هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

ئەوەى ئاشکرایە پرسى ڕیفراندۆم لەسەر چارەنوسى هەرێمى کوردستان، ماوەى چەند ساڵێکە بۆتە پرسێکى هەنوکەیى و گەرم و، زۆر قسەى لەبارەوە کراوە و و ڕاوبۆچونە جیاوازەکانى ناوخۆو ناوچەکەشى دەربارەى کراوە. بەڵام بەداخەوە تائێستا هەنگاوێکى پراکتیکى و جدى هەڵنەنراوە بەئاڕاستەى ئەو پرسە. ئەو پرسە لەنێوان ترس و دڵەڕاوکێ لەلایەک و، لەلایەکى تریشەوە لەنێوان مافێکى ڕەوا و سەرەتایى گەلەکەماندا ماوەتەوە و. سەرکردایەتى سیاسى کوردستان بەداخەوە دەربارەى ئەم پرسە یەکگرتوونین لە گوتار و هەڵوێستەکانیاندا و هیچ هەنگاوێکى کاریى هاوبەشیشیان نیە تائێستا. بەڵکو هەریەکە گەرەکێتى ئەوەى بتوانێت بەتەنها بەدەستیبێنێت و بیکاتە چەپکەگوڵى دەستى خۆى و وەک دەسەکەوتێکى حیزبى بۆخۆى تۆمارى بکات و دواتریش بیکاتە منەت بەسەر حیزب و سەرکردەو جەماوەریى میلەتەکەشمانەوە و، بیکاتە قەڵغانێک بۆ پاراستنى خۆى و مانەوە و بەردەوام بوونى لەدەسەڵاتدا و پاوانکردن و خۆسەپاندیشى مسۆگەرتر بکات.

ئەم پرسە پرسێکى زێدە گرنگ و کاریگەرە بۆ ئێستا و ئایندەى نەک هەر ئەم بەشەى باشورى کوردستان، بڵکو بۆ تەواوى ئایندەى نەتەوەکەمان لەهەر چوار پارچەکەدا. چونکە سەرکەوتن و پێدانى دەنگى زۆرینەى (( بەڵێ )) بۆ سەربەخۆیى کوردستان و جیابونەوەى لەدەوڵەتى مەرکەزى عێراق هەنگاوێکە بە ئاڕاستەى پێکەوەنانى دەوڵەتێکى سەربەخۆ لەم بەشەدا و هەر لێرەشەوە پرشنگى خۆر و ڕوناکیەکەشى پەخش دەبێتەوە بۆ هەرسێ بەشەکەى ترى کوردستانى گەورە. بۆیە پرسێکى ئاوها گەورە و چارەنوسساز گەرەکە هاوهوڵوێستى و هاو گوتارى سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتى و ئەمنیشى لە پشتەوە بێت، ناکرێت پرسێکى ئاوها گرنگ بەتەنها سەرکردە و حیزبێک و بنەماڵەیەک بڕیارى لەسەر بدات.
ڕیفراندۆم بۆخۆى پڕۆسەیەکى یاسایى و دەستوریە و لەهەموو دەستورى وڵاتان و یاسا نێودەوڵەتیەکاندا دانیپیادانراوە و ڕێزیش لە هەنگاوەکە دەگیرێت لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى و حکومەتەکانیش، چونکە لەدونیاى دیموکراسى و ئازادیەکاندا ڕاى زۆرینە سەنگى مەحەکە بۆ یەکلایکردنەوەى پرسە گرنگ و چارەنوسسازەکان، هەرکات دەنگى زۆرینەى سادە کە بریتیە لە ڕێژەى 51% ى دەنگى جەماوەر و کۆمەڵگاکان ئیدى ئەوە دەبێتە دوابڕیار لەسەر هەرپرسێک کە بخرێتە ڕیفراندۆم و ڕاپرسى گشتیەوە، بەو بیانوەى کە جەماوەر سەرچاوەى ڕەوایەتى دەسەڵاتەکانە هەربۆیەش پرسە گرنگەکان وەک ( سەربەخۆیى و جیابونەوە و هەموارکردنى مادەکانى دەستور و ڕێکەوتنە گرنگەکان و هاوپەیمانێتیەکان ) دەخرێتەوە بەردەم جەماوەر و زۆرینەى ڕاى جەماوەریش ڕێزلێگیراو دەبێت. بۆ یەکەم جاریش لەى مێژوودا ڕیفراندۆم لە هەرێمى ساندگاڵنى سویسرى لە ساڵى 1831 پیادەکراوە و دواتر لە زۆربەى وڵاتانى دونیادا بە بچوک و گەورەو پیادە کراوە و بۆتە شێوازێک لە دیموکراسیەتى ڕاستەوخۆ کە ماف دەداتە زۆرینەى جەماوەر بە پەسەندکردن یان ڕەتکردنەوەى مەسەلە گرنگەکان، نمونەش ڕیفراندۆمى هەرێمەکانى کەتەلۆنیا و باسکى ئیسپانى و ئیسکۆتلەنداى بەریتانى بۆ جیابونەوەیان و باشورى سودان کە بوە وڵاتێکى سەربەخۆ و ڕیفراندۆمى جەزائیر بۆ سەربەخۆبوون لە فەڕەنسا لەساڵى 1962دا و نوێترین ڕاپرسیش بریتى بوو لە ڕاپرسى گەلى بەریتانیا لە سەر چوونە دەرەوە لە یەکێتى ئەوروپا و ئەوەبوو بەزۆرینەى دەنگ ڕازیبون لەسەر دەرچوونى وڵاتەکەیان لە یەکێتى ئەوروپا و… هتد.
هەرێمى کوردستان وەک مافێکى یاسایى و دەستورى خۆى وەک دووەم نەتەوەى نێو دەوڵەتى عێراقى فیدڕاڵى بۆى هەیە لە چوارچێوەى یاسا نێودەوڵەتیەکان و نەتەوە یەکگراوەکاندا ئەو مافەى خۆى پەیڕەو بکات، لانى کەم بۆ دەرخستنى ڕاى زۆرینەى گلەى کورد لەسەر جیابونەوە یان مانەوە لەچوارچێوەى دەوڵەتى عێراقیدا، خۆ ئەگەر دەنگى زۆرینە پەسەند و بە ((بەڵێ )) بوو ئەوا دەبێتە دۆکۆمێنتێکى زۆر گرینگ بۆ ڕاى گشتى ناوچەکە و دونیا و دەوڵەتکەکانیشیان و دەکرێت ببێتە دۆکۆمێنیتکى سەرەتایى کە پێشکەش بەنەتەوە یەکگرتوەکان بکرێت بۆئەوەى هەنگاوە یاساییەکانى تر هەڵبنرێت و لەکاتى جیابونەوەدا پشتیوانى و پاڵپشتى ناوچەیى و نێودەوڵەتى بۆ مسۆگەر بکرێت، چونکە ئەم پرسە و بەتایبەتیش لەم قۆناغ و زەمانەدا پێویستە زەمینەسازى باشى بۆ بکرێت لە ڕووى سیاسى و ئابورى و ئەمنى و کۆمەڵایەتیشەوە، ناکرێت وەک پرسێکى سانا و سادە لێى بڕوانرێت چونکە ئەم پرسە لەسەر ئاستى تەنانەت ناوخۆى کوردستانیش و عێراقیش و ناوچەکە و دونیاش گەر دوژمنى زۆریشى نەبێت ئەوا بەدڵنیایى دۆستیى زۆریشى کەمە، بۆیە دەکرێت گەر نیەتێکى جدى و ڕاستگۆیانە و خەمخۆرانە و کوردانە هەبێت بۆ سەرخستن و چێکردنى ئەو پرسە،ئەوا دەبێت لە ئێستاوە بەنهێنى و بە ئاشکرا سەرکردایەتى سیاسى کورد خەباتى بۆ بکات لەسەر هەموو ئاستەکان و هەموو پەیوەندیەکانى خۆى بخاتە گەڕ بۆ ڕازیکردن و قبوڵکردنى ئەو پرسە و کۆکردنەوەى پاڵپشتى و پشتیوانى ناوچەیى و نێودەوڵەتى بۆى، بەتایبەتیش لەم قۆناغەدا خۆرى کوردان ڕوو لەبەزى و گەشانەوەى زیاترە بەهۆى پشتیوانی نێودەوڵەتى و زلهێزەکان لەمەسەلەى ڕەواى کورد لە هەرچوار بەشەکەدا بەهۆى ئەو قوربانى و گیانفیداییە زۆرەى کە کورد پێشکەش بە کۆمەڵگاى نێوەدەوڵەتى کردوە دژ بە بەرەى تیرۆر و تیرۆیستان. خۆشبەختانەش هەموان گرنگى و کاریگەرى مقاوەمەت و پێگەى کورد پێدەزانن، هەربۆیە ئەم قۆناغە باشترین و لەبارترین هەلە کە هاتبێتە پێش کورد و مەسەلە ڕەواکەى.
ئەم پرسە لەناوخۆى هەرێمى کوردستان و هەر چوار بەشەکەشدا پێویستى بە کۆدەنگیەکى سیاسى و جەماوەرى هەیە و هەرواش پێویستى بە یەک و یەک و یەکگرتویى هەڵوێست و گوتارى هەموان هەیە و گەرەکە نێوماڵى کوردان زیاتر ڕێکبخرێتەوە و هەماهەنگى و تەبایى و برایەتى بچەسپێنرێت و داموودەزگا شەرعی و هەڵبژێردراوەکان لە پەڕلەمان و حکومەت و دەزگاکانى تریش کارا بکرێنەوە، چونکە بەبێ ئەم کۆدەنگیە مەحاڵە پرسێکى گرنگى ئاوها یەکلابکرێتەوەو بەقازانجى دۆخى ڕەواى گەلەکەمان بشکێتەوە.
لەسەر ئاستى دەوڵەتى عێراقى فیدڕاڵیش دەبێت تابتوانین بە ڕەزامەندى و قبوڵکردن و بەخۆشى و دوور لە شەڕ و پێککدادان ئەو پرسەیان لەگەڵدا یەکلا بکەینەوە چونکە لەحاڵەتى جیابونەوەشماندا هەردوولا پێویستمان بەدراوەسێیەتیەکى باش دەبێت نەک دوژمنێکى دڕندە.
لەسەر ئاستى ناوچەکەش هەموان دەزانین وڵاتانى ئێران و تورکیا و سوریا و دەوڵەتانى سونە مەزهەبى عەرەبیش لە سعودیە و قەتەر و میسر و ئەوانیتریشیان هیچ کامیان دۆستمان نین و ئەو پرسەیان پێخۆش نیە و بە ئاسانیش لێناگەڕێن کە کورد ببێتە خاوەن ماڵ و دەوڵەتى سەربەخۆى خۆى، چونکە ئەوان هەمیشە کوردیان بە ناحەز و نەیارى مەسەلەى نەتەوەیى عەرەب زانیوە،بۆیە گەرەکە کە پشتیوانى ئەوانیش بەدەستبهێنرێت.
لەسەر ئاستى وڵاتانى گەورە و دونیاش، ئەوا کورد پێویستە چى لەتوانادا بێت بیکات بۆئەوەى پشتیوانى و ڕەزامەندى ئەوان بەدەستبهێنێت، چونکە دونیاى ئێستا دونیاى بەرژەوەندى ئابورى و سەرمایەداریە و بڕیارە یەکلاکەرەوەکانیش بەدەستى زلهێزەکانە و بەتایبەتیش ئەمریکا و ڕوسیا و وڵاتانى ئەوروپاى ڕۆژئاوا، بۆیە گرنگە کورد پەیوەندیەکانى لەگەڵ گەورە زلهێزەکانى دونیادا خۆش بکات و گەرمتر بکاتەوە بۆئەوەى لەڕێگەى ئەوانەوە فشار بخرێتە سەر وڵاتانى ناوچەکە بۆ قبوڵکردنى ئەو پرس و مەسەلە گرنگە.
لەکۆتاییدا ڕیفۆراندۆم مەسەلەیەکە تایبەتە بەکورد خۆیەوەو هەربۆیەش چەند کورد گەرموگوڕ و مکوڕتر بێت لەسەر ئەو بابەتە هێندەش بابەتەکە دەچێتە پێشەوە، بەپێچەوانەشەوە گەر خاوخلیچکى و کەمتەرخەمى تیادا بکرێت هێندەش نائومێد دەبین و ئەو مافەمان پێڕەوانابینرێت، هەروەک وتراویشە هیچ مافێک نادرێت بەڵکو دەسێنرێت بۆیە کورد دەبێت پشتیوانى بەهێز و پلە یەکى تەنهاو تەنها خۆى و بازوو و قوربانیەکانى خۆى بێت ئەوکات پشتیش ببەستێتە سەر هاوکار و پشتیوانى ناوچەیى و نێودەوڵەتى، بەهیواى ئەوەى کە ئەو خەونە و خەیاڵەمان بێتە دى لە پێکەوەنانى دەوڵەتى سەربەخۆییدا کە هەنگاوى یەکەمى بە ڕیفراندۆم و ڕاپرسى گشتى جەماوەرى دەست پێدەکات.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت