هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

گەر بە مێژووی دوور و نزیکی دەسەڵاتداران و فەرمانڕەوایانی وڵاتاندا بچینەوە، ئەومان بەرچاو دەکەوێت، کە چەندین شا و سەرکردە و دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوا و پلەبەرزی سەربازیی، تووشی لە خۆبایی و ڤایرۆسی شیتی گەورەیی بوون، کە خۆیان بە سێبەری خوا لەسەر زەویدا دەزانین. لەو خەیاڵ و ئەقڵییەت و وەهمە پووچەشدا بوون؛ کە ئەمان جیاوازن و خاوەنی توانایەکی بەدەرن و هەرگیز لە ژیانیاندا نابەزن و شکست ناهینن، شایەنی ئەوەش نین کە رەخنەیان لێبگرن. یا پێیان بڵێن ئێوە پێتان خوار داناوە. نموونەی ئەو سەرکردە دیکتاتۆرە ملهوڕە گۆڕبەگۆڕە تووشبوانەی شێتی گەورەیی و دەسەڵات وەکو: هۆلاکۆ، جەنگیزخان، هیتلەر، سەدام ، نیرۆن، مۆسۆلینی، ستالین، ناپلیۆن، قەزافی، تشاوتشیسکۆ، میلۆشیڤیچ، تەتاتورک و… تاد.
بە ملیۆنان مرۆڤ لە جیهاندا بوونە قوربانی لەخۆبایی و هەوسبازی و شەڕخوازی ئەم گۆربەگۆڕانە، بە ملیارات دۆلار و سامانیان بە فیڕۆدان، بوونە هۆی گرانی و برسێتی و قات و قڕی، بوونە هۆی ماڵوێرانی و سەرگەردانی و دەربەدەری؛ بوونە هۆی چەندین جار کاولکردنی شارستانییەتەکانی جیهان. تۆوی ڕق و کینە و دوژمنایەتیان لە نێوان گەلاندا چاند، بەڵام هەر ئەم کردەوە قێزەوەنانەیان سەریانی خواردن. ئەم لە خۆباییانە بە چارەنووسێکی پر لە شەرمەزاری ڕەش کۆتایی بە ژیانیان هات. چوونە زبڵدانی مێژووەوە، تا ئەمڕۆش ڕۆژانە تفباران و نەفرەتباران و جوێنباران دەکرێن.
لە ئەمڕۆشدا ئەردۆگانی سەرۆک کۆماری زیندانستان (تورکیا)ی فاشستی، کە لە رادەبەدەر لەخۆی بایی بووە و تووشی ڤایرۆسی شێتی گەورەیی (پارانۆیا) و تووشی (کوردفۆبیا) بووە. تا ئێستا چەندین رۆژنامە و رۆژنامەنووس و سیاسەتمەدارانی ناسراو و شرۆڤەکارانی سیاسی جیهانی، جەختیان لەسەر تووشبوونی ئەردۆگان بە ڤایرۆسی (شێتی گەورەیی) و لەخۆبایی و قورخکردنی دەسەڵات کردوون. ئەم ڕاستییانەش لە میانەی وتارەکانی و کردەوەکانی و ڕەفتارە ناشیرین و ناپەسەندەکانیدا ڕەنگیان داوەتەوە، پەڵەی ڕەشن بە ناوچەوانییەوە و ناتوانێت بیانشارێتەوە.
ئەردۆگان لەو زیندەخەون و خەیاڵ و وەهمە دایە، کە ئەو بە توانترین و جیاوزاترین سەرکردەیە و ئەو خەلیفەی موسڵمانانە و، سوڵتانێکی نویی عوسمانییەکانە. هیچ کەس و هیچ لایەنێک بۆیان نییە، ڕەخنەی لێبگرن، یا پێی بڵێن بەری چاوت کلی پێوەیە.
بۆ مانەوەی لە دەسەڵات و قورخکردنی هەموو دەسەڵاتە گرنگەکان، هەموو کارێکی ناڕەوا و نایاسایی و ناڕەوشتیش و بێویژدانی ئەگرێتە بەر، پەڕلەمانی تورکیاش کە زۆرینەی پارتەکەی ئەردۆگانە، سەکۆیەک نییە بۆ ئازادی و دادپەروەری، بەڵکو تەنها بڕیار و فەرمانەکانی ئەردۆگان جێبەجێدەکەن. دادگاکانی تورکیاش هەموو شەرعییەت و دادپەروەری و بێلایەنییەکیان سەربەخۆییەکیان خۆیان لە دەست داون، بوونەتە بە دەزگایەکی پاشکۆی ئاک پارتی و، یاساش تەنها لە بەرژەوەندی ئەماندا جێبەجێدەکرێت. حکومەت و دەسەڵاتی جێبەجێکردن و هەموو دەزگا ئەمنییەتەکان، سەرکردەکانی سوپاش تا دەکاتە سەربازێکی یەک خەتیش، دەبێ سەر بە پارتەکەی ئەردۆگان بێت.
لە تورکیادا، هەر کەسێک رەخنە لە ئەردۆگان بگرێت، بە تاوانبار و ناپاک ناودەبرێت و بەند دەکرێت و سزادەدرێت. هەر کەس و لایەن و نەتەوەیەکیش داوای ماف و ئازادی و دیموکراتی و دادپەروەری و یەکسانی و ئازادیی دەربڕین بکەن، بەند دەکرێن و بە تاوانی تیرۆریست و ناپاکی وڵات و جیاوازیخواز و بە زۆریش بە لایەنگری پارتی کرێکارانی کوردستان تاوانباردەکرێن و دادگاییەکی ناڕەوا دەکرێن و قورسترین سزای نایاسایی لە ڕادەبەدەر دەدرێن. مەگەر سزای وەها هەر لە تورکیای ئەردۆگانیدا هەبن.
ئەردۆگان بە لۆژیکی (ئەوەی لەگەڵم نەبێت، ئەوە دژمە) کاردەکات.
تا ئێستا زیاتر لە (2000) هونەرمەند و رۆژنامەنووس و نووسەر و هاوڵاتیانی ئاسایی، بەوە تاوانبار کراون کە هێڵی سووریان بەزا دووە و رەخنەیان لە (سوڵتان ئەردۆگان) گرتوون. بە توومەتی ناپاکی دادگاییدەکرێن.
تا ئێستا، لە دوای سیناریۆی دروستکراوی (کودەتای شکستی) سەربازییەوە، زیاتر لە (پەنجا هەزار) کەس بە توومەتی بە شداری کردن یا پشتگیریکردن یا لایەنگرتنی کودەتا تاوانبار کراون و گیراون. بە هەمان توومەتیش، زیاتر لە سەد هەزار فەرمانبەر و مامۆستا و دادوەر لە کارەکانیان دەرکران و نانبڕاویان کردوون. بە دەیان رۆژنامە و کەناڵی تەلەفزیۆنی و دەزگا و دامەزراوەی رۆشنبیریش داخران.
بێگومان پشکی شێری ئەو توومەت و بووختانە هەڵبەستراونە، ئەو گرتن و زیندانی کردن و سزادانانە، بەر گەلی کوردی بێتاوانمان لە باکووری کوردستان کەوتوون.
ئەردۆگانی دیکتاتۆر و فاشت و رەگەزپەرست، لە ژێر درێژەدانی راگەیاندنی (باری نائاسایی) و (حوکمی عورفی) لە تورکیادا، دەیەوێت زیاتر رەشەکوژی لە باکووری کوردستاندا بکات، زیاتر کوردستان وێران بکات، زیاتریش لاوان و منداڵانی کوردمان لە زیندانە سامناکەکانی تورکیادا بئاخنێ. تاوانیشیان هەر ئەوەیە کە کوردن.
لە فەرهەنگی تورکیای ئەردۆگانیدا زارەوەگەلی (ئازادی، دیموکراتی، ماف، یەکسانی، دادپەروەری، بێتاوانی، ویژدان، بەزەیی، مرۆڤایەتی و… تاد) بوونیان نییە.
لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەی کە وەزیری دەرەوەی تورکیا (مەولود تشاوش ئۆغڵو) لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سعوودییە (عاد الجیبر) لە ڕیاز سازیان کرد. مەولود ئۆغڵو ئەوەی ڕاگەیاند کە رەجەب تەیب ئەردۆگان، خەریکی ئامادەکردنی چەکە بۆ ئەوەی، گەورەترین ئۆپراسیونی سەربازی لە مێژووی تورکیادا، لە دژی شەرڤانانی کورد لە باکووری کوردستان دا ئەنجامبدات. وەکو (سکای نیوزی عەرەبی) ی بڵاویکردەوە.
تا ئەمڕۆش ئەردۆگان بە لۆژیکی هێز و لەشکرتاریی مامەڵە لوگەڵ پرسی رەوای گەلی کوردمان دەکات. بەڵام ئەمەشی بۆ ناچێتە سەر، چونکە کوشتن و ویرانکردن هێندەی تر برینەکان قوڵدەکەنەوە و، گەلەکەمان رق ئەستوردەکەن. زیاتر پارێزگاری لە بوونی خۆی دەکات و بە ئەوپەڕی تواناشیەوە بەرگری لە خۆی لە کوردستان دەکات.
لە سایەی دەسەڵاتی تاکڕەوانەی ئەردۆگاندا، تورکیا بووە بە دەوڵەتێکی پۆلیسی و سەربازیی سەرکوتکەری ئازادی و دیموکراتی و ئاشتیخوازی دادپەرروەری و پێیکەوەژیان. لە سایەی سیاسەتە هەڵە و چەوتەکانی ئەردۆگاندا، سیاسەتی ناوە و دەرەوەی تورکیا لە دواکەوتن و لێژبوونەوەدان، رۆژ لە دوای رۆژ، پێگەی تورکیا لە پاشەکشێدایە. سنووربەزاندن و خۆهەڵقورتاندن و دەستێوەردانی ئەردۆگانن لە وڵاتانی تر، بۆ تە هۆی ئەوەی کە دۆستایەتی گەلێ وڵات لەدەست بدات، ڕووی تورکیا هێندەی تر ناشیرین و قێزەوەن بکات. ئەو دەوڵەت و لایەنانەی کە لە لەخۆبایی و لە رەفتارە چەوت و ناشیرینەکانی ئەردۆگان و بێزار و نیگەران بوونە:
(عێراق، سوریا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، میسر، یۆنان، روسیا، نەمسا، یەکێتی ئەوروپا، ئیسرائیل، تەنانەت هاوپەیمانی ناتۆش) نیگەرانن لە لە رەفتارەکانی ئەدرۆگان.
بێگومان راگەیاندنەکانی تورکیا، کە لەژێر دەسەڵاتی پارتەکەی ئەردۆگانیان، ڕۆڵێکی نەرێنیان هەیە، لە تووش بوونی ئەردۆگان بە نەخۆشی شێتی گەورەیی و لەخۆبایی بوون. ڕاگەیاندنەکانیان زیاد لە پێویست بە شان و باڵیدا هەڵدەدەن و فووی تێدەکەن و، هێندەی تر تڕی زل دەکەن.
رژێمی بەعس و ماستاوچییەکانی عێراقیش، نەوت و نازناویان بۆ سەدام هەڵبەستی، دەشیان وت: کە سەدام وتی، کەواتە عێراق وتی. زۆر سەدامیان فوودا، سەدانیش هێندەی تر لەخۆی دەرچوو. بە دەستێکی تفەنگی تەقەی بە بڕنەو، لە ساڵانی هەشتاکاندا، کە نەبوونی ڕووی لە خەڵکییەکە کردبوو، ئەو لەو کاتەدا سەدام (25) ملیۆن دۆلاری لە یادی جەژنێکی لەدایک بوونیدا خەرجکرد. نزیکەی پەنجا کۆشکی گەورە و نایابیشی لە عێراقدا هەبوو. بە چاوی خۆمان بینیمان کە چۆن ئەم فسف پاڵەوانەیان وەکو مشک لە کون دەرهێنا.
پێشبینی ئەوە دەکەم، کە چارەنووسی ئەردۆگانی دیکتاتۆریش، لە چارەنووسی سەدام باشتر نابێت. ئەمیش وای لێهاتووە لە لە سێبەرەکەی خۆشی دەڕەوێتەوە.
لە کاتێکدا کە رێژەی بێکاری و هەژاری، لە تورکیادا لە زیادبووندایە، و لیرەی تورکیێش بەهای لە دابەزیندایە. کەچی ئەردۆگان لە (کۆشکی سپی) کە لە (ئەنکرە) ی پایتەخت بە تایبەتی بۆ خۆی و خێزانەکەی دروستی کرد، لەسەر شێوازی کۆشەکانی سۆڵتانەکانی عوسمانی. لەسەر رووبەری (دوو سەد هەزار) مەتری چوار گۆشە دروستی کردووە (1150) ژووری تێدایە، زیاتریش (650) ملیۆن دۆلاری تێچووە. خەریکی دروستکردنی تاقیگەیەکیشە لەم کۆشکەدا، بۆ ئەوەی خواردنەکانی بە ووردی بشکنینی بۆ بکەن، نەباکە ژاراوی و میکرۆبی بکەن.. هەر بۆ لاسایی کردنەوەی سوڵتانەکانی عوسمانی (18) پاسەوانی تایبەتی لە کۆشکی سپی دا، بە جلوبەرگ و کەلوپەلی عۆسمانییەوە داناون. خۆشی جار و بار بەرگی سوڵتانی لەبەردەکات.
شاینی باسیشە، فرۆکەیەکی (ئێڕباس) ی تایبەتیشی بۆ خۆی کڕی کە نرخەکەی نزیکەی (346) ملیۆن دۆلارە. ئەم هەموو پارەیەش لە قووتی خەڵکی خەرج دەکات.
هەروەکو چۆن لە عێراقدا، قوربانیی یەکەمی لەخۆبایی و شێتی گەورەیی و دیکتاتوری سەدام حوسێن گەلی کوردمان بوو، رەگەزپەرستی و هەموو رق و کینەیەکی بە گەلی سڤیل و بێتاوانی کوردمان رشت. بە داخەوە بە هەمان شێوەش، ئەردۆگانی دیکتاتۆر، تووشبووی لە خۆبایی و شێتی گەورەیی، دەیەوێت هەموو رق و کینە و ژەهرێکی ناو دەروونی رەشی بە گەلی کوردی بێتاوانمان لە باکووری کوردستان بڕێژێت.
بەڵام ئەردۆگان و هەر ستەمکار و لەخۆبایی و دیکتاتۆرێک، زووبێت یا درەنگ، رۆژێکی رەشیان هەیە، کە دەبێت باجی ستەم و ناهەقی و تاوانەکانیان بدەنەوە. زبڵخانی مێژووش قێزیان لێبکاتەوە. با ئەم دیکتاتۆرە تازانە چارەنووسی: هیتلەر، تشاوتشیسکۆ، سەدام، قەزافی، شای ئێران و… تاد، بێننە بەرچاویان.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە