هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا ساڵێكی نوێی خوێندن ده‌ستپێده‌كات، ئه‌مساڵ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجێكی سیاسی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی ئالۆز، هاوكاتیشه‌ له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی قه‌یرانی دارایی و خراپی گوزه‌رانی مامۆستایان و كارمه‌ندانی په‌روه‌رده‌ و دام و ده‌زگا په‌روه‌رده‌ییه‌كان، ئایا له‌ دۆخێكی له‌م شێوه‌یه‌دا ئاماده‌كارییه‌ مادی و په‌روه‌رده‌ییه‌كانی پرۆسه‌ی خوێندن له‌ ئاستێكدایه‌؟ تا چ راده‌یه‌ك جێگای ئومێده‌؟
خاڵى ده‌سپێكى په‌روه‌رده‌یى بریتیه‌ له‌ده‌ستنیشانكردنى ئامانجه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كانه‌ ، گۆڕینى ئامانجه‌ گشتیه‌كان بۆ تایبه‌ت، گۆڕینى میسالیه‌تیه‌كان بۆ ڕاستى و كردارییه‌كان، ده‌بیت ئامانجه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان بگۆڕیت بۆ فیركردن و دواتر له‌ ڕه‌فتاره‌ كرداریه‌كاندا تێبینى بكرێت و هه‌ڵسه‌نگاندنى پێوه‌ری بۆ بكرێت، ده‌سپێكى فێربون پێویستى به‌ سه‌ره‌تایه‌كى ده‌سنیشانكراو هه‌یه‌، واتا پیشخستنى یه‌كه‌كانى خوێندن پێویستى به‌ ئاماده‌كاری و به‌رپرسیارێتى ده‌سنیشانكردنى پرسیاره‌ گرنگه‌كان هه‌یه‌، وانه‌و پرۆگرامه‌كانى خوێندن گرنگترین بابه‌تى گفتوگۆى ده‌سپێكى هه‌ر سالێكى نوێى خوێندنه‌، وه‌ پاشان لێوربوونه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنى ڕێگاكانى وانه‌ وتنه‌وه‌ بۆ گه‌یاندنى پرۆگرامه‌كانى خوێندن و دیاریكردنى شێوازى ڕاڤه‌كردنى وانه‌كان كه‌ ئه‌ركى یه‌كه‌مى مامۆستایه‌ خالێكى ترى ئه‌و به‌ر پرسیاریتیه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ ده‌بیت به‌دوادا چونى بۆ بكرێت، سالێكى نوێى خوێندن به‌ هه‌مان ئامراز و به‌سه‌ره‌تایه‌كى دووباره‌و به‌ ئاماده‌بونى به‌رپرسه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان له‌ قوتابخانه‌یه‌كى نوێكراوه‌دا به‌ لێدانى زه‌نگى كاره‌بایی ده‌سپێكێكى چه‌ند باره‌یه‌ له‌م هه‌رێمه‌دا، پشوى هاوینه‌، ڕاوێژكاره‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان ئامرازو هۆله‌ زۆره‌كانى په‌روه‌رده‌ ناتوانن كۆنفراسه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان به‌ ئاماده‌بونى په‌روه‌رده‌كاره‌ شاره‌زاكان ئاماده‌كه‌ن تا ڕاوێژو ڕاسپارده‌و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ سالێكى نوێى خویندن ئاماده‌بكه‌ن، مێژوویه‌ك لـه‌ هه‌وڵـه‌ به‌رده‌وامه‌كانى په‌روه‌رده‌ى ئه‌م هه‌رێمه‌ كه‌ سه‌رئه‌نجام به‌رهه‌مدار نه‌بووه‌، به‌ڵگه‌ى نه‌بونى به‌دوادها چون و هه‌ڵسه‌نگاندنى به‌رده‌وامه‌ بۆ ڕاسپارده‌په‌روه‌رده‌ییه‌كان، داخورانى په‌روه‌رده‌یی هێنده‌ ڕۆچوه‌ جگه‌ له‌ ڕووكه‌ش هیچ ناوه‌ڕۆكێكى نه‌هێشتۆته‌وه‌، به‌رده‌وام بونى سیسته‌مى ڕابوردوو كه‌ ته‌نها ناو شكڵى گۆڕاوه‌، ئیداره‌دان یان چاودێریكردن هۆكارێكى ترى له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شانى په‌روه‌رده‌یه‌، خه‌می گه‌وره‌مان فراوانكردنى خه‌رجیه‌ سه‌ربازیه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ى خه‌رجیه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كانه‌، به‌لاوه‌كى سه‌یركرنى كه‌رتێكى گرنگى وه‌ك په‌روه‌رده‌ چۆنه‌ بڕواو متمانه‌ت به‌ پێشكه‌وتن و هۆشیارى فه‌رهه‌نگى ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ ده‌مێنێت، سیسته‌مه‌ پیشكه‌وتوه‌كانى جیهان به‌ گرنگه‌وه‌ له‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن ده‌ڕوانن واتا بڕوایان وایه‌ سه‌ره‌تاى ده‌سپێكى هه‌ر گۆڕانكاریه‌كه‌ كه‌ بته‌وێت له‌ كۆمه‌ڵگادا بچه‌سپێنیت، هه‌رێم له‌ ڕابوردوو به‌ هۆى گه‌نده‌ڵى و ئێستا به‌ بیانوى قه‌یرانى دارایی نه‌یتوانى ئه‌م كه‌رته‌ پێشبخات به‌ڵكوو داهێنانى له‌ به‌فیرۆدان و دامه‌زراندا به‌ ئه‌نجام گه‌یاند، ئێستاش و له‌مساڵی نوێی خوێندندا كۆمه‌ڵێك هۆكاری سه‌ره‌كی هه‌ن كه‌ فاكته‌ری سه‌ره‌كی نا ئاماده‌یی بواری په‌روه‌رده‌ین له‌ كوردستاندا:

یه‌كه‌م: خراپی گوزه‌رانی كادره‌كانی بواریی په‌روه‌رده‌
به‌داخه‌وه‌ مامۆستایان و سه‌رجه‌م كادره‌كانی بواری په‌روه‌رده‌ له‌ قه‌یرانی دارایی ئه‌مرۆی هه‌رێمدا پشكی شێریان به‌ر ئه‌كه‌وێت، خراپی گوزه‌ران راسته‌وخۆ كاریگه‌ریی هه‌یه‌ بۆ لاوازی ئینتیما و ئه‌كتیڤیستی مامۆستا له‌ بواری په‌روه‌رده‌دا، وایكردوه‌ ئه‌ركی په‌روه‌رده‌ و فێركردن له‌ ئه‌ركێكی ستراتیجییه‌وه‌ ببێت به‌ ئه‌ركێكی راگوزه‌ر و به‌رێكردن.
دووه‌م: به‌ سیاسیكردن په‌روه‌رده‌
دابه‌شكاریه‌ سیاسیه‌كان له‌ نێو هێزه‌ سیاسیه‌كانى كوردستان كاریگه‌ری گه‌وره‌ی سیستمی په‌روه‌رده‌یی و كارگێری بواری په‌روه‌رده‌ دروستكردوه‌، بوه‌ هۆكارێكی به‌هێز بۆ چاوپۆشیكردن له‌ هه‌ڵه‌ و كه‌م و كورییه‌كان و نه‌هێشتنی پره‌نسیپی پاداشت و سزا له‌ كاری په‌روه‌رده‌یدا.
سێیه‌م: فه‌رامۆشكردنى ئامانجه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان
په‌روه‌رده‌ نه‌یتوانی به‌ڕوونى ئامانجه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كانى ده‌ستنیشان بكات واتا به‌رهه‌م دار نه‌بوو، نه‌ له‌ ڕووى پراكتیك نه‌ زانستى، به‌ده‌ستهێنانى به‌رزترین بڕوانامه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم به‌كه‌مترین نمره‌، یه‌كێكه‌ له‌و هۆكارانه‌ى كه‌ قوتابی متمانه‌یان به‌ خوێندن لاواز ببێت، سیاسی و خاوه‌ن سه‌رمایه‌كان دڵنیان له‌ بڕوانامه‌و دامه‌زراندنیان، دیاره‌ ئه‌مه‌ش هۆكارى دابه‌زاندنى ئاستى زانستى ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمیه‌كانه‌، هۆكارێكیشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خوێندكاری ئاسایی كۆمه‌ڵگا متمانه‌ی به‌ ناوه‌نده‌ فێركارییه‌كانی هه‌رێم نه‌مێنێت.
چواره‌م : فه‌رامۆشكردنى پێداویستیه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان
قوتابخانه‌ خاوه‌نى هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كى دیاریكراو نیه‌ تا له‌ ڕیگه‌یه‌وه‌ گرنگى به‌ لایه‌نى ژینگه‌یی قوتابخانه‌ بدات له‌ جوانكارى یان هۆیه‌كانى فیركردن، به‌لاى منه‌وه‌ گرنگه‌ قوتابخانه‌ خاوه‌نى سه‌ربه‌خۆى دارایی بێت، واتا مه‌ركه‌زێت له‌ دابینكردنى پێداویستیه‌كان هۆكارى گه‌نده‌ڵى و جیاكاریه‌ له‌ پێداویستیه‌كاندا ، دواجار ئه‌م كه‌رته‌ له‌ هه‌ره‌سى ئێجگارى نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ردا كه‌رتى تایبه‌ت جێگره‌وه‌ى ده‌بێت دواجار بارگرانى ونه‌خوێنده‌وارى سه‌ره‌پاى ئه‌م هه‌رێمه‌ ده‌گرێته‌وه‌، گرنگه‌ له‌ خه‌مى ئه‌م كه‌رته‌دا بین، گرنگه‌ بزانین مامۆستاو خه‌ڵكى دلسۆز له‌ ئێستادا هێنده‌ زۆرن كه‌ ته‌نها ئیداره‌دانێكى ئازایانه‌ى ده‌وێت، به‌ خه‌م بین هه‌وڵ بده‌ین فرامۆشى نه‌كه‌ین تا نایه‌كسانى له‌ كۆمه‌ڵگادا بۆ خوێندن دروست نه‌بێن تا منداڵى هه‌ژارو ده‌وڵه‌مه‌ند یه‌كسان بن له‌ مافدا، په‌روه‌رده‌ ته‌نها سێكته‌رى بێبه‌رامبه‌رى حوكومه‌ته‌ كه‌ هاولاتیان له‌ مافدا یه‌كسانن.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت