هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

دوای دوو ساڵ لە پەکخستنی پەرلەمان و ململانێکی سەخت، توانرا بە پارێزگاریی لە پاراستنی پرانسیپ و شکۆی گۆڕان، دەروازەیەک بۆ گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانە بکریتەوە. بە تایبەت لە نێوان (پارتی و گۆڕان) .
گۆڕان، هیچ کاتێ گفتۆگۆی ڕەت نەکردۆتەوە، بەڵام بەبەردەوامی جەختی لە گفتوگۆی بەرهەمدار کردۆتەوە. لە گفتوگۆدا، گۆران چی دەوێت؟
1- ئاسایی کردنەوەی پەرلەمان؛ لێرەو لەوێ باس لە لایەنی چاکی و خراپی بڕیارەکە دەکرێت، ئەگەر بۆ یەک تاکە ڕۆژیش بێت، بەمانای سەرکەوتنی ئیرادەی میللەت و گەڕانەوەی شەرعیەت و پاراستنی سەروەری یاسایە. چونکە ئەرکەکانی پەرلەمان هەر دەرکردنی یاسا نیە. بەڵکو چاودێرییەکی بە هێزە لە سەر حکومەت کە لەئێستادا خراپترین قەیراندایە. ئەرکێکی تری شەفافیەتە، بەدەرخستنی داهات وخەرجکردن و دابەشکردنی بە شێوازێکی داپەروەرانە، بەتایبەت بە پەسەندکردنی بودجە. بۆیە لە کاراکردنەوەی پەرلەماندا، وەک دەزگایەکی سەرەکی سیستەمی سیاسی دەکەوێتە بەردەم بەرپرسیارێتی گەل. هاوشان بەدواداچون و بەرکارکردنی یاسای سندۆقی داهاتە نەوتیەکان لەچارەسەرکردنی کێشەی موچە، باشترکردنی بژوێوی خەڵک و ڕێگرتن لە پاشەکەوتی نایاسایی، وەک سەرەتایەترین کاری پەرلەمان .
2- ئاساییکردنەوەی پەرلەمان، تەنها بۆریفراندۆم نیه. راستە ئەرکی پەرلەمانە لەپرسە چارەنوسسازەکاندا بریار بدات. ریفراندۆمیش، وەک پرسێکی نیشیمانی پیویستە بە یاسا رێکبخرێت. گۆڕان لەبەر ئەوە، گەڕانەوەی شەرعیەت و کارابونەوەی پەرلەمان بەهەند وەردەگرێت .
3- بەوەرگرتنی پەند لەڕابردوو، دەبێت هەوڵ بدرێت و ڕێگەنەدرێت تراژیدیاکانی ناوخۆ و پێشێلکاریەکان دووبارە ببێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە، یەکەم کاری پەرلەمان پەسەندکردنی پەیمانێکی نیشتمانی بێت، بە پاڵپشتی دۆستانی دەرەوە هەر لایەک پێشێلی کرد ڕووبەڕوی یاسا و بەرپرسیارتی نەتەوەو نیشتیمانی ببێتەوە. گۆڕان لەم پێناوەدا بۆ داڕشتنی چوارچێوەیەکی نیشتیمانی و دووبارە نەبونەوەی هەڵەکانی ڕابردوو، پارستنی شکۆی دامەزراوەکان و بونی ‌هێڵی سوور لە پرسە نەتەوەیی ونیشتیمانیەکان، بە خاڵێکی گرینگ لەدانوسانەکان دەزانێ.
4- پرسی سەرۆکایەتی هەرێم کێشەی یاسایی هەیە، پێویستە چارەسەر بکرێت. ئەگەر یاساکەش دەستکاریی نەکرێت، ئیدی بەپێ یاسا ماوەکەی تەواوبوە. جارێکی تر ناتوانێت بچێتەوە ناو پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم. باشترین ئامرازو بۆ ڕێگرتن لەپێشێلکارییەکان دەستوورە، وەک باشترین گرێبەست بۆ لایەنەکان بە پەسەند کردنی دەبێتە ئەو گرێبەستە دیموکراتیە هاوچەرخەی کە هەموو لایەک پێویستە لەسەری کۆک بن و سازانی لەسەر بکەن. پەسەند کردنی دەستوور دەسکەوتێکە، هەر بۆ ئێستا نا،بەڵکو بۆ نەوەکانی ئایندەش.
5- بڕیاردان لە مافی چارەنوس دیوێکی سەربەخۆییە، دیوەکەی تری پاراستنی ئازادی و شکۆی هاوڵاتی و پاراستنی بەرژەوەندی لایەنەکانە. بۆیە هاوشانی بەرگری کردن لە مافی چارەنوس پاراستنی بەرژەوەندی لایەنەکان و هاوبەشیەتی لەبڕیاردان بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن و داکۆکی لە شکۆی هاوڵاتی ئازادی و تاک و کۆمەڵ ئەولەویەتی هەیە لە دانوستاندنەکاندا.
6- هەرچەند هەڵبژاردن بژاردەیەکی دیموکراتی وگونجاوە، بۆ بڕیاردان لە چارەسەرکردنی قەیرانەکان و وەرگرتنی متمانە لەلایەن خەڵکەوە، وەک شا ڕێگایە لە ناو ڕێگاکانی تردا بۆ گۆڕینی هاوکێشە سیاسیەکان. لەهەمان کاتدا گۆڕان نابێت لەم ناوچەیەدا بڕوای بەگەمەیەک هەبێت، کە هەڵبژاردن لە پێناوی هەڵبژاردن بکات، بەبێ گۆڕانکاریی. بۆیە ڕێکەوتنێکی نیستیمانی پڕ دەسکەوت بۆ خەڵکی کوردستان و باشترە لە سینارێۆی بێ ناوەڕۆکی بەڕووکار دیموکراسی.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت