هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

(مه‌سعوود موحه‌ممه‌د)، کوڕی (مه‌لای گه‌وره‌) و له‌ بنه‌ماڵه‌ی (جه‌لیزاده‌) بوو‌. ساڵی (1919) له‌ شارۆچکه‌ی (کۆیه‌) له‌دایکبووه‌. کۆڵێژی یاسای له‌ شاری (به‌غدا) ته‌واوکردووه‌. ساڵی (1952) ئه‌ندامی په‌رله‌مانی (عێراق) بوو. چه‌ندین کاری فه‌رمی ده‌وڵه‌تیشی بینیوه‌ و تا پله‌ی شالیار ڕۆیشتووه‌. ئه‌ندامی کۆڕی زانیاری کورد و ئه‌نجوومه‌نی ڕاژه‌ی (عێراق)یش بوو. چه‌ندین به‌رهه‌می گرنگ و پڕ بایه‌خی، به‌ هه‌ردوو زمانی کور‌دیی و عه‌ره‌بیی، سه‌باره‌ت به‌ زمان، وێژه‌، کێشه‌ی بیر، فه‌لسه‌فه‌ و ڕامیاریی نووسیوه‌.
مامۆستا (مه‌سعوود)، دوژمنێکی سه‌رسه‌ختی هه‌موو جۆره‌ چه‌وساندنه‌وه‌ و زۆردارییه‌ک بوو. ده‌س و دڵی زۆر ئاواڵه‌ بوو، ڕووی خۆش و زمانی شیرین بوو. زۆر ساکار و بێ فیز بوو. نیشانه‌ی زانایه‌کی گه‌وره‌ی پیوه‌ دیاربوو. تا بڵێی، پیاوێکی زیره‌ک و به‌ڕیز بوو. خاوه‌نی بۆچوونی تایبه‌تی خۆی بوو. بیریارێکی گه‌وره‌ و فه‌یله‌سووفێکی هه‌ڵکه‌وتووی کورد بوو. نووسینه‌کانی ‌زۆر قووڵ و پڕ بایه‌خن. نه‌وه‌یه‌کی به‌ بیری نه‌ته‌وه‌یی و ڕاستیپه‌رستی گۆشکرد. ناو و ناوبانگی، نه‌ک هه‌ر له‌نێو کورددا، به‌ڵکوو له‌نیو خوینده‌وار و ڕووناکبیرانی خۆرهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستیشدا ده‌نگیداوه‌ته‌وه‌ و ناسراوه‌.
جگه‌ له‌ ئه‌وه‌ی زمانه‌وانێکی شاره‌زا و گه‌وره‌ بوو، یاساناسێکی پسپۆڕ و لێهاتووشبوو. دیارده‌یه‌کی ڕووناکبیریی هه‌مه‌جۆره‌ی درەوشاوەی سه‌رده‌مه‌که‌ی خۆی و ئینسکڵۆپیدیایه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ند و فراوانیش بوو. له‌ هه‌موو بواره‌کانی ژیانی ڕووناکبیریدا، بلیمه‌تێکی بێ وینه‌ بوو، له‌ (کوردستان)دا وێنه‌ی نه‌بوو. به‌ڵام چونکه‌ کوردبوو، زۆر هه‌ستیان به‌ گه‌وره‌یی و که‌ڵه‌ڕۆشنبیریی ئه‌م پیاوه‌ مه‌زنه‌ نه‌ده‌کرد. ئاخر (قه‌دری زێڕ، لای زێڕینگه‌ره‌) بەڵام زێڕینگه‌ری کورد، قه‌درزان نییە!
به‌ داخێکی گه‌وره‌ و گرانه‌وه‌، ڕۆژی (1. 4. 2002)، دڵه‌ گه‌وره‌که‌ی له‌ لێدان که‌وت، له‌ باوه‌شی زیده‌که‌ی خۆیدا، به‌ خاک سپێررا، له‌ده‌س ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌کانی ژیان و هێرشی نەیارە دڵڕەشەکانی، ڕزگاریبوو و حه‌وایه‌وه‌!
له‌ گوته‌ نه‌مره‌کانی: (له‌تاو سوێی دواکه‌وتوویی و تێکشکانی 2700 ساڵه‌ی کورد، له‌تاو دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و هۆ جادووبازانه‌ی، وا له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌که‌ن، مه‌رگ به‌سه‌ر ژینیدا زاڵبێ، به‌ده‌ستی خۆی، به‌ردی بناعه‌ی خانووه‌که‌ی ده‌ربێنێ و بۆ شه‌ڕی براکوژی، پێشمه‌رگه‌که‌ی له‌ جاشه‌که‌ی چالاکتربێ، مێشکۆله‌ی نێو ئێسقان ده‌سووتێ، مرۆ گێژده‌بێ، گرێی په‌نجه‌ له‌کارده‌که‌وێ، چرای مێشک ده‌کوژێته‌وه‌، دڵ کوێرده‌بێ و ئه‌ندێشه‌ش خاوده‌بێته‌وه‌!)”1″

کەسایەتیی و بلیمەتیی
سەبارەت بە زیرەکیی و زمانزانیی مامۆستا، گەلێ کەس دید و بۆچوونی تایبەتی خۆیان دەربڕیوە. بۆ نموونە: دوکتۆر (کەمال مەزهەر) گوتوویەتی: (من هەمیشە مامۆستا مەسعوودم بە براگەورەی خۆم داناوە، نزیکترین و خۆشەویسترین کەسی منە، دڵسۆزی وامان زۆر کەمبووە … باسێکیان بۆ گێڕامەوە: دوکتۆر ئیبرایم کەمال کۆچیدواییکرد، لە چڵەی ماتەمینی دەبوو، کۆڕی زانیاری کورد، وتارێ بخوێنێتەوە، کێ دەبێ، بیخوێنێتەوە؟ هەموو بە یەک دەنگ وتمان: مەسعوود محەمەد. لە وتارکە مەسعوود محەمەد هەندێک ئایەتی قورئانی بەکارهێنا. عه‌بدولڕه‌زاق موحێدین سەرۆکی کۆڕی زانیاریی عێراق خۆی پێ نەگیرا و سێ جار وتی: بارك الله فیك، بارك الله فیك، بارك الله فیك. ئینجا وتی: لولاعلمي بأیات ذكر الحكیم لكان یصعب علیّ أن أفرق بین كلام الله سبحانه و تعالی، و بین كلام سید الخطیب. واتە گه‌ر زانیاریم لەسەر‌ ئایه‌ته‌كانی قوڕئان نه‌بووایه،‌ نەمدەتوانی، جیاوازی له ‌نێوان ئایه‌ته‌كانی قوڕئان و قسەکانی مەسعوود محەمەددا بکەم. وای ئەمە چ بلیمەتێکە!! پێویستە، پەیکەرێکی زۆر گەورە بۆ مەسعوود محەمەد بکەین، ئاخر ئەمە گاڵتە نییە!)”2″
چۆن مامۆستا (مەسعوود)م ناسی؟!
تا لە (کوردستان) بووم، زۆربەی بەرهەمەکانیم خوێندبووەوە. ئاواتەخوازبووم، ڕۆژێ لە ڕۆژان، لە نزیکەوە بیبینم. ئەو ئاواتەم بەدی نەهات و لە وڵات دوورکەوتمەوە. بەڵام ئەو کاتانەی لە (سوید) دەژیام و ئەویش لە (بەغدا) بوو، ڕۆژی (15. 11. 1993)، یەکەمین نامەم بۆ نارد و ئیدی لە ئەو کاتەوە، دۆستایەتی لە نێوانماندا درووستبوو. یەکەمین جاریش لە شاری (سولەیمانیی)، ڕۆژی (28. 7. 1999)، بە دیداری شادبووم، هەموو ڕۆژێ پێکەوەبووین و دۆستایەتییەکەمان دەمەزەردکردەوە. تا کۆچیدواییشیکرد، دۆستایەتیمان هەر بەردەوامبوو، هەمیشە ئاگامان لە یەکدی بوو. کاتێ مردیش، هەموو ئەو یادەوەرییانەم، لە دووتوێی پەرتووکێکی (80) لاپەرەیدا، لە چلەکەیدا بڵاوکردەوە.
یادی بەخێر و ڕەوانی شادبێ!

به‌رهه‌مه‌کانی
مامۆستا (مه‌سعوود) گه‌لێ گووتاری نووسیوه‌. گه‌لێ چاوپێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵ سازکردووه‌ و (23) په‌رتووکیشی بڵاوکردووه‌ته‌وه‌. (14) دانه‌یان به‌ کوردیی و (9) دانه‌شیانی به‌ عه‌ره‌بیی نووسیوە‌. ته‌نیا له‌ سه‌ر زمانی کوردیی، (5) په‌رتووکی به‌ زمانی کوردیی و په‌رتووکێکیش به‌ زمانی عه‌ره‌بیی داناوه‌ و ئه‌مه‌ش په‌رتووکه‌ کوردییه‌کانێتی:
1. وردبوونه‌وه‌ له‌ چه‌ند باسێکی ڕێزمانی کوردی.
2. به‌ره‌و ڕاسته‌شه‌قامی ئاخاوتنی کوردی.
3. چاره‌سه‌رکردنی گیروگرفته‌کانی ڕێنووس و ئه‌لفوبێی کوردی.
4. زاراوه‌سازی پێوانه‌.
5. چه‌ند حه‌شارگه‌یه‌کی زمانی کوردی.
له‌ بواری وێژه‌ی کوردیشدا، (3) شاکاری گه‌وره‌ی بۆ به‌جێهێشتووین:
6. حاجی قادری کۆیی – 3 به‌رگه‌.
7. چه‌پکێ له‌ گوڵزاری نالی.
8. ده‌سته‌ودامانی نالی.
سه‌باره‌ت به‌ کاری بیر و فه‌لسه‌فه‌ش، ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ی هه‌یه‌:
9. مرۆڤ و ده‌وروبه‌ر.
10. ژیان و جیهانبینی.
چوار په‌رتووکیشی، سه‌باره‌ت به‌ هێندێ بابه‌تی جیاوازهه‌یه‌:
11. گه‌شتی ژیانم.
12. له‌ په‌رۆشه‌کانی ژیان.
13. بۆ ئه‌میری حه‌سه‌نپور له‌ هه‌ر کوێیه‌ک بێت!
14. حه‌مه‌ ئاغای کۆیه‌.
هه‌روه‌ها (9) په‌رتووکی به‌ زمانی عه‌ره‌بیش نووسیوه، زۆربەشیان بۆ سەر زمانی کوردیی وەرگێڕراون:
16. زمانی کورد.
17. نووسه‌ر: نووسین و ئازادی.
18. حه‌جێکی تر بۆ به‌رده‌رگه‌ی (خه‌تێ)ی زانا.
19. هاوسه‌نگکردنه‌وه‌ی ته‌رازوویه‌کی لاسه‌نگ.
20. کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی … بۆچی له‌ شێتخانه‌ ده‌چێ؟
21. سه‌رنجێک له‌سه‌ر لێکدانه‌وه‌ی مرۆیی مێژوو.
22. ده‌مودووی هزر.
23. بۆ گه‌ربه‌چیۆڤی مه‌زن له‌گه‌ڵ سڵاو و هیواخوازیدا.
24. پێریسترۆیکای گه‌ربه‌چیۆڤ.
2018. 4. 4

سەرچاوە
1. حوسێن موحەممەد عەزیز، مەسعوود موحەممەد و دوو دیداری دۆستانە، چاپی یەکەم، سولەیمانیی، 2002.
2. دکتۆر کەمال مەزهەر، بەشێک لە بیرەوەرییەکانم لەگەڵ فەیلەسووفی کورد مەسعود محەمەد، گۆڤاری K21، ژمارە 9، 2010، ل316-317.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.