هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگاتە هاوڕێکانت.

لەسەرەتاى سەدەى بیستەم گەلێک ڕووداوى گرنگ ڕوویدا لەناو وڵاتانى دراوسێى کوردستاندا، وەکو شۆرشى روسیا لە ساڵى (1905)، مشروتیەى ئێران لە (1905-1906) چاکسازى (اصلاحات)ى دەستوورى لە وڵاتى عوسمانى ساڵى (1908)، ئەمانە هەموویان بەرهەمى رووداوەکانى بەر لەخۆیان بوون، نەتەوەى کوردیش چاوى کرابووەوە و لە مەبەست و ئامانجى ئەو شۆڕشانە گەیشتبوو، چۆن سیاسەتمەداران و ڕۆشنبیرانى نەتەوەکان کەوتبووە چالاکى و داواى چاککردنى بارى وڵات و ژیانى هاوڵاتیانى خۆیان دەکرد، کوردیش ماوەیەک بوو لەسەدەى نۆزدەوە زانایان و ڕۆشنبیرانى کورد کەوتبوونە خۆیان و هەستى نەتەوایەتیان بەناو جەماوەردا بڵاودەکردەوە و نەتەوەى کوردیان هان دەدا لەوە زیاتر بێدەنگ نەبن، بەرامبەر بەجەور و ستەمى داگیرکەرانى کوردستان، هەر لەبەر ئەمە لەتشرینى دووەمى (1905) کوردى دەرسیم و بایەزید و بدلیس ڕاپەڕین، دواتر شارەکانى تریشى گرتەوە، هەروەکو دکتۆر جەلیلى جەلیل دەڵێ: کوردەکانى ئەستەمبوڵ لەساڵى (1906) لەبەردەم دەزگاکانى حکومەت لە ئەستەمبوڵ خۆپیشاندانێکى گەورەیان کرد و بێزارى خۆیان دەربریبوو بەرامبەر کاربەدەستانى عوسمانى و جەور و ستەمیان لەگەڵ گەلى کورددا، بۆ یەکەم جار ئافرەتانى کوردیش لەو خۆپیشاندانە بەشدار بوون.
لەتورکیا کوردەکان یەکەم نەتەوە بوون لە ئیمپڕاتۆریەتى عوسمانیدا شۆڕشیان هەڵگیرساند، ڕژێمى ستەمکارى لەتورکیاش هەروەک ڕژێمى شاهەنشاهى لە ئیران داتەپیبوو، لەژیر گوشارى تورکى و ناتورکیش بەئاگاهاتبوونەوە و لاسایى ئەزموونەکەى گەلانى رووسیاى قەیسەریان دەکردەوە، ئەوە بوو تەنگژەى شۆڕشگێڕى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست گەیشتە چڵەپۆپە و لە (23) ى تەمووزى (1908) سوڵتان عەبدولحەمیدى دووەم لەفەرمانرەوایى لابرا و لە ساڵى دواتر بەشێوەى یەکجارەکى لەسەر تەختى سوڵتانى لابرا.
شۆڕشى دەستوورى و گەڕانەوەى مەشڕوتیەت لە (1908-1909) هانى کوردەکانیدا چاو ببڕنە دامەزراندنى حوکمێکى ئۆتۆنۆمى بۆ کورد لەناو دەوڵەتى عوسمانى، دواى ئەوەى تورکە لاوەکان سیاسەتیان گۆڕى و توندوتیژیان بەرامبەر بەکورد بەکارهێنا، لەزۆر شوێن و جێگاى ترى کوردستان ڕاپەڕین دژ بەسیاسەتى تورکە لاوەکان روویدا، ئیتر لەتوانایاندا نەما بوو بەرگە بگرن، ئەو باردۆخە قبوڵ بکەن. لەو بارەیەوە سەرکردەکانى ڕاپەڕینى دەرسیم بەنێوى خواستەکانى دانیشتوانى ئەو دەڤەرە پەنایان بردەبەر ڕووسیا و لەڕێکەوتى 8 ى مایسى (1908) نوسراوێکیاندا بەبارەگاى جەنگى قەفقاس، سەبارەت بەهەڵوێستى خۆشیان بەرامبەر بە رووس، ئامادەن بەدە هەزار چەکدارەوە هاوکاریان بکەن.
لەگەڵ ئەو هەموو هەست و سۆزەى کوردەکان بەرامبەر بەرووسیا هەیانبوو، بۆ ئەوەى بەهاوکارى رووس بتوانن سەربەخۆیى بەدەست بێنن و لە حوکمى زۆردارى تورک ڕزگار ببن، بەڵام رووسیا هیچ گوێى بەم هەست و سۆزەى کوردەکان نەدا، لەم بارەیەوە کۆڵۆنیل (Chardigny) لەقەوقاز بۆ ژەنەڕاڵ (Janin) سەرۆکى مسیۆنى فرەنسى لە ڕووسیا دەنوسێت”سیاسەتى ڕووسیا لەبەرامبەر کوردەکان هێندە جێگاى خۆشحاڵى نەبوو، ڕووسیا نەیتوانى بەهیچ شێوەیەک هاوکارێکى دڵسۆزیان لێ دروست بکات بەقازانجى خۆى، دەسەڵاتدارانى سەربازى بەشوێن ئەوەشدا نەکەوتن بەفریاى دانیشتوانە کوردەکان بکەون، کەلەناو کوڵەمەرگیەکى قوڵ دادەژیان.” لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەو ڕاپەڕین و تەقینەوە نیشتمانیە لەمێژینانەى کورد هەستى خۆبەبێگانە زانین لە دەوڵەتى عوسمانى و ئێرانى، هەستى یەک بوون و خۆڕزگارکردن لەدەسەڵاتى عوسمانى و پێکهێنانى دەوڵەتى سەربەخۆ بووە ئامانجى سەرەکیان، هەمیشە لەکاردابوون بۆ بەدیهێنانى دەوڵەتى سەربەخۆ.
عەبدولڕەزاق بەدرخان ڕۆڵى گرنگى گێڕا لە بزوتنەوەى ئازادیخوازى گەلى کوردا، لەبەهارى (1911) پێوەندى بەکونسۆڵى ڕووسیاوە دەکات لەوان، دەڵێت : “ئامادەى ڕاپەڕینین و ئەگەر یارمەتیمان بدەن ئامادەین شارى وان بگرین، سەرباز و چەکدارە کوردەکانى ناو سوپاى تورکیاش ژمارەیان یەکجار زۆرن ئامادەن بێنە ڕیزى شۆڕشەوە”. عبدولڕەزاق متمانەیەکى زۆرى بەهاوکارى کردنى ڕووسەکان هەبوو، هەوڵەکانى لەناو هۆزە کوردەکانى ورمێ چڕکردەوە، بەڵام ڕووسیا هیچ هاوکارى نەکردن، خۆدزینەوەى ڕووسیا لەکورد واى کرد لەلایەن سوپاى عوسمانى ناوچەکە کۆنترۆل بکرێت. ئەم قۆناغە بەوە دەناسرێتەوە دابڕانێکى تەواو ڕوویدا لەنێوان سەرکردەکانى کورد و جەماوەر لەلایەک و دامودەزگا فەرمانڕەواییەکانى تورکیا لەلایەکى تر، کوردەکان هیچ نیشتمان پەروەرێتى عوسمانیان پێوەدیار نەبوو. بەڵکو بەپێچەوانەوە خۆیان ئامادە دەکرد بۆ بەرپا کردنى شۆڕشێکى سەرانسەرى. عەبدولرەزاق بانگەشەى بۆ دەکرد، لە شوباتى (1912). خواست و ئارەزووى دۆستانەش بەرەو رووسەکان لەپەرەسەندن دابوو لەنێو سەرکردەکانى کورددا، هەروەها خەیرەدین بەگى سەرۆکى کورد روویکردە رووسیا تا داواى یارمەتى و پشتگیرى لێ بکات، هەروەک یەکى لە سەرکردەکانى کورد دەڵێ:”ئەگەر رووسەکان پەلەیان بکردایە، ئەوە ڕزگارمان دەبوو… لەم حکومەتە تورکیە لاواز و بێ هێز و بەدڕەوشتە”.
سەرۆکە کوردەکان هەمیشە لەهەوڵى بەدەست هێنانى سەربەخۆیى دا بوون، لەساڵى (1912) حسین بەدرخان لەئەرزرۆم لیژنەیەکى ڕێکخست و شۆڕشى هەڵگیرسان، ئیدى کاربەدەستانى ئەستەمبوڵ داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد پەیوەندى بەسەرۆکە کوردەکانەوە بکەن، داواى گەڕانەوەیان لە عەبدولڕەزاق بەدرخان کرد. ئەوجا رووسیا بریاریدا بەوردى ئاسایش لەناوچە بەرقەرار بکا و هەتا بتوانێ هاوسەنگى دەسەڵاتى خۆى لەکوردستانى نێو قەڵەمڕەویان بپارێزێت و ڕێگاش لەیەکگرتنى خێڵە کوردەکان بگرێت. بەرپاکردنى شۆڕشێکى سەرانسەرى لە کوردستانى تورکیا لەوکاتەدا مەحاڵ بوو، چونکە کۆمەڵگاى کورد پارچە پارچە ببوو، بەپێى سیماى خێڵەکى و شتى تریش بۆیە ئامادەنەبوو بۆ کارێکى لەو جۆرە. بەڵام زۆر بوونى بێزارى و ناڕەزایى لەنێو دانیشتوانى کورد لە ئیمپڕاتۆریەتى عوسمانى لەو ساڵانەدا گەیشتبووە ئاستێکى مەترسیدار.
یاریدەدەرى کونسۆڵى ڕووسى لەوان ئاماژەى بەهەوڵێکى عەبدولڕەزاق کردووە، لەساڵى (1913) دا لەکۆنگرەیەکى لەشارى وان بۆ شێخان و کەسایەتیە ئاینیەکان سازى کردووە، بۆئەم مەبەستە توانى لایەنگرى شێخانى ئێزیدى و مارشەمعون و ئاسووریەکان دەستەبەر بکات، لەلایەکى دیکەوە پەیوەندى بەکەسە ناسراوەکانى پارتى (داشناق)ى ئەرمەنەوە کرد، بەڵام لایەنگریان نەکرد،
عەبدولڕەزاق لە ئەنجامدانى پلانێک بۆ ڕاپەڕینێکى گەورە لە کوردستان. داواى لە (ڤارەنتسۆڤ داشکۆڤ) کرد ڕێگاى بدەن بنکەى بزوتنەوەکەى لە ئێران بێت. لەبەرامبەردا ئامادەیە لەبرى ئەوەى سەر بە عوسمانیەکان بێت سەر بەئێران بێت. ئەگەر لەم کارەشدا پشتگیرى نەکەن ئەوا داواى هاوکارى لە ئەڵمانیا دەکات. سەبارەت بەم داواکاریە ناوبراو لەناوەڕاستى کانوونى یەکەمى (1913) نامەیەکى بۆ وەزارەتى کاروبارى دەرەوە نووسى ئەمە کارێکى سوودبەخشە بۆ ئێمە ئەگەر کوردەکانى ئێران بەم جۆرە ڕێک بخەین، ئەو توانا و دەسەڵاتەمان دەداتێ لەدوا ڕۆژدا کار بکەینە سەر کوردەکانى تورکیا و شتێکى باشە بۆ ئێمە، ئەم هاتنە پێشەوەیەى عەبدولڕەزاق لەدەست نەدەین، بەمەرجێک بەپارە و پول یارمەتى بدەین، وادیارە پێویستى پێى هەیە و بەلایەوە گرنگە.. بەڵام ئەم پێشنیارە لەلایەن باڵیۆزى ڕووسیا لەئەستەمبوڵ و وەزیرەکانەوە ڕەت کرایەوە. (گێرسى) دژى ئەم کارە بوو، لە (14)ى شوباتى (1914) گێرسى دانى بەو ڕاستیەدا ناوە کەکاربەدەستانى ڕووسیا نایانەوێت پەیوەندیەکى نزیکیان لەگەڵ سەرۆکە کوردەکان هەبێت و هیچ جۆرە بەرپرسیاریەتیەک ناخەنە ئەستۆى خۆیان.
بەرژەوەندى رووسیا لەگەل دروست کردنى کوردستانێکى سەربەخۆدا یەکى نەدەگرتەوە، ئەوەى مەبەستى رووسیا بوو شوێن پێى خۆى لەناو دەوڵەتى عوسمانیدا لەرووى سیاسى و ئابوورى و سەربازیدا بەهێز بکات، کوردیش ئەمەى زۆر باش دەزانى، بەڵام لەناچاریدا پەناى دەبردەبەر رووسیا، بەرلەجەنگى یەکەمى جیهانى رووسیاش هەمیشە هەوڵى دەدا کورد بەلاى خۆیدا رابکێشێت، بەڵام تەنیا بەمەبەستى پاراستنى بەرژەوەندیەکانى خۆى، لەسەرەتاى سەدەى بیستەم و دواى ڕێکەوتنى لەگەڵ دەولەتە رۆژئاواییەکان هەرگیز هاوکارى کوردیان نەکرد، بەڵکو هەوڵى دەدا بۆ بەرقەراکردنى ئاشتى لەناوچەکەدا بەمەبەستى دابین کردنى بەرژەوەندیەکانى خۆى. ئەڵمانیاش دەوڵەتى عوسمانى هاندەدا هێرش بکاتە سەر رووسیا. عوسمانیەکان لایان وابوو ئەڵمانیا لەجەنگدا سەرکەوتوو دەبێت و ئەوانیش لەم سەودایە سوودمەند دەبن و دەتوانن ناوچەکانى لەدەست چوویان بگەڕێننەوە ژێر دەسەڵاتى خۆیان، بەڵام وەک دەرکەوت لەم ڕایەدا بەهەڵەچووبوون. لەم کاتەشدا کوردستان لەحاڵەتى جۆش سەندن دابوو، نێردراوەکانى عەبدولرەزاق وەکو شێخ تەهاى شەمدینى و کەسانى تر لەسەرکردەکانى ڕۆژهەڵاتى ئەنادۆڵ دەستیان کرد بەپڕوپاگەندەى بەهێز دژ بەتورکیا، بەڵام ناکۆکیەکانى نێوانیان لەسەر سەرکردایەتى و ئاراستەى سیاسەتى دەرەوەیان (کۆمەڵێکیان وەکو عەبدولرەزاق بۆ نموونە سەربە حزبێک بوو لایەنگیرى رووسیا بوو، وە کۆمەڵێکى تر سەر بە حزبێکى لایەنگیرى بەریتانیا بوو) ئەمانە بوونە هۆى لەمپەر لەبەرپا کردنى شۆڕشێکى گشتى و سەرانسەرى. هەر لەبەر ئەم هۆیانە جموجۆڵە چەکداریەکەى ڕۆژهەڵاتى ئەنادۆڵیش (ناوچەکانى دیاربەکر و سیرت) بەپەرتەوازەیى مایەوە.
دەربارەى بزوتنەوەى هەستى نەتەوایەتى کورد لەو ڕۆژانەدا هەروەکو (چێرکۆف)ى کونسوڵى رووسیا لەبدلیس لەنامەى ڕۆژى (27-1-1912) دا باسى کردووە، لەناو ئەرشیفى ساڵانى (1907-1913) ى باڵیۆزخانەى رووسیا لە ئەستەمبوڵ پارێزراوە، لەو نامەیەدا وتوویەتى: ڕۆژ لەدواى ڕۆژ هەستى نەتەوایەتى لە ناو کوردا پەرەدەستێنێت و مێشکى هەموو کوردەکانى ناوچەى بدلیسى پڕ کردووە و لەسنوورى ئەوێش چووەتە دەرەوە، (چێرکۆف) لەباسەکەیدا وتویەتى: کوردەکان بۆ ئەوەى دەسەڵات بگرنەدەست، دەیانویست دەست بگرن بەسەر مەخزەنى چەکەکانى حکومەتدا، کاربەدەستانى حکومەتیان لێ دەربکرێ و کوڕە گەورەکەى بەدرخان بکرێت بەسەرۆکى ئەو ئەمارەتانە، لەشێوەى ئەمارەتەکانى ئەڵمانیا.
بەڵام ئەو هاوارەى کوردان بۆ جیهانى شارستانیتیان بەرز کردەوە بێ سوود بوو، چونکە هیچ جۆرە پەیوەندیەکیان لەگەل جیهانى دەرەوەدا نەبوو، نەبیسترا، یان بابڵێین جیهانى دەرەوە نەیاندەویست پەیوەندیان لەگەڵ کورد هەبێت، هۆیەکى دیکەى بەهاناوە نەهاتنى کوردان ئەوە بوو کورد سەر بەئاینى ئیسلام بوون و بەکوشتارى ئەرمەنەکان تاوانبار کرابوون، لەبەرئەوەى حکومەتى عوسمانى لەکاتى خۆى جل و بەرگى کوردى کردبووە بەر سەربازان و بەریدابوونە سەر ئەرمەن تا جیهانى دەرەوە وابزانێ کورد ئەرمەنەکان دەکوژن، بۆیە ئەوروپا و ئەمریکا گوێیان بەو هاوارەى کورد نەدەدا.
جێگرى کونسۆڵى رووس لە وان لەو ڕووەوە نووسیویەتى: ” بزوتنەوەى کورد دوو ڕووى هەیە، یەکەمیان بریتیە لە بزوتنەوەى هەستى نەتەوایەتى لەناو ڕۆشنبیرەکاندا، دووهەم: ئەوانەن دژى ئەرمەنیەکانن، سەرکردەى بەشى یەکەم عەبدولرەزاق بەدرخانە، بەشى دووەمیان پیاوە ئاینیەکانن، کەسەر بە سوڵتانى تورکى فێڵباز و دەستبڕن، حکومەتى تورک پۆلیسى خۆى هەیە دەنێرێتە سەر بازرگانەکانى کورد بەهۆى بەکرێگیراوەکانیانەوە، دەستیان کردووە بە کوشتنى کورد، یەکێکى وەکو (خەیرەدین بەرازى) کاتێک بەهەندێ پارەوە لە ئێرانەوە دەگەڕایەوە، چەند بەیانامەیەکیشى پێ بوو، تیایدا داوا کرابوو کەس نابێ ملکەچ بێ بۆ تورکەکان، ئەو خەیرەدینە لەلایەن تورکەکانەوە کوژرا”،
دژایەتى کردنى تورکەکان لەلایەن کوردەوە تەنیا کێشەى ئابوورى نەبوو، بەڵکو لەم ڕۆژانە کورد لەژێر کاریگەرى نەتەوەکانى تردا هوشیار بوووەوە، داواى مافى رەواى خۆى و دامەزراندنى دەوڵى سەربەخۆیى بۆ کورد دەکرد، لەم بارەیەوە (باسیل نیکتین) دەڵێت: لەوە بەدواوە تەنیا هەر کێشەى ئابوورى هۆى ڕاپەڕینەکانى کورد نەبووە، بەڵکو هەستى نیشتمان پەروەریتیش ڕۆڵێکى زۆر کاریگەرى بینیوە لە ڕاپەڕینى سەرکردەکانى کوردا، جەماوەریش چوونە پاڵیان. حکومەتى ئیتحاد و تەرەقى لەبەرئەوە دەستى کرد بەترساندن و سەخلەت کردن و گرتنى لاوان و ڕۆشنبیران و سەربەخۆیخوازانى کورد. لەئاکامى سیاسەتى تورکە لاوەکان و گەشەسەندنى بیرى نەتەوەیى کوردى، چەندین بزوتنەوە و راپەرین ڕوویدا.
لەدواى شۆڕشەکەى شێخ عوبەیدوڵڵا هەتا دەست پێکردنى شەڕى جیهانى لە زۆر بەشى کوردستاندا ڕاپەرین و شۆڕشى پەرتەوازە و لێک جیاواز سەرى هەڵدا، بەبزوتنەوەکەى ئەمین عالى بەدرخان و مەدحەت بەدرخان دەستى پێکردووە، تەنانەت تاکو سەرەتاى سەدەى بیست ئەم ناوچەیە لە بەربەرەکانیدا بەردەوام بووە، تاکو ڕاپەڕینەکەى خوالیخۆشبوو (مەلا سەلیم)ى سەرگەورەى بنەماڵەیەکى دەسەڵاتدارى دەوروپشتى (بدلیس) کەمێک پێش یەکەم جەنگى جیهانى بەبێ پەردە و بەدەنگێکى بەرز هاوارى کرد داواى سەربەخۆیى کورد دەکات و شێلگیرانە بۆ بەدیهێنانى تێدەکۆشێ. ئیتر ڕاپەڕینێک بە سەرۆکایەتى مەلا سەلیم و شێخ شەهابەدین سەرى هەڵدا، لەناوچەى بدلیس جەماوەرێکى زۆر لەدەورى کۆ بووەوە و ڕۆژ بەڕۆژ ڕاپەڕینەکە پەرەى دەسەند، بەڵام بەهۆى بارودۆخى ئەو کاتەى ناوچەکە و پێنەگەیشتنى ڕاپەڕینەکە شکستى هێنا و حکومەت هێزێکى گەورەى کردە سەرى و ماڵ و منداڵیان لەنێو برد و خۆشى دەستگیر کراو لە ئەنجامدا مەلاسەلیم لەنێو کۆنسولگەرى ڕووسدا لە تورکیا گیرا و بەبەرچاوى ڕووسەکانەوە لە سێدارە درا.هەموو ئەم ڕووداوانە ڕووى ڕاستەقینەى ڕووسیا پیشان دەدەن و دەریدەخەن هیچ کات ڕووسیا نەویستووە هاوکارى و پشتیوانى کورد بکات بۆ بەدیهێنانى مافى ڕەواى خۆى و پێکهێنانى قەوارەیەکى سیاسى کوردى سەربەخۆ، ئەگەر هاوکارییەکیشى کردبێت تەنیا لەپێناوى بەدەستهێنانى بەرژەوەندیەکانى خۆى بووە. بۆیە هەرگیز کورد نابێت هێندە لە ڕووسیا نزیک بێتەوە بەپشت تێکردنى هیوا و ئاواتەکانى سەر ببڕدرێن.

بۆ ئەم نووسینە سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
1- محەمەد ڕەسوڵ هاوار، کوردوباکورى کوردستان لەسەرەتاى مێژووەوە هەتا شەرى دووهەمى جیهان، بەرگى یەکەم، چاپى دووەم، 2006.
2- هەستیار کەمال کوردى، سیاسەتى رووسیاى قەیسەرى بەرامبەر بەکورد(1850- 1914)، سلێمانى 2011.
3- ن. لازاریف، مێژووى کوردستان، و:وشیار عەبدوڵڵا سەنگاوى، چاپخانەى رۆژهەڵات، هەولێر 2008.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگاتە هاوڕێکانت.