کەم نین ئەوفکرە شۆڕشگێڕیانەی کە بە فۆڕمی شاخ، بە ئەقڵی شاخ دەیانەوێ لەناو سەنتەری شارستانییەت حوکمی شار بەئەقڵی شاخ بکەن.
گەر دوێنێ نەوەیەکی شۆرشگێڕ زەروریەت بوبێت بۆ ڕزگاربون و بەرپاکردنی فکرەی شۆڕشگێڕی. ئەوا ئەمڕۆ شۆڕشێکی فکریو ئاقڵانی لەلایەن نەوەی ئەمڕۆوە زەرورەتێکی حەتمییە. هەمو ئەو تەجروبانەی لەشاخەوە یاخود لە شۆڕشەوە دەگوازرێنەوە بۆ حوکمی دەوڵەتداری و حوکم ڕانییەت. وێنەیەکی ناشیرینی حوکمڕانی دەدەن بەدونیای دیموکراسیەت.

لە پەنجاکانی ڕابردو بەدواوە لە کوبا شۆڕش هەڵدەگیرسێ، بکەرانی شۆڕش دوای تەواوبونی شۆرش حوکم دەگرنە دەست و، لە کۆتای پەنجاکەنەوە تەنیا دوو سەرۆک گۆڕانکاری پێ کراوە. ڤیدل کاسترۆ بۆماوەی 57 ساڵ سەروک کۆماری کوبا بو، دوای خۆشی دەسەڵاتی ڕادەستی کاسترۆی برای کرد. ئەم تەجروبە لە فەنزوێلاش ڕویدا هۆگۆسانچێز تا مردنی سەرۆک کومار بو. کۆریای باکور نمونەیەکی ترە.

لەپاڵیا بکەرانی شۆرشی دوێنێ لەکوردستان تا ئەم چرکە ساتەش باوەشیان بە جومگە ئەساسییەکانی دەسەڵاتدا گرتووە، بە ئاقڵێتی شۆڕش دەیانەوێ نەوەی ئەمڕۆ بخەنە ژێر منەتی سیاسییەوە بەوەی کە چ لەدوێنێ و چ لە ئەمڕۆش ئەمان زەرورەتن. ئەم ئەزمونە ناشیرینانە کە ڕەگ و بناغەی کۆنە، چی لە کۆریا بێ یا لە کوبا یان لە فەنزوێلابێت یا لە سوریا، لە ئێران بێت یا لە کوردستان. ئەم ئاقڵێتە هیچ ڕەهەندو پاساوێکی نییە جگە لەوەی ئەم هێزگەلە شۆڕشگێڕە دەیەوێت یاخود بووە بە هێزێکی عەسکەری تۆتالیتار یادیکتاتۆر.

ماسکی دیموکراسیەت بە قسەو دروشم ناکرێ، سەرکردە سیاسییەکانی کوردستان جیاواز لەو وڵاتانەی باسم کرد لەسەر چەند ئەساسێک شەرعیەت بە مانەوەی دەسەڵاتی خۆیان ئەدەن. ئەویش ئەوەیە کە لەکوردستان شۆرشگێڕی تەواو نەبووە، ئەوە ئێمەین کە دەتوانین لەیەک کاتدا درێژە بە شۆڕش بدەین و حوکمڕانێکی مەدەنی و دیموکراسیش بکەین.

خاڵی یەکەم/ زۆر بێ منەتانە باس دەکرێ لای ئەم هێزە شۆڕشگێڕە زەمەنییە بەوەی لە زەمەنێک یاخود ساڵانێک ئەمانە واقیع بون فاکتەرو دەرەنجامەکانی هەرچۆنێک بێت ئەمان دژی ڕژێم جەنگاون، بۆیە ئەتوانم بڵێم ڕۆژگارێک ئەمانە زەروریەت بوون.

خاڵی دووەم/ کە دەسەڵاتدارانی شۆڕشی دوێنی شەرعیەتی مانەوەی خۆیانی پێ دەدەن دەنگ دانە. هەمیشە ئەم هێزە جگە لەوەی خۆسەپێنە. هەر لەو ڕوانگەیەوە خۆشی سەپاندووە ئەویش ئەوەیە کە خۆی بەزەرور ئەزانێت.

خاڵی سێیەم ئەوەیە/ سندوق و دەنگدانی کردووە بەبنەمای مانەوەی خۆی بەوەی ئەم زۆرینەیە. ڕاستیەک هەیە بەڕای من کە ئەمەیە. نە دەنگدان و سندوقی دەنگدان بنەمایە بۆمانەوەی دەسەڵات نە ئاقڵیەت و فکرەی شۆڕشگێڕی. دەنگدان پێوەرێکی سست و زەعیفە چونکە هەمومان ئەزانین چەندایەتی و چۆنێتی دەنگدان لێرە چۆنە. کە پڕێتی لە ڕۆتین و تەزویرکردن تیایا. نە شۆڕشگێڕی و ئاقڵی شۆرش لەمڕۆدا زەرورە.

بەڵێ دوژمنانی کورد هەر ماون، بەڵام دەبێت شێوازی مامەڵەکردنەکان لەگەڵ دوژمنەکانی ئەمڕودا ئاڕاستەیەکی جیاوازو ئاقڵانی وەربگرێت. بەڕای من ئەم شۆڕشگێڕە کۆنانە ناتوانن سەرکەوتوانە ئیدامەی ئەمڕۆ بدەن.

یەکەم/ نە توانایان هەیە نە دەشیانەوێ . ……….. بۆ؟ چونکە بەشێکیان خۆیان تێکەڵاوی دزی و گەندەڵی سیاسی و نەتەوەین خۆیان دەست لەملانی دوژمنانن.

دووەم/ ئەوەیە بەم ئاقڵیەتە شاخییەوە ناتوانن هیچ هەنگاوێک بەرەو شەفافیەت و بەرەو پێش چون بنێن.