هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

په‌یڤێك نییه‌ گه‌وره‌ییی تۆ له‌ خۆی بگرێت!

له‌سه‌ر سركه‌ییی سه‌ری تۆ چه‌ند شیعراوی بوون ڕه‌نگه‌كان،

چه‌ند به‌رز ده‌فڕین خه‌یاڵه‌كان؛

خه‌یاڵی خه‌م و گریان و چیرۆكی ئه‌شق و یاخیبوون،

سیحری ژیان و مردن و سیحری گوڵ و نیشتمان و

سیحری “كچێك”،

(ئه‌و ساتانه‌ی تۆ له‌ ماڵ و له‌ گه‌ڕه‌ك و له‌ شه‌قامه‌كانی شار و له‌ باخه‌وانی نه‌زان و له‌ پاسه‌وانی نیشتمان) تووڕه‌ بوویت و پشتت هه‌ڵكرد، هه‌ر ته‌نیا خۆی بۆ تۆ بوویه‌ نیشتمان و

تۆ ڕۆیشتیت و هه‌موو جوانییه‌كانی شیعرت،

له‌ بوونی ئه‌ودا، به‌ جێ هێشت!

 

بۆ مه‌رگی تۆ و بۆ نه‌مرییت،

بۆ كۆچی تۆ و بۆ كه‌ژاوه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ت له‌و تاراوگه‌ی

له‌ “ده‌ربه‌ندی په‌پووله‌ ” وه‌،

درێژترین داستانت بۆ ناسینی نووسییه‌وه‌ و

هه‌موو مێژووت له‌ ته‌نگاییی ئه‌و “ ده‌ربه‌نده ‌” سیحراوییه‌دا كۆ كرده‌وه‌،

من ده‌مه‌وێت په‌یڤێك بۆ ئه‌م سه‌فه‌ره‌ی تۆ بخولقێنم .

ته‌نیا په‌یڤێك..

كه‌چی له‌به‌ر چۆڕاوگه‌ی كانیی وشه‌دا،

په‌نجه‌كانم هێشتا هیشك و

داوی گه‌رووم وه‌كوو “ ته‌ون”ی جاڵجاڵۆكه‌ ئاڵۆزكاون .

“ زنه ‌” ی زمانم وا خه‌ریكه‌ له‌ تینواندا ده‌خنكێت و

چاوه‌ڕوانه‌ “ ئه‌سپێك له‌ په‌ڕه‌ی گوڵاڵه‌ ”،

به‌ چوارناڵه‌ ،

هه‌ڵیبگرێ و له‌ به‌ستێنی “ڕه‌نگدان”ی زه‌ریاچه‌یه‌كدا دایبه‌زێنێ.

ته‌نیا په‌یڤێ و په‌یڤێك نییه ‌… گه‌وره‌ییی تۆ له‌ خۆی بگرێ.

 

173 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە