هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

تێبینی / منیش وەک لاوک کونجــرینی شایەتحاڵێكی ئەو شەڕەم  ، هەرچەندە بەشداربووی تەواوی شەڕەکە نەبووم . بەڵام ناتوانرێت وەک کاک شەماڵ  ” ئاماژەی پێدەدات بەوشەڕە بووترێت قەسابخانە  ، چونکە  بەداخەوە ئەوانەی لەو شەرەدا کوژران  ، لەشەڕی بەرامبەرو سەنگەردا کۆتایی بەژیانیان هات ، گەر قەسابخانە بوویایە ، ئەوا 127 دیلەکەی تریش ، کەلەناویاندا کاک مەلا ئەحمەد بانیخێڵانی  و کاک  کەریم ئەحمەد ، کەدوو سەرکردەی ناوداری ناوحیزبی شوعی بوون  ڕەحمیان پێ نەدەکراو ئەوانێش کۆتاییان بەژیانیان دەهات و بەوشێوەیە بەڕێزو حورمەتەوە ئازاد نەدەکران …

( پشتئاشان ) لەگێرانەوەی شایەدحالێک …!!

( مستەفای حەسەنە گەورە – ئاداری ١٩٨٣)

ئامادەکردنی / شەماڵ عادل سەلیم

ئەستەمە بروا کردن بە هەندێک ڕووداو و بەسەرهات و گێرانەوە ، بەلام کاتێک ئەم بەسەرهاتانە لە زاری شایەدحالێک و بەشداربوویەکی زیندووی رووداوەکە دەبیستی ، ناچاری باوەڕ بکەی و بە پشت قایمیەوە قسەکانی بۆ مێژوو تۆمار بکەیت ……

بەڵێ ، ئێمە هەتا ئەمرۆ تەنها لەدەمی سەرکردەو پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی عیراق قەسابخانەی ( پشتئاشان) مان بیستووە و ڕووداوو بەسەرهاتە خوێناویەکەشی بەتێرو تەسەڵی خراوەتە بەر باس و لێکۆڵینەوە ، بەواتەیەکی تر گێڕانەوە و هەڵسەنگاندنی شەرەکەو و رووداوە خوێناویەکەی( پشتئاشان ) تەنها یەک لایەنە بووە و لە بازنەیەکی تەسکی داخراو ,و تەنها لەنێوان پێشمەرگەو سەرکردەکانی حزبی شیوعی و کەسوکاری قوربانیان ماوەتەوە !!.

بەڵام ئەم جارە ، جیا لەجارەکانی دیکە …، لەم دیمانەیەدا کاک ( مستەفای حەسەنە گەورە ) ، پێشمەرگەیەکی دێرینی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) وەک شایەدحاڵێکی زیندووی بەسەرهاتەکە ، زۆر بوێرانە و بەئەمانەتەوە باسی قەسابخانەی ( پشتئاشان ) مان بۆ دەکات ، کە بەوهیوایەم ئەو ئازایەتیەی کاک (مستەفا ) ببێتە هاندەرێک بۆ شکاندنی دیواری بێدەنگی و پەردەڕاماڵین لەسەر ئەم رووداوە خوێناویە تۆزلێنیشتوەی کە تا ئەمرۆش ئاسەواری بەجەستەی حزبی شیوعی عێراق باش دیارە ، برینە قوڵەکانیشی قەتماغەیان نەکردووەو وتا ئەمرۆش خوێنیان لێ دەچۆڕێ ………….!!

کاک ( مستەفای حەسەنە گەورە) ، نووسەر و چاڵاک لەبواری بەجینۆساید ناساندنی )هەڵەبجە و ئەنفال(

، لە دیمانەیەکی تۆمار کراودا کە نەواری (کاسێت ) لە ئەرشیفی ( کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی حزبی شیوعی عیراق پارێزراوە ) ، زۆر بوێرانەو ڕاستگۆیانە قۆڵی لێهەڵماڵیووەو وەک بەشداربووی شەڕی براکوژی نەخوازراو ، و پێشمەرگەی مەڵبەندی( ٣ )ی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ،و شایەدحاڵێکی زیندووی قەسباخانەی (پشتئاشان )، بە جورئەت و بەگیانێکی لێپرسراوەتیەوە ، باس لە قەسابخانەی (پشتئاشان) و ڕووداوەکانی ئەم کارەساتە لەبیرنەکراوە دەکات و زۆربەی سەرنج و تێبینی یەکانی خۆی دەخاتە ڕوو ، بوێرانەش وەک بەشداربووەکی ئەم شەڕە نەگریسە داوای لێبوردن لەکەسوکاری قوربانیان دەکات …….!

گفتوگۆ / شەماڵ عادل سەلیم

* شەماڵ عادل سەلیم : کاک (مسەفای حەسەنە گەورە )، هەروەک جەنابت لە نووسینێکت ئاماژەت بەوەکردەوە و دەڵێێ : (پشتئاشان) بەپێی زۆری ژمارەی قوربانیانی ، گەورەترین شەڕوپێکدادانی سەردەمی شاخ بوو ، دەکرێ جەنابت زیاترو روون تر باسی ئەم کارەساتە خوێناویە بکەیت وەک بەشداربوو وشایەدحاڵێک ؟

مستەفای حەسەنە گەورە : سوپاستان دەکەم و هەوڵدەدەم بەوپەڕی ڕاستگۆیی و ئەمانەتەوە ئەم کارەساتە بگێرمەوە ، وەک شایەدحاڵێک و بەشداربوویەک ، چونکە هەروەک هەموولایەک دەزانین ، پشتئاشان ، مێژوویەکی خوێناوییەو دەبێت بە راستگۆییەوە باسی بکەین و ، هەر هەمووشمان بیزانیین و هەوڵی ئەوەش بدەین کە جارێکی تر ئەم جۆرە کارەساتانە دووبارە نەبنەوە …..!!

لێرەدا دەبێ ئەوش بڵێم کە من بۆ گێرانەوەی ئەم ڕووداوانە پشت بە بیرەوەریە تۆمارکراوەکانی نێو دەفتەری پێشمەرگایەتیم دەبەستم ، ئەو دەفتەرەی کە ڕووداوەکانم تێدا تۆمارکردووەو لەکاتی بینینیاندا ……!

بابێمەوە سەر ئەسڵی مەبەست و وەڵامی پرسیارەکەت بدەمەوە :

بەهاری ساڵی ١٩٨٣ بوو، ئەوکات من پێشمەرگەی مەڵبەندی ( ٣ ) ی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووم ، تەمەنم ٢١ سالی بوو ، لە ١٨ نیسان ی هەمان ساڵ ، من و کاک (ئیبراهیم جەلال) و شەهید (مستەفا سوڵتانەیی) و کاک (ئیسماعیلی وەرتێ) لە مەڵبەندەوە بەرەو ( دۆڵی خانەقا ) بەڕێ کەوتین .

هەرکە گەیشتینە شوێنی دیاری کراو ، سەردانی کۆمەڵێک بەرپرس و دۆست و هەوادارانی خۆمانمان کرد ، لەوانە فەرماندەی تیپی( ١٢ )ی سۆران کە ئەوکات شەهید (حەسەن کوێستان)ی بوو ، هەروەها کاک (قادر خەبات) کە ئەوکات سەرتیپی( ٧٤) ی باڵەک بوو . دوای چەند دەرچون و سەردانێک ، شەوگەڕاینەوە کەرتی ڕێکخستنی (چۆمان) …

لێرەدا بەڕاشکاوی دەمەوێ ئەوەبڵێم کە ئەم گەڕان و سوڕانەی ئەم جارەم ، و ئەوگفتووگۆ گەرم و توندەی کە لەنێوان بەرپرسی کەرتی رێکخستنی چۆمان و کاک ( ئیبراهیم جەڵال ) هاتەئاراوە ، زۆر پرسیارو بابەتگەڵێکی جدی لەلای منی پێشمەرگەیەکی تازە پێگەیشتوو و کەم ئەزموون دروست کرد ، یەکەم جار بوو کە ئەم قسەو و ڕەخنانە ببیسم کە ئاراستەی کاک (ئیبراهیم )دەکرا . هەربۆمێژوو دەمەوێ لێرەدا ئاماژە بە کۆی قسەکانی بەرپرسی رێکخستنی چۆمان بکەم ، بەرێزیان زۆر بەدڵ گەرمیەوە قسەکانی دەکردوودەیگووت : ئێمەی ئەندامانی کۆمەڵەی ڕەنجدەران بە پرەنسیپێکی جوان و رێک و پێک و لەچوارچێوەی پەیرەوی ناوەخۆی کۆمەڵە پەروەردە کراوین لە رێکخستنەکانی شار، بەڵام کەدێینە شاخ ، شتێکی تر و دنیایەکی جیاوازی تردەبینیین کە عەرزو ئاسمان لێک جیاوازن …….!!

هەتا دەهات گفتووگۆکە توندتر دەبوو و رەخنەکانیش زیاتر دەبوون ، بۆ ئەوەی ئێمەی پێشمەرگەی ئاسایی چی تر گۆێ بیستی ئەم بۆچوون و ڕەخنەو و گلەییانە نەبیین ، هەردوولا بریاریاندا کە بچنە ژورێکی تر، بۆ تەواکردنی قسەو باسەکانیان …….!!

ئەوبوو ئەوشەوە هەر لەوێ ماینەوەو ، لێرەدا دەمەوێ ئەوش بڵێم کە بۆمنی پێشمەرگەی ئاسایی بەئاشکرا دەرکەوت کە خەڵکانێک هەن لە ریزی یەکێتی ناڕازین لە سیاسەت و هەڵسووکەوتی حزبەکەیان ، بوێرانەش قسەدەکەن و رەخنە دەگرن ….. !!

بۆ بەیانی سەردانی چەند شوێنێکی ترمان کردوو و لەرێگای گەڕانەوەمان بۆ( وەرتێ )، لەکاک ( ئیبراهیم ) م پرسی ، ئەم سەردانەمان بۆ ئەم شوێنانە چی بوو ؟ لەوەڵامدا کاک ( ئیبراهیم ) بەراستگۆیی وەڵامی دامەوەو گوتی : لە ماوەیەکی کەمدا شەڕێکی گەورە لێرەدا بەرپا دەبێت ، بەڵام لای کەس باس مەکە ….!! ئەوش ئەوە دەسەلمێنێت ، کە (سەرکردایەتی یەکێتی پڵانی شەڕی پێشتر دانابوو) … !!

ئەم هەواڵە وێرای ئەوەی کە بۆ من شتێکی نوێ بوو، زۆریش پرسیاری لا دروست کردم و بەڵام من هیچم نەپرسی و تەنها بێدەنگ بووم ….

دەنگی دەهۆڵی شەڕ تا دەهات نزیک تر دەبوەوە ، ئەوبوو لە رۆژی ٢٦ ی نیسان جارێکی تر بریادارا کە سەردانی ( دۆڵی خانەقا ) بکەینەوە ….

لە ٢٨ نیسان ، هەواڵی گیرانی بارەگای مەڵبەندی (چوار)مان لە بالیسان لەلایەن پێشمەرگەکانی بەرەی ( جود) و حزبی شیوعی عیراق پێگەیشت ، کە بەراستی ئەم هەواڵە چاوەڕوان نەکراوە هەرهەموومانی ناڕەحەت و بێ ئۆقرە کرد ، دەبێ ئەوش بلێم ، کە هەتا ئەوکات یەکێتی بڕیاری شەڕی دژ بە ( حزبی شیوعی عیراق ) نەدابوو .

بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستیەش ، تەنها پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی بۆیان هەبوو بەئاسانی هاتۆچۆبکەن و بێنە (دۆڵی خانەقا )و ناوچەکانی تر کە هێزی ئێمەی لێ بوو ، بەپێچەوانەی چەکداری لایەنەکانی تر ، کە یەکسەر چەک دەکران …. !!

رۆژی (٢٧ ) نیسان ، ئەو رۆژە بوو کە (بێ تەلەکەی) مەلبەندی( ٣ ) لەکار کەوت ، هەروەها مەلبەندی (٤ )یشمان گیرابوو ، ئەوە بوە هۆی ئەوەی کە ئەم دوومەڵبەندە پەیوەندیان بە سەرکردایەتییەوە نەمێنێ ….

تەنها ئەوەندەمان دەزانی کە هێزێکی گەورە لە سەرکردایەتیەوە جولێنرابوو بەرەو ( بناری قەندیل و دۆڵی قەڵاتووکان و رەزگەو ئاشقۆڵکە ) بۆ لێدانی ( حشع و پاسۆک و سۆسیالست ) .

هەر لەم ساتەدا ، کاک ( ئیبراهیم جەلال ) ، داوای لە شەهید ( محەمەدی حەسەنە گەورە) ی برام کرد ، کە هەرچی زووە خۆی بگەێنێتە سەرکردایەتی و جیهازی بێ تەل بهێنێت و تا پەیوەندیەکان دروست ببنەوە …

هەربۆ ئەم کارە من و ( شەهید محەمەد و شەهید حەسەنی ئامۆزام ) بەرەو ( دۆڵی پڵینگان ) بەڕێکەوتین ، من بەهۆی نەخۆشکەوتنم لە رێگا لە (دۆڵێ) مامەوەو ، (شەهید محەمەد و شەهید حەسەنی ئامۆزام) لەرێگای دەربەندی ( ڕانیەو دەشتی بۆسکێن و بەستەستێن )خۆیان گەیاندە سەرکردایەتی و لەوێ چاویان بە (ملازم عومەر) کەوتبوو ، داوای جیهازیان لێ کردبوو بۆ مەڵبەندی( ٣ ) ، بەڵام لەوکاتەدا بەهۆی تۆپبارانی ریژێم بەعس بۆ ناوچەی( قەڵا تۆکان )، ئەوهێزەی کە جولێنرابوو بەرو ( پشتئاشان ) بەر ئەو هێرشە کەوتبوو و ببووە هۆی شەهید بوونی چەند پێشمەرگەو لەناچونی جیهازەکەیان ، بۆیە سەرکردایەتی بریاری دا لەبری ناردنی جیهازەکە بۆ مەلبەندی( ٣) ، بە شەهید محەمەدی برام بینێرێت بۆ کاک نەوشێروان مستەفا ، کە سەرپەرشتی هێزەکەی دەکرد ..

شەهید (محەمەد)ی برام ئەو کات بەرپرسی کەرت بوو ، کەسێکی چوست و زیرەک بوو لە هەمووبوارەکان ، لەهەمان کاتیش دژی شەڕی براکوژی بوو ، هەربۆیە بە (ملازم عومەر)ی گوتبوو ، من ئەم کارە ئەنجام دەدەم ، بەڵام بەهیچ شێوەیەک بەشداری شەڕ ناکەم ، من نەهاتووم بۆ کوشتنی پێشمەرگە …!!.

دەبێ لێرەدا ئەوش بڵێم ، کە یەکێک لە سیفاتە هەرەجوانەکانی شەهید (محەمەد) ئەوە بوو کە هەمیشە دەیگووت من شەڕی پێشمەرگەی لایەنەکانی تر ناکەم ، من هاتووم بۆ جاش کوشتن و بەعسی کوشتن ……. !!

هەرلەوسەروبەندەدا ، ئێزگەی دەنگی گەلی کوردستان بروسکە نامەیەکی بڵاوکردەوە و چەند جارێکیش دوبارەی دەکردەوەو دەیگووت : ( داوا لەو پێشمەرگانە دەکەین کە لەگەڵ هەڤاڵ محەمەدی حەسەنە گەورەن بگەرێنەوە شوێنی خۆیان ) ، من لەگەڵ بیستنی ئەم بروسکە نامەیە ، خێرا خۆم گەیاندە بارەگای مەڵبەند لە (وەرتێ ) ، کە گەیشتمەوە مەڵبەند بینیم مەڵبەند چۆڵە و کەسی لێ نییە ، پرسیارم کردوو گوتم چیەو چی قوەماوە ؟ گوتیان بارەگای مەڵبەند بۆ سەرپەرشتی شەر گواستراوەتەوە بۆ ( دۆڵی خانەقا ) ، ئیتر ئێمەش بۆ بەیانی بەرێکەوتین بۆ دۆڵی خانەقا .

رۆژ دوای رۆژ شەڕ تووندترو خوێناوی تر دەبوو ، هێزی سەرکردایەتی بە سەرپەرشتی کاک ( نەوشێروان مستەفا ) لە لایەک و تیپەکانی مەڵبەندی ( ٣ ) لە لایەکی تر پەلاماری ( پشتئاشان) یان دا ، دەبێ لێرەدا ئەوەش بۆ مێژوو بڵێم کە، هێزەکانی مەڵبەندی( ٣ )کەمترین ڕووبەڕووبوونەوەیان توش بوو، زۆرترین دیلەکانی شەڕیش هی ئێمە بوون ، بەپێچەوانەی هێزەکەی سەرکردایەتیمان کە پێشمەرگەی گەرمیان پشدەروو کۆیەی لەگەڵ بوو ،کە بەراستی توڕەبوون و بۆ تۆڵە سەندنەوە هاتبوون ….

ڕۆژی( ٤) ی ئایار هەواڵێکمان بۆ هات و گوتیان ، هێزێکمان لە (زینوی سەڵان )کە کەوتۆتە نێوان چیای (کارۆخ وهەندرێن )، لەلایەن هێزەکانی (حزبی شیوعی و زەحمەتکێشان) ئابلۆقەدراون ، هەربۆ ئەم مەبەستە ( من وسەید ئەحمەد و شۆڕش کۆیی )و چەند پێشمەرگەیەکی تری مەڵبەندی( ٣ )بەروە گوندی (دەرگەڵە) کە کەوتۆتە پشت ( زینوی سەڵان ) کەوتینە ڕێ ، لەکاتی سەرکەوتنمان بەرەو شوێنی دیاری کراو ، چەندین جار کەوتینە بەر دەست رێژی گوولە ، و ئیتر نەمان توانی درێژە بە رۆیشتن بدەین و گەڕاینەوە دواوە.

دواتر هێزێکی تر لەمەڵبەندەوە بە فەرماندەی (کاک فوئاد چەلەبی) گەیشتنە لامان و بۆ هەمان مەبەست ، کاک فواد هەریەکەو پارچە پەرۆیەکی سپی داینی و گوتی : ئەم پەڕۆیە لە قۆڵتان ببەستن بۆ ئەوەی لە هێزەکانی تر جیابکرێنەوە ، ئیتر دوای جیهاز کردنمان لە گەڵ هێزەکانی خۆمان ، شوێنەکەیانمان دۆزییەوە زانیمان لە کوێی (زینوی سەڵان )ن .

دوای شەڕو پێکدادانێکی چرو پڕ ،خۆشبەختانە بەبێ هیچ زیانیک گەیشتینە برادەران و کە ئەوانیش لەبەیانیەوە مقاوەمەیان کردبوو و تەسلیم نەببوون ، بەڵام بێ نان و بێ تەقە بوون ، بۆیە بڕیاردرا ، کە من وپێشمەرگەیەکی تر بگەرێنەوە گوندی (دەرگەلە )و نان و فیشەک و ئاویان بۆ بهێنین و خۆمان بۆ شەڕێ سبەی ئامادە بکەین .

لەدوای شەوێکی جەنجاڵ و ناخۆش ، بۆ بەیانی گەیشتمە ناو گوندی (دەرگەڵە) و لەوێ سەیارەیەکمان گرت و بۆ مەڵبەند ، چاومان بە (سەید مەجید )کەوت ، پێم گوت خاڵە سەید ، کاک (فوئاد ) سەڵامی هەیەو داوای چەک وفیشەک و خواردن دەکات ..، ئەوبوو لەماوەی سەعاتێک هەموو پێویستیەکانیان ئامادەکرد و گوتیان فەرموون، من لەبەر هیلاکی و ماندووبوونم بریاری نەگەرانەوەم دا ، ئەوەبوو پێشمەرگەیەکی تریان لەجیاتی من نارد بۆ ( زینوی سەڵان ) .

دوای پشویەکی کورت ، گەرامەوە گوندی دەرگەڵە و لەوێ چاوەڕێ بووم .

هەرلەم ئان و ساتەدا پەیتا پەیتا هەواڵی شەڕمان بۆ دەهات و باسی گرتنی سەرکردایەتی حزبی شیوعی و شوێنی ترمان بۆ دەهات ….

ڕۆی( ٦ )ی ئایار ، هەواڵێ بەدیڵ گرتنی (ئەحمەد بانی خێڵانی)مان پێ گەیشت ، و دواتر هەواڵی بەدیل گرتنی (قادر رەشید)مان بۆ هات.. پێشتریش هەواڵی دەستگیرکردنی (کەریم ئەحمەد) مان پێگەیشتبوو… !!

هەرلەوسەرووبەندەدا ، پەیتا پەیتا هێزەکانمان دەگەڕانەوە مەڵبەند ….،چەندین دیلی شەڕیان لەگەڵ بوو ، لەماوەیەکی کەم نزیکەی دووهەزار پێشمەرگە لەم ناوچەیە کۆبوونەوە … ژمارەی دیلەکان تا دەها زیادی دەکرد …. !!

دوای رۆژێک لەم جەنجاڵیە و قەرەباڵغیە ،داوایان لێ کردم کە بچم بۆ (کەرتی رێکخستن ) بۆ هێنانی ئەو دیلانەی کە لەوێ بوون ،کەگەیشتمە شوێنی دیارکراو ( چوار کچی پێشمەرگەی حیزبی شیوعیم )بینی کە یەکێکیان کورتەک و شەڕواڵێکی خاکی لەبەردابوو، سەر سینگی هەمووی بەخوێن بوو ، کە ئەم دیمەنەم بینی ، بەراستی زۆر کاری لێکردم ….. ویستم پرسیاریان لێبکەم ، بەڵام هێندە بەرق و کینەو توڕەییەوە سەیریان دکردم مەجالی پرسیاریان بۆ نەهێشتمەوە ……..!! کاتی چایان بۆ هێنان ، بەڕقەوە گوتیان لایبەن نایخۆینەوە …. !!

لێیان نزیک بوومەوەو پێیانم گوتم : هاتووم ئێوە بەرم ، گوتیان دەزانین ، لەشەرمان سەرم داخست و ئەم دیمەنەم هێندە پێ ناخۆش بوو هەرنەبێتەوە ، یەکێکیان سەیری کردم و گوتی : ئەوەی کە دەیبینی سەرسنگی بەخوێنە، ئەوە هەموو کەسی لەدەست داوە وسەرسینگیشی خوێنی دەزگیرانەکەی پێوەیە .!!

ئیتر دیلەکان کۆکرانەوەو نزیکەی چل کەس دەبوون و بەرو (وەرتێ) کەوتینە ڕێ ، لەرێگا زۆر هەوڵم دا کە بیاندوێنم و قسەیان لەگەڵ بکەم ، بەڵام بی سوود بوو ، ئەوان هەرجوێنیان دەدا ، بەپێشمەرگەیەکی دیلی حزبی سوسیالستم گوت: راستە من پێشمەرگەی یەکێتیم ،بەڵام زۆرم پێناخۆشە کە ئەم شەڕە رووی دا، بەس چی بکەم و هیچم لەدەست نایەت ، لەوەڵامدا پێ گوتم : ( ئەوەی بەئێمەتان کرد ، بەعس بە ئێمەی نەکردوە ) … !!

بۆ بەیانی من گەرامەوە (خانەقا )، دوای یەک دوورۆژی تر چەند دیلێکی سەرکردایەتی حزبی شیوعیان هێنا کە ( قادر رەشید و ئەحمەدبانیخێلان و کەریم ئەحمەد) یان لەگەڵ بوو ، بەڵام ئەمان خزمەتێکی تایبەتی دەکران ، خواردنی باش و بیبسی قوتویان بۆ دەهێنان …… ، ئەوەی ڕاستی بێت من ئەم دیمەنانەم زۆر پێناخۆش بوو ، لەناخەوە ئەزیەتیان دەدام و بەخۆمم دەگووت : بۆ دەبێ وابێ ؟ ،سەرکردە دیلەکان خزمەت بکرێن و پێشمەرگەکانیشیان هیچ ؟!!

ڕۆژی( ٧ ) ئایار ، تەواوی هێزە هاوبەشەکەمان گەیشتنە مەڵبەند ، کاک (نەوشێروان )چوە لای ئەندامە گیراوەکانی سەرکردایەتی حزبی شیوعی ، کە لە ژورێکی مەڵبەند دەست بەسەر بوون ، و دوای قسەو باسێکی زۆر و گفتووگۆیەکی درێژخایەن ، بریاری ئازادکردنیان درا ودوای ماوەیەکی تریش زیندانیەکانی تریش لە مەڵبەند ئازاد کران …..!!

*شەمال عادل سەلیم : پێتوایە ئەگەر حزبی شیوعی بێلایەن بووایە وبەشداری هێرشە سێ قۆڵی یەکەی بەرەی (جود)ی نەکردبا بۆ سەر مەڵبەندی ( ٤ ) لە بالیسان لە رۆژی ٢٨ / ٤ / ١٩٨٣ دا ، ئەم قاتوقڕکردنەی پشتئاشان رووی دابا ؟

مستەفای حەسەنە گەورە : من پێموایە بەم خوێناویە و قاتوقڕیە نەدەبوو ، بەڵام تێوەگڵانی حزبی شیوعی لە گەڵ هێرشەکەی (جود )بۆ سەر بارەگای مەڵبەندی چوار ، ئاگری شەرەکەی خۆش تر کرد ، رقی پێشمەرگەکانمانی زیاتر کرد و هەرهەموومانی نیگەران کرد !!… چونکە هەروەک باس کرد ، هەتا رۆژی پێش گرتنی بارەگای مەڵبەندی چوارمان لە بالیسان ، یەکێتی بڕیاری شەڕی نەدابوو دژ بە ( حزبی شیوعی عیراق ) ، هەربۆ سەلماندنی ئەم راستیەش ، تەنها پێشمەرگەکانی شیوعی بۆیان هەبوو بەئاسانی هاتۆچۆبکەن و بێنە دۆڵی خانەقا و ناوچەکانی تر ، بەپێچەوانەی چەکدار لایەنەکانی تر ، کە یەکسەر چەک دەکران هەروەک لە سەرەتای قسەکردنم ئاماژەم پێدا ….!!

*شەمال عادل سەلیم : چۆن ئەم وێنەی پێشمەرگە شیوعیەت دەستکەوت و لەکوێ ؟

مستەفای حەسەنە گەورە : بەڵێ هەروەک هەموو لایەک ئاگادارن ، ژمارەی قوربانییەکان بەو زۆریەبوو ، کە تورەگەیەک ( وێنەو پێناس و هەویەو پاسەپۆرت و دیکۆمێنتی جۆراوجۆری تر کە ژمارەیان (١٧٣ ) پێناس بوو ، بۆ چەند رۆژێک لە لای من بوون ، دوای ئەوەی هەموویان لە لیستێک تۆمارکرد و تەسلیمی مەڵبەندم کردن …

دوای ئەوەی کە شەڕ کۆتای هات لە (پشتئاشان)، پێشمەرگەکانمان زۆر دیکۆمینت و وێنەو هەویەو نوسراویان بەدەست کەوتبوو ، کە دەهاتنەوە مەڵبەند لەگەڵ خۆیان دەیانهێناوە ، بەتایبەت پێشمەرگەکانی گەرمیان و کۆیە ، کە بەشداری سەرکی شەڕەکە بوون و هاتبوون بۆ تۆڵە سەندنەوە ، بەتایبەت دوای شەهید کردنی ( شەماڵ و سەرباز ) لە دەشتی کۆیەو تێوەگڵانی حزبی شیوعی لە هێرشە سێ قۆڵی یەکەی بەرەی جود بۆ سەر بارەگای مەڵبەندی (٤ ) لە بالیسان …. !!

ئەوە بوو ، من هەر شتێکم لەلای پێشمەرگەکان ببینیایە ، بەتایبەت رسم و دەفتەری بیرەوەری یەکسەر لێیانم وەردەگرت و لەلای خۆم دەمپاراست ، ئەوە بوو ئەو وێنەیەی کە تۆ باسی دەکەی و خۆیشم لەگەڵ وتارێکم بڵاوم کردۆتەوە ، لەسەری نووسراوە ، ( بغداد / الزوراء / یوم الخطوبە )، رۆژی گرتنەکەیشی لەسەر تۆمارکراوەو….!!، من ئەم وێنەیەم هەتا ئێستاش پاراستووە، بەڵام بەداخەوە زۆربەی وێنەو دەفتەری بیرەوەریەکانی تر فەوتان و نەمان …!!

ئەوەی ڕاستی بێت ، ئەو وێنەیە زۆر کاری تێ کردم ، وێنەی کوروکچێک کە دەزگیرانی یەکترن و لەوپەری جوانیەوە دەست لەناو دەست بەیەکەوە ڕاوەستاون ، ئەوکورە لەبەغداوە هەڵاتووە و دەزگیرانەکەی بەجێ هێشتوە ، ئاخر بۆ کورد لە پشتئشان بیکوژێت ؟ ئەو هاتۆتە کوردستان و ئەو شاخانەی بە پەناگایەکی ئازاد داناوە بۆ ئەوەی شۆرش بکات دژی ریژێمێکی فاشی ، بۆ دەبی من بیکوژم ؟

بەڵێ ،ئەو وێنەیە ، وێرای ئەوەی کە سەرتاپا کاری تێکردم و لەناخەوە ویژدانی هەژاندم و گەڵێک خەمباری کردم ، باری دەرونیشی تێک دام و کۆمەڵێک پرسیاری لا دروست کردم ، لەبەرخۆمەوە دەم گوت ( بۆچی دەبێ ئێمە یەکتر بکوژین ؟ بۆچی کەسێک لە بەغداوە لەبەعس هەڵاتوەو من لێرە بیکوژم ؟

*شەماڵ عادل سەلیم : ئەم پرسیارگەلە تەنها لای تۆ دروست بوو یان هەبوون وەک تۆ هەمان پرسیار بکەن ؟

مستەفای حەسەنە گەورە : بەشێک لە پێشمەرگەکان هەمان بیروبۆچونی منیان هەبوو بەتایبەت پێشمەرگەکانی مەڵبەندی( ٣ )، بەڵام ئەم ناڕازی بوونە بەئاشکرا باس نەدەکرا ، هەندێکیش بەپێچەوانەوە ، دەهاتن و پێیان دەەگوتم : ( ئەرێ تۆ بۆ خۆت وا تێک داوە ،ئەی ئێمە بۆ عارەب کوشتن نەهاتووین ) ؟!!

منیش لەوەڵامدا دەمگوت : ( نەوەڵڵا من بۆ بەعسی کوشتن هاتووم ، من دژی عەرەب نیم ) ….. !!

*شەماڵ عادل سەلیم : دوای تەواو بوونی شەڕ چیت کرد و بڕیاری چیت دا؟

مستەفای حەسەنە گەورە : هەروەک گوتم ، شەڕی (پشتئاشان) بەگشتی و دیمەنی ئەو (کچە پێشمەرگە عەرەبە)ی کە لە خوێنی دەزگیرانەکەی وەردرابوو بەتایبەت ،کە هەتا ئێستاش هەر دیمەنەکەی لەبەرچاومە ، وای لێ کردم کە نەفرەت لەشەر بکەم و ژیانی پێشمەرگایەتی بەجێ بهێڵم وچەک دابنێم و تەسلیم ببمەوە …. !!

من بەڕاشکاوی گوتومە و لێرەش دەیڵێمەوە ، شەڕی یەکتر کوشتن میکانیزمی هەڵوەشاندنەوەی شیرازەی کۆمەڵگای کوردی بوو ، بازرگانی کردن بوو بە خوێن و هەموو قودسیەتەکانی ترمان ، خیانەت بوو بەمانای وشە …. !!

*شەماڵ عادل سەلیم : لەبەرچی (نەوشێروان مستەفا ) وەک تاوانبارێکی سەرەکی لە شەری (پشتئاشان )ناوی دێت ، لەوکاتەی کە هەمووسەرکردایەتی یەکێتی بە (مام جەلالیشەوە) بریاری شەریان دابوو ؟

مستەفای حەسەنە گەورە : من دەمەوێ ئەوە بڵێم کە کاک( نەوشێروان مستەفا )تاوانباری یەکەمی شەڕ نییە ، ڕاستە کە ئەو سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی شەڕی (پشتئاشان)ی کردووە و بەفعلی سەرکردەیەکی مەیدانی شەڕەکە بوو، بەڵام لەڕاستیدا بریاردان لەسەر ئەم شەرە خوێناویە بڕیاری سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوو ، لە خوودی (تاڵەبانی)ەوە تا پێشمەرگەیەکی ئاسایی ، بەخۆشمەوە تاوانبارم کە بەشداری ئەم شەڕە نەخوازراوەم کردووە…. !!

*شەماڵ عادل سەلیم : لە نووسینێکت داوی لێبوردن لە کەسو کاری شەهیدەکانی (پشتئاشان )دەکەی، بۆ ئەم لێبوردنە ؟

مستەفای حەسەنە گەورە : بەڵێ من داوای لێبوردنم کردوەو ، ئێستاش دووبارەی دەکەمەوە ، چونکە منیش وەک پێشمەرگەیەک بەشداری ئەم کارەساتەم کردووە ، ئەوسا تەمەنم (٢١ )ساڵ بوو، هیچ ئەزموونێکی سیاسیم نەبوو ، هەرچەندە لە دڵەوە ئەم شەڕەم پێ ناخۆش بوو ، بەتایبەت بۆ حزبی شیوعی عیراقی …..!!

بەڵێ منیش وەک پێشمەرگەیەکی ئاسایی لایەنەکانی تر هیچ دەسەڵاتێکم نەبووە ، سەرکردایەتی حزبە شەڕ کەرەکان بریاری ئەم شەڕە قێزەوەنەیان داوە ، ئەوان بازرگانی ڕاستەقینەی شەڕ بوون و ئێمەش قوربانی .

هەر بۆیە دەبێ بەبێ جیاوازی دادگایی بکرێن ، ئێمە وەک داشی دامە بریارەکانمان جێ بەجێ کردوەو ، من ئەوکات نەم دەزانی بەڵام دوای ئەم هەمووساڵە ، ئێستا دوای لێبوردن لە کەسووکاری قوربانیانی ئەم شەڕە نەخوازراوە دەکەم …!!، ئەوشەڕە قێزەوەنەی کە چەندەها ئامۆزاو پوورزاو هاوڕێی و تەنانەت براش ، لەسەنگەری جیاوازی حزبە شەڕکەرەکان دا ، یەکتریان کوشتووە ….؟!! بۆچی و لەخزمەتی کێ ؟ !

*شەماڵ عادل سەلیم : ئەو وێنەیەی کە لە لاتە ( هی ئەو کچ و کورە شەهیدە شیوعیە) ی کە لە قەسابخانەکەی( پشتئاشان )شەهید بوو ، کە تا ئێستا لە ئەرشیفی خۆت پاراستوتە ، گەر داوات لێ بکەن ، دەیگەرێنیتەوە بۆ ( کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی حزبی شیوعی عیراق ) ……؟

مستەفای حەسەنە گەورە : بەڵێ ، بەدڵنیایەوە …مولکی خۆیانەوە بۆیان دەگەڕێنمەوە…. !!

پاشکۆی گفتوگۆ :

١ – ناوێ پۆڵێک لە شەهیدانی قەسابخانەی پشتئاشان : (عميدة عذبي حالوب , علي حسين بدر ,رسول صوفي منكَوري , عبدلله حسن دركلي , قادر حسن دركلي , عبدالمحسن احمد , كاظم طوفان , محمد فؤاد عبدالهادي , مجيد رسن , ملازم وهاب عبدالرزاق , حامد الخطيب , دكتور بهالدين طارق , صلاح حميد , توفيق رشاد, سمير مهدي شلا , علي عبدالكريم النعيمي , يحيى موسى مرتضى و خضركاكيل و , نصير محمد صباغ , نياز رسول , دكتور غسان عاكف الوسي , نزار ناجي يوسف , زهير عمران موسى , سعد علوان هادي , حسين حميد , سائر عبد الرزاق أحمد , حسين حمد , ناصر عواد , سمير يوسف كامل , حسن احمد فتاح , صباح مشرف , سيد خلو يزيدي , وعد عبدالمجيد يوسف , طارق عودة مزعل , عبدالوهاب عبدالرحمن سالم , انورالحاج محمد , هاشم كاظم , هيوا مغديد عمر , ازاد عزيز صالح , رعد يوسف , ابراهيم عبدلله شمس , ازاد اغوك نادر , احمد بكر ابراهيم , خالد كريم علي , محمدأمين عبدالله , علي مردان , محمد نبي , باسم الساعدي , ستار مصطفى اسماعيل , ناصر احمد كانبي , مؤيد عبدالكريم , مازن موسى كمال الدين , عطوان حسين عطا , محمد صالح الساعدي , عبدالاميرعباس علي , عيسى عبدالجبار , نعيم شيخ فاضل , جبو سلام , محمد عودة عامر , عبد علي جبر ) .

٢ -(وێنەی ئەو پێشمەرگە شەهیدە شیوعیەی کە( ٣٠ )ساڵە لە ئەرشیفی( مستەفای حەسەنە گەورە) پارێزراوە ، و لە قەسابخانەکەی ( پشتئاشان ) کەوتە دەست پێشمەرگەکانی یەکێتی ، لەگەڵ چەندین دیکۆمێنت و ناسنامەو پاسپۆرت وێنەی تر …..!!

 

 

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.