هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

هەستە و ڕابە

هێشتا زووە و

بۆ کوێ بار و بنەت

لەکۆڵناوە

دنیای خەم و خەفەتی کورد

هێشتا زۆری بەبەر ماوە

بۆ هەتایە چاولێک مەنێ

پێویستمانی

تۆمان دەوێ

هەموو وا نیگەرانتین

چاوەڕوانین

لەو هەندەران و دوورە

هەواڵی خۆش

پەیامێ

دەنگێ

پەیکێ

لای تۆوە بێ

 

***

 

قەڵەمەکەت بگرەوە دەست

نەفەسێکیش

لە جگەرەی هاوڕێی تەمەنت بدەرەوە

بەدەم خەیاڵی ڕابردوو

چیرۆکە داستانی نوێمان

بۆ بنوسەوە

لە بەسەرهاتی

مەل و بولبول و گوڵەوە

تا دەربەندی پەپولە و

داستانی بەردەقارەمان

بەرائەتی منداڵیمان

جارێکی دی بۆ بگێڕەوە

 

***

 

وەرەوە و

لەم بەرە جەژنانەدا

نوقڵ و چکلێتی هیوا

بەسەرماندا

ببەشەوە

گیانی عشق و خۆشەویستی

نیشتمان و نەتەوە

جارێکی دی

بەبەرماندا بکەرەوە

 

***

وەنەوشەکانی باخی میر و

نێرگسەکانی هەڵەبجە

بەدەم بادی خۆش مروری شارەزورەوە

هاتونەتە سەما و

کەوتونەتە لار و لەنجە

چاوەڕێتن کەی بێیتەوە

ماچ بارانیان بکەیت و

سەر و پرچیان دابهێنی و

شانە بکەیتەوە

 

***

بێکەس

زەڕنەقوتەکانی

ماڵی پاشا

جێ مەهێڵە

بێکەس ، تینون ، برسین هێشتا

ئیدی کامە و کێ

جامولەیەک ئاو و

مشتێ دانیان بداتێ

 

***

 

لە کانی عاشقان

کۆڕی شعر و خۆشەویستی

گەرم گەرمە

ئەڤیندران هەموو لەوێن

جەمیان جەمە

تەنیا و تەنیا

تۆیان کەمە

دەتۆش وەرە

بە چیرۆکی

عەشقی خۆت و نیشتمان

ئەڤینداریت بۆ خاک و گەل

هەر هەموویان

سەرسام بکە

 

***

هێشتا دایکە نیشتمان

چوار پارچەیە و

جەرگ سوتاو

پێ لە زنجیر، دەستەکانی کەلەپچەیە

ڕۆژی کوردان

هێشتاش وا لە ئیمرالییە

خۆ چارەنوسی باکوریش

ناڕوونە و هیچ دیار نییە

ڕۆژهەڵاتی وڵاتیشم

لە ژێر ڕەحمەتی دیلییە

لە ڕۆژئاوای نیشتمانیش

ناحەزانی ئەم گەلە

هەوڵدەدەن لەباری بەن

ئەم دەرفەت و ئەم هەلە

دەیانەوێت

خۆرە تازە هەڵهاتوەکەی ئاوا بکەن

دار و دەوەن

شار و گوندی وێران بکەن

هەڕەشە لە باشوریش دەکەن

هەتا ئەوێش

وەکو بەخدای داگیراو

نوقمی خوێن و جەهالەت کەن

 

***

 

ڕوفاتی پیرۆزی ئەنفالکراوان

هێشتا لە غەریبستانن و

نەهێنراونەتەوە

باوەشی دایکی نیشتمان

وان لە سەرزەمینی جەهەنەمی

وشک هەڵگەڕاوی بیابان

بێناز کەوتوون

گوێ قوڵاخی قەسیدەیەکی تۆن

تا ئارام بکاتەوە

ڕۆحی و گیانی پەژموردەیان

 

***

بۆییە ئیدی نابێ بڕۆی

ئازیزمانی و

خۆشمان دەوێی

تۆ شێری کۆی شعریت و

نەک بێکەس نیت

ئێمە هەموو

تێکڕا کەستین

لە مەیکەدەی

ڕۆشنگەریت

بە بادەی هزر و ڕامانت

بە پێکی پڕ وشەی جوانت

هەموو نەشئە و

سەر مەستین

زویر مەبە

خەفەت مەخۆ

لە دڵ مەگرە

ئێمەش وەک تۆ

لە قسەی ناکەس

توڕە و پەستین

ئومێد دەکەم

هەزار ساڵی دی بژی

تەندروست بی و هەرگیز نەمری

خوانەخاستە

گەر ڕۆژی کۆتاییش بێ

دڵنیابە

زۆرینەمان بەوەفاین و

خاوەن هەستین

نەک لە هەر پارکی ئازادی

بەڵکو لە پانتایی دڵمان

گڵکۆی بەشکۆت هەڵدەبەستین

برۆکسل .. بەلجیکا

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت