هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

سەرنجێكی شێواو بۆ دەربڕینی: دەست بە كارەباوە بگرن.
واتای ئاسایی ئەم ڕستەیە (دەست بە كارەباوە بگرن.) ئاسانە و تێگەییشتنی جیا و قووڵبوونەوە هەڵ ناگرێت، بەڵام لێرەدا بە ئەنقەست واتای (دەست) كە لەم ڕستەیەدا مەعنەوییە دەخەینەوە جێی خۆی و دەیكەینەوە بە بەرجەستە، واتا ئەو دەستەی كە بەم پەنجانە ئەم پیتانە پێ دێتە سەر شاشەی كۆمپیوتەر.
دەست لە بیردۆزی پەرەسەندندا جێگەی خۆی هەیە، ئەو زیندەوەرەی دەستی خۆی بە كار دەهێنێت، قەد و لقی درەخت دەگرێت، پەلامار دەدات، بەرگریی بۆ لەش دروست دەكات و پێی لە زەوی دەچەسپێنێت، دەمێنێتەوە، دەست پێویستییەكانی ژیان دابین دەكات و یارمەتیی گۆڕان و پەرەسەندن دەدات و قۆناغی مرۆڤبوون دەهێنێتە پێشەوە (بیركردنەوەیەكی بچووك و كورتمان لە بیردۆزی پەرەسەندن گواستوەتەوە و كارمان بە وردەكاری و لایەنەكانی تری نییە.) دواتر هەر بەو دەستانە پەلاماری سروشت دەدات و هەموو شت لە ژێر فەرمانی عەقڵ، بۆ خۆی و لە خزمەت بە كار دەهێنێت، ئەم زیندەوەرە مرۆڤە، كە سەنتەری بڕیاری لە دەستەكانەوە بۆ عەقڵ گواستوەتەوە، ئەوە هۆشیارییە دەستەكان ئاراستە دەكات، دەست بە بەرنامەی عەقڵ دەجووڵێتەوە.
ئەی لە ڕستەی (دەست بە كارەباوە بگرن) چی؟ دەست لێرەدا دیسان عەقڵ و جەستە دەكاتەوە بە پاشكۆی خۆی، مرۆڤ دیسان وەك قۆناغەكانی پێشتر دەبێت چاوی لە دەستییەوە بێت بیپارێزێت و ببێتە هۆی بەردەوامی لە ژیان، دەست وەك دەستەكانی مرۆڤی نێو ئەشكەوت دەیەوێت ڕێنوێنی مرۆڤ بكات، چونكە دەزانێت كە كارەبا دەكوژێتەوە ماڵ دەبێتەوە بە فۆڕمێكی تری ئەشكەوت.
دەست بە كارەباوە بگرن، هەر خەریكی هەڵكردنەوەی جۆزەكان بن، زوو زوو بە دەستەكان ژمارەی گڵۆپە داگیرساوەكان كەم بكەنەوە، بۆیلەر و سپلیت و هیتەر و ئامێرەكانی تر بكوژێنەوە و بە چەشنێك لە كارەبای داببڕن، ئیتر وەك زیادە و ئامێری ناپێویست سەیری بكەن، هەمیشە با پەنجەكان لە سەر سویچپلاكەكان بن، ئیتر بە وێنەی مرۆڤی نێو ئەشكەوت چۆن بە دەستەكان دیوارەكان دەپشكنێت و دەبێتە سەرچاوەیەك بۆ بیر و زانیاری بۆ مێشك، دەبێت لە ژێر سایەی حكوومەتی هەرێمیشدا، دەستەكان بەردەوام كار بكەن و فریا بكەون و كارەبای بەكارهاتوو كەم بكەنەوە تا مێشك لەو بیرە غافڵ نەبێت، كە ئەوەی لە ناویدا دەژی، خانوو نییە بەڵكو ئەشكەوتێكی مۆدێرنە.
ڕەنگە دڵمان بە وەسفی (مۆدێرن) بۆ ئەو ئەشكەوتەی تێیدا دەژین خۆش بێت، بەڵام خاڵی جیاواز و ترسناك و تراژیدی ئەوەیە مرۆڤ یان زیندەوەری ناو ئەشكەوت لە پەرەسەندن و گۆڕاندایە بەرەو پێشەوە و بەرەو مانەوە و جێگیربوون، بەرەو بەكارهێنانی سروشت و دابینكردنی پێداویستییەكانی، بەڵام مرۆڤی ناو ئەشكەوتی مۆدێرنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە گەشە و گۆڕاندایە بەرەو دواوە، بەرەو دەستبەرداربوون لە خزمەتگوزارییەكانی ژیان و شكانەوە و خۆخواردنەوە بەسەر بێهێزی و بێ دەسەڵاتیی خۆیدا، ئەم لە بێهێزەكانە و بە هۆی بێ ئیرادەیییەوە شیاوی ژیان نییە، بەڵام وەك ئەوەی مردنی حەقیقی چارەنووسی زیندەوەرە بێهێزەكانە لە پێش مێژوودا، ئێستا مردنی حەقیقی ڕوو نادات و وەچەی ئەم بێهزانە دوایی نایەت، بەڵام هەموو سات و ڕۆژێك بە هۆی ژیان لە ژێر سیستمی خاوەنی (دەست بە كارەباوە بگرن.) دەبێتە مردن و مرۆڤی ئەشكەوتی مۆدێرن بەردەوام مومارەسەی مردن دەكات: مردنێكی ڕەمزی.
ئەدیسۆن كە گڵۆپێك هەڵدەكات دونیا ڕووناك دەكاتەوە، تۆ سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، كە داوای كوژاندنەوەی گڵۆپێك دەكەیت، دڵنیام بۆ نواندنی ڕێز نییە بۆ ئەو زانا و دەستكەوتە زانستییە و خەمت قەدرزانین نییە، بەڵكو پەیامی تۆ پەیامی تاریكییە لە عەقڵێكی تاریكەوە، نە زانست و نە ڕووناكی هیچ قیمەتێكیان لات نییە.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت