هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

خاتوو (فرانسیس هـۆدسۆن برنێت) رۆماننووس و شانۆنووس و چیرۆکنووسێکی ناسراوی ئینگلیزییە. خاوەنی چەندین رۆمان و شانۆی چاپکراو و بڵاوکراوەیە. بە تایبەتیش لە رێی ئەو چیرۆک و رۆمانانەی کە بۆ منداڵان نووسینی، زیاتر ناسرا و ناوبانگی دەکرد و لای منداڵان شیرین و خۆشەویست بوو. منداڵانی ئەمڕۆش چێژ و خۆشییەکی زۆر لە چیرۆکەکانی وەردەگرن.
فرانسیس هۆدسۆن لە (24ی/ نۆڤەمبەر/1849) لە شاری مانشستەر لە ئینگلتەرا لە خێزانێکی هەژار و دەستکورت لەدایکبوو. سێ خوشک و دوو برابوون، فرانسیس منداڵی گەورەی خێزانەکەی بوو. تەمەنی پێنج ساڵان بوو کە باوکی کۆچی دوایی کرد. هێندەی تر ژیان و گوزەرانیان سەختربوو.
لەسەر داخوازی مامیان لە ساڵی (1865) دا، کۆچیانکرد بۆ ئەمریکا، لە شاری (ئۆکسفێڵ) دا گیرسانەوە. تەمەنی فرانسیس هەژدە ساڵان بوو کە دایکیشیان کۆچی دوایی کرد. خەمی چاودێری و دابینکردنی بژێوی خێزانەکەی کەوتە ئەستۆی. بە تایبەتیش دوو براکەی کە هێشتا بچووک بوون.
فرانسیس هەر لە منداڵییەوە حەزی لە خوێندنەوە و نووسین بوو، هۆگر و سەرسامی نووسینەکانی (شارلۆت بـرونی) و (نیملی بـرونی) و (هـێلین کیلەر) بوو. دەستپێکی نووسینی، بە نووسینی کورتە چیرۆک بۆ منداڵان دەستی پێکرد. فرانسیس بۆ یەکەمین جار لە ساڵی (1886) دا، یەکەمین نووسینی خۆی لە گۆڤاری (گودی) دا بڵاوکردەوە، کە گۆڤارێکی ئەدەبی مانگانە بوو، بە زۆریش ئەو بابەتانەی بڵاودەکردەوە کە ژنـان دەیانووسین. فرانسیس بچووکترین نووسەری ژن بوو کە لەو گۆڤارەدا نووسینەکانی بڵاودەکردەوە. دواتریش بە رێکی و بەبێ دابڕان، لە چەند گۆڤارێکی ئەدەبی تریشدا وەکو (سکرینەر) و (پترسۆن لیدز) کە مانگانە بوون، نووسینی بابەتی هەمەچەشنەی بڵاودەکردەوە. بەو بڕە پارە کەمەی کە لەبری نووسینەکانی لەو گۆڤارانە پێیان دەدا، خوشک و براکانی پێی دەژیان. گەرچی فرانسیس لە نووسینەکانیدا دەیویست وەکو نووسەرێکی ریالیزمی دەرکەوێت، بەڵام لە زۆربەی رۆمانەکان و چیرۆکەکانیدا، رۆمانسییەت و خەیاڵئامێزی زاڵن و رەنگیان داونەتەوە.
فرانسیس هۆدسۆن لە ساڵی (1873) دا، لەگەڵ دکتۆر (سوان برنێت) دا لە واشنتۆن هاوسەرگیریان کرد، دوو کوڕیان بوو. لە ساڵی (1898) دا، لە یەکتری جیابوونەوە.
لە ساڵی (1900) دا، بۆ جاری دووەم لەگەڵ (ستیڤن تاونسەند) دا، کە پیاوێکی بزنسمان بوو، هاوسەرگیریان کرد. لە (1902) دا، لەگەڵ ئەمیش جیابۆوە.
لە ساڵی (1905) دا، پاسپۆرتی ئەمریکی وەرگرت، بوو بە هاوڵاتییەکی ئەمریکی.
لە ساڵی (1890) دا کوڕی یەکەمی (لیـۆنێل) بە نەخۆشی سیل مرد. مردنی کوڕەکەی زۆر کاری دەروونی تێکرد. ماوەیەک چووە جیهانی رووحیانەت و سۆفیگەرییەوە، ئەمەش لە هەندێ لە رۆمانەکانیدا رەنگیان داونەتەوە.
فرانسیس هۆدسۆن کۆمەڵێک رۆمان و دراما و چیرۆکی نووسیون. ئێمە تەنها باس لەو سێ رۆمانەنەی دەکەین کە بۆ منداڵان نووسیونی، پاڵەوانەکانیشیان خودی منداڵانن، سێ رۆمانە بە ناوبانگەکەشی بۆ منداڵان. کراونەتە زنجیرە درامای کارتۆنی تەلەفزیۆنی و بە فیلمی سینەمایی. زۆر بە کورتی و بە چڕی باسی ئەم سێ رۆمانەی دەکەین:
1- لە ساڵی (1886) دا، رۆمانی (لۆردی بچووک فۆنتلڕۆی)ی چاپکرد و بڵاویکردەوە. زیاتر لە نیو ملیۆن دانە، لەم پەرتووکەی فرۆشرا. کە بۆ ئەو سەردەمە ژمارەیەکی زۆر بوو. ئەم رۆمانەی کرایە زنجیرە درامای کارتۆنی تەلەفزیۆنی، دواتریش کرایە فیلمێکی ئەنیمەیشنی سینەمایی. لە دۆبلاجکراوی عەرەبیدا کراوە بە (کـوڕە باشـەکە).
2- لە ساڵی (1888) دا، رۆمانی (سارا کـریو)ی نووسی و بڵاوی کردەوە. لە ساڵی(1905) دا، دووبارە ئەم رۆمانەی دەستکاری کرد و دایڕشتەوە، ناونیشانەکەشی گۆڕی و کردی بە (شـازادە بچـکۆلەکە) ئەم رۆمانەشی کراوە بە زجیرە درامایەکی تەلەفزیۆنی. لە لایەن کۆمپانیایەکی فیلمسازی یابانیش، لە ساڵی (1958) دا، کراوە بە فیلمێکی کارتۆنی سینەمایی لەژێر ناوی (سـالی) دا، لەو بڕوایەدام کە زۆربەی منداڵانی جیهان، فیلمی (سالی) یان بینیون. چێژ و خۆشییان لێوەرگرتوون. ناوی راستی پاڵەوانی ئەم چیرۆکە (سارا کریو)ە، کە بە (شازادە بچۆلەکە) ناوبراوە. کچێکە باوکی هیندییە و دایکیشی فەرەنسییە. بەڵام لە سەرچاوە ئینگلیزییەکاندا، باوکیشی بە ئینگیزی ناویان بردوون.. لە کاتێکدا سارا لە ئینگلتەرا دەیخوێند. هیچ کێشەیەکی نەبوو، خۆشەویست و رێزداربوو لای هاوڕێکانی و لای مامۆستاکانی و لای بەڕێوەبەری قوتابخانەکەشی. بەڵام لەپڕێکدا، ژیانی لێتاڵ بوو. هەواڵی کۆچکردنی دوایی باوکی بە گرانەتا لە هیند پێگەیشت.. پارێزەرەکەی باوکی، پێی دەڵێت کە باوکت پێش مردنی مایەپووچی خۆی راگەیاند. سارای تاقانە بێ باوک و بێ دایک دەمێنێتەوە. هيچ بژێوییەکی ژیانی نەما، تووشی هەژاری و نەبوونی بوو. بەڵام گەشبین بوو، بێ هیوا نەبوو، ناچاربوو کە کارەکەری بکات، تا خۆی بژێنێت و درێژە بە خوێندنەکەی بدات.
بەڕێوەبەری قوتابخانەکەشی هیچ بەزەییەکی بە سارا کریو دا ناهات، وەکو کارەکەرێک لە ماڵەکەیدا کار و خزمەتی پێدەکرد. سارا کچێکی باش و دلۆڤـان و رووخۆشبوو، بۆیە رێز و خۆشەویستیی هاوڕێکانی لەدەست نەدا.
دوای ماوەیەکی درێژ هاوڕێیەکی دڵسۆزی باوکی، کە سامانەکەی باوکی وەرگرتبوو. لەبەر ئەوەی ئەم هاوڕییەی باوکی منداڵی نەبوو، سارا کریوی بە کچی خۆی دەزانێ. سامانەکەی باوکی و سامانەکەی خۆشی خستە خزمەتی خۆشگوزەرانیی ساراوە. لێرەوە ژیان و گوزەرانی سارا بۆ باشی و شادی و خۆشگوزەرانی دەگۆڕێ. دەبێتە کچێکی خۆشەویست و رێزدار لە لای هەمووان. لەگەڵ هاوڕێ دلۆڤانەکەی باوکیدا دەژین.
سارا کریو (سالی) لە دوو جیهانی جیاوازدا ژیا، جیهانی یەکەم جیهانی خەونەکانی کە لەڕیی خوێندنەوە بە دەستی بهێنێت. جیهانەکەی تریش، ئەو جیهانە دڵڕەقەیە، کە بەزەیی بە هەژار و نەبوودا نایات، دوای ئەوەی کە چی هەبوون بە جارێ هەمووی لە لەدەست دان و بێدەرەتان بوو. بەڵام لەم دۆخە سەختەشدا، هێشتا هاوڕێ دڵسۆزەکانی لەگەڵیـدابوون. سارا هەرەم رووگەش و لێو بە خەندە بوو. کچۆڵەیەکی خۆراگر و هیـوادار بوو. بە کورتی ئەمەیە ناوەڕۆکی چیرۆکی (سارا کریو) یا (شازادە بچکۆلەکە). کە چیرۆکێکی کلاسیکی ئەنیمەیشنی سینەماییە بۆ منداڵان. تا ئەمڕۆش منداڵان بە جۆش و پەرۆشەوە سەیری دەکەن. ئەم فیلمە سینەماییە بۆ بەشێکی زۆری زمانەکانی جیهان دۆبلاج کراوە.
3- فرانسیس لە ساڵی (1911) دا، رۆمانی (باخـچە نهێـنییەکە) ی نووسی. کە کراوە بە فیلمێکی سینەمایی بۆ منداڵان. ئەم رۆمانەی بە شاکارێکی ئەدەبی منداڵان ناسراوە.
پاڵەوانی ئەم چیرۆکەی، کچێکە بە ناوی (مـاری لینۆکس).
باخچە نهێنییەکە باس لە چیرۆکی کچۆڵەیەک دەکات، کە لە دایک و باوکێکی ئینگلیز لە هیند لە دایکبووە. روداوی چیرۆکەکەش پێش جەنگی جیهانیی یەکەمە. کە هیندستان لە لایەن ئینگلتەراوە داگیرکرابوو و بەڕێوە دەبرا. باوکی (ماری) کاربەدەستێکی باڵای ئینگلیزی بوو، لە هیندستان سەرقاڵی بەڕێوەبردن و کاری سەربازی بوو. دایکیشی ئافرەتێکی ئوستوکراتی زۆر جوان بوو. هەر خەریکی گەڕان و چوونە ئاهەنگ بوو. ئەرکی بەخێوکردن و پەروەردەکردن و چاودێریی ماری، درابوون بە چەند کارەکەرێکی هیندی. دایک و باوکی ناپەرژانە سەر ئەوەی، کە ماری لە ئامێز بگرن و مەستی ناز و خۆشەویستییانی بکەن. ماری تا رادەیەک گۆشەگیر و دەروون نائاسایی بوو.
تەمەنی ماری نۆ ساڵ بوو، لە ماوەیەکی کەمدا باوکی و دایکی و چەند کارەکەرێکیش لەوانەی خزمەتیان دەکرد، بە نەخۆشی کولێرە لە هیندستان کوچی دواییان کرد. ماری بێ دایک و باوک دەگەڕێتەوە بۆ ئینگلتەرا. لە خانوویەکی زۆر گەورەدا، لە ماڵی خاڵیدا دەژی، خاڵۆژنیشی دە ساڵ بوو کە کۆچی دوایی کردبوو. خانووەکەی خاڵی زۆر کۆن و گەورەبوو، دروستکردنی دەگەڕایەوە بۆ (600) ساڵ، (100) ژووریشی تێدابوو، کە زۆربەیان کوڵم کرابوون، باخێکی زۆر گەورەی پڕ لە دار و دەوەن و گوڵزاری جوان و سەوزاییش، بە دەوری خانووەکەدا بوون. ماری لەگەڵ چەند کارەکەرێکدا ئاشنا دەبێت بە تایبەتیش لەگەڵ (مارتا) دا، گوێی لە چەند چیرۆکێک دەبێت کە بۆیان گێڕایەوە. لەوانەش ئەو باخچە دەرگا داخراوەی ماڵی خاڵی، کە لە کاتی مردنی خاڵۆژنییەوە، خاڵی دایخستبووە و چاوی بەرایی نادا کە بیکاتەوە. کلیلی قوفڵی دەرگاکەشی لە یەکێک لە ژوورەکاندا شاردبۆوە. رۆژێک ماری بە رێکەوت لە ژوورێکدا، کلیلی باخچە نهێنییەکە دەدۆزێتەوە. دەرگای باخچە نهێنییەکە کە دەکەوتە پشتەوە دەکاتەوە. سەرسام دەبێ و خۆی لە باخچەیەکی سەیر و سەمرەی خەیاڵیدا بینییەوە. لەوەدوا ژیانی ماری دەگۆڕێ، بە خۆشی و گەشی و شادی و بەختەوەری لە کۆشکەکەی خاڵیدا ژیانی بەسەردەبرد. ئەم چیرۆکەش کراوە بە زنجیرە درامایەکی کارتۆنی تەلەفزیۆنی و بە فیلمێکی ئەنیمەیشنی سینەمایی بۆ منداڵان، هەر بە ناوی (باخـچە نهێـنییەکە) وە.

 

فرانسیس لە ساڵی (1893) دا بیروەرییەکانی ژیانی سەردەمی لاوی خۆی بڵاوکردەوە.
فرانسیس هۆدسۆن لە (29ی/ ئوکتۆبەری/1924) دا کۆچی دوایی کرد، لە گۆڕستانی
(رۆسلین) لە نیویۆرک، لە تەنیشت کوڕەکەیەوە نێژرا.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت