ڤیان مه‌جید : ماچه‌که ‌..

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

ویستم خۆڕاگر بم له‌ ده‌ڕبڕینی ناخم به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند رۆژی رابردو له‌ شاری سلێمانی خولقا ده‌رهه‌ق به‌ په‌یکه‌ری خۆشه‌ویستی و گڵکۆی مامۆستا شێرکۆ . 

ویستم وه‌ک شاریه‌ک هیچ ده‌رباره‌ی نه‌نوسم و هیچ ده‌رباره‌ی نه‌ڵێم ، به‌ڵام که‌ مێژوی شارم بیر ده‌که‌وێته‌وه‌ ، که‌ جوانی سلێمانیم دێته‌وه‌ یاد ساڵانی 80 کان که‌ ئه‌وده‌م من مناڵێک بوم و بۆ سه‌یران و پیاسه‌ ده‌براین بۆ ده‌باشان و توی مه‌لیک ، ئیتر له‌خۆوه‌ په‌ست ده‌بم له‌ گه‌وره‌بونی شار ، له‌ تێکپژه‌و تێکرژه‌ی ئه‌وانه‌ی شاریان کردۆته‌ کابوڵ ..

من نازانم کێ به‌رپرسه‌ به‌رامبه‌ر تێکشکانی ئه‌و په‌یکه‌ره‌و ئه‌وانه‌ی پێشوتری زیره‌ک میره‌و هه‌مو په‌یکه‌ره‌کانو سیما شارستانیه‌کانی وڵات ، به‌ڵام ده‌زانم ئه‌وانه‌ی به‌م کارانه‌ هه‌ڵده‌ستن ،  خۆیان په‌یکه‌رن بۆیه‌ قینیان له‌ په‌یکه‌ر ده‌بێته‌وه‌ ! خۆیانن ده‌قگرتوی قاڵبێکی هه‌زارساڵه‌ن بۆیه‌ ئاوا هه‌ناسه‌یان به‌ مرۆڤایه‌تی قاڵسه ‌.. ئێمه‌ی دانیشتوانی ره‌سه‌نی شار ، ئێمه‌ی سلێمانیان ، خاوه‌نی شه‌هیدی ژنی نه‌مری وه‌ک ئه‌خته‌ره‌ ره‌ش و خاتونی زانستدۆستی وه‌ک حه‌پسه‌خانی نه‌قیب و خانمگه‌لێکی داهێنه‌ری وه‌ک تیپی کیژانی سلێمانین .. ئه‌و سێیه‌ پێکه‌وه‌ بڵندگۆی ئازادیمان بوه‌ و چرای رۆشنکه‌ره‌وه‌ی ئاینده‌شمانه‌ بۆیه‌ ئه‌گه‌ر رۆژانێک ئێوه‌ له‌ شه‌وه‌زه‌نگی تاریکدا بتوانن دو پارچه‌ به‌رد که‌ هێمایه‌ بۆ خۆشویستن بسوتێنن ، ئه‌وا رۆله‌کانی ئه‌م شاره ‌، ئه‌م کوردستانه‌ ، به‌ رۆژی روناک ماچ ده‌گۆڕنه‌وه ‌.. چما ئه‌وه‌ پارکی ئازادی و خۆشه‌ویستی نیه‌و له‌ شاری سلێمانیدایه ‌!

سه‌یر که‌ن ، ئێوه‌ به‌ په‌یکه‌ره‌کان قاڵس ده‌بن ، گه‌نجان مرۆڤتان نیشان ده‌ده‌ن عاشقن و ماچ به‌ رۆژی روناک ده‌گۆرنه‌وه ‌، ئێوه‌ به‌ پارکێک ئاگر ده‌که‌نه‌وه‌ ، ئه‌وان‌ هه‌مو شار ده‌که‌نه‌ سه‌وزایی ، ئێوه‌ هه‌ر هه‌نگاوێک بنێن به‌ شار بۆ دواوه ‌، کچو کوڕانی شار 3 هه‌نگاو پێشتان ده‌که‌ون .. بۆیه‌ تکایه‌ با ئه‌م ناجۆری کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ به‌س بێ .. فه‌رمون وه‌ک هاوشاریه‌ک له‌گه‌ڵماندا دانیشن و رێز له‌ بونیادی کۆمه‌ڵایه‌تی و فکریمان بگرن .. ئه‌گه‌ر ئه‌هلی ئیمانن ، شار ناشرین مه‌که‌ن ، مزگه‌وته‌کان و پارکه‌کان هه‌ردوکیان جێیان له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌ له‌م شاره‌دا بۆته‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر هی جیهادیش ، ئه‌وه‌ سلێمانی قودس نیه‌ ، قودس ده‌که‌وێته‌ رۆژئاوای شاره‌وه‌ . . سێ وڵات ئه‌ولا تره ‌!!

وێنه‌که‌ هی گۆستاڤ کلیمتی نیگار کێشی نەمساوی یە و ناوی ماچه‌که ‌- یه

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.
ڤیان مەجید فەرەج

About ڤیان مەجید فەرەج