا، بەڵام هێشتاش ئایندەى عێراق و گەلانى عێراق ڕوون نیە، نەک هەر ڕوون نیە بەڵکو ئایندەشى بەرەو تاریکتر هەنگاو دەنێت لەسایەى عەقلێەتێکى دواکەوتو و قەتیس ودۆگماى تایەفى و ئاینى زۆرینەى شیعە مەزهەبەوە، کە بەبەردەوامى لەهەوڵى خۆسەپاندن و زیاتر چەسپاندنى زۆرینەى دەسەڵاتى مەزهەبى خۆیان دەدەن و گەرەکیانە بەشداریەکى ڕاستەقینە بە هیچ پێکهاتەیەکى نەتەوەیى و ئاینى و مەزهەبى تر نەکەن لە عەرەبى سونە و کورد و تورکومان و مەسیحى و… هتد. ئەوان بەنیازن لە ئایندەدا و بەتایبەتیش دواى ئەم هەڵبژاردنەى پەڕلەمانى عێراق لە 12/5/2018دا حکومەتێکى زۆرینەى تایەفى شیعە مەزهەب پێکبێنن کە تەنها خۆیان باڵادەست بن، ئەمەش ئاشکرایە بە ڕێنوێنى و پشتگیرى سیاسى و ئابورى و ئەمنى دەوڵەتى ئێران جێبەجێ دەکرێت و درێژەدانە بەهەمان ستراتیژیەتى ساڵى 1979 بۆ هەناردەکردنى شۆڕشى ئیسلامى ئێرانى بۆ ناوچەکە بە ڕابەرایەتى ئایدیایەکى مەزهەبى توندڕەوى وەلى فەقێ، بەداخەوە وڵاتێکى وەک عێراق بەو هەموو توانا مرۆیى و سروشتیە گەورەیەوەى کە دەکرێت ببێتە وڵاتێکى خۆشگوزەران و ڕەفا و پێشکەوتووى ناوچەکە، بەڵام بەهۆى بونە پاشکۆ بۆ سیاسەتەکانى وڵاتانى ئێران بەتایبەتى و دواتریش گوێگرتن بۆ تورکیا تەنها بۆتە جێبەجێکارێکى گوێڕایەڵى ئامۆژگارى و هەڕەشەکانى ئەوان و خۆى ئیڕادە و ئیدارەى وڵاتى لەدەستداوە.
بەخوێندنەوەیەکى وورد بۆ بەرنامە و کار و گوتارى شیعەکان بەبێ جیاوازى لەنێوان باڵ و ڕەوت و حیزب و سەرکردە عیلمانى و ئاینیەکانیشیان پێشبینى دەکرێت هەمویان ببنە هۆکارى سەرەکى بۆ پەرت و دابەشبوونى ئەم وڵاتەى کە ناوى عێراقە بەهۆى ململانێ توندەکانیان لەسەر گرتنە دەستى دەسەڵات و ئێرانیش هەمیشە خۆشکەرى ئاگرى دووبەرەکى و ناوخۆییە لەنێوانیاندا و هەرجارەى پشت و پەناى یەکێکیان دەگرێت و کامیان گوێڕایەڵتر بێت ئەوا چانسى بەهێزە و بازى بەخت بۆ چوونە سەرتەختى شاهانە بەسەریەوە دەنیشێتەوە. چونکە هیچ کات ئێران بە درێژایى مێژوو عێراقێکى بەهێزى نەویستوە و هەمیشە لەهەوڵى بێهێزکردن و لاوازبونیدا بوە و ئێستا ئەو هەلە زێڕینەى بۆ هاتۆتە پێشەوە هەربۆیە هیچ کەمتەرخەمى و ساردیەک نانوێنێت بۆ جێبەجێکردنى ئامانجەکانى.
هەربۆیە ململانێى ناوخۆیى و نێوماڵى شیعەکان ساڵ بەساڵ توندتر دەبێت وزیاتر لێکدەترازێت، شیعەکان بۆخۆیان هۆکاربوون بۆ گەڕانەوەى پڕۆسەى سیاسی لە عێراقدا بۆ چوارگۆشەى یەکەم،و دواتریش ململانێکان و تەنانەت دژایەتیەکانیشیان لەگەڵ هەریەکە لەسونەى عەرەب و کوردیشدا هێندەى تر ئەو پڕۆسەیە بەرەو ئیفلیح بوون دەبات نەک پێشکەوتن و ئایندەیەکى گەشتر. بۆیە پڕۆسەى سیاسى لە عێراقدا بەم شێوەیە و لەسەر دەست و نیەتى پێشوەختەى شیعەکان هەنگاو بەرەو قەتیس و دۆگمابوون و دواتریش ئیفلیج بوون دەنێت، چونکە ئەوان گەرەکیانە کە سونەى عەرەب و کوردیش لەناو ئەو پڕۆسەیەدا نەمێنێت و دواتر بۆخۆیان ببنە حاکم و حوکمڕٍانى ڕەهاى عێراق، چونکە ئەوان لە بنچینەدا نەبڕوایان بە بنەما دیموکراسى و ئازادى و تەوافوقى سیاسى و پێکەوەژیان و کارکردن نیە و ڕێزیش لە مافى چارەنوس و بڕیارى گەلانى عێراق ناگرن کە بەزۆرینە دەنگیان بە دەستورێک داوە کە مافەکانیان پارێزراو بێت و عێراق دوور بخاتەوە لە دەسەڵاتی تاک حیزبى و سەرکردەیەکى تاکڕەو کە بڕواى بە گیانى برایەتى و تەبایى نەبێت و بڕواى بە سیستەمێکى دیموکراسى و فیدڕاڵى نەبێت کە هەموان بە قەوارە و جوگرافیا و تواناى خۆیان بەشداریەکى ئازادانە و ئارەزومەندانەى تیابکەن بۆ پێشکەوتن و دابینکردنى خۆشگوزەرانی بۆ سەرجەم تاک و گروپ و تەواوى کۆمەڵگاى عێراقى.
پێدەچێت لەکۆتایى ڕێگاکەشدا لە ئەنجامى فشارە سیاسى و ئابورى و ئەمنیەکانەوە هەریەکە لە سونەى عەرەب و کورد بەجیا ڕێگا چارە وئایندەى خۆیان دیاریبکەن و هەردووکیان بەجیا ڕوو لە دەرەوەى سنورەکانى ئێستاى عێراق بکەن و قەوارە و دەوڵەتى سەربەخۆى خۆیان ڕابگەیەنن و چیدى لەو وڵاتەدا نەمێننەوە کە هەر لەسەرەتاوە بە هێز و بە تۆپزى پَکەوە لکێنراوە، لەوکاتەشدا ئیدى وڵاتێک نامێنێت بەیەک و یەکگرتوویى خاک وگەلانى بەناوى عێراقەوە و ئاشکراشە ئۆباڵەکەشى دەکەوێتە ئەستۆى زۆرینەى دەسەڵاتدارى شیعە مەزهەب.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگاتە هاوڕێکانت.