هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

تێکستە پێشکەش بە گیانی پاکی ئەو گوڵ و خونچە و پەپولانەی کە لە غوتەی نزیک دیمەشقی پایتەختی سوریا بە چەکی کیمیاوی هەڵوەرین.

ئەوا دیسان جەنگە و

سەدا و دەنگی

هەر لە دوڕا دێتە گوێ

هەواڵی کۆمەڵکوژی و مەرگ

نەک لە هەڵەبجە و ئەبابەیلێ

ئەمجارەیان

وا لە شام و ڕۆژهەڵاتی غوتەوە دێ

ئیدی بۆنی سێو و پرتەقاڵ

لە کانی عاشقان و عەنەبەوە نایەت

لەگەڵ نەسیمی سوبح دەمدا

لە پایتەختی عروبەوە پەخشان دەکات و

گوڵ و چرۆ لە سایەیا

هەڵدەوەرێ

بەر چاوی هەموو دونیا

ئەوا لەوێ

جارێکی دی

دڕندانە چەکی کیمیاوی بەکار دێ

کەچی ئینسانیەت

وەک شانزەی سێ

کەڕ و ڵال و کوێرە و

نەدەبینێ و نەدەبیستێ

بێ ‌هەڵوێستە و

نە جولەیەک ، نە دەنگێکی لێوە دێ

بەڵام منێک

کە لە هەڵەبجە

تێر تێر

بۆنی سێوم هەڵمژیبێ

لەگەڵ مەرگدا

دەستەویەخە شەڕم کردبێ

برین و زامم

تا بە ئەمڕۆش هەر بە سۆ بێ

خوێن لێی بتکێ و

شاڕێژ نەبێ

ئەم هەوالە دەمباتەوە هەشتاوهەشت و

مەرگەساتەکەی شانزەی سێ

وا دەزانم ئەم ساتەیە

هەڵەبجەکەم نامرۆڤانە شەهید دەکرێ

برۆکسل / بەلجیکا

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە