هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

لەگەڵ هاتنە پێشەوەی پرسی ڕیفراندۆم، تێڕوانین و لێکدانەوەیەکی زۆر هەڵە سەبارەت بە ستەمی میللی و مەسەلەی میللی و پەیوەندی ئەم دوانە لەگەڵ یەکتر لە ناو قسەکەران و شرۆڤەکەرانی ئەم پرسە و بەتایبەتیش بەشێک لە چەپدا پەیدابوە و ئەمەش کراوەتە بیناویەکی سیاسی بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم و پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کوردستان ڕەت بکەنەوە و بەپێویستی نەزانن.
ئەوە ڕاستە کە ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا ستەمی میللی وەک ستەم لەسەر خەڵکی کورد نەماوە و دەسەڵاتی کوردی و ناسیونالیزمی کورد و حیزبەکانی دەسەڵاتدارن و خەڵکی کوردزمان دەچەوسێننەوە و دزی و تاڵانی دەکەن، ئەم واقعیەت و ئاڵوگۆڕە سیاسیانە توانیویەتی تا ڕادەیەکی زۆر کۆتایی بە ستەمی میللی لەسەر خەڵکی کورد بهینێت لە هەریمی کوردستاندا بەڵام نەیتوانیوە کۆتایی بە “کێشەی ستەمی میللی کورد” بهێنێت وەک کێشەیەکی سیاسی کەپێویستی بەوەڵامە لە ناوچەکەدا.
ئەم “ستەمی میللیە” بە درێژایی چەندین دەیە لە پلە دوویی و چەوساندنەوەی میللی خەڵکی کورد، بۆتە هۆی خوێنڕێژی، ماڵوێرانی، ئەنفال، تەعریب، ڕاگواستن، کیمیاباران و سەرکوتی سیاسی خەڵکی کورد بەهۆی کوردبونیانەوە، بەمەش کێشەیەکی دروست کردوە بەناوی ” کێشەی میللی کورد” و ئەم کێشەیەش تا ئێستا بەچارەسەرنەکراوی ماوەتەوە. ئۆتۆنۆمی یا فیدڕالیزمی قەومی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی ڕێگاچارەی ناسیونالیستەکان بوو بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە، بەڵام مێژوو وە واقعی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەوەی نیشاندا کە ئەم فیدرالیزمە قەومییە نەک هەر چارەسەری ئەم کێشەیەیی نەکرد، بەڵکو بە تەواوی گەیشتۆتە بنبەست و ئەوەندەی تر ئەم کێشەیەی قوڵتر کردۆتەوە و خودی حیزبە ناسیونالیستیە کوردیەکانیش دان بەو شکست و بنبەستەدا دەنێن.
پەیوەندی نێوان “ستەمی میللی” و “کێشەی میللی کورد” پەیوەندیەکی ماتماتیکیانە نییە کە ئەگەر “ستەمی میللی” نەما ئەوا ئۆتۆماتیکی “کێشەی میللی کوردیش” ناماینێت! یان ئەگەر “ستەمی میللی” هەبوو ئەوە هەر دەبێت “کێشەی میللیش” هەبێت، کێشە سیاسی وکۆمەڵایەتیەکان ماتماتیکیانە لێکنادرێنەوە. “ستەمی میللی” لەسەر خەڵکی کورد بەهۆی مێژویەکی خوێناوی و کارەساتبار کە ڕویداوە برینێکی قوڵی سیاسی وکۆمەڵایەتی لەم وڵاتەدا لە نێوان خەڵکی کورد وعەرەبدا زماندا دروست کردوە بەناوی “کێشەی میللی کورد” لە ناوچەکەدا کە تا ئێستا بەچارەسەرنەکراوی ماوەتەوە و ناسیونالیزمی کورد و ناسیونالیزمی شۆڤێنی و ئیسلامی شیعی و سونی عەرەب لە پیناو هێشتنەوە و بەهێزکردنی دەسەلاتیاندا ڕۆژ بەرۆژ قوڵتر وبەرفراوانتری دەکەنەوە.
لەزۆر ناوچە و ولاتدا “ستەمی میللی” لەسەر بەشێک لە خەڵکی ئەو ولاتە هەیە بەڵام ئەم ستەمی میللیە نەبۆتە ڕیگر و کێشەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە پێویست بە وەڵام و چارەسەر بکات بۆیە ئەگەر لە هەر ئاڵوگٶڕێکی سیاسیدا ئەم ستەمی میللیە کۆتایهات ئەوا شتێک نییە و نامینێتەوە بە ناوی “کێشەی میللی” ک پێویستی بە چارەسەر و وەڵامی سیاسی هەبێت. بۆ نمونە لە وڵاتی ئێران ستەمی میللی لەسەر عەرەبەکان، بلوجەکان و ئازەریەکان و چەندان پێکهاتەی تر هەیە بەڵام هیچ یەک لەمانە نەبونەتە کێشەیەکی سیاسی کە ببنە رێگر لەبەردەم خەباتی جەماوەری ئەو بەشە لەخەڵک بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان وەک ئەوەی کە “ستەمی میللی” لەسەر خەڵکی کورد دروستی کردوە لە ناوچەکەدا، هەر بۆیە ئەم “کێشەی ستەمی میللی کوردە” کە “ستەمی میللی” دروستیکردوە و لە دوای خۆی بەجێیهێشتوە پێویستی بە چارەسەر وەڵامی سیاسی هەیە.
چارەسەری واقعی و ئازادنەی ئەم کێشەیەش “کێشەی میللی کورد” لە ئێستادا تەنها بە بەرپاکردنی ڕیفراندۆم و گەڕانەوەیە بۆ ڕای ئازادانەی خەڵک و بڕیاردانیانە لەسەر ئەوەی کە جیادەبنەوە و دەوڵەتێکی سەربەخۆ پێکدەهێنن یان ئەوەتا لە چوارچێوەی عێراقدا دەمێنەوە بە مافی هاوڵاتیبونی یەکسانەوە. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی سیاسی و حوکمڕانی ئێستای عێراق و هێزهاوسەنگی نێوان جەماوەری زەحمەتکێش و ماهیەتی دەسەڵاتدارنی حاکم و دەسەڵاتداریەتی حکومەتێکی ئیسلامی و شیعی و فاشیستی لە بەغدا، لە ئێستا و ئایندەیەکی نزیکدا دامەزراندنی حکومەت و دەوڵەتێکی مەدەنی و سکیۆلار کە لەسەر بنەمای هاوڵاتی و هاوڵاتیبونی یەکسان لە ڕوی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە مامەڵە لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا بکات مەحاڵە، بۆیە نزیکترین و ئاسانترین ڕێگە لە ئەمرۆدا بەرپاکردنی ڕیفاندۆمێکی ئازاد و جیابونەوەی کوردستان و پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆیە.

 

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە