هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

ئامادەکردن و وەرگێڕانى: عوسمان عومەر

زۆربەمان نهێنی ژیانی گیانداران یا ئاژەڵان و سەیروسەمەرەکانیان نهێنیەکانیان نازانین لەگەڵ ئەوەى زانست و زانیارى ئەمرۆ زۆر پێشکەوتووە, زۆر لێکۆلینەوە لەسەر گیانداران کراوە، بەڵام زۆر نهینی هەیە هێشتا شاراوەیە و نەزانراوە و دەرنەکەوتوە. نهێنى جیهانى گیانداران تەنها زاناکان و لێکۆلەرانى ئەو بوارە خۆشى و چەشەى لێوەدەگرن و دەریدەخەن.
لەم ڕۆژانەدا چەند ووشەیەکم سەبارەت بەگورگ لە فەیبووکەکەم نوسى، ئەوە واى لێکردم بەدواى بابەتەکەدا بچم و زانیارى زیاتر بەدەست بهێنم و وەری بگێڕمە سەر زمانى کوردى. رەنگبێ یەکەمجاربێ بەزمانى کوردى بڵاوبکرێتەوە تا خوێنەرانى بەرێز سودى لێ ببینن. هەرچەند بەندە شارەزایی و پسپۆریم لەو بوارەدا نییە و واشى بۆ دەچم کە لەووڵاتى خۆمان زۆر گرنگى بە لێکۆلینەوە لەو بوارەدا نەدرێ با ئەو بابەتشم دەرگایەک بکاتەوە بۆ توێژینەوە لەسەر گیانداران و باڵندەو گیاندارە درندەکان لەکوردستان بەتایبەت گورگ, وورچ, پلنگ, پشیلەى کێوى و بەور و…..هتد، چون هاتونەتە کوردستان و مێژووى پەیدابونیان مەبەستیشم بۆنمونە دەڵێن: گورگى عەرەبى ئەى بۆچى گورگى کوردى نەبێ؟ یا کەو بۆچى تایبەتە بەکوردستان و بۆچى بەخۆخۆر ناو دەبرێ؟ هەروەها سەبارەت بەئاسک یا حەیوانە کێوى و بزنە کێوى و کەڵەکیوى ئایا هى خۆمانن یا لەشوێنى ترەوە تەرە بون کەوتونەتە کوردستان؟ هاندانى نوسین لێکۆلینەوەیە لەبارەیانەوە. ڕەنگبێ زۆریک لەگیاندارو ئاژەڵە کێویەکانى کوردستان بەهۆى بارە ناهەموارەکەى جەنگ ڕەویان کردبێ لەماوەى ساڵانى ڕابووردوو چونکە ئەو ئاژەلانە ژینگەیەکى ئارامیان پێ خۆشە.

چەند ووشەیەکى مێژوویی
گورگ لەو جۆرە گیاندارانەیە جیهانێکى تایبەتى خۆى هەیە لە کۆن دا پێى ووتراوە (میسۆکیۆن) جۆرێکە لەجۆرەکانى سەگ بەپێى ئەو هەڵکۆلین و لێکۆڵینەوانەى کراون 35 ملیون ساڵ پێش ئیستا ژیاون لەش و لارى بچوک بووە. لەهەندێ ئەشکەوتەکانى ئەوروپا وێنەى گورگى لەسەر نەخشێنراوە دەلێت: تەمەنى گورگ 20000 ساڵ پ.ز هەبووە. لەسەدەى حەڤدەهەم ئایرلەندا بەخاکى گورگان ناوبراوە، چونکە گورگێکى زۆرى هەبووە و تەنانەت کێشەى زۆرى بۆ جوتیاران ناوەتەوە، ئەوانیش کەوتونەتە قڕکردنیان بەچەند هۆکارى سادەى ئەو سەردەمە. هیتلەر یەکێک بووە لەو سەرکردانەى جیهان کەزۆر سەرسامى گورگ بووە، زۆرجار بەفەرماندە بالاکانى نزیک خۆى ووتوە، بە هیتلەرى گورگ بانگم بکەن. گورگ لە داستانە رۆمانیە کۆنەکان وەک خواوەندى ڕۆمۆلوس و ریمۆس بوون لە رۆماى کۆن.

سیفەتەکانى گورگ
گورگ یەکێکە لە بەهێزترین گیاندارى شێوە سەگ, درێژى گورگ نزیکەى 2 مەتر دەبێ و کلکى نیومەترە, بەرزى هەردوو شانى نزیکەى 60 تا 80 سم دەبێ کێشى لە نێوان 12 تا 80 کگم دەبێ و شەویلکەکانى زۆر بەهێزن بەپێى لێکۆلینەوەکان تواناى تیکشکاندنى  1500 پاوەند بۆ هەر سم2 یەو 42 ددانى هەیە بەکەڵبەکانیەوە. لەنێوان 16 تا  20 ساڵ تەمەنیەتى و دەژى, زانا و پسپۆرانى بوارى گیانداریى واى باس دەکەن، کە سروشتێکى دڕندانەو ترسناکى هەیە تواناى خواردنى مەرو مالات و گاو گۆتال و تەنانەت مرۆڤیشى هەیە. دەڵە گورگ یا مێینەى گورگ 63 تا  65 ڕۆژ ئاوس دەبێ و لە نێوان 3 تا 8 توتلەى دەبێ زۆر لە گورگى نێر درترو ترسناکترە بە عەرەبى، چەند ناوێکى هەیە وەک (سەرحانە, عەسقەلەو سنداوە)ى پێدەڵێن. یەکێکى تر لەسیفەتەکانى گورگ زۆر خێرایە لە ڕاگردن و تواناى ڕاکردنى زۆرە بۆ چەند کاتژمێرێک بەپێى زانیاریەکان هەربۆیەشە لەکاتى پەلامارو هێرشەکانى تواناى 20 هەلگرێ و لەکاتى ڕاودا خێراییەکەى دەگاتە 65کم/ لەکاتژێرێک و ڕۆژانە 12 تا 16 کاتژمێر چالاکى دەنوێنن. لەزانستى گیانداریى بە پشوو درێژ ناودەبرێ. گورگەکان بەکۆمەڵ دەژین یەکێک سەرکردەیانە کە لەهەموان زیاتر بەهێزترە گوێ ڕایەل دەکرێ, هەر گەلەگورکێک قەلەمڕەوێکى تایبەت بەخۆیان هەیەو چەند نیشانە لەسەر دارو بەردو چەند شوێنێک جێ دەهێڵن، کە ئەوە قەلەمڕەوى ئەوانە بەپێى زاناو پسپۆرانى گیاندارى ئەو ناوچەیە بە  65 تا  300 کم2 یە.

شێوازى ژیان
شێوازى ژیانیان زۆر ئالۆزە چونکە بەکۆمەل دەژین ئەمەش یارمەتیدەریانە بۆ ڕاوشکار لەو شوێنەى نیچیرى لێیە، زۆرجار گەلەگورگەکان دەگەنە 20 گورگ, لەو شوێنانەى نێچیرى کەمتر لێیە 7 گورگە. سەرکردەکەیان بەهێزترین دەڵەگورگ دەکاتە هاوژینى خۆى زۆر دڵسۆزە بۆى، واتا ژیانى هەیە خیانەتى لێناکات, دەڵەگورگەکان لە نێوان خۆیان شەردەکەن تا سەردەکەوێ و دەبیتە ژنى سەرکردە, کاتێکیش ئاوس دەبێ گوان پەیدا دەکات لە کونەگورگەکە دەمێنێتەوەو ناگەڕێ. دەڵە گورگەکانى تر خزمەتى دەکەن و خواردنى بۆ پەیدا دەکەن و بۆى دەهێنن.

لوراندنى گورگ
گورگ پشت بە لوراندن دەبەستێ، بۆ ئەوەى ئاگادارى دراوسێکانى بکاتەوە، ئەو ناوچەیە دەسەلاتى ئەوانە. ئامادەشە لە پێناوى دا بجەنگێ لەگەڵ هەر گەلە گورگێکى تر بیەوەێ بێتە قەلەمڕەوى ئەوان, گورگ هەر 8 کاتژمێر یا  10 کاتژمیر جارێک دەلورێنى, دەنگى لورەکەى تا ماوەى  10 کم دەبیسترێ، گەر گورگێک لوراندى یەکێکى تر وەڵامى دایەوە ماناى وایە ئامادەى پارێزگارى و جەنگانن لە قەلەمڕەوى خۆیان, جێ هێشتنى بۆن لە سنورەکانى خۆیان ئەوە دەگەیەنێ کە گەلە گورگى تر لەوناوچەکە هەیە.

هەستیارى گورگ
گورگ خاوەن توانایەکى لە ڕادەبەرى هەستى بۆنکردنى هەیە, لەلەشى گورگ دا 200 ملیۆن خانەى هەستیارى بۆن هەیە، بەلام لەمرۆڤ دا پێنج ملیۆنە و بەپێى زانیاریەکان تواناى هەستى بۆن تا  1،6 کیلۆمەترە. گورگ هەلى دەستکەوتنى خواردن لەدەست نادات هەندێک جار ناچاردەبن نەخۆش و پەککەوتەو بریندارەکانى خۆیان بخۆن تەنها نەوەکانى خۆیان دەیانخۆن لەکاتى شەڕى دووگەلە گورگ و کۆتاییەکەى کوشتنى سەرجەم نێرەکانیانە.

ژمارە جۆرى گورگ
تا ئەمڕۆ هیچ داتایەکى ژمارە راستەقینەى گورگ لەبەردەست نییە، بەڵام بەپێى هەندێ سەرژمیرى گوایە 200 هەزار گورگ هەیە لەهەموو جیهان دا و 5000 هەزار لە ئەمریکا و، 7 بۆ  10000 هەزار لە ئاڵاسکا و، نزیکەى چارەکى ئەو ژمارەیە لەکەندا و ڕووسیا بونى هەیە. بە ژمارەى کەم لە ئەوروپا وەک ئیتالیاو نەرویج و سوید، جگە لە ژمارەى گورگەکانى رۆژهەلاتى ناوەراست و ووڵاتانى خواروى ئاسیا. جۆرەکانیشى لەجیهان دا، وەک گورگى بۆر یا شینکى, گورگى رەش زیاتر لە ئەمریکاى باکور هەیە, گورگى سوور, گورگى عەرەبى کە لە ڕەگەزى گورگى بۆرە لە هەریەک لەعیراق و ئوردن و یەمەن سعودیە و نیمچە دورگەى سیناى میسر هەن. بەگشتى لەجیهان دا 37 جۆر گورگ هەیە لە هەموو جۆر گورگەکان بەناوبانگتر گورگى حەبەشەو هیمالایاو هیندین. بۆ زانیارى خوێنەرانى بەرێز جۆرە گورگێک هەیە پێى دەوترێ ( شیب) ئەوەش لە ئەنجامى جوت بونى لەگەڵ کەمتیار دەبێ، لەو دەڵە گورگانەن لە گەلەگورگە دەردەکرێن ناچار لەگەل کەمتیار جوت دەبێ، چونکە یەکێک لە سیفەتەکانى گورگ خیانەت نەکردنە لەگەل یەکترى. لەڕووى ئابوریشەوە پیستى گورگ یەکێکە لەبەنرخترین پیست لە زۆرێک لە ووڵاتانى جیهان بازرگانى پیوە دەکرێ بەتایبەت لە ڕوسیاو هیندستان.

لەکۆتایی دا دەگەینە ئەوەى کە چەند زانیاریەکى سەرنج ڕاکێش سەبارە گورگ بخەینە ڕوو:
• هەر ناوچەیەک گورگى زۆرى لێ بوو قەلەرەشیشى لێ زۆر دەبێ، چونکە بەرماوەى گورگەکان دەخۆن.
• هەندێ جار بەویستى سەرکردەى گەلە گورگ گورگێک دەردەکرێ و، هەندێ جاریش بە ویستى خۆى جیا دەبێتەوە بەڵام بەهیچ شێوەیەک نالورێنێ.
• گورگ لەماوەى چەند کیلۆمەترێک بۆنى مرۆڤ دەکات.
• گەلە گورگ لەکاتى رۆیشتنیان تەکتیکێکى زۆر سەرنج راکێش بەکاردەهێنن، ئەویش لە پێشەوە نەخۆش و پیرەکان دادەنێن بۆ ئەوەى لەکاتى هەر پەلامارێک ئەوان لەناو بچن لە دواى پیرو نەخۆشەکان هێزێکى بەرگرى لەگەنجەکان دادەنرێت و، لە دواوەش سەرکردەکەیان بۆ ئەوەى فەرمان بگەیەنێ بە ئەمەش بە یەکێک لە زیرەکى و عاقلى گورگ دادەنرێ.
• گورگ هەرگیز شتى بۆگەن ناخوات.
• گورگ هەرگێز لە نێوان خۆیان دا خیانەت لێک ناکەن، بۆ نمونە گەر نێرە یا دەڵە گوریگ مرد یا دیار نەماو وونبوو تا کۆتایی ژیان چاوەرێى دەکات، هەرگیز جارێکى تر هاوسەرگیرى ناکەنەوە بەهۆیەشەوە گورگى زۆڵ نییە لەناویان دا هەریەکە دایک و باوکى خۆى دیارە.
• گەر یەکێک لەگورگەکان چ نێر چ مێ مرد، ئەوا بۆ ماوەى 3 مانگ تا ساڵێک ماتەمى بۆ دەگێرێ خۆ گەر ویستى هاوسەرگیرى بکاتەوە ئەوا دەبێ بچێتە نا گەلە گورگێکى ترەوە.
• گورگ تواناى مەلەکردنى هەیە بۆ ماوەى 12 کم و، هەروەها تواناى خۆگونجاندنى لەگەڵ پلەى گەرماى زۆر بەرز تا نزمى 40 پلەى سەدى هەیە.
• گورگ لە عەرەبى دا، پێى دەوترێ ( الابن البار واتە کوڕى وەفادار) کە دایک باوکى پیر دەبن و تواناى ڕاو و دەرچونیان نامێنێ لەکونە گورگەکە دەمێننەوە و خواردانیان لەلایەن نەوەکانیانەوە بۆ دابین دەکرێ، نەک وەک هەندێ بەناو مرۆڤ کە دایک و باوکیان پیردەبێ دەردەکرێن و، دەبرێنە خەڵوەتگەى پیرى و، خانەى بەساڵاچوان و ئاوڕیان لێ نەدرێتەوە.

چەند سەرچاوەیەک لە ئەنتەرنێت

 

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە