هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

دوای ئاشکرابونی کۆدەکانی ستراتیژی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ئیدارەی دۆناڵد ترامپ، ڕوسیا بە هاوبەشی لەگەڵ چین و ئێران نەخشەیەکی ستراتیژی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، قەفقاسیا و کوردستان “پەیمانی گواستنەوەی نەوت” جێبەجێ دەکات.
ترامپ لە ئیدارەکانی دیکەی بەر لە خۆی زیاتر کار بۆ مانەوەی سیستێمی تاکجەمسەری جیهان دەکات. لە بەرانبەردا ڕوسیا بە هاوکاری ئێران و چین سەرجەم تواناکانیان خستۆتە گەڕ بۆ یەکگرتن و بەهێزکردنی یەکێتی “ئەڤراسیا.
چین لە ڕێگای پڕۆژەی “یەک کەمەر یەک ڕێگا” ترلیۆنێک دۆلاری تێدەچێ، مۆسکۆ لە ڕێگای پڕۆژەی ئابووری ئەڤراسیا لەگەڵ وڵاتانی سۆڤیەتی جاران و ئێرانیش لە ڕێگای سەربازی و کرداریەوە کار بۆ یەکێتی ئەڤراسیا دەکەن کە پڕۆژەیەکە بۆ ژیاندنەوەی سیستێمی جیهانی دوجەمسەری.

ڕۆژهەڵاتی دوور و ئەفریقا
سەردانەکەی ئەو دواییەی دۆناڵد ترامپ بۆ سعودیە، نیشانی ئەدات ئەمریکا جارێکی دیکە پێویستی بە ماکینەی وەهابیەکانە بەڵام بەشێوەیەکی کۆنترۆڵکراو لەپێناوی دەستبەسەرداگرتنی کەندا و تا دەگاتە ئەفریقا. ترامپ گوشارەکانی بۆ سەر قەطەر چڕتر ئەکاتەوە تاکو کۆتایی بە ماکینەی پڕۆدوکسیۆنی ڤێرۆسی ئیسلامی ڕادیکاڵ بێنێ لەناوچەکە.
لە بەرانبەر ئەو هەوڵەی ئەمریکا، ڕوسیا بە سەرۆکایەتی پوتین کار لەسەر خاڵە لاوازەکانی هێزەکانی ناوچەکە دەکات و بەر لەهەمویان پەنای بۆ میسڕ برد.
دوای کۆدەتایەکەی سیسی بەسەر ئیخوان موسلیمیندا کە لە لایەن وەهابیەکانی کەنداو و تورکیا قورمیش ئەکرا، حکومەتی میسڕ بە ناچاری پەیمانی کڕینی چەکی قورسی لەگەڵ مۆسکۆ ئیمزاکرد. هاوکات بۆ ئەوەی قاهیرە ناچاری ملشۆڕکردن بۆ سعودیە نەبێ، سیسی بڕیاری سازکردنی دەیان وێستگەی بەرهەمهێنانی نوکلێری دا و کڕینی نەوتی سعودیەی کەمکردەوە.

قەفقاسیا و ئاسیای ناوەڕاست
هەرسێ وڵات لەوە گەیشتوون ئەمریکا هەر کاتێک بیهەوێ لە ڕێگای تێکدانی ئارامی ئەڤغانستان و پاکستان دەتوانێ تەواوی ناوچەکە بشێوێنێت. ئەوەش کاریگەری لەسەریان سازدەکات و پڕۆژە ئابووریەکانیان پەک دەخات. حکومەتی پەکین لەو ساڵەدا هەرچی لەدەستی هات بۆ ئەوەی لە نێوان کابول و ئیسلامئاباددا کارێکی نەخوازراو ڕونەدات ئەنجامی دا. کۆمپانیا چینیەکان لە پاکستان کاراتر دەبن و لەو ماوەیەدا شەڕی پاسەوانانی سنورەکانی هەردو وڵات ڕاگیراوە.
شەڕی قەرەباغ کە ساڵی پار لە نێوان ئەزەربێجان و ئەرمێنیا ڕویدا، بەهارکاری ڕوسیا و چین کۆتایی پێهات. ئێستا ڕوسیا لە هەرێمەکە ڕاستەوخۆ هاوپەیمانیەکی پتەوەی سەربازی-ئابووری لەگەڵ هەریەکە لە (ئێران، چین، سوریا، کازاکستان، تاجیکستان و کرغزستان) ئەنجام ئەدات. پەیمانی فرۆشتنی چەک لەگەڵ هەریەکە لە (هیند، میسڕ و پاکستان) ئەنجامداوە.
پڕۆژەی ئەڤراسیا بە سەرکردایەتی (ڕوسیا، چین و ئێران) کە شیمانە ئەکرێ 10 ساڵی دیکە تەواو بکرێ، بەهۆی شوێنە ستراتیژیەکەی “یەکێتی نێوان ئاسیا و ئەوروپا” کە پەیوەندی زەوی و زەریای بە هەرچوار دەوری جیهانەوەیە، گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر ستراتیژی ئەمریکا و سیستەمی جیهانی تاکجەمسەری.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان لە نێوان بەرداشی ستراتیژی ئەمریکا و ڕوسیادا

شەڕی بەوەکالەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە قۆناغی سێیەم دایە.
قۆناغی یەکەم: ڕوخاندنی ڕژێمە دیکتاتۆرەکانی تونس و مسڕ بوون. لە هەردو وڵاتدا خەڵک ئاگاداری یارییەکانی پشت پەردە نەبو و نەیاندەزانی وڵاتانی ناوچەکە چۆن ڕاپەڕینی خوێندکاران ئەگوازنەوە بۆ شەڕی وەهابیەکان و حکومەتە دکتاتۆرەکان. بۆیە لە مسڕ و تونس بەهۆی بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک، هەردو ڕژێم ڕوخان.
قۆناغی دووەم: لە لیبیا و بەتایبەتی سوریادا خەڵک کەمتر بەشداریان لە ئینتیفازەکاندا کرد. لیبیا بەهۆی بێخاوەنی ڕوخا، بەڵام پیلاندەڕێژەرەکان سەرنەکەوتن و ئێستاش لیبیا دابەشبوە بەسەر دەیان گروپی تێرۆریستی کۆنتڕۆڵنەکراو. شۆڕشی ئیخوانەکان لە میسڕ شۆڕش و پاشان کۆدەتای بەسەردا کرا. تونس لە مەترسی دایە. شەڕی سوریا و یەمەن هەرگیز سەرکەوتو نەبو، بەڵکو بو بە بەڵا بەسەر پیلانداڕێژەران و تەواوی ناوچەکەو جیهان.
قۆناغی سێیەم: ئیتر لەو قۆناغەدا تەواوی جیهان گەیشتۆتە ئەو بڕوایە کە دەبێ کۆتایی بەو قەیرانەدا بێنن، بەڵام هەرکەسێک دەیهەوێ بەشی شێری بەرکەوێت لە داهاتوی ناوچەکەدا. ئێستا شەڕەکە شەڕی لەناوبردنی تێرۆر نیە، بەڵکو شەڕی دابەشکردنی ناوچەکەیە لە پاش تێرۆر و قەیرانەکاندا.
جیاوازی قۆناغی سێیەم لەگەڵ یەکەم و دووەمدا ئەوەیە کە چیتر کەسانێک شەڕ بەوەکالەت ناکەن، بەڵکو زلهێزەکان بە سوپای خۆیانەوە دێنە مەیدانەکەو لە جوگرافیایەکی بچوکدا ڕوبەڕوی یەکتری دەبنەوە. ئێستا بەتەنیا لە بەشێکی بچوکی خاکی سوریادا، سوپای، ڕوسیا، ئەمریکا، ئێران و تورکیا ئامادەن. چوار وڵاتی زلهێز و چوار سوپای بەهێزی جیهان لەبەرانبەر یەکتریدا دانیشتون. ئەگەری زۆرە هێزەکان ماوەیەک شەڕی یەکتری بکەن. بە بڕوای من ئیدارەی نوێی ئەمریکا و تەنانەت ڕوسیاش ئامادە نین ئابووری خۆیان بخەنە مەترسی و شەڕێکی دوور و درێژ بەرپا بکەن. لە خراپترین حاڵەتدا، هێزەکان پەلاماری یەکتری دەدەن و دوایی لەسەر مێز کۆدەبنەوە. واتە هێزەکان سنور بۆ یەکتری دادەنێن و هێرشی بچوک دەکەنە سەر یەکتری. بۆنمونە: خستنە خوارەوەی فڕۆکەی ڕوسیا لەلایەن تورکیا و بە هەمان شێوە هێرشی فڕۆکە ڕوسییەکان بۆ سەر سوپای تورکیا لە ناوچەی الباب کە لە کۆتاییدا هەردووکیان ڕایانگەیاند هێرشەکان بە ئەنقەست ئەنجام نەدراون.
شەڕی ئەوجارەی قۆناغی سێیەم، بۆ ئەوە نیە کێ حکومەتی فلان و ….. دەڕوخێنێ، بەڵکو بۆ ئەوەیە کێ لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە و کێ دەردەکرێ. لەو بوارەیەوە پێئەچێ کارتی ئێران لە ئەوانی دیکە بەهێزتر بێ. ئێران چۆن توانی دوای ڕوخانی سەددام، ئەمریکیەکان ناچار بکات لە عێراق بچنە دەرەوە، لە داهاتودا بەهاوپەیمانێتی لەگەڵ چەند هێزێکی دیکە “تەنانەت هێزە سونیەکانیش” و حیزب اللە، دەتوانێ سوپای ئەمریکا لە سوریا تەنگەتاو بکات. ئەو ئەگەرە لە بەرانبەر سوپای ڕوسیاشدا لە ئارادایە وەک ئەوەی لە ئەڤغانستاندا هێزە جیهادیەکان دژ بە سوپای سۆڤیەت ئەنجامیاندا. ئێران و تورکیا دو هێزی گەورەی ناوچەکەن. ئێستا ئەمریکا و ڕوسیا هەست بەوە دەکەن و هەوڵ ئەدەن بە شێوەیەکی دیکە لەناوچەکەدا بمێننەوە نەوەک بە شێوەی ئەڤغانستان و عێراقی دوای سەددام.
ئێستا تورکیای ئەردۆغان باوەڕی جارانی نەماوە بەوەی کە کولتور و ناسنامەکان بتوانن سازش بکەن. ئەردۆغان بە ناسنامەی تەعەسوبی ئیسلامی سونی، خەیاڵی گەڕانەوە بۆ ٤٥٠ ساڵ بەر لە ئێستای هەیە. تاقە لایەنێک بە بڕوای خۆرئاوا بتوانێ ڕێگری لە پڕۆژەی عوسمانیزمی ئەردۆغان بگرێ کوردە، هەبونی ئەمریکا لە ڕۆژئاواو پڕچەککردنی کوردانی ئەوێ بۆ ئەو مەبەستەیە. من پێموابێ ئەمریکا و ئەوروپا ئامادەن لەگەڵ تورکیا هاوپەیمانیەکەیان نوێ بکەنەوە بەڵام بە مەرجێک ئەردۆغان و تورکیا دەستبەرداری پڕۆژەی عوسمانیزمی-نوێ ببن و دەستوەرنەدەنە ئەو ناوچانەی کە بۆ گواستنەوەی گاز و نەوت گرینگن.
ئیدارەی پوتین تا ئێستاش هەوڵ ئەدات کورد و حکومەتی سوریا سازش بکەن، بەڵام دو خاڵ بەلای بەعسیە ناسیۆنالیستیەکانی سوریا زۆر هەستیارن؛ یەکەمیان نابێ هێزێکی بیانی دەستوری بنچینەیی سوریا دیاری بکات. دووەم نابێ بەهیچ شێوەیەک لە دەستوری سوریادا پێگەی کورد وەک فێدرالی یان کۆنفێدرالی دیاری بکرێ. ئێستا ڕوسیا بە ئەمریکیەکان دەڵێ: “ئەگەر ئێوە هێز لە ناوچەکانی تری ڕۆژئاوا ئەجولێنن، منیش هێز لە عەفرین و مەنبەج دەجولێنم و کوردی سوریا بەتەنیا هی ئێوە نین”.
ڕێککەوتنی ئەو دواییەی کۆمپانیای ڕۆسنەفتی ڕوسی لەگەڵ حکومەتی بارزانی بەشێکە لەو ستراتیژیەی ڕوسیا لە ناوچەکە. ڕوسیا خاڵە لاوازەکانی حکومەتی بارزانی وەک پەراوێزکردنی لەلای بەغدا، نەمانی گرینگی جارانی بۆ ئەمریکا و دەیان کێشەی ناوخۆیی دەزانێ. ڕەنگبێ ئێران و تورکیا ئاگاداری ئەو ڕێککەوتنە بن بۆ ئەوەی لە داهاتودا هەرێم بەتەنیا پابەند نەبێ بە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاوە. ڕەنگبێ ئەوە ڕێککەوتنی دیکەی بەدوادابێت. بەڵام ئەوانە لە داهاتودا ڕوداوی گرینگتر لەگەڵ خۆیاندا دێنن و ئاراستەکەی بە کوێ دەگات دیارنیە.

 

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە