هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

سازدانى : توانا ئەمین
توانا ئەمین : ئەگەر زمان چەکێکى گرنگ بێت ، کەنوسەر لەبەرامبەر دەسەڵاتى مێژوودا پەناى بۆ دەبات ، ئەوا جوگرافیا چەکێکى دیکەیە ، گرنگى شوێن لەزەینى نوسەر و جێهێشتن و خۆگرتن لەشوێنەوە ، نوسینەوەى شوێن و هەڵاتن لێى ، مەنفاو یادەوەرى ، مەنفاو کارەکتەرى موسافیر ، موسافیرێکى نوسەر ، نوسەرێک کەلەناشوێندایەو شوێنیش دەنوسێتەوە ، نوسەرەکان و قەیرانى ونبوون لەمەنفا .
بۆ وەڵامدانەوەى پرسیارى پشت ئەم دێڕانە ، ئێمە سەرنجمان لەسەر یەک پرسیار تۆخکردەوە ، نوخبەیەک لەنوسەرانى کوردى مەنفانشینمان هەڵبژارد تا لەئەزمونى خۆیانەوە ، پەیوەندى نێوان تاراوگەو نوسەر بنوسنەوە ، ئەگەر ونبون بەشێکى گەورەى هەموو سەفەرێک بێت ، نوسەر جودا لەخەڵکى تر چەندێک لەو پشکەى بەردەکەوێ ؟ بەمانایەکى تر مەنفا بۆ نوسەرەکان چەندێک شوێنى خۆ دۆزینەوەیە ، چەندێکیش جێگاى ونبونە ؟
یوسف عزەدین : سەرەتا دەبێت راڤەى سەفەر بکەین و تاپێمان بکرێت لەبازنەى مانا باوەکەى بهێنینە دەرەوەو جارێکى تر پرسیار لەخودى سەفەر بکەین ، بەتایبەت بەدرێژایى زەمەنێک تێڕوانین و تەسەوورێک تاریفێکى شڵۆقى بۆ سەفەر کردووەو بۆتە مایەى جەنجاڵى و تێکەڵى .. کاتێک ئیبن بەتووتە – ى گەڕیدە بەدنیادا دەگەڕێت ، نەموسافیرەو نەکۆچبەر ، ناچارییەک لەدەسپێکى گەشتەکەیدا نابینرێتەوە هێندەى ئەوەى ئارەزوومەندانە وەک توریستێک حەز و ئارەزوویەکى شاراوەو پەنهان بۆ کەشف کردن و زانین دەبنە پاڵنەرى ، گەرچى زۆرجار بەحوکمى بەرەو پێش چوونى رووداوەکان و هاتنە پێشى ئەو پێشهاتەى کەحیسابى بۆ نەکردووە لەگەڕیدەوە دەبێتە کەسێکى نیشتەجێ یان هاوڵاتى شوێنێکى تر ، یان موسافیرى سەفەرێکى کورت .. تەنانەت لەزۆر کاتیشدا تەنها کەسێکى هەڵهاتووە لەمەترسییەکان .. هەرچەندە تاکۆتایى هەڵگرى رۆحى گەڕیدەیەکى سەرشێتەو رانەوەستانى بەتەواویى لەشوێنێکداو هەڵپەى بەردەوامى بۆ بینینى نەبینراوەکان و کەشف کردنى نەزانراوەکان ئەو پیاوە وەک گەڕیدە دەهێڵێتەوە .
بەڵام کاتێک دەڕوانیتە ( هەزار و یەک شەو ) ەوەو حیکایەتى سندباد دەخوێنینەوە سەیر دەکەین باس لەسەفەرەکانى ئەو زاتە دەکات ، چونکە سندباد تەنها وەک بازرگانێک و بەمەبەستى بازرگانى کردن و بەدەست هێنانى پارە رێگەى سەفەر دەگرێتەبەر ، گەرچى رێگەى حەوت سەفەرى سەیر و سەمەرەش دەگرێتەبەر و تەمەنێکى زۆرى خۆشى تێدا دەباتە سەر ، بەڵام بەوە نابێتە گەڕیدەو کەسیش وەک توریستێک تێى ناڕوانێت .
بۆیە لەو بەراوردکارییەدا دەبینین ، لایەنە زەینى و فیکرى و مەبەستى رێگە بڕینى کەسێک لەموسافیرەوە دەیکاتە گەشتیار یان بەپێچەوانەوە ، ئەمە جگە لەکۆچ و کۆچبەرى کەئەویش بۆخۆى دنیایەکى ترەو زۆر جیاوازە لەدوانەکەى تر . لەکاتێکدا قەرەجەکان تووشى فۆبیاى مانەوە بوون لەشوێنێکدا و لەترسى ئینتیماکردن بۆ جێگەو پانتاییەکى جوگرافى دیاریکراو ، هەردەم بەبآ گوێدانە باش و خراپى ئەو شوێنەى کەبۆى دەچن ، لەکۆچکردنێکى بەردەوامدان و کۆچکردنەکەشیان هیچ ئامانجێکى بەرچاوى ئەوتۆ لەخۆناگرێت ، جگە لەهەڵهاتن لەخودى کۆمەل و خەڵکانێک کەلەماوەیەکى زەمەنى دیاریکراودا لەدامێنى ژیان و ژیاریاندا ئیستێک دەکەن .
بەڵام کۆچکردنى ئەو کۆچەرییانەى کەبەشوێن ئاو و لەوەڕگاو شوێنێکى لەبار و گونجاودا دەگەڕێن جیاوازە لەکۆچکردنەکەى پێشوو ، واتە ئەوان بەناچارى بوونەتە کۆچەرى و گۆڕانکارییەکانى کەش و هەواو بوون و نەبوونى ئەوەى کەمەبەستیانە ناچارى کۆچکردنیان دەکات ، ئەگینا ئەگەر بۆیان بلوێت نیشتەجێ بوونیان مەتڵەبە .
لەکاتێکدا زۆرێک لەدەوڵەتەکانى دنیا ، ئێستاشى لەگەڵدا بێت بەدەست نیشتەجێکردنى قەرەجەکانەوە زەلالەتیانە ئەمە جگە لەوەى کەزۆر بەئاستەم بەکارکردن رادێن و تاپێیان بکرێت لەهەموو دیسپلینێک هەڵدێن .
یەکێک لەکۆچکردنە زۆر باوەکانى مێژووى مرۆڤایەتیش ئەو کۆچە زۆرەملێیانەیە کەگروپێکى ئیتنیکى یان دەستەو تاقم و تەنانەت زۆر جار میللەتێکى پێ ناچار دەکرێت تا زێدو شوێنى خۆى جێبهێڵێت و هەڵبێت .
بەو پێیەى کەلێرەدا تەنها وەڵامى پرسیارێکى دیاریکراو دەدەینەوە ، رەنگە نەکرێت بەتەواویى راڤەى هەموو چەمکەکانى دیکەش بکەین و وەک پێویست باسى لێوەبکەین ، ئەمە جگە لەوەى پرسیارەکە تایبەتە بەنوسەران جودا لەخەڵکى تر . هەر بۆیە لەوەڵامدا دەڵێم : کاتێک بەشوێن هۆکارى چوونە مەنفادا دەگەڕێین ، ئەوە بێگومان ناچارییەک لەو چوونەدا دەبینینەوە ، ئەگینا ئەگەر ناچارییەک لەچوونە مەنفادا نەبێت ، ئەوە مەنفا ماناى راستەقینەى خۆى لەدەست دەدات و دەبێتە شتێکى تر .
کاتێک ( سۆلژینیستین ) یەکێتى سۆڤێتى جاران لەزەمەنێکدا جێ دەهێڵێت ، وەک موسافیرێک سەفەر ناکات ، بەڵکو نەفى دەکرێت و بەناچارى زێدو شوێنى خۆى جێدەهێڵێت .
مەنفا و دابڕان بۆ نوسەرێکى وەک ئەو دەبێتە مایەى پێداچوونەوەو خوێندنەوەو گەڕانەوە بۆ ساتەوەختێکى مێژوویى ، تا لەدیدگەیەکى جیاواز و نامۆوە ، بڕوانێتە رووداوەکان و لەدوو توێى رۆمانى ( پێچکەى سوور ) دا ، دیوێکى نەزانراوى هەموو ئەو شتانە بخاتەڕووى کە لەزەمەنێکى دیاریکراوى وڵاتەکەیدا بەڕێوەچووە .
ئەمە لەکاتێکدا هەر خودى ئەو نوسەرە بەرانبەر بەدنیاى دەرەوەى وڵاتەکەى و چەشن و شێوەى سیستەمەکانیشى بێدەنگ نییە ، ئەو لەدیدگەیەکى راڤەکارى رەخنەییەوە لەساڵى (1978) دا لێکچەرێک پێشکەش بەزانکۆى هارڤەرد دەکات و راشکاوانە رەخنە لەخاڵە سلبییەکانى کۆمەڵى ئەمریکى دەگرێت . ئەم تەرحەى بووە مایەى ئەوەى کەبەئاشکرا زۆرێک لەنوسەران لەرۆژنامەکاندا وتار لەدژى بنوسن و داوا لەحکومەتى ئەمریکى بکەن کەمافى پەنابەرێتى لێ بسێنێتەوە .
لێرەدا بەتەواویى ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە کەنوسەرێکى زەین بارگاوى بەرەخنەو خوێندنەوەى دنیا ، لەهیچ جوگرافیاو شوێنێکدا پاسیف و دەستەوسان نابێت .. واتە هەروەک چۆن زێدى پێشووى جێى رەخنەو خوێندنەوەیە ، مەنفاش بەهەمان شێوە جێگەى باسەو هەرگیز نابێتە فیردەوس ، تا وەک ئەڵتەرناتیڤێک شوێنى دۆزەخەکەى پێشووى ئەو بگرێتەوە ، مەنفا لاى نوسەرێکى وەک سۆڵژینیستین ئامانج نییە ، بەڵکو مەنزڵگایەکە بۆ ئیدامەدان بەخوێندنەوەو نوسینەوەى راڤەکاریانەى ئەو دنیایەى کەبەناچارى جێى هێشتووە . بۆیە لەدیدگەى نوسەرێکى دنیابین و راڤەکارەوە ، مەنفا خەونێکى جوان و دنیابینییەکى ترانسپارێنت نییە ، دوا مەسکەن و مەنزڵگەى ئەو نییە ، شوێنى داسەکنینى رۆحى و سەقامگیربوونى بار و حاڵەتە دەروونییە شێواوەکانى ئەوێکى نەفیکراو نییە ، بەڵکو شوێن پێگەیەکە بۆ تێڕامانێکى نوێ و خوێندنەوەیەکى جدى ، ساتەوەختى بوونى ئەو لەمەنفادا ساتەوەختى نامۆبوونیەتى بەهەموو ئەو هەڵوێستانەى کە ئەوى لەزەمەنێکدا کردبێتە کەسێکى پاسیف و بێکردار .
جا ئیشکالەکە لەوەدایە ناکرێت بەگشتى باس لەنوسەران بکەین ، دەبێت پرسایرەکە چڕتر بکەینەوەو بەدیاریکراوى ئاماژە بەکۆمەڵێک لەو نوسەرانە بکەین کەلەدەرەوەى دنیاى جەهل و گەمژەیەتییەوە نوسینیان کردۆتە هۆکارى سەر و ژێرکردنى دنیایەک ناشرینى و دزێوى کەکەسانێک بەپڕکردنەوەى رۆژنامەو گۆڤار و لاپەڕەى کتێب و … تاد ،، پێیان وایە کردەى نوسینیان بەئەنجام گەیاندبێت ، لەکاتێکدا خودى ئەوانە تەنها عەریزەنوسن و لەجێى خوێندنەوەو تەئویل و راڤەکارى تەنها عەریزە بابەت و وتار و چیرۆکەکانى خۆیان دەنوسنەوە .
واتە گرنگ لەوەدایە کێیە ئەو نوسەرەى کەلەمەنفادا دەژى ، پێشتر خاوەن چ خەمێکى مەعریفى و هەڵگرى کامە دیدگەى رەخنەیى و راڤەکارى بووە ، لەکوێوە خوێندنەوەى بۆ کۆمەڵەکەى خۆى کردووەو جێگەو شوێنى پێشوى چى بووە ، تالەئێستادا بتوانین پرسیار لەونبوونى یان خۆدۆزینەوەى بکەین . ئەگەر نوسەرێک هەر لەسەرەتاوە بوونێکى جدى لەدنیاى نوسیندا نەبووبێت و لەدنیاى دزێویدا ونبووبێت ، کامە مەنفا دەبێتە هۆکارى خۆدۆزینەوەى ، رەنگە بۆ ئیدامەدان بەناوى خۆى سایتێکى شەڕەجوێن بکاتەوەو پێى وابێت بەتۆمەت بارانکردن و تەشهیرکردنى کەسانێک ، ئیدى ئەو بۆتە قارەمانێکى بێوێنە ، یان رەخنەگرو نوسەرێکى ناوازە ، لەکاتێکدا هەموو ئەمانە جگە لەبێدەسەڵاتى و بێتوانایى ئەو کەسانە زیاتر هیچى تر نییە . یان رەنگە ئاسایترین شێوازێکى مانەوەو بەردەوامى نوسەرانێکى چەقیو لەئاستێکى فیکرى و مەعریفیدا ، سەربارى ئەوەى کەلەمەنفاشدا ژیان ببەنە سەر ، جووینەوەو دووبارکردنەوەى کاڵ و کرچى نوسینەکانى پێشووى خۆیان بێت .
ئەمە جگە لەوەى کەمەرجیش نییە نوسەرێکى جدى تەنها بەچوونە مەنفا ، تواناى نوسینى جوانترین دەقى خۆى هەبێت ، یان نوسینى جوانترین وتارو … تاد .
ناکرێت سەرپێى وەڵامى پرسیارێکى وا ئاڵۆز بدرێتەوە ، بەتایبەت کەتایبەت بێت بەنووسەرى کورد ؟ ئەگەر نوسەرێک لەنێو خودى کۆمەڵەکەى خۆیدا لەزەمەنێکدا کەتێیدا ژیاوە ، هیچ خوێندنەوەیەکى بۆى نەبووبێت و بەڕۆشنى لێى حاڵى نەبووبێت ، دەبێت رۆشتن و دوورکەوتنەوەو چوونە مەنفاى چى لەمەسەلەکە بگۆڕێت !؟.
شایانى باسیشە گاڵتەجاڕییە گەر بڵێین بەناو نوسەرێک کەپێشتر لەدنیا حاڵى نییەو خاوەن مەعریفەو فیکرێکى رۆشن نییەو تابینەقاقاى نغرۆى تێڕوانینە دزێوو ناشرینەکانەو جگە لەرک و ئێرەیى هیچى ترى دەرحەق بەدنیا نییە ، بەڕێکەوت لەمەنفادا فانووسە سیحرییەکەى عەلادینى چنگ بکەوێت و پاش هاتنە دەرەوەى عیفریتەکەى ، داواى بەدەستهێنانى باڵەکانى مەعریفەو چاوى خوێندنەوەو وەچنگ کەوتنى توانستى راڤەکردنى دنیاى لێبکات و ئەویش بێ سێ و دوو هەموو ئەوەى پێبدات کەدەیەوێت ، لەکاتێکدا کەناشێت و نابێت نوسەرێکى لەو چەشنە داواکارییەکى لەو چەشنەى هەبێت .
ئەمە لەکاتێکدا کەنوسەریى زەین بارگاوى بەپرسیار ، پێویستى بەفانوسەکەى عەلادین و عیفریتەکەى نێویشى نییەو هەر خودى بینینى دنیایەکى جیاوازو نامۆبوونى و بردنە سەرى ژیان لەمەنفادا ، دژایەتییە نێوەکییەکانى دەگاتە ترۆپک و هەردەم لەنێوان دوالیزمى (ونبوون و خۆدۆزینەوە ) ، لەنێوان جەهلى خۆیى و مەعریفەى بەرامبەرەکەى ، هەوڵى تەماشاکردنى شتەکان دەدات و دواجار شوێن گۆڕکێ یان گۆڕانێکى فیکرى و زەینى لادروست دەکات و دەبێتە مایەى هەڵوێستەیەکى نوێ و جودا ، کەبۆخۆى قسەو راڤەى نوێ لەخۆ دەگرێت .
ئەگەر بڕوانینە بەرهەمى زۆرێک لەو نوسەرانەى کەلەترسى نازیزمى ئەڵمانى و جەنگ هەڵهاتوون و مەنفایان کردۆتە شوێنجێگەى مانەوەیان ، دەبینین تەنها هەندێکیان توانیویانە لەدیدگەیەکى جیاواز و جوداو لەمیانى ئیغتیراب بوونیانەوە ، بەهەموو ئەوەى کەهەبووە ، خوێندنەوەیەکى نوێ بخەنەڕوو و دەقێکى جیاواز بنوسنەوە .
لەکاتێکدا ( گۆنتەر گراس ) ێکى نازى ، تابەدیل گرتنیشى لەلایەن ئەمریکییەکانەوە لەنێو گەرمەى رووداوەکاندا بووەو خۆى گوتەنى : ( تا کۆتایى پێموابوو ئێمە لەجەنگەکەماندا لەسەر حەقین ) .
بەڵام پاش ئازادبوونى لەساڵى ( 1946 ) دا ، بەهەموو ئەو رابردووەدا دەچێتەوە کەلەزەینیدا جێى خۆى کردۆتەوەو پێشتر پێى ئاسایى بووە . ئیدى ئەو تێڕامان و لێخوردبوونەوەى بۆ هەموو ئەوەى کەڕوویداوە سەرسام و نامۆى دەکات و دەبێتە مایەى خوێندنەوەو راڤەیەکى نوآ ، کە لەرۆمانى ( دەهۆڵى تەنەکە ) دا بەتەوایى بەرجەستە دەبێت و بەشێوەیەکى ناوازە کار لەسەر کەشفکردنى نەزانراوەکانى پێش جەنگ و دواى جەنگدا دەکات و کەم نوسەرى ترى ئەڵمانى – ش هەیە وەک ئەو توانیبێتى تاوتوێى مێژوویەکى بەسەرچوو و ئایندەیەکى نەزانراو و بێ ئاسۆ بکات .
گۆنتەر گراس لەساتەوەختێکدا دەستبەردارى جەهلى خۆى دەبێت و بەمەعریفەى بەرانبەرەکەى دەڕوانێتە خۆى ، لەنێوان دوالیزمى ( ونبوون و خۆدۆزینەوە ) دا لەجێى ونبوون خۆى دەدۆزێتەوە ، لەکاتێکدا ئەگەر گەمژەیەک ببووایە مەحاڵ بوو هەموو ئەوەى کەپێشتر و دواتر دەیبینێ و دەیبیستێ ، هیچى تێدا بگۆڕێت و ببێتە مایەى پرسیارکرنى .
کەمێکن ئەو نوسەرانەى کەدەتوانن بوێرانە لەمیانى ئامادەباشى یادەوەرییەکانیانەوە خۆیان لەقەرەى راڤەکردنى رابردوو بدەن و جیاواز لەوەى مێژوونوسان دەینوسن ، لەنێو قوڵایى پەنهان و نهێنییەکانى هەموو ئەوەى کەڕوویداوە شتێکى نوێ هەڵبهێنجن .
لێرەدا دەبێت ئەو راستیەش بخەینەڕوو کەچۆن ناچارى نوسەرێک رەوانەى مەنفا دەکات ، ئاواش نەمانى ئەو ناچارییە دەبێت رێگەى هاتنەوەى پێبگرێتە بەر . ئەمە لەکاتێکدا سەبارەت بەکۆچبەرێکى ئاسایى وانییە ، چونکە ئەو بەمەبەستى باشکردنى ژیانى رووى کردۆتە شوێنێکى ترى دنیاو جگە لەدەستکەوتى مادى و باشکردنى بارى ئابوورى خۆى ، هیچ تێڕوانینێکى ترى نییە بۆ ئە شوێنەى کەتێیدا دەژى . واتە ئەو شوێنە بۆ ئەو مەنفا نییەو ئەویش نەفیکراوێک نییە ، ئەوى کرێکار لەکوێدا هێزى بازووى پارەیەکى زیاتر بکات ، لەوێدا هەوڵى مانەوە دەدات و دنیا لاى ئەو کارگەیەکى بەرهەمهێنانەو شوێن یان رابردوو و یادەوەرییەکان ، هیچ مانایەکى نییەو ئەگەر ناچاریش نەبێت گەڕانەوەى بۆ شوێنى یەکەمجارى لەبەرنامەیدا نییە .
بەڵام کەباس دێتە سەر نوسەران مەسەلەکە دەگۆڕێت گەرچى بەناچارى دەبێتە کرێکارى یەکێک لەکارگەو شوێنەکان ، بەڵام لەناخەوە هەر ئەو کائینەى پێشووەو هەموو پەل هاویشتنێکى بۆ بەدەستهێنانى بژێوى هێندەى تر دڕدۆنگ و نامۆى دەکات و دەیان پرسیارى نوێى لادروست دەکات . لەکاتێکدا ئەم حاڵەتە لاى کۆچبەرە ئاساییەکە کەبۆتە کرێکار جیاوازە . لێرەدا نمونەیەکى سەیرم بیر دەکەوێتەوە کەجێى پێکەنینە ، کاتێک کەناڵێکى تەلەڤزیۆن-ى ئەڵمانى چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ کرێکارێکى تورکدا ئەنجامدا کەبۆ ماوەى بیست ساڵ شەقامێکى لەوێ پاک دەکردەوە ، پاش ئەوەى حاڵ و ئەحواڵیان پرسى و زانیان زۆر بەختەوەرە بەکارەکەى و هیچ گرفتێکى نییە و لەسایەى ئەو پارەیەى کەلەئەڵمانیا بەدەستى هێناوە بۆتە خاوەنى زۆر شت لەوڵاتەکەیدا ، سپیکەرەکە هەر سوور بوو لەسەر ئەوەى شتێکى سەیر لاى ئەو پیاوە بدۆزێتەوە ، چونکە نەدەکرا ئەو پیاوە هیچ کێشەیەکى نەبێت ، ئیدى پاش بگرەو بەردەیەکى زۆر کابراى کرێکار دانى بەوەدانا ، کەکێشەى ئەو ئەو هەموو ئەڵمانییەیە کەلەو شارەدا هەن ، تەسەوورێکى سەیرە هەر دەڵێى ئەو پیاوە لەوڵاتێکى تردا نییەو هێشتاکە لەنێو یەکێک لەشارەکانى تورکیادا شەقام گسک دەدات ، هەر بۆیە بەژمارەى زۆرى ئەڵمانییەکان نیگەرانە . ناکرێت نەدەیتە قاقاى پێکەنین ، سەربارى ئەو کێشە سەیرەى کەلەئیدراکى ئەو کرێکارە سادەو ساکارەدا هەیە ، ئەمە حیکایەتێکى پڕ حوزن و تراژیدى کرێکارێکى کۆچبەرە ، کەهێشتاکە لەدنیاى پێشووى خۆى نەهاتۆتە دەرێ و تەنانەت بەچەشنێک لەچەشنەکان پرسیاریشى هەیە . ئیدى بۆ دەبێت زۆرێک لەنوسەرانى ئێمە ، تائێستا نەیانتوانیبێت ، پرسیارێکى لەو چەشنەش لەدەقەکانیاندا بخەنەڕوو، تۆبڵێى سایکۆلۆژییەتى مرۆڤى کورد لەسەرجەم مرۆڤەکانى تر جیاواز بێت ؟ یاخود مەنفا لاى ئەو تەنها قاوغى ئەو لوولپێچە بێت ، کەدەبێت کرمۆکەى هزرو بیرى بێ پرسیارى خۆى تێدا قەتیس بکات و لەپشت پانتایى جوگرافى مەنفاوە خۆیمان لێبکاتە نوسەرى مەنفا ، دەبینین هەن دەیانەوێت بەزۆر هالەیەک بۆخۆیان دروست بکەن و ونبونیان لەزێدى پێشینەى خۆیان بکەنە جوانى لامان ، تا ناشرینى بیرو هزرو پرسیارنەکردنى خۆیمان لابسڕێتەوە .
بۆیە دەتوانین بڵێین ون بوون و خۆدۆزینەوەى نوسەر کارێک نییە تەنها لەمەنفادا ئێخەى پێبگرێت ، بەڵکو لەهەموو ئان و ساتێکدا نوسەر لەمابەینى ئەو دوو چەمکەدا ، دەبێت لەبگرەو بەردەى بەردوامدا بێت ، ئەمە جگە لەوەى دنیاى ئەنفۆرماتیک و میکرۆڤیزیۆنى ئەمڕۆ ، مەنفاى لەمانا تەقلیدییەکەى خۆى بردۆتە دەرەوەو چەشن و شێوەى دابڕانەکەى گۆڕیوە .
ئیدى مەنفا بورجێکى عاسى نییە ، کەبەئاستەم نەیارانى کەسى نەفیکراو پێى بگەن ، یان دنیایەکى داخراو نییە ، تاخەڵکى ولاتى پێشووى نوسەر بێئاگابن لەهەواڵەکانى ، بەهەمان شێوەش نوسەرى نێو مەنفاش بێئاگا نییە لەهەموو کەین و بەینى وڵاتەکەى پێشووى خۆى !؟. هەربۆیە پێش ئەوەى سەیر و سەمەرەیى لەمەنفا یان وڵاتى پێشووى نوسەردا هەبێت ، دنیا هەر هەمووى بۆتە شتێک سەیر و سەمەرەو ترسناک . ئەگەر خۆى لەناشرینییەکانى وڵاتەکەى خۆى هەڵهاتبێت ئەوە بەچەشنێکى تر مەنفا دەیان ناشرینى ترى پێشکەش دەکات ، ئەگەر پێى وابێت لەکۆمەڵێکى داخراوەوە روویکردۆتە کۆمەڵێکى کراوە ، ئەوە بەچاوى خۆى هەوڵى ئەو هێزانە دەبینێت کەدەیانەوێت دەرکەکانى ئەوێش دابخەن .
ئەگەر بۆ جارێک بێت بەخەیاڵیداو پێى وابێت تێکەڵ کولتوور و شارستانیەتى کۆمەڵێکى تر بووە ، ئەوە دەیان جار دەگاتە ئەو راستیەى کەئەو تەنها لەپەراوێزى دنیاى ئەواندا هەڵدەسووڕێت .
نازانم بە چ ئەقڵیەتێکەوە کەسانێک پێیان وایە کەبتوانن ببن بەوان ، لەکاتێکدا ( ژاک دریدا ) یەک تەنها لەبەر ئەوەى بەڕەگەز جولەکەیە ، نەیتوانیوە لەنێو کولتوورى رۆژئاوادا بتوێتەوە و هەمیشە لەنێو مێژوو و رابردووى خۆیدا ماوەتەوە و راشکاوانە گوتویەتى : ( ئێمە هەموومان مارانۆین ) واتە هێشتا هەڵگرى خەسڵەتەکانى خۆمانین و لەنێو کولتوورى بەرانبەردا نەتواوینەتەوە ، چونکە دیارە هەر خودى رۆژئاوا هەموو ئەو جولەکانەى بەمارانۆ ناودێرکردووە ، کەلەڕووکەشدا بوونەتە مەسیحى و لەنێوەوەڕا هەر جولەکە بەرازنەخۆرەکان بوون .
لەکۆتایشدا جەخت دەکەمە سەر ئەوەى کەوەڵامدانەوەى پرسیارى ( ونبوون و خۆدۆزینەوە ) ى نوسەران لەمەنفادا ، پانتایى و مەودایەکى فراوانترى راڤەکارى پێویستە و ناکرێت لەم دەرفەتەدا بەتەواویى تاوتوێمان کردبێت ، ئەوەى کەگوتومانە تەنها هەوڵدانێکە بۆ ورووژاندنى هەندێک نەگوتراو .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.