هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

بیرکردنەوە لە دروست کردنی هەرێمێکی سەربەخۆی سلێمانی- هەڵەبجە- گەرمیان کە خۆم تا سەر ئێسقان بەرگری لێئەکەم و بە ڕەوای ئەزانم، لەبەرامبەر ئەمەیا ئەزانین هەڵوێستی میدیای حاشییەی بنەماڵەی دەستەڵات ئەبێت چۆن بێت، بەڵام ئەوەی چاوەڕوان نەئەکرا کەسێکی “بەزیو” لە گردەکەوە بکەوێتە وێزەی ئەوانەی باس لەو هەرێمە ئەکەن و بە ریتمی میدیاکانی دەستەڵات ئەویش ئەو باسکردنە بە ( مۆدێلێکی تری خزمەت کردنی ستەمکار ) ! ناوبەرێت بەبێ ئەوەی جورئەت بکا و پێمان بڵێت: ستەمکار”ی هەرێم کێیە؟
ئێمە کە بە ئاشکرا و بێ ڕوتشکردن ناسنامەی دەستەڵات ئەخەینە ڕوو، ئەو دابەستەیە تەنها ئەڵێت: ستەمکار کە ئەو ووشەیە لە کەسێکەوە کە ئازاری مناڵی خۆی بات تا داگیرکردنی ووڵاتێکی تر ئەگرێتەوە و ئەو برادەرە پێمان ناڵێت: ستەمکارەکەی هەرێم کەوتۆتە کوێی ئەو دوو نمونەیە. ئەو برادەرە دوای ئەوەی ئەو ستەمکارە لە هەولێرەوە ئاودیوی سلێمانی کرد، گردەکە باوەشی بۆ کردەوە و پاش چەن ئەمبەر و ئەوبەر کردنێک ئێستا بە مانگی زیاتر لەملیۆنێک دینار معاش خۆرە و تەنها ئیشی ئەوەیە نیوەڕوان برنج و شلەیەکی سادە بخوات و بکەوێتە گیانی ئەوانەی لە گردەکەوە بەرامبەر بە دەستەڵات و پرو پارتیەکانی ناوچەی سەوز دیفاع لە خەڵک و ئازادی و نان و لێقەوماوانی هەرێم ئەکەن، ئەو نووسەرە ملیۆنیە پێی وایە بە دروستکردنی هەرێمێکی لەوجۆرە باشترین خزمەتە بە هێز و دەوڵەتە ئیقلیمیەکان و ئەوانەش کە ئەمجۆرە (ژەهرە)! ئەڕێژن دوا جار ئەچنە بەرەی” تابوری پێنج”ەوە کە ئەم تۆمەتە هەم زەمانی بەعس و هەم ئێستای دەستەڵاتی بنەماڵە بە زۆر کەس و لایەن ووتراوە و ئەو برادەرەش بەم بەزینەی ئەمجارەی هەمان دەهۆڵی”نەشاز” ی پێش خۆی ئەکوتێ کە باشتر وایە لەم حاڵەتەیا بگەڕێتەوە هەولێر و لە یەکێک لە سایتەکانی ئەوێ کار بکا و ئەم ماوەیەی سلێمانی بە ئیجازە بۆ حساب بکرێ و لە پشتی پەردەی” نەبەز”ییەوە “بەزین”ی خۆی دووپات بکاتەوە و هەرلەوێوە هەوڵبات ژەهری دروستکردنی هەرێمی سلێمانی بەر نەکەوێت و ئەو ئازادی و دیموکراسییەی ئەو پارێزگاری لێئەکات ژەهراوی نەبێ و چەن شارێکی تری عێڕاقیش (بە مادەی ساد و چل و یەک ) بخاتە سەر هەرێمی کوردستان و ڕێگە نەیا کەس ئازادی و ئەمانەتی خەڵکی دوو شارەکەی تر پێشێل بکات و بە تایبەتی بۆ دژایەتی ئەوانەی باسی “هەرێمی شار” ئەکەن.
ئەو برادەرە کە بە قۆناغی “بەزین”ی خۆیا تێپەرئەبێت، بە لە خۆبایی بونێکی زۆرەوە نەسیحەتی لایەنگرانی هەرێمی شار ئەکات کە باشتر وایە پێش نووسین یەک دوو کتێب بخوێننەوە جا بۆ ووتار نوسێکی هەفتانە کە بەدڵی بەزیوەکان بێت ئەوا ئەبێت ساڵانە زیاتر لە سەد و سی بخوێننەوە، ئیتر بۆ چوار ساڵ ئەوەنە زۆر ئەبێت مەگەر هەر لە مەکتەبەکەی ئەو برادەرەیا دەست بکەوێت، ئەو کاتەش بۆ ئەوەی ژەهراوی نەبێت ڕەنگە کتێب بە قەرز بەکەس نەیا…!وە
بۆ ئەوەی ئەو برادەرە کارێکی وا بکا کە “بازگەی عەقڵمان گەورەتر بێت” تا دێگەڵە لەگەڵمان بێت لەوە تێبگات تا خۆت ئازاد نەبیت ناتوانی کەسی تر ئازاد بکەیت و زوو لەگەڵمان بگەڕێتەوە “بازنە بچوکەکە” پێش ئەوەی لە زیندانی ستەمکارەکە شەو بەسەربەرێت. ئەو معاش خۆرەی گۆڕان وا ئەزانێ هەر ئەو هەست بە “خەو”ی خەڵکی شارەکانی تری کوردستان ئەکە بۆ ئازادی و ڕزگار بوون لەو ستەمکارە ئێمەومانانیش لە خۆشی وەزعی خۆمان لە سلێمانی خەومان لێناکەوێ و “هاوخەو”ی شارەکانی تر نین. جا ئەو دونیای خۆی زیاتر هەر لەسەر خەو بونیات ئەنێ با موبارەکی بێت هەر بە “هاوخەو”ی دیفاع لە ئازادی بات و ئێمەش بە هەنگاوی واقیع و عەمەلی ڕوو لە هەرێمەکەی سلێمانی ئەنێین. سوقرات ئەڵێت: گەر ئازادی باری و کۆیلەکان چەتریان هەڵکرد بەریان نەکەوێت، ئەوە شایەنی کۆیلایەتین.
نوکتەیەکی تری ئەو برادەرە ئەوەیە کە ئازادی بە مەتر و دۆنم ئەپێوێت و ئەڵێت: نابێت ئازادی لە سلێمانیا بچوک بکرێتەوە! نازانێت یان خۆی لەوە گێل ئەکات کە ئازادی لەو شوێنەوە دەست پێ ئاکات کە لێوەی وەستاویت، بەرەو دوورتر و پانتایی فروانتر لە ماڵەکەی خۆت، کە خۆت ژێر دەستە بوویت ناتوانیت کەسی تر ڕزگار بکەیت، بە یەقینەوە ئازاد بوونی سلێمانی کاریگەریی لەسەر شارەکانی تریش ئەبێت، بەڵام دەستەوسان دانیشتن و داواکردنی ئازادی بە ژەهر بەروارد بکرێت، ئەوە باشتر وایە ڕۆژێک زوو تر ئەو هەرێمەی سلێمانی بێتە دامازرانن و ببێ بە واقیع پێش ئەوەی هەمومان هەر باوێشک بەین و “خەو” بە ئازادییەوە ببینین.
نووسینەکەی ئەو برادەرە کە لە ژێر کاریگەریی (بەزین)ی خۆیا بوە، زۆر بابەتی شایان بە وەڵام یانەوی تیایە، بە تایبەتی کە ئەڵێت: (بە بڕوای من ئەوانەی ڕۆژێک چونە ناو سیستەمەکەوە، بەشێکن لە بیماری سیستەمەکە..) بەمەش مەبەستێتی بڵێت”گۆڕان” بەشێکە لە بیمار”نەخۆشی ” سیستەمەکە! کە ئەمە دەلیلێکە بۆ ئەوەی ئاوی گردەکە سوێرە، دەنا خۆشی چەن ساڵێکە معاش خۆری گردەکەیە و خۆیشی بە موفەکیر لە قەڵەم ئەیا و ئەبێتە بەشێک”ئەگەر کەمیش بێت ” لە بیماری سیستەمەکە، گەر وا نیە ناکرێت لە سەنگەرێکا بەرگری لە ئازادی بکەیت و ئەو سەنگەرە بە بەشێک لە داگیرکردن بزانیت.
“بیرتوڵت بریشت” ی شانۆکار و ئەدیبی ئەڵمانی ئەڵێت: ئەوەی ڕاستی نازانێ گەمژەیە، ئەوەی ڕاستی ئەزانێ و دان پیاناناێت تاونبارە. جا ئەم ووتە بە نرخە لە بۆچونیەوە بۆ هەرێمی شار ئەو برادەرە کە گیرۆدەی دەردی “بەزین”ە ئەیگرێتەوە، خۆی سەرپشک بێ لە نێوان هەردوو سیفەتی نەزانینی ڕاستی ، یەکێکیان هەڵبژێرێت.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت