هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

له‌گه‌ڵ گۆرانی ستایلی ژیان و پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیا و پێویستی مرۆڤ به‌ زانست له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، خواستی مرۆڤیش له‌سه‌ر كه‌رتی په‌روه‌ده‌ گۆرانی به‌سه‌ردا هاتوه‌، گۆرانێك به‌ ئاراسته‌ی خواست له‌سه‌ر كوالێتی خوێندن، له‌م پێناوه‌شدا ئاستی خه‌رجییه‌كان به‌ ئاراسته‌ی دابینكردنی په‌روه‌رده‌یه‌كی كوالیتی به‌رز له‌لایه‌ن خێزانه‌كانه‌وه‌ هه‌ڵكشاوه‌، ئه‌م دیارده‌یه‌ش له‌ چه‌ندین ساڵی رابردووی هه‌رێمی كوردستاندا به‌ روونی هه‌ستی پێده‌كرێت، خێزانه‌كان خه‌رجییه‌كی زۆر له‌ قوتابخانه‌ ئه‌هلیه‌كاندا سه‌رف ئه‌كه‌ن.
له‌ ئه‌نجامی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئه‌م خواسته‌ی هاوڵاتیان له‌سه‌ر كوالیتیه‌كی به‌رزی په‌روه‌رده‌ و فێركردن، چه‌ندین په‌یمانگا و ناوه‌ندی فێركاری كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌هلین و به‌رانبه‌ر به‌ خول و مه‌شقی په‌روه‌رده‌یی و فێركاری بره‌ پاره‌یه‌ك وه‌ر ئه‌گرن، له‌ گه‌ڵ خراپبونى دۆخى هه‌رێم هاتنه‌ كایه‌ی سیسته‌مى پاشه‌كه‌وت و ڕاوه‌ستانى هه‌موو پشتیوانیه‌ داراییه‌كانى سیسته‌مى په‌روه‌رده‌، بێگومان داواكارى له‌ سه‌ر په‌یمانگا ئه‌هلیه‌كان زیادى كرد، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ هۆكارى كه‌م كردنه‌وه‌ى كاتى خوێندن و نائاماده‌یی مامۆستا له‌به‌ر یه‌ك هه‌ڵوه‌شانى سیسته‌مى به‌رێوه‌بردن و پاشه‌كشه‌ى سیسته‌مى هه‌ڵسه‌نگاندن به‌ بیانوى دۆخى دارایی هه‌رێم، دواجار قوتابخانه‌یه‌كى وێران نائاماده‌ له‌ به‌رامبه‌ر چه‌سپاندن و ئاراسته‌كردنى پرۆگرام هاته‌ كایه‌، كه‌ دیاره‌ ئه‌مه‌ هه‌لى زێرێنى زیاد كردنى په‌یمانگاكان بوو به‌ هۆى به‌ ئاسانى ده‌ستكه‌وتنى مامۆستا كه‌ دیاره‌ پێویستى به‌ كارى دووه‌م هه‌یه‌، وه‌ پێویستى قوتابى بۆ شرۆڤه‌ كارى مانه‌ زانستیه‌كانى پرۆگرام كه‌ به‌هۆى بایكۆت نه‌توانراوه‌ وه‌ك پێویست وانه‌كان بوترێته‌وه‌، تا دواجار ژماره‌ زۆرو بۆرى په‌یمانگاكانى لێكه‌وته‌وه‌، پرسیاری گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئه‌م ناوه‌ندانه‌ ده‌زگایه‌كن بۆ په‌روه‌رده‌ و فێركردن یان رێگایه‌كن بۆ بازرگانی؟ سه‌رچاوه‌یه‌كن بۆ پێشخستنی و شیاری مندال یان سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ پاره‌كێشانه‌وه‌ن؟ ئایا مه‌رجه‌ په‌روه‌رده‌یی و زانستییه‌كان له‌م په‌یمانگا و ناوه‌ندانه‌ هه‌ن یان ره‌چاوی ئه‌م بنه‌مایانه‌یان نه‌كردوه‌؟ لێره‌دا ئه‌كرێت ئه‌م چه‌ند سه‌رنجانه‌ تۆمار بكه‌ین.

یه‌كه‌م: باڵه‌خانه‌ى په‌یمانگاكان.
به‌ هۆى نه‌بوون و پابه‌ند نه‌كردنى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى په‌روه‌رده‌ به‌ باڵه‌خانه‌ى گونجاو تایبه‌ت، ته‌واوى په‌یمانگاكان له‌ خانوى نیشته‌ جێبوندان، واتا دروستكراو به‌ میوان نوستن متبه‌خ به‌ سیسته‌میكى كۆن كه‌ ته‌نها دانراوه‌ بۆ كرێ كه‌ بێگومان په‌یمانگا دابه‌شكاریی كردوه‌ به‌ گروپى ئه‌ى و بێ و… هتد، كه‌ دیاره‌ نه‌ڕووناكى، نه‌ڕووبه‌ر ڕێگه‌ پێدراوه‌ به‌و ژماره‌ قوتابیه‌، واتا له‌ ڕووى ده‌رونى شوێنێكى بیزاركراو نه‌گونجاو نه‌بونى سه‌وزایی و گۆڕه‌پان كه‌ دیاره‌ پشودان ته‌نها چونه‌ فرۆشگایه‌ بۆ مه‌به‌سته‌ بازرگانیه‌كه‌ى، یان بردنه‌ ده‌ره‌وه‌یه‌ بۆ چاڤى یا پارك كه‌ بێگومان له‌سه‌ر حسابى ڕاوه‌ستانى وانه‌كانه‌، به‌م پێیه‌ش له‌ رووی بیناوه‌ هیچ مه‌رجێكی په‌روه‌رده‌یی گرنگی تێدا نییه‌، به‌ پیچه‌وانه‌وه‌ شوێنی بچووك و كه‌م ده‌ره‌فه‌ته‌ و مه‌رجه‌كانی ناوه‌ندی فێركاری تیا نییه.

‌دووه‌م: مه‌ترسى كاره‌سات.
به‌رَاستى به‌ خه‌مترین خاڵ له‌م په‌یمانگانه‌دا ڕه‌چاونه‌كردنى ده‌رچه‌ى ڕزگار بونى 50 بۆ سه‌د منداڵ له‌ئه‌گه‌رى هه‌ر ڕوداوێكى ئاگركه‌وتنه‌وه‌ به‌ هۆكارى كاره‌به‌، واتا ته‌واوى باله‌خانه‌كه‌ به‌ هۆى كۆنى ڕووپۆشه‌ به‌ پلاستیك و ته‌په‌ دۆر به‌ سیسته‌مێكى كاره‌باى زۆر خراپ.

سێیه‌م: چاودێریكردن.
له‌گه‌ل زیادبونى ئه‌م په‌یمانگانه‌ هیچ ڕینمایی و به‌رچاو ڕونیه‌ك نیه‌ له‌ دیاریكردنى پرۆگرام و كاتى وانه‌و وه‌رزى فێركردن تا كه‌سوكارى قوتابى له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر ناحه‌قیه‌ك له‌ ڕێگاى سكاڵاوه‌ داواى مافى منداڵكانیان بكه‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ دیاریكردن و ڕێنمایی چاودێریكردنى مامۆستاو سیسته‌مى به‌رێوه‌بردن كه‌ گرنگه‌ له‌ لایه‌ن به‌رێبه‌رایه‌تى په‌روه‌رده‌وه‌ لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌یی بۆ دیاریبكرێت وه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م كاره‌دا، پاداشتى دارایی لیژنه‌كه‌, له‌ ڕێگه‌ى باج په‌یمانگاكان به‌ر پرسیارێتى هه‌ڵبگرن.

چواره‌م : كڕین و فرۆشتن.
دیارده‌یه‌كی زۆر خراپ له‌ هه‌ندێك له‌ په‌یمانگا فێركارییه‌كاندا بوونی هه‌یه‌ ئه‌ویش مامه‌ڵه‌ى كرین و فرۆشتنه‌ به‌ په‌یمانگاكان له‌سه‌ر بنه‌ ماى ژماره‌ی خوێندكاره‌كان و بڕی ئه‌و قازانجه‌یه‌ كه‌ له‌و وه‌رزی خوێندنه‌ ده‌ستی ئه‌كه‌وێـ ، هه‌تا ژماره‌ی خوێندكاره‌كان زیاتر بێت بری پاره‌ی مامه‌ڵه‌كه‌ زیاتر ئه‌بێت ، ئه‌مه‌ش دیارده‌یه‌كی زۆر نا په‌روه‌رده‌ییه‌ و پێویسته‌ ته‌حقیقی تیا بكرێت.

پێنجه‌م: هه‌ڵسه‌نگاندن.
هه‌موو سیسته‌مێكى په‌روه‌رده‌ دوولایه‌نى هه‌ڵسه‌نگاندنى هه‌یه‌:
یه‌كه‌م: هه‌ڵسه‌نگاندنى مامۆستا و شێوازى ئاڕاسته‌كردنى پرۆگرام كه‌ گرنگه‌ خه‌ڵكى شاره‌زاو به‌ ئه‌زمون ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ بكه‌ن هه‌ر وه‌ك سه‌ر په‌رشتیاران.
دووه‌م: هه‌ڵسه‌نگاندى ڕێژه‌یی كه‌ بێگومان ده‌توانى بۆ هه‌ر وه‌رزێك ژماره‌ى به‌شداربوو وه‌ چه‌ندێتى له‌ فێربوندا به‌ چه‌ند ڕێگایه‌ك ڕاسته‌و خۆ یان ناڕاسته‌و خۆ له‌ قوتابخانه‌كاندا به‌ مامۆستایان له‌ ڕێگه‌ى فۆرمه‌وه‌ ئایا جیاوازى به‌دى ده‌كرێت له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى تواناى قوتابیه‌ به‌شدار بوه‌كانى په‌یمانگا ئه‌هلیه‌كان؟، پاشان ده‌سنیشانى ئاستى باشى و خراپى په‌یمانگاكان ده‌كرێت؟.

شه‌شه‌م: ئاڕاسته‌كردنى بیرو ئایدیای سیاسی و ئایدۆلۆژى.
هه‌ندێك له‌م په‌یمانگانه‌ مه‌به‌ستدارو خاوه‌ندارن به‌ حزبه‌ ئایدۆلۆجیه‌كان كه‌ له‌ ڕێگایه‌وه‌ هه‌وڵى ڕازیكردن یان گۆڕینى ئایدۆلۆجیایى گه‌نج و منداڵان ده‌ده‌ن واتا هه‌موو ئه‌مانه‌ نرخیان كه‌متره‌ و ووتار بێژى زۆر باشیان بۆ دانراوه‌ جگه‌ له‌ هه‌وڵدان بۆ دروستكردنى په‌یوه‌ندى خێزانى و به‌سه‌ر كردنه‌وه‌یان بۆ موناسه‌باتى ئاهه‌نگ و سه‌یران له‌ پێناو گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ سیاسیه‌كانیان.

حه‌وته‌م : كه‌ره‌سته‌ فێركارییه‌كان.
خاڵێكی دیكه‌ كه‌ سه‌رنح راده‌كێشێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌ره‌سته‌ و ئامرازه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان له‌و په‌یمانگایانه‌دا كه‌ بڕه‌ پاره‌یه‌كی زۆر وه‌رده‌گرن كه‌ره‌سته‌ی كلاسیكین و هیچ ئه‌نجامێكی نوێی په‌روه‌رده‌یی به‌و كه‌ره‌سته‌ و ئامرازانه‌ نایه‌ته‌دی، ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ی له‌م په‌یمانگایانه‌ به‌كار دێن هیچ جیاوازی و تایبه‌تمه‌ندیه‌كی نییه‌ كه‌ جیای بكاته‌وه‌ له‌ قوتابخانه‌ حكومیه‌كان.
له‌ كۆتاییدا گرنگه‌ ئه‌وه‌نده‌ى پێمانده‌كرێت بێ ده‌نگ نه‌بین له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م پاشا گه‌ردانیاى ڕووى له‌ په‌ر وه‌رده‌ كردوه‌ كه‌ دورنیه‌ ئه‌مه‌ هه‌نگاوى یه‌كه‌مى به‌پاره‌كردنى خوێندن بێت، كه‌ سه‌ر ئه‌نجام به‌م سیسته‌مه‌ و به‌ بێ چاودێرى به‌ هێزى خاوه‌ن ده‌سڵاته‌كان ته‌واوى په‌روه‌رده‌ له‌ به‌ر یه‌ك هه‌ڵوه‌شێت.

 

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە