هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگاتە هاوڕێکانت.

(ڕێزمان و ئەدەبی کوردی) ناونیشانێکی نامۆ نییە و تایتڵی سەرەکیی ئەو کتێبەی پرۆگرامی خوێندنی قوتابخانەکانی قۆناغی بنەڕەتی و ئامادەیی و پیشەیییە، کە سەرەتاکەی کۆمەڵێک بابەتی ڕێزمان لە خۆ دەگرێت و بە نموونە و ڕاڤە و پێناسەوە ڕوون دەکرێنەوە و پاشان بە ڕاهێنان، تاقیکردنەوەیان لە سەر دەکرێت، بەشێكی تریشی بە بابەتی ئەدەبی: شیعر، پەخشان و باسی قوتابخانە ئەدەبییەکان و…هتد، لەگەڵ ژیاننامەی ئەدیبان و کۆمەڵێک بابەت بۆ خوێندنەوە پڕ کراوەتەوە.
پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچی بابەتێکی پرۆگرامی خوێندن، بریتییە لە تێکهەڵکێشکردنی دوو بابەتی جودای وەک: ڕێزمان و ئەدەب؟ بۆچی هەر کەسێک مامۆستا ئەدەبی کوردی بێت، دەبێت مامۆستای ڕێزمانی کوردییش بێ؟ بۆچی بەدرێژاییی خوێندنی کوردی لە قوتابخانە، ئەم دوو بابەتە کراون بە یەک مادەی خوێندن و کەسێک نەهات بپرسێت، ئەم دوو بابەتە چییان بە سەر یەکەوە هەیە و بۆچی لە یەک کتێبدا ترنجاون و یەک کەسیش دەتوانێت لە هەر دوو بابەتەکەدا پسپۆڕ بێت؟ لە کاتێکدا نەک هەر دوو بابەتەکە، دوو پسپۆڕیی جودان، تەنانەت لە ناو هەر یەکێکیاندا بە وردبوونەوە لێیان، چەندین پسپۆڕی جیا دەکرێنەوە؟
وەڵامێکی تەقلیدیمان بۆ ئەم پرسیارانە بیستوە کە پێ دەچێت زۆر ڕووکەش لە پرسیارەکە گەییشتبێت، کە پێی وایە، لە بەشی ڕێزماندا ئاشنابوون بە یاسا و ڕێساکانی زمان و چۆنێتیی قسەکردن و نووسین بە ڕێگەیەکی زانستی دێتە کایەوە، لە بەشی ئەدەبیشدا جگە لە ئاگاداربوون لە ئاست و مێژووی ئەدەبی کوردی و تواناییی بەهرەمەندەکانی، توانایی دەربڕینی ئەدەبی و قسە و نووسینی کاریگەر و سەرنجڕاکێش و بەکارهێنانی وشە و دەستەواژە و ڕستەی جوان و ناسک و بە‌هێز دەباتە سەرەوە، پێکیشەوە، واتە ڕیزمان و ئەدەب بەهاوبەشی دەبنە هۆی ئەوەی قوتابی جۆرە نووسینێک فێر بێت، کە بە وشە و ڕستە و پەرەگرافی تۆکمە و زانستی چنرا بێت، یاساکانی ڕێزمانی تێدا جێبەجێ کرابێت و پڕیش بێت لە دەربڕینی کاریگەر و بەهێز و سەرنجڕاکێش کە جیاوازە لە قسەکردنی ڕۆتینی، بە شێوەیەکی کردارییش نووسینی پارچە داڕشتنێک کە توانیییانەی قوتابیی تێیدا تاقی دەکرێنەوە، کراوە بە ئەركێکی ئەو وانەیە.
بە سەرنجدان لە دۆخی نووسینی کوردی و ئاستی ڕێزمانی و فۆڕمی ڕێنووسی بە تایبەت نووسینی ئەو نووسەرانەی لە دونیای ڕۆژنامەوانییەوە دەرکەوتوون و ئەمڕۆ خێراخێرا کتێبەکانیان لە چاپ دێنە دەر، بەتەواوی دڵنیا دەبین کە ئامانجێک نییە ئەو کتێبە (ڕێزمان و ئەدەبی کوردی) پێکابێتی و بەرهەمێکی هەبووبێت، کێشەی ئەو کتێبە یان ئەو پرۆگرامەی خوێندن لە ناو خۆیدایە، ڕاستتر وایە بڵێم ڕێزمان و ئەدەب ناکرێت بکرێنە یەک مادە و بخرێنە ناو یەک کتێبەوە، چونکە ئەوەی ڕێزمان بە یاسای زانستیی نووسینی دەزانێت و فۆڕمێکی نووسین و ڕێنووس بە ڕاست دادەنێت، ئەدەب و ئەدیبانی کورد بە تایبەت ئەوانەی لە کتێبی قۆناغەکانی خوێندندا هاتوون، کە بەشێکی زۆریان هیی سەدەکانی ڕابردوون، مەرج نییە پابەندی ئەو یاسا و ڕێسا زمانییانە بووبن و لە بنچینەدا ئەم یاسایانەیان هەر لە بەر دەست نەبوە و زۆریان لێیان ئاگادار نەبوون تا لە نووسینەکانیاندا پێڕەوییان لێ بکەن، ئەوە جگە لەو گۆڕانکارییانەی بە سەر زمانی قسەکردن و نووسیندا هاتوون، بۆیە ئەستەمە بنەمایەکی ڕێزمانیی پتەو لە بەشە ئەدەبییەکەی ئەو کتێبەدا (ڕێزمان و ئەدەبی کوردی) ببینینەوە و ڕێنووسێکی زانستیمان بەر چاو بکەوێت کە پشتی بە بەشەکەی ڕێزمان بەستبێت و نووسەر و خوێنەری کورد لێوەی فێر بن، بۆیە ئەم کتێبە ئەوەی دەیدات بە قوتابی هەر خۆی بەر لەوەی لە بەرگی دواوە لێوەی تێپەڕ ببێت لێی دەسەنێتەوە، ئەوەی لە شوێنێکدا و لە وانەیەکدا وەک یاسای ڕێزمانی پێشکەشی دەکات، لە شوێن و وانەیەکی تردا پێشێلی دەکات و هەڵی دەوەشێنێتەوە.
پێویستە وەک هەنگاوی یەکەم ئەم دوو بەشە (ڕێزمان و ئەدەب) لە خەیاڵ و بیرکردنەوەی مامۆستا و قوتابی و خوێنەر و نووسەری کورددا بترازێن، ئینجا ئەوانەی خۆیان بە ئەکادیمییان و پسپۆڕانی ئەو بوارە دەزانن دەبێت بزانن، ئەدەب و ڕێزمان ڕاستە دوو کایەی تەواو دابڕاو نیین، بەڵام هێندەیش نزیک نیین بکرێنە یەک مادەی خوێندن و بەدرێژاییی چەند ساڵێک لە ناو یەک کتێببدا جێ بکرێنەوە و یەک مامۆستا ببێتە پسپۆڕ لە هەر دوو بوارەکەدا، پێویستە بزانن ڕێزمان باس لەو یاسا و ڕێسایانە دەکات کە زمانی لە سەر بونیاد نراوە و هەر ئەو یاسایانە شێوەیەکی تۆکمە و زانستییانەتر لە نووسیندا پێڕەو دەکەن، مەبەستیش لە نووسین هەموو کایەکانی نووسینە نەک ئەدەب بە تەنها، بۆیە ئەو پێوەندییەی لە نێوان ڕێزمان و بابەتێکی ئەدەبیدا هەیە، هەمان ئەو پێوەندییە کە لە نێوان ڕێزمان و بابەتێکی دەروونی، ئایینی، فیزیکی، جوگرافی و مێژوویی و… هتد، دا هەیە، چونکە کە ڕێزمان باس لە یاساکانی نووسین و ڕێنووسێکی زانستی دەکات، بۆ نووسین بە گشیی باس دەکات نەک تەنها بۆ بابەتی ئەدەبی، لە ڕاستییشدا بابەتی ئەدەبی لەو بابەتانەیە کە زۆرترین پێشێلکاریی یاساکانی ڕێزمانی تێدا دەکرێت، ئەویش بە هۆی ئەوەی بەشێکی ئەو بابەتانە تێکستی ئەدەبین و سەردەمانێکی پێشتر نووسراون و دەستکاریکردنیان ڕێپێدراو نیین و هەندێ جاریش بە هۆی زاڵبوونی دەنگی کاراکتەر و قسەکەرەکان لە ناو تێکستەکاندا، نووسین دەچێتە سەر شێوازێکی زارەکی و شێوەیەکی هەڕەمەکی و ناسیستماتیکی تێدا بە دی دەکرێت، واتە کە نووسینێکی ئەدەبی دەخوێنینەوە، وەک ئەوەی گوێمان لە قسەکردن بێت وایە، تا ئەوەی تێکستێک بخوێنینەوە.
(ڕێزمان و ئەدەبی کوردی) ناونیشانێکی بەتاڵە بۆ کتێبێکی قۆناغەکانی خوێندن، چونکە هەر خۆی لە خۆیدا ئەو ئامانجانە دەمرێنێ کە بەیانی دەکات، ئەوەی دەیکات بە یاسا خۆی لە باری دەبات، ئەوەی تۆکمەیی بێت فشەڵی دەکاتەوە، دەبێت هەموان بزانن، گەر ئەدەب و ڕێزمان دابڕاویش نەبن لە یەک، بەشێک نیین لە یەک و ‌هێندە لە نزیک یەکەوە دانانرێن و پسپۆڕییەکەیان تێکەڵ ناکرێن، دەکرێت ئەمەیش بە سەرەتای ئەو خەمساردییە بزانین کە ئەمڕۆ نووسەری کورد دیدێکی ستراتیژیی بۆ نووسین نییە، هەر کەس و هەر ناوەند و دەزگایەکی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری بە میزاجی خۆی پێڕەوی لە ڕێنووسێک دەکات و بێ ئەوەی سەرەتاییترین هۆشیارییان لە بارەی ڕێزمان و ڕێنووسەوە هەبێت، بڕیار لە شێوەیەکی نووسین دەدەن و لە ناوەند و دەزگاکانی خۆیشیانەوە پێڕەو دەکرێن.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگاتە هاوڕێکانت.