هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

هەڵبژاردنی رێگای سێیەم، زۆرجار دەکرێ وەک ریسک تەماشا بکرێ. وەک هەڵبژاردنێکی قورس کە ڕەنگە بە زیانی گەورە بۆ ئەو کەسە تەواوبێت، کە بە رێگای سێیەمدا دەڕوا. لەناو ئەوسیستمە داخراو و نادیموکراسییانەدا کە دونیا دابەشی دووبەرەی دژ بەیەک دەبێ، ئیختیاری سێیەم دەکرێ وەک ئینتیحاری یەکەم لێکبدرێتەوە. هەمیشە ئەوەی رێگای سێیەم و پژاردەی سێیەم و ‌هێڵی ناوەڕاست دەگرێ، کەسێکی بێزراو و نامۆ و نەویستە و زۆرینە بە چاوێکی ناحەزەوە لێیدەڕوانن، بۆیە دەکرێ وەک سەرکەشی و تەحەدایەکی گەورە سەیربکرێ. ئەوانەی لەدەرەوەی دەسەڵات و سیستم لەنێوان ڕەش و سپیدا ڕەنگێکیتر هەڵدەبژێرن، دەبێ چاوەڕوانی قوربانی گەورەش بکەن کە زۆرجار دەگاتە ئاستی توندوتیژی و مەرگی خۆشیان. هەڵبژاردەی سێیەم وەک (موئامەرە) یان (لایەنگیری ترسنۆکانە) تەفسیری بۆدەکرێ لە کۆمەڵگا دیکتاتۆرەکاندا. ڕێگای سێیەم دەکرێ رێگای مەرگ بێ، بەڵام بەدڵنیاییەوە رێگای تەسلیمنەبوون و ڕێگای ڕای سەربەخۆ و ڕێگای بوێرییەکی گەورەشە. رێگای سێیەم زۆرجار دەکرێ دوای بیرکردنەوەیەکی زۆر و نەچوونە پاڵ ئایدیۆلۆژیایەکی زاڵ و تەسلیمنەبوون بە ئیرادەی باو بێتە کایەوە. ئەمە بەو مانایە نایەت کە ئەوانەی دابەشی سەر بەرەیەکی دیاریکراو دەبن، کەسانی نەفام یان ڕامکراوبن، نەخێر دەکرێ لە ئیرادەیەکی سەربەستەوە رێگای یەکەم یان دووەم هەڵبژێردرێ. هێندە هەیە رێگای سێیەم رێگای، رێگای بینینی دونیایە لە زیاد لە پەنجەرەیەکەوە. رێگای ئەوانەیە کە دژی شەپۆل مەلە دەکەن و نایانەوێ دونیا دابەشی سەر دووبەرەو دوو رەنگ و دووڕێگا و دوو هێڵی دژبەیەک ببێت.
لە کوردستانی ساڵانی نەوەتدا لەهەرکاتێک زیاتر کوردستان دابەشی ئەم یاریە ترسناکەبوو بوو. دەبوو لە نێوان دوورێگای دیاریکراودا یەکێکیان هەڵبژێریت، ڕێگای سێیەم بەمانای دوژمنایەتی و لایەنی کەم لایەنگیری تەرەفێکی نادیار دەهات. ئەوکات کوردستان دوو رێگابوو، تولەڕێکانیتر هیچ نەبوون، بۆیە هەڵبژاردنی هەریەک لەو تولەڕێیانەش بەپێی زەمەن مەترسی و سەلامەتییەکەی دەگۆڕا. لەدەرەوەی ئەو دوو ڕێگایە ژیان ئێجگار قورس و پڕ چەرمەسەری بوو. حیزب مۆدێلێکی (ئەگەر لەگەڵ من بیت دوژمنی) پەیڕەو دەکرد. مۆدێلێک کە دوای ئەوە دونیایەکی ئێجگار ترسناک و تاریکی درووستکرد و تا ئێستاش بەردەوامە. ئەوانەی ئەوکات لەدەرەوەی دوو زۆنەکە بیریاندەکردەوەو تەسلیمی ئیرادەی هیچکام لە رێگاکان نەبوون، چارەنووسێکی نادیاریان هەبوو. لەشکرێک لەو دەنگانەی تەسلیمنەبوون، نوخبەیەکی گەورەی ڕێگای سێیەم لەسنوورەکانی کوردستان دەرکران یان ناچاری بەجێهێشتنی ئەو خاکە کران کە دەکرا شەریفانەتر حوکمبکرێ. بێلایەنی لایەندارییەکی ترسنۆکانەبوو لەچاوی ئەو گرووپانەدا. راستە ئەوانەی بەهەر هۆکارێک نەیاتوانیبوو لە زۆنی دڵخوازی خۆزیان بژین لایەنداربوون، بەڵام کەسانێکی زۆر لە هەردوو زۆندا هەبوون کە بەڕاستی بێلایەن بوون. ئەمە ئەو هەڵبژاردنە ئازادانەیەبوو کە تا ئێستاش گرووپەکان دژی دەوەستنەوە. ئەوەی لەم ڕۆژانەدا روودەدات هەمان مۆدێلی ساڵانی نەوەدە و درێژەی هەیە. ئێمە هێشتا خەریکی دابەشکردنی دونیاین بەسەر شەیتان و رەحماندا، بەسەر ڕەش و سپیدا، بەسەر بەڵێ و نەخێردا.
ئایدیۆلۆژیە سەردەستەکان و مەکینە ئیعلامییە گەورەکانیان رۆژبەرۆژ ئەم رقە ئەستورتر دەکەن. ئەم دابەشکارییە ترسناکە وەک رۆتینێکی ئاسایی رۆژانە مامەڵە دەکەن. لەشکرێک لە رۆژنامەنووس و نووسەرو چالاکوان و شیکەرەوە.. کەوتوونەتە ناو ئەو تۆڕە زلەی کە هەمووانی داپۆشیووە. بەبێ ئەوەی بەشێکی زۆری ئەو لەشکرە بزانێ کە دونیا زۆر لەوە گەورەترە من تەنها لە چاویلکە بچووکەکەی خۆمەوە بیبینم، بەبێ ئەوەی بزانێ ئەو پارچە ئاوێنەیەی بە دەستیەوەیەتی هەموو حەقیقەتەکە نییە، بەڵکو دەکرێ ئەوانیتریش بڕێک لە حەقیقەتیان لەلا بێ. (خۆبەڕاست زانین) و ئەو پڕۆگرامەیە کە لە هەموو قوتابخانەیەکی سەر بە فاشیزم دەخوێندرێ. بە دوژمن سەیرکردنی ئەوەی وەک من بیرناکاتەوە، ئەو تاعونەیە کە حیزبە کوردییەکان ساڵانێکە بڵاویدەکەنەوە. زۆرێک لەوانەی کە دەرچووی ئەو مەدرەسەیەن و تووشبووی ئەو نەخۆشیەن، کە مەرج نیە ئاگاداری چیرۆکەکەبن. لە دونیایەکی لەم شێوەیەدا هەڵبژاردنی رێگەی سێیەم دەکرێ ئێجگار قورس بێ. تا ئەو (پۆلیسی خەیاڵ)ە لەناو خۆتدا دەکوژی کاتی دەوێ، تا بت و ترسی (برا گەورە) لە دەروونتا دەشکێنی کاتی دەوێ. بەش بەحاڵی خۆم هیچ ئومێدێکم نیە لە ئایندەیەکی نزیکدا بتوانین لەناو ئەو دونیا ترسناکەی کە جۆرج ئۆروێل لە رۆمانی( 1984) دا درووستیکردووە، بێینە دەرەوە. بۆیە ئاسان نیە ڕووخاندنی ئەو دیواری یەقین و خۆبەڕاستزانینە بڕوخێنین کە چەندین ساڵە ئایدیۆلۆژیاکان خەریکی درووستکردنین.
ئێستا لەهەرکاتێک زیاتر هەست دەکەم لە ساڵانی نەوەتدا دەژیم، هەمان ململانێ و هەمان کینەو هەمان سنووری تۆخ. دابەشکردنی ئەم خاکە بە هەموو وردەکارییەکانیەوە. رێفراندۆم ئاساییە رای جیاوازیی درووستبکات، بەڵام ئاسایی نییە بوغز درووستبکات، ئاسایی نییە بگات بە تۆخکردنەوەی سنووری ساڵانی نەوەد. جارێکیتر رێفراندۆم دەبێت بەو خاڵەی لەوێوە سەیری دیووە شاراوەکەی ئاشتیی و پێکەوەژیان بکەین. ئەو لێکەوتانەی ئێستا دەیانبینین، پێماندەڵێن ئێمە هێشتا لە ئاشتییەکی درۆداو لە تەباییەکی ساختەدا دەژین. ئاخر ئەو رێفراندۆمەی کە (بێکەس) و هاوڕێکانی سەرپەرشتیانکرد نەیارێکی گەورەی نەبوو، کۆمەڵگەی دابەشنەکرد بەسەر دوو بەرەدا. ئەوەی ئێستا دەیبینین بەئاگا هێنانەوەی ئەو رقە کەڵەکەبووەیە کە دەمێکە خەتووە. رقێک حیزبەکان لەناو دەروونی زیاد لە جیلێکی ئەم میللەتەدا چاندوویانە. رقێک کە دونیا دابەشدەکات بەسەر رەش و سپی و باش و خراپدا. جیلێک کە هەرگێز نازانێ رێگای سێهەم و گۆشەی سێهەم و هەڵبژاردەی سێهەم هەیە. نەوەیەک کە لەنێو زۆنگاوی حەقیقەتی خۆیدا دەقێڕێنێ و ئاگاداری ئەو ئاوە فرێش و سازگارە نیە کە لە تەنیشتییەوە دەڕژێ. بۆیە لەم دۆخە ئۆروێلییەدا ئایدیۆلۆژیا لەهەرکاتێک زیاتر دەتوانێ یارییە نەگریسەکانی خۆی بکات. سیاسەت دەتوانێ پرسێکی نیشتیمانی بە حیزبی بکا، سیاسەت دەتوانێ نیشتمان هەرزانفرۆش بکا، حیزب دەتوانێ ریفراندۆمیش خۆماڵی بکات.
مۆدێلی ساڵانی نەوەد دابەشبوونی کۆمەڵگەبوو بەسەر دوو زۆندا، ئەوسا جەنگ ئیشەکەی دەکرد ئێستا رێفراندۆم. لە نەوەدەکاندا مرۆڤ نەیدەتوانی جگە لەو دوو زۆنە، ماڵێکی بێلایەن بۆخۆی هەڵبژێرێ، ئێستا رێفراندۆم هەمان ئیش دەکا. ئەوسا رێگای سێیەم مانای گەڕانەوەبوو بۆ باوەشی بەعس، رێفراندۆم ئێستا هەمان شتت پێدەڵێت. هەردوولا بە رقەوە سەیری رێگای سێیەم دەکەن. کینەی ساڵانی نەوەد جارێکیتر لێرەدا خۆی نمایشدەکاتەوە. ساڵانی نەوەد تەنها دوو رێگات لەبەردەمدابوو. دونیای کوردی دێگەڵە لەیەکتری جیادەکردەوە. لەودیوی ئەم هێڵەوە کەس نەیدەتوانی بژی، جگە لە کۆترەکانی ئیسماعیل خەیات. ئەوانیش تەنها لەسەر بەردەکان زیندووبوون و وەک ئەوانەی ئێستا رێگای سێهەم هەڵدەبژێرن نەیاندەتوانی ئازادانە بفڕن. هەڵبژاردنی ڕێگای سێهەم لەنێوان بەڵێ و نەخێردا، هەڵبژاردنی ژیانە لە نزیک دیواری (PMF). ئەمە دەمگەیەنێتە ئەو بڕوایەی کە ئێمە یەک بست نەچووینەتە پێش، هێشتا لە نەوەدەکانداین. بیرمە ئەوکاتیش میللەت هەر وەک ئێستا بێ پارەبوو. ئەوکات وڵاتانی جیهان ئابڵۆقەی ئابوورییان خستبووە سەر عێراق، ئێستا هەم عێراق و هەم و ئەو دەوڵەتەی رێفراندۆمی بۆدەکرێ ئەبڵۆقەیان خستۆتە سەر ئەو میللەتەی نازانێ بۆ دەنگ دەدا.
رێفراندۆم رێگا خۆشدەکا بۆئەوەی وەلائت بۆ حیزب دەربڕی، پرسەکە بە حیزبی کراوە ئیدی. ئەوەی شەرمی دەکرد ستایشی حیزبەکەی بکا، ئێستا بە هۆی رێفراندۆمەوە دەتوانێ ئەوەبکا. سوک و ئاسان، بەڵێ و نەخێرەکەت، وەڵائی حیزبیت دیاریدەکا. دەرفەتێکی چاکە تا حیزبیش بۆیدەرکەوێ کێ دڵسۆزیەتی و کێش نا. بەڵێ و نەخێرەکەت نیشانەی نیشتیمانپەروەری یا خیانەت و خۆفرۆشیت نیە، لە راستیدا ئەوە ئێنتیمایه بۆ حیزب کە بە فلتەری پرسێکی نەتەوەیی وەک رێفراندۆمدا تێپەڕ دەبێت. سەیرکە پرسێکی وا نیشتمانی چ یارییەکی ترسناکی پێدەکرێ. هەموو پرسێکی چارەنووسساز دواجار حیزب رێشمەکەی بەو ئاراستەیە دەسوڕێنێ کە خۆی دەیەوێ. لەم نێوانەدا هیچ پانتاییەک بۆ دەنگی سێیەم نامێنێتەوە، تۆ دەبێ بڕیاری خۆت بدەیت، لەگەڵ منیت یان دووژمنم، خائین یان نیشتیمانپەروەر، پشتگیری یاسا دەکەی یان هێڵەکانی دیکتاتوری تۆخ دەکەیتەوە. ناچاریت یەکێکیان هەڵبژێریت.
باشه ئەی ئەوانەی ناکەونە ئەو نێوانەوە چیبکەن؟ ئەوانەی دابەشنەبوون بەسەر ئەو دوو بەرەیەدا، ئەوانەی نەچوونەتە هیچ سەنگەرێکەوە و تەنها سەیری گەمە ناشیرینەکە دەکەن؟ ئاشکرایە بەشێکی زۆری هەردوو بەرەکە ئەو نوخبە کەمەی کە لە ناوەڕاستدایە و فریوی هیچ لایەکی نەخواردووە، وەک (بێ مەوقیف)، ( کەری ناو جۆگە)، (ترسنۆک) و زۆر ناو و ناتۆرەیتری لێدەنرێ. تۆ کە بە موتلەقی جەماعەتی (نەخێر)بە نۆکەری بێگانە وجەماعەتی (بەڵێ) بە کۆیلە بزانی، چاوەڕوانی هەڵوێستی جوانت بەرامبەر ئاراستەی سێیەم لێناکرێ. ئێستاش هەمان سیاسەتی ساڵانی نەوەد بەرامبەر بە هەڵبژێرەرانی رێگای سێیەم پەیڕەو دەکرێ. ئەوانەی لەدەرەوەی دوو ئاراستەکە رێدەکەن دواجار لە چاوی هەردوولادا وەک لایەندار سەیردەکرێن. بوونەوەرێکی نامۆیە لەچاوی ئەوانەی خۆیان بۆ بەڵێ و نەخێر یەکلایی کردۆتەوە. بوونەوەرێکە لەوان ناچێ، وەک تەیرێکی غەریب و نەناس هەموو نیشانی لێدەگرنەوە. ئەوان پێیان سەیرە ئەم بوونەوەرە بۆ لە مەزراکەی ئەوان نالەوەڕێ، چۆن دەکرێ دونیا لە دوو دوورگە زیاتری هەبێ؟ ئەم کەشفکردنە تازەیە زۆرجار لەبری ئەوەی ببێ بە چەکوش و دیواری یەقین و موتڵەق بڕوخێنێ، دەبێ بەخشتێکیتر و دیوارەکە قایمتر دەکا.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە