هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

غیرەتێکی سیاسیی گەورەیە بە پێچەوانەی چاوەڕوانی زۆرینەوە، بەلاغی کۆتایی بڵاو بکەیتەوە. ئەمڕۆ کە هەمووان پۆشاکی ناسیۆنالیزمیان پۆشیوە، هەمووان باس لە درووستکردنی دەوڵەت دەکەن، گۆڕان هەنگاوێک دەچێتە پێشەوە. ئەمە ئەگەر بۆ جوڵاندنی سۆزی زۆرینەش بێت، دیسان ریسکێکی گەورەیە. گێڕانەوەی نان و یاسا بخەیتە پێش دەوڵەتەوە، چاککردنی مووچەو شەفافیەتی لە داهات و بازرگانی نەوت بخەیتە پێش خەونی سەربەخۆیی، ئەمە یاریەکە خۆشتر دەکا. واتا ئەگەر پارتی و هاوئاوازەکانی بە درووستکردنی دەوڵەتەوە بنازن، ئەوا گۆڕان بە تەنیا دەچێتە بەرەیەکەوە و نان دەخاتە پێش دەوڵەتەوە.
بەڵام ئاخۆ کێ دەتوانێ سۆزی زۆرینە بەدەست بێنێ؟ زۆرینە لەگەڵ دەوڵەتە یان گێڕانەوەی نانی بڕاو؟ گۆڕان ئەمجارەش پێچەوانەی شەپۆل مەلە دەکا، ڕێک وەک ئەمریکاو دونیای دەرەوە لە درووستکردنی دەوڵەت دەڕوانێ. گۆڕان چی لێ چاوەڕوان دەکرا جگە لەوەی بڵێ (ئێستا کاتی نیە). ئەوان لەبەرانبەر ئەوەی، کە وەک ناحەزانی سەربەخۆیی سەیرنەکرێن، داوای گەڕانەوەی یاسا و ئاساییکردنەوەی پەرلەمان و چاککردنی بژێوی هاووڵاتیان دەکەن. واتا نان دەچێتە پێش سەربەخۆیی، یاسا دەکەوێتە پێش جیابوونەوە. بەلاغەکە ئاماژەیەکی ڕوونە کە دەردەداری ئێمە بە جیابوونە چارەسەر ناکرێ، هەموو ئەو قسانە خاڵی دەکاتەوە لە مانا کە پێی وایه هەموو کێشەکان دەبێ هەڵبگیرێ بۆ دوایی سەربەخۆیی. دەریشی دەخا ئێستاش هەمان نەهجی نەوشیروان مستەفا لەکاردایە. ئەگەر نەوشیروان لە ژیاندابووایە هەمان ئەو ئاوازەی ئەمڕۆمان گوێ لێدەبوو. من لە نووسینێکیتردا باسم لە شکاندنی غرووری گۆڕان کردبوو، ئێستا گۆڕان دەیەوێ لەڕێی ئەم بەلاغەوە بەشێک لە شکۆی شکاوی خۆی وەرگرێتەوە. ئاخۆ چەندە دەتوانێ سەرکەوتوبی ئەوا داهاتوو ئەو بڕیاڕە دەدات.
گرێ کوێرەکە (یاسای سەرۆکایەتی هەرێم) یەکێکیترە لە خاڵەکان و گۆڕان بەردەوام دەیهێنێتە پێشەوە. ئەگەر پارتی بیەوێت بۆ ڕیفراندۆم پەرلەمان (کارا) بکرێتەوە، ئەوا گۆڕان بۆ یاسای سەرۆکایەتی هەرێم دەیەوێ (ئاسایی) ببێتەوە. ئاشکرایە عینادی ئەم دوو هێزە ئێمە باجەکەی دەدەین، چەند دەقیقەیەک دوورکەوە لەوەی کێ ڕاستەو کێ هەڵە، کێ لەبەرەی گەلەو کێش نا، بەڵکو بیر لە عینادی بکەوە، لە ونبوونی زمانی دایالۆگ، ئەم دوو هێزە هەر یەکەیان لە دوو دۆڵی جیاواز دەخوێنن. بەم نەزمەی ئێستا یەک هەنگاو ناچینە پێشەوە. واتا ئەگەر گۆڕان لەگەڵ پارتیش دابنێشێ شتێکی تازەی پێنیە جگە لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆی. واتا پارتی دەبێ ئەمە وەک قسەی کۆتایی گۆڕان وەبگرێت. ئەوەی گۆڕان دەبوو بە پارتی بڵێت ئەمڕۆ وتیان، کەوایە پێویست بە کۆبوونەوەو کات کوشتن ناکات. ئەی پارتی چی دەکات؟ بە دڵنیاییەوە ئەم خاڵانە پێش ریفراندۆم قبوڵناکرێن لە لایەن پارتییەوە. واتا ئێمە هیچ ناکەین جگە لەوەی چاوەڕوانی پێشهاتی کارەساتبار بکەین.
ئەم ڕاگەیێندراوە چەندە سیاسەتی نەگۆڕاوی گۆڕان دەردەخات ئەوەندەش شەمەندەفەری سەربەخۆیی خاودەکاتەوە. چەندە سیاسەتی ڕادیکاڵانەی نەوشیروان مستەفا دووپاتدەکاتەوە، ئەوەندەش پارتی ڕق ئەستوورتر دەکا. چەندە وەک دژە سەربەخۆیی دەربکەوێ، ئەوندەش دەچێتە بەرەی میللەتە بەشخوراوەکە. بەلاغەکە ئاوێکی ساردەو مەستی دەشکێنێ، لەکاتێکدا هەمووان مەستن بە شەرابی سەربەخۆیی. ئەگەر پارتی و شوێنکەوتووانی مووژدەی دەوڵەتیان پێبێ، ئەوا گۆڕان شمشێر (گۆچانە)ەکەی عەدالەتی ئیمامی (عەلی) پێیە. هەڵگری درووشمی نان و ئازادی پێش دەوڵەتی پێیە. من کێشەم لەگەڵ ئەوەنیە کێ ڕاستەو کێ هەڵە، خەونی کامیان گەورەترە، کامیان لە خزمەت هەرێمەکەدایە، هێندەهەیە بەلاغێکە هەڵگری جورئەتێکی سیاسیی گەورەیە. لە کاتێکدا هەمووان خەریکی درووستکردنی ناسنامەن، بەلاغێک (ناس) دەخاتە پێش (نامە).

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت