هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

دیارده‌ی توندو تیژى دژ به‌ ژنان دیارده‌یه‌كى شاره‌واو نهێنى نییه‌، به‌ڵكو دیارده‌یه‌كه‌ خۆی له‌ هه‌موو ساتێكی ژیانی رۆژانه‌ و هه‌موو ناوچه‌كانی جیهاندا نمایش ئه‌كا. له‌ هه‌ر شوێنێك ژن هه‌بێت له‌ویش توندو تیژى و جیاوازی ره‌گه‌زی بوونی هه‌یه‌. توندوتیژی دژ به‌ ژنان هه‌موو ئاست و ئینتیما و پێگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ژنان ئه‌گرێته‌وه‌، جیاوازى له‌ نیوان ژنانى خوێنده‌وارو نه‌خوێنده‌وار و جوان و ناشرین و فه‌رمانبه‌رو به‌رێوبه‌رو ناكات. هه‌میشه‌ ئه‌گه‌رى به‌ركه‌وتنى ژنان به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كانى توندوتیژى جه‌سه‌دى یا ده‌رونى یا سێكسى هه‌یه‌. له‌ كۆمه‌ڵگای پیاوسالاریدا سه‌ره‌رای كاریگه‌ری كه‌لتوور و ئایین و زۆر ره‌هه‌ندی تر، پیاوان به‌رپرسیاری چه‌وسانه‌وه‌و توندوتیژین به‌رانبه‌ر به‌ ژنان ته‌ماشاكردنی ئافره‌ت به‌ته‌نها وه‌ك جه‌سته‌ و ئاره‌زووی سیكسی تیروانینێكی زاڵه‌ لای پیاوان. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا، كه‌ پیاوان كه‌ به‌رده‌وام بۆ تێربونى ئاره‌زوه‌كانیان خه‌ریكى پیاهه‌ڵدان و خۆنزیككردنه‌وه‌ن له‌ ژنان، تا ببنه‌ هاوڕێ و خۆشه‌ویستى ژنان. ژن له‌ دونیا بینیه‌ درۆینه‌كه‌ى زۆربه‌ی پیاواندا نیوه‌ى كۆمه‌ڵ و دایكى نیوه‌كه‌ى ترێتى، یا به‌هه‌شت له‌ ژێرپێی خانمه‌ ژنى دایكاندایه‌. هه‌موو ئه‌م نمایش و پیاهه‌ڵدانه‌، ته‌نها له‌ دیوه‌ نمایشكراوه‌كه‌ى پیاواندا ده‌بینرێت. به‌ڵكوو دیوه‌ شاره‌وه‌كه‌ى، ژنان پله‌ دوو كه‌م ئه‌قڵ ئه‌بینرێن و به‌ دوو شاهیدی ژن به‌رانبه‌ر یه‌ك شاهیدی پیاوانن.
ئێمه‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا به‌رده‌وام وێنه‌ی ژنێكی سوتا و ژنێكی ئازاردراو ئه‌بینین، بێگومان له‌ پشت ئه‌م ئازاردانه‌ی ژنانه‌وه‌ پیاوێك هه‌یه‌، سیستمێك كه‌ ناعه‌داله‌تی گه‌وره‌ به‌رانبه‌ر ژنان په‌یره‌و ئه‌كات، به‌رانبه‌ر به‌م هه‌موو كوشتن و چه‌وسانه‌وه‌یه‌ی ژنان هێشتا یاساو دادگایه‌ك نییه‌ به‌رگری له‌مافه‌كانی ژن بكات، پیاوانی بكوژ سزا بدات، ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ ژنێك ئه‌كوژێت هێنده‌ نابات ده‌بێته‌وه‌ به‌ زمان ڕاست و ده‌ست ڕۆشتوه‌كه‌ى جاران و جار جاره‌ش به‌شدار ده‌بێت له‌ ڕێكحستنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، بێگومان به‌ڕێزى ژنكوژ پێشینه‌ى هه‌یه‌ ده‌توانرێت ڕاوێژى پێبكرێت، كوردستان ته‌مه‌نێك له‌ حوكمدارى كه‌ زیاتر له‌ 25 ساڵه‌ به‌رده‌وام له‌ بۆنه‌ تایبه‌ته‌كاندا جۆره‌ها بانگه‌شه‌و زیادكردنى رێكخراوه‌ ژنانیه‌كان و شه‌ڵده‌ره‌كان ده‌بیستین، به‌ڵام له‌ ئه‌نجامدا هه‌ر ژنه‌ و ده‌كوژرێت، هه‌ر ژنه‌ و هه‌ره‌شه‌ی لێده‌كرێت.
ده‌یان ناوه‌ند و سه‌نته‌ری شێلته‌ری ژنان هه‌ن به‌ڵام توندوتیژییه‌كان رووی له‌ زیادبوون كردوه‌ و ژماره‌ی ژنه‌ كوژراوه‌كانیش له‌ زیادبووندان، هه‌ر ژنه‌ ئه‌كوژریت، به‌شێكی زۆری ئه‌و سه‌نته‌رانه‌ به‌ هۆی به‌ سیاسیكردن و ته‌ماعی ژنه‌ هه‌ڵسوراوه‌كانییه‌وه‌ كوشتنی ژنانیا فه‌رامۆشكردوه‌ن، به‌هۆی خۆ نمایشكردنیانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سیاسیه‌ هه‌لپه‌رست و چڵیسه‌كانه‌وه‌، به‌هۆی په‌یوه‌ست بوونیان به‌ ژیانێكی بۆرجوازیانه‌وه‌ و موچه‌ی چه‌ند ملیۆنییه‌وه‌ هه‌رگیز ده‌ستی ژنێكی ئه‌شكه‌نجه‌دراویان پێناگات و ژنێكی سته‌ملیكراو به‌ ئاسانی نه‌ په‌یامی ئه‌گات و نه‌ گوێی لێده‌گیریت.
كۆمه‌ڵگایه‌ك خوشه‌ویستى له‌ نێوان ژنان و پیاوندا به‌ خوێن ده‌ستپێبكات، دڵنیام به‌رده‌وام ئه‌گه‌رى یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كێشه‌كان له‌نیوان ژن وپیاودا به‌ خوێن یه‌كلاده‌بێته‌وه‌، فێریانكردین وێنه‌ى شه‌ره‌ف، ئه‌و خامه‌ سپیه‌ ڕه‌نگراوه‌ به‌سور ناسنه‌ماى پیاوه‌تى و ئازایه‌تیمانه‌، په‌روه‌رده‌یه‌ك واى فێركردبین گه‌ر له‌خۆشه‌یسترین و ئازیزترینمان كه‌ خوشك و كچانمانن. به‌ خامى سپیكراوه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌، ده‌بێت بیكه‌ینه‌ خامى كفنى لاشه‌ى مردویان تا شه‌رفمان پاك كه‌ینه‌وه‌، چیرۆكى نێو شوێنى كاره‌كه‌م كه‌به‌رده‌وام ده‌مهه‌ژێنێت، زۆر دور نییه‌ له‌به‌روارى ئێستامه‌وه‌، خه‌م و فرمێسكه‌ باراناوێكه‌ى خانمه‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاو به‌ درۆى پیاوه‌ نمایشكاره‌‌كان، كه‌ ته‌نها مه‌رگ چاوه‌ڕێى بوو، به‌ناچارى خۆكوشتن به‌ ئۆتۆمبیل هه‌ڵبژاردبوو، ئه‌و فلیمى به‌رجه‌سته‌كراوه‌ى خانمه‌ خوێندكاراێكمه‌، كه‌ چیرۆكه‌كان زۆرن به‌ڵام گرنگ نیه‌ به‌لامه‌وه‌ نوسه‌رى چیرۆك بم گرنگه‌ نوسه‌رى بابه‌تێك بم كه‌ له‌خه‌مى به‌ فریاكه‌وتنى هه‌موو ئه‌و چیرۆكانه‌دا بم كه‌ هه‌موو ڕۆژ دووباره‌ده‌بنه‌وه‌، هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ر كه‌ به‌ بڕواى من ده‌بێت له‌گرنگترینى ئه‌م پێشنیارانه‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌ین.

یه‌كه‌م: به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى ڕۆشنبیرى ژنان
هه‌موو ئه‌و رێكخراوو سه‌نته‌رو شێڵته‌ر و به‌رێوبه‌رایه‌تى و ئه‌نجومه‌ن و… هتد. ناتوانن كاریگه‌ریان له‌سه‌ر ڕۆشنبیركردنى ژنان هه‌بێت، له‌به‌ر نائاماده‌یی ژنان و نه‌بونى پردى په‌یوه‌ندى، خانمه‌ چالا‌كه‌وانه‌كانى ژنان له‌ باڵه‌خانه‌و شوێنه‌ تایبه‌ته‌كاندان، كه‌ ژنان به‌هۆى هۆكاره‌ كۆمه‌لایه‌تى ئاینیه‌كانه‌وه‌ ناتوانن ده‌ستیان پێیان بگات، واتا گرنگه‌ هه‌رچى زوه‌ بیر له‌ دروستكردنى كایه‌ى پیشه‌یی و زانستى بكه‌ینه‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌رێگاى قوتابخانه‌كانه‌وه‌ هه‌وڵى وه‌رگرتنى بنكه‌كانى نه‌خوێنده‌وارى بدرێت وه‌گه‌شه‌ى پێبدرێت له‌ڕوه‌ پیشه‌ییه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ بێگومان باشترین هۆكارى په‌یوه‌ندیه‌ به‌ ژنانه‌وه‌، كه‌ ده‌توانن له‌ ڕێگایه‌وه‌ هه‌م شاره‌زایان كه‌ن هه‌م فێره‌ پیشه‌یه‌كیان كه‌ین و هه‌میشه‌ش ئاگادارو چاودێریان بن.

دووه‌م: لایه‌نى ئابورى

ده‌ستى كار زۆرینه‌ى ڕه‌هاى له‌ ده‌ستى پیاواندایه‌ كه‌ئه‌مه‌ دوو لایه‌نى هه‌یه‌، لایه‌نى یه‌كه‌م سه‌رمایه‌ى ژنان له‌ئاستێكى نزمدایه‌، كه‌به‌رده‌وام پێویستیان به‌ پیاوانه‌ بۆ كۆمه‌كى كردن واتا متمانه‌ به‌ خۆبون له‌ ئاستێكى نزمدایه‌ كه‌ ناتوانێت كرێ و بژێوى مانگێك له‌ ژیانى به‌ سه‌ربه‌خۆ دابین بكات، كه‌ بێگومان ئه‌مه‌ خاڵى لاوازى ژنان و به‌هێزى پیاوانه‌، لایه‌نى دووه‌م زۆرینه‌ى ڕه‌هاى خاوه‌ن كار پیاوه‌ بۆ به‌شدارى پێكردنى ژنان، زۆرجار ده‌كه‌ونه‌ به‌ر چاوى ته‌ماع كارى پیاوان هه‌ر بۆیه‌ ده‌بێت له‌هه‌وڵى دابه‌شكارى نوێدا بین له‌ به‌رپرسیارێتى له‌ نیوان ژنان و پیاواندا.

سێیه‌م: ووتارى ئاینى

كه‌ بێگومان به‌رده‌وام له‌ ڕێگاى تیڤى و مزگه‌وته‌كانه‌وه‌ شیوه‌ى ژنان و رێكخراوه‌ ژنانێكان ناشرین ده‌كرێت، وه‌ ته‌ئكید له‌ ناموس پارێزى و فیتنه‌ى ژنان بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنى پیاوان ده‌كرێته‌وه‌ ئه‌م جۆره‌ ووتاره‌ زۆر باوو بێویژدانه‌ بۆسه‌ر ژنان كه‌ به‌هۆكارى فاسید بونى كۆمه‌ڵگایان ده‌زانن، ژن شه‌یتان و له‌باربه‌رى پیاوانه‌ هۆكارى زیناو له‌ده‌ستچونى ناموسه‌، بێگومان ده‌بێت سنورێك بۆ ئه‌م زمانه‌ پڕ له‌هاندانه‌ى دژ به‌ ژنان دابنرێت، رێگه‌ نه‌درێت له‌وه‌ زیاتر ژیرى ژنان له‌ هۆش به‌رن.

چواره‌م: رێكخراوه‌كانی ژنان

پێویسته‌ رێكخراوه‌كانی ژنان له‌ ده‌ست به‌ حزبیكردن و به‌ ئایدۆلۆجیكردن رزگار بكریت و رێگه‌ پێدراو بیت كه‌ هه‌موو لایه‌ن و ڕه‌گه‌زى ببێته‌ ئه‌ندام تا له‌مه‌ به‌دواوه‌، بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى مافى زه‌وتكراوى ژنان چاوه‌رێى پۆلیس و په‌رله‌مان و سه‌رۆك و مه‌كته‌ب سیاسی حزب نه‌كه‌ین، ڕێكخراویك بنه‌ماى دامه‌زراندنى جه‌ماوه‌ر بێت واتا ڕێپیوان و كۆبونه‌وه‌ى جه‌ماوه‌رى هێزى به‌ ده‌ست هێنانى ئامانج و داواكاریه‌كانیان بیت.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت