هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

مه‌سعود بارزانى: سه‌فیرى ئه‌مه‌ریكا پێى وتم له‌ دیاریكردنى كاتى ئه‌نجامدانى ربفراندۆم تووشى شۆك بووین‌و گله‌ییمان هه‌یه‌ له‌ دیاریكردنى ئه‌وكاته‌”.
قوباد تاڵه‌بانى: خه‌ڵك نانى هه‌یه‌ بیخوات درۆیه‌ ده‌ڵێن خه‌ڵك برسیه‌تى.
رۆژ نوورى شاوه‌یس: مه‌ترسى هه‌یه‌ له‌سه‌ر ڕێژه‌ى ده‌نگى نه‌خێرو به‌شدارنه‌بوونى هاوڵاتیان له‌ پرۆسه‌ى ریفراندۆمدا.
عه‌بدوڵا وه‌رتێ: ده‌ستێكى ناوخۆیی هه‌یه‌ دژى ریفراندۆم‌ كاریى له‌سه‌ر ده‌كات، بۆیه‌ ده‌بێت لیژنه‌كان هه‌بێت‌و وه‌ڵامیان بداته‌وه‌.
نه‌جمه‌دین كه‌ریم: له‌سه‌ركردایه‌تى‌و مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى یه‌ك كه‌س نه‌بووه‌ دژى ریفراندۆم بێت.
وشیار زێبارى: پێشنیارى كاركردنه‌وه‌ى په‌رله‌مان روون نییه‌و نازانرێت به‌چ میكانیزمێك كارا ده‌كرێته‌وه‌.

ئەمە له‌به‌شداربوویه‌كی ناو كۆبوونه‌وه‌كه‌وه‌كه‌ بۆ حزبه‌كه‌ی كردوه‌ بەڕاپۆرت، وه‌رگیراوه. له‌م راپۆرته‌دا، نیوه‌رۆكى قسه‌ى مه‌سعود بارزانى‌و نوێنه‌رى حیزبه‌ به‌شداره‌كانى یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى بالاى ریفرانۆدى خراوه‌ته‌ روو كه‌ له‌ به‌روارى 8-7-2017 له‌پیرمام ئه‌نجام دراوه‌.
له‌سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا مه‌سعود بارزانى باس له‌ هه‌ڵووێستى وه‌فدو نوێنه‌رایه‌تى ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌كات كه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕیفراندۆم بینیوونى‌و، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى رووداو و پێشهاته‌كانى پاش ئه‌و رۆژه‌ ده‌كات كه‌ بریارى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆمیان تێدا داوه‌و به‌ ئاماده‌بووانى كۆبوونه‌وه‌كه‌ ده‌ڵێت: كه‌ ئه‌وان پێشتر زانیویانه‌ وڵاتان بۆ ئه‌نجامدانى ریفراندۆم پشتیوانى له‌ كورد ناكه‌ن، بارزانى به‌ ئاماده‌بوان ده‌ڵێت: ئێمه‌ ده‌مانزانى كه‌ وڵاتان پشتگیریمان ناكه‌ن، نوێنه‌رى سكرتێرى یوئێنمان بینیوه‌، یه‌كێتى ئه‌وروپامان بینیوه‌، سه‌فیرى ئه‌مه‌ریكامان بینی، كونسوڵى حه‌وت وڵاتى عه‌ره‌بیمان بینى، نوێنه‌رانى یوئێن وتیان: دژى ریفراندۆم‌و سه‌ربه‌خۆیی نین، به‌ڵام ئێستا كاته‌كه‌ى گونجاو نییه‌، سه‌فیرى ئه‌مه‌ریكا پێى وتم: له‌ دیاریكردنى كاتى ئه‌نجامدانى ربفراندۆم تووشى شۆك بووین‌و گله‌ییمان هه‌یه‌ له‌ دیاریكردنى ئه‌وكاته‌.
وه‌كو مه‌سعود بارزانى به‌ به‌شداربووانى كۆبوونه‌كه‌ى وتووه‌، سه‌فیرى ئه‌مه‌ریكا وتوویه‌تى هێشتا پرسى داعش‌و شه‌ڕى داعش بۆ ئه‌وان جێگه‌ى مه‌ترسییه‌و هه‌ر بۆیه‌ كاتى ئه‌نجامدانى ریفراندۆم به‌گونجاو نازانن.
بارزانى ئه‌وه‌شى به‌ئاماده‌بوانى لیژنه‌ى باڵاى كۆمیته‌ى ریفراندۆم وتووه‌ كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ كونسوڵى وڵاتانى ئه‌وروپى پێیانووتووه‌ كه‌ كاتى ئه‌نجامدانى ریفراندۆم نییه‌و ئه‌و كاره‌ مه‌كه‌ن.
به‌پێى زانیارییه‌كانى سنور میدیا كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كى ناو كۆبوونه‌وه‌كه‌وه‌ ده‌ستى كه‌وتووه‌ مه‌سعود بارزانى وتوویه‌تى كه‌ سه‌باره‌ت به‌په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان كوردو حكومه‌تى عێراقى له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكییه‌كاندا قسه‌ى كردووه‌و بارزانى وتوویه‌تى: كه‌ به‌وانى وتووه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ سه‌باره‌ت به‌ ماده‌ى 140 ڕێكه‌وتین، به‌ڵام حكومه‌تى عێراق جێبه‌جێى نه‌كرد. ئێمه‌ ویستمان له‌هه‌ڵبژاردنى ساڵى 2009 به‌شدارى نه‌كه‌ین، به‌ڵام نوێنه‌ریان ناردو به‌ڵێنیانداو وتیان داخوازییه‌كانتان جێبه‌جێده‌كه‌ین‌و نه‌یان كرد. له‌ده‌ستورى عێراقدا بریار له‌سه‌ر مادده‌ى سه‌دو چل درا به‌ڵام حكومه‌تى عێراق جێبه‌جێى نه‌كرد، له‌هه‌ڵبژاردنى 2014ش وتمان به‌شداریناكه‌ین به‌ڵام جۆبایدن خۆى ته‌له‌فۆنى كردو به‌ڵێنى دا كه‌ داخوازییه‌كانى كورد جێبه‌جێده‌كرێت، به‌ڵام جارێكیتر جێبه‌جێى نه‌كرد.
به‌پێى زانیارییه‌كانى ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ مه‌سعود بارزانى زۆرتر قسه‌ى كردووه‌و به‌ئاماده‌بووانى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى وتووه‌ كه‌ ئه‌و به‌ئه‌مه‌ریكییه‌كانى وتووه‌ كه‌ خه‌ڵكى كوردستان ده‌نگ ده‌ده‌ن له‌گه‌ڵى ده‌بن یان نا، ئێمه‌ ریفراندۆم ئه‌نجام ده‌ده‌ین‌و دواتر له‌گه‌ڵ حكومه‌تى عێراقى گفتوگۆ ده‌كه‌ین، به‌دیلى ئه‌م وه‌زعه‌ شه‌ڕێكیترى خوێناوییه‌، ئایا ئێوه‌ وه‌ك ئه‌مه‌ریكا به‌دیلیى دیكه‌تان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكییه‌كان دیسان وتیان كته‌كه‌ى گونجاو نییه‌.
هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كانى ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ مه‌سعود بارزانى سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان خۆى‌و حه‌یده‌رعه‌بادى قسه‌ى كردووه‌و وتوویه‌تى كه‌ په‌یوه‌ندى نێوان من و عه‌بادى باشه‌، به‌ڵام ئه‌م پرسه‌ شه‌خسى نییه‌و په‌یوه‌ندى به‌میلله‌ته‌وه‌ هه‌یه‌و ره‌نگه‌ ماوه‌یه‌كی تر عه‌بادى نه‌مێنێت.

پاشتر مه‌سعود بارزانى سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵووێستى وڵاتانى عه‌ره‌بى‌و ئێران قسه‌ى كردووه‌و به‌ به‌شدارانى كۆمیته‌ى باڵاى ریفراندۆمى وتووه‌: یه‌ك وڵاتى عه‌ره‌بى نه‌بووه‌، كه‌ بڵێت: ئێمه‌ دژى ریفراندۆمین‌و نه‌یان وتووه‌ كه‌ نابێت ریفراندۆم ئه‌نجام بده‌ن، به‌ڵكو ئه‌وانیش قسه‌یان له‌سه‌ر كاتى ئه‌نجامدانى ریفراندۆم هه‌بوو، هه‌ڵوێستى ئێران هه‌ڵوێستێكى سه‌خیفانه‌یه‌، ئه‌وان هه‌روابوون، یه‌كه‌م ده‌وڵه‌تیش ده‌بن له‌كوردستان سه‌فاره‌ت بكه‌نه‌وه‌.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كه‌، یه‌كێك له‌به‌شداربووانى كربوونه‌وه‌كه‌ بووه‌ بارزانى ده‌رباره‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆران‌و كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مان به‌وانى وتووه‌ كه‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆران بۆ كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مان نایه‌ته‌ پێشه‌وه‌و ئاماده‌ نییه‌و بزوتنه‌وه‌ى گۆران به‌ڵێنى چوار ساڵ ئارامیشیان نه‌پاراستووه‌.
هه‌روه‌ها بارزانى وتووشیه‌تى: ئێمه‌ بۆچوونمان وابووه‌ كه‌ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان نه‌درێته‌وه‌ به‌ گۆڕان، به‌ڵام له‌به‌ر بارودۆخه‌كه‌و ئیحترامى یه‌كێتى موافه‌قه‌تمان كرد بدرێته‌وه‌ به‌گۆران، به‌ڵام ئه‌وان دیسان قبوڵى ناكه‌ن، ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان موه‌فه‌ق نه‌بوون، له‌خوله‌كانى پێشتووتر ڕێزى په‌رله‌مان ده‌گیرا، به‌ڵام ئه‌وه‌شیان تێكدا. دواتر وتمان یوسفیش بابێته‌وه‌، به‌ڵام دواى ماوه‌یەك گۆرانكارى بكرێت، زه‌مانه‌ت نییه‌ ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان كارا كرایه‌وه‌ هه‌مان هه‌ڵووێست دووباره‌ ناكه‌نه‌وه‌، ئیتر له‌گۆرانى قبوڵ ناكه‌ین هه‌رچییه‌كیان بووێت جێبه‌جێى بكه‌ین، من به‌قانوون هاتووم‌و به‌قانوونیش لاده‌چم.
دواتر بارزانى روو له‌ نوێنه‌رانى حیزبه‌كان ده‌كات‌و پێیان ده‌ڵێت: ئایا ئیلتیزامى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى حه‌وتى حوزه‌یران كه‌ بریارى ریفراندۆمى تێدا درا لاى ئێوه‌ ماوه‌، با بزانین كام حیزبه‌ له‌گه‌ڵ ریفراندۆم نییه‌، ئێمه‌ به‌ته‌نهاش بمێنینه‌وه‌ ریفراندۆم هه‌ر ده‌كه‌ین، هه‌ر كه‌سێك ئازاده‌ ده‌نگ نه‌دات به‌ ریفراندۆم به‌ڵام كێشه‌و هاندان دژى ریفراندۆم له‌كه‌س قبوڵ ناكه‌ین‌و ڕێگاى یاسایی ده‌گرینه‌به‌ر.
خه‌لیل ئیبراهیم نوێنه‌رى یه‌كگرتووى ئیسلامى له‌ لیژنه‌ى باڵاى ریفراندۆم له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسى له‌ ئاماده‌كارى بۆ سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌ى ریفراندرم كردووه‌و وتوویه‌تى باشكردنى بژێوى خه‌ڵك هۆكارى سه‌ره‌كى سه‌ركه‌وتنى ریفراندۆمه‌.
نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگارى كه‌ركووك‌و به‌شدارى له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ى لیژنه‌ى باڵاى ریفراندۆم له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا داوایكردووه‌ كه‌ كات زۆر كه‌مه‌و پێوویسته‌ په‌له‌ بكرێت‌و به‌خێرایی بریار بده‌ن‌و له‌گه‌ڵ كۆمیسیۆنیش كۆبوونه‌وه‌ بكرێت.
هه‌روه‌ها نه‌جمه‌دین كه‌ریم وتوویه‌تى: ئێمه‌ له‌كه‌ركووك كارمانكردووه‌و كۆمیسیۆنى به‌غدادم بانگكردووه‌ تا زانیارى ده‌نگده‌رانمان بۆ ئاماده‌ بكات، به‌ڵام ئه‌وان ترسیان هه‌یه‌ له‌ هاوكاریكردنمان چونكه‌ حكومه‌تى عێراق موحاسه‌به‌یان ده‌كات، ئێمه‌ رێگا له‌ ده‌نگده‌رانى توركمان‌و عه‌ره‌ب‌و كلدۆ ئاشورى ناگرین، به‌ڵام له‌و شوێنانه‌ى پێشمه‌رگه‌ى لێیه‌و ئێمه‌ باڵا ده‌ستین وه‌ك له‌ناو شارى كه‌ركوك‌و دوزو داقوق باشتر ده‌بێت له‌شوێنه‌كانیتر.
نه‌جمه‌دین كه‌ریم له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسى له‌ هه‌ڵووێستى ئه‌مه‌رییه‌كییه‌كان كردووه‌ كه‌ به‌ویان راگه‌یاندووه‌ كاتى ئه‌نجامدانى ریفراندۆم گونجاو نییه‌و ئه‌ویش پێیووتوون: ئه‌گه‌ر دوامان خست گه‌ره‌نتیمان ده‌ده‌نێ كه‌ پشتگیریمان بكه‌ن، به‌ڵام وه‌كو ئه‌و وتوویه‌تى به‌ڵێنیان نه‌داوه‌تێ.
عه‌بدوڵا وه‌رتێ كه‌ نوێنه‌رى بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامییه‌ له‌ لیژنه‌ى باڵاى ریفراندۆم‌و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌هێرشكردن بۆ سه‌ر ئه‌وانه‌ ده‌ستى پێكردووه‌ كه‌ نه‌یارى ئه‌نجامدانى ریفراندۆمن‌و وتوویه‌تى:” ده‌ستێكى ناوخۆیی هه‌یه‌ دژى ریفراندۆم‌و كارى له‌سه‌ر ده‌كات بۆیه‌ ده‌بێت لیژنه‌كان هه‌بێت‌و وه‌ڵامیان بداته‌وه‌، ئه‌و لایه‌نانه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانى ریفراندۆمدا نین زۆر دژایه‌تى ده‌كه‌ن”.
سادق جه‌بارى نوێنه‌رى حیزبى سۆسیالست پرسیارى ئه‌وه‌ى كردووه‌ كه‌ بۆچى وه‌فد دروستنه‌كرتو سه‌ردانى بزوتنه‌وه‌ى گۆران‌و كۆمه‌ڵ نه‌كراوه‌؟ نوێنه‌ره‌كه‌ى سۆسیالست له‌گه‌ڵ داواكردنى دروستكردنى لیژنه‌ى راگه‌یاندندا، ئه‌وه‌شى وتووه‌ كه‌ نه‌وه‌ى كۆن ئه‌گه‌ر نانیشى نه‌بێت بیخوا له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانى ریفراندۆمدایه‌، به‌ڵام نه‌وه‌ى نوێ هه‌ستى نیشتیمانییان لاوازه‌ بۆیه‌ زۆر دژى ریفراندۆمن.
محه‌مه‌د ئیلخانى، نوێنه‌رى توركمانه‌كان له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ باسى هه‌ڵووێستى حیزبه‌ توركمانه‌كانى به‌تایبه‌ت له‌شارى كه‌ركووك كردووه‌و به‌مجۆره‌ زانیارى داوه‌ته‌ به‌شداربوانى كۆبوونه‌وه‌كه‌، به‌وته‌ى ئه‌و توركمان وه‌ك پێكهاته‌و وه‌ك حیزبه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانى ریفراندۆمدان، ته‌نها كێشه‌مان له‌كه‌ركووك هه‌یه‌و ئه‌وانیش به‌مجۆره‌ دابه‌شبوون:.
توركمانه‌كان له‌گه‌ڵ حیزبه‌ كوردستانییه‌كانن، توركمانى به‌ره‌ى توركمانى هه‌ڵوێستیان ڕوونه‌و دژن، توركمانى شیعه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى سه‌ربه‌حكومه‌تى مه‌ركه‌زین دژن، توركمانه‌ بێلایه‌نه‌كانیش هه‌ن‌و ده‌بێت كاریان له‌سه‌ر بكه‌ین”.
به‌پێی زانیاره‌كانی ناو ڕاپۆرته‌كه‌ محه‌مه‌د ئیلخانى زۆر دژى به‌ره‌ى توركمانى قسه‌ى كردووه‌.
هه‌كار مه‌حمود نوێنه‌رى حیزبى كرێكاران‌و ره‌نجده‌رانى كوردستان خۆشحاڵى خۆى ده‌ربڕیوه‌ به‌وه‌ى كه‌وه‌فدى یه‌كێتى به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كه‌یان كردووه‌، چونكه‌ وه‌كو ئه‌و وتوویه‌تى باسى ئه‌وه‌ كراوه‌ كه‌ یه‌كیچتى به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كه‌ ناكات.
هه‌كار مه‌ترسى شكستى ریفراندۆمى له‌ سنورى یه‌كێتى ئاماژه‌ پێداوه‌و وتوویه‌تى: ئه‌گه‌ر پارتى‌و یه‌كێتى به‌جیدى كارنه‌كه‌ن، ریفراندۆم له‌سنورى یه‌كێتى توشى شكست ده‌بێت، چونكه‌ له‌دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى 7ى حوزه‌یران كه‌ناڵه‌كانى یه‌كێتى وه‌كو گۆران‌و كۆمه‌ڵ دژى ریفراندۆم وه‌ستانه‌وه‌”.
وشیار زێبارى له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا داواى بریاردانى كردووه‌و داواشیكردووه‌ كه‌ ئه‌نجومه‌نى باڵاى ریفراندۆم دیاریبكرێت‌و ئیعلان بكرێت”.
زێبارى وتووشیه‌تى كه‌ پێشنیارى كاركردنه‌وه‌ى په‌رله‌مان روون نییه‌و نازانرێت به‌چ میكانیزمێك كارا ده‌كرێته‌وه‌.
رۆژ نوورى شاوه‌یس، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى به‌باش‌و هیوابه‌خش ناوبردووه‌ مه‌ترسى خۆیشى خستۆته‌ روو له‌سه‌ر ڕێژه‌ى ده‌نگى نه‌خێرو به‌شدارنه‌بوونى هاوڵاتیان له‌ پرۆسه‌ى ریفراندۆمدا.
له‌پاش ئه‌وه‌ى سوپاسى مه‌سعود بارزانى كردووه‌ له‌پاى بانگهێشتكردنى بۆ كۆبوونه‌وه‌كه‌، قوباد تاڵه‌بانى به‌توندى وه‌ڵامى هه‌مار مه‌حمودى نوێنه‌رى حیزبى كرێكاران‌و ره‌نجده‌رانى داوه‌ته‌وه‌و وتوویه‌تى:” من وه‌كو یه‌كێتى دژى ئه‌وه‌م كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ باسى هه‌ڵووێستى یه‌كێتى بكرێت به‌رانبه‌ر مافى چاره‌نووس”.
قوباد تاڵه‌بانى وتووشییه‌تى راست نییه‌ كه‌ پرۆسه‌ى ریفراندۆم ببه‌ستینه‌وه‌ به‌ مووچه‌و بژێوى خه‌ڵكه‌وه‌، حیزبى شیوعى‌و یه‌كگرتووى ئیسلامى خه‌ڵكیان زۆر ته‌عین كردووه‌ بۆیه‌ مه‌ساریفى حكومه‌ت زۆر بووه‌” هه‌ڵبه‌ت وه‌كو سه‌رچاوه‌كه‌ وتى وه‌كو ته‌علیقێك له‌پارتى‌و یه‌كێتى ئه‌مه‌ى وتووه‌.
پاشان قوباد تاڵه‌بانى كه‌وتووه‌ته‌ به‌رگریكرن له‌حكومه‌ت‌و باسى ئه‌وى كردووه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م بارودۆخه‌ى به‌سه‌ر ئه‌واندا هاتوه‌ به‌سه‌ر هه‌ر حكومه‌تێكى تردا بهاتایه‌ ده‌رووخا.
جارێكیتر مه‌سعود بارزانى قسه‌ ده‌كاته‌وه‌و گه‌شبینى خۆى به‌رانبه‌ر كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئاماژه‌ پێده‌دات‌و ده‌ڵێت: من تێبینیم هه‌یه‌ له‌سه‌ر داواى چاره‌سه‌ركردنى بژێوى خه‌ڵك، ئه‌مه‌ى ئێوه‌ ده‌یڵێن ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ حكومه‌ت تواناى هه‌یه‌و نایكات، حكومه‌ت به‌ته‌واوى روونكردنه‌وه‌ى نه‌داوه‌ له‌سه‌ر بارودۆخى دارایی خۆیی‌و باشتره‌ ئه‌وه‌ روون بكرێته‌وه‌ كه‌ حكومه‌ت قه‌رزى كۆمپانیاكان ده‌داته‌وه‌، سیستمى پێدانى مووچه‌ به‌رز بوو، مووچه‌ى مامۆستا له‌سوریا 79 دۆلاره‌، ئێمه‌و یه‌كێتى هه‌ردوولامان بریارمان داوه‌ ئه‌م كاره‌ ئه‌نجام بده‌ین، یه‌كێتى كێشه‌ى خۆیه‌تى ئێستا چى ده‌ڵێن”
له‌پاش قسه‌كانى باوكى مه‌سرو بارزانی قسه‌ ده‌كات و ئاماژه‌ به‌ قسه‌ى ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵاى ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاى یه‌كێتى ده‌كات كه‌ وتوویه‌تى ئه‌وه‌ى به‌شدار ده‌بێت له‌ ئه‌نجومه‌نى باڵاى ریفراندۆم ئه‌وه‌ نوێنه‌رى یه‌كێتى نییه‌و راى خۆیه‌تى، له‌باره‌ى ئه‌م قسه‌یه‌ى ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵاوه‌، مه‌سرور بارزانى داواى روونكردنه‌وه‌ له‌ قوباد تاڵه‌بانى ده‌كات له‌سه‌ر به‌شداریكردنیان.
بۆ دووه‌مین جار قوباد تاڵه‌بانى دێته‌وه‌ قسه‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ناتوانێت له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا باسى قه‌یرانى دارایی بكات‌و باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ بۆ مووچه‌ حكومه‌ت پێوویستى به‌ 900 ملیار دینار هه‌یه‌، ناتوانین دابینى بكه‌ین چونكه‌ شیوعى‌و یه‌كگرتوو خه‌ڵكیان زۆر تاعین كردووه‌، هه‌ركه‌س بۆڵه‌ بۆڵى كردبێت مووچه‌ى بۆ زیاد كراوه‌، هه‌رچه‌ند قسه‌ بكه‌ین به‌ڵام قسه‌ى سۆران عومه‌رو عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح كاریگه‌رییان زیاتره‌، ته‌حه‌دا ده‌كه‌م هیچ وڵاتێكیتر نییه‌ بتوانێت به‌رگه‌ى ئه‌م وه‌زعه‌ى ئێمه‌ بگرێت، خه‌ڵك نانى هه‌یه‌ بیخوات درۆیه‌ ده‌ده‌ڵێن خه‌ڵك برسییه‌تى، ئایا 2011 بژێوى خه‌ڵك خراپ بوو كه‌ جاده‌ى سلێمانیان ده‌گرت‌و خۆپیشاندانیان ده‌كرد، من به‌ناوى یه‌كێتى‌و به‌ناوى حكومه‌ته‌وه‌ لێره‌م”.

دواجار نه‌جمه‌دین كه‌ریم ده‌ڵێت” له‌سه‌ركردایه‌تى‌و مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى یه‌ك كه‌س نه‌بووه‌ دژى ریفراندۆم بێت، ئه‌نجوومه‌نى ناوه‌ندیش ده‌نگى پێداوه‌.

س/ سنور مێدیا

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە