هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

1
پێویست بەریزکردنی کێشە گەورەو بچووکەکان ناکات، نامەوێ سەری خۆم و ئێوەش بە ژماردنی قەیرانە گەورەو بچووکەکان بیەشێنم. هۆکاری ئەوەی بۆچی ئێمە لەم رۆژگارە پڕ چەرمەسەری و بێدادیەدا دەژین؟ ئاخۆ بۆچی گەیشتینە حاڵەتی چەقبەستن و داغان بوون لە کۆی کایەکانی ژیان؟ یەک دونیا هۆکار هەیە تا بیکەینە دەروازە بۆ تێگەیشتن لەم دونیا بەربەریەی ئەمڕۆمان، ریزێک خەتا هەیە کە ئێمەی بەم دەردە بردووە و کردوومانی بە یەکێک لە نموونەکانی فاشیزم لەوڵاتانی جیهانی سێیەم. بەڵام ئەوەی لەهەموو هۆکارەکان کاریگەرترو سەرەکیترە، کێشەی سەرکردەی هەتا هەتاییە.

2
مانەوەی سەرکردە لەسەر کورسییەکەی تا رۆژی مردنی، گەورەترین نەحۆشییەکە هەر میللەتێک لەم سەرزەمینە توشی ببێت. هۆکاری ئەوەی هەر نیشتمانێک، میللەتێک، سەرزەمینێک، گروپێک. توشی کیشەی قووڵ دەبێت، پەرتەوازەیی و بێدادی و هەژاری و هەزاران گرفتی گەورەو بچووک. رەچەڵەکی کێشەکە ئەوەیە پیاوێک ئامادەیی چۆڵکردنی کورسییەکەی نیە. (سەرکردەی هەتاهەتایی) دایکی کێشەکانە، ئیدی لێکەوتەکانیتر، قەیرانە زەبەلاحەکان، نادادپەروەری یاسا، بێنرخبوونی هەموو بەها ئینسانییەکان. هیچ نین جگە لە و بێچوانەی لەو دایکە کەوتوونەتەوە.

3
ئەگەر سەرکردەی هەمیشەیی، زۆرجار خۆشەویستیش بێ لەناو خەڵک، (وەک لەدۆخی نەوشیروان مستەفادا بینیمان) ئەوا ڕەنگە دوای خۆی فەوزا دروستبکات، حیزبەکەی، میللەتەکەی، نیشتیمانەکەی، بنەماڵەکەی. بەرەو هەڵوەشانەوە و لێکترازان و پەرتەوازەیی تەواو بەرێت. واتا لە هیچ دۆخێکدا سەرکردەیی هەمیشەیی حاڵەتێکی تەندرووست نیە. پاکترین مرۆڤی سەر ئەم زەمینە، لەدۆخی مانەوەی هەمیشەییدا لە پێگەکەی، دەبێت بە بێزراوترینیان. لەسەر هەر بستەخاکێک سەرکردەیەکی هەمیشەیی هەبوو، ئەوا بزانە هیچ شتێک لەوێ بەشێوە ئاساییەکەی خۆی بەڕێوەناچێ و چاوەڕوانی ڕووداوی سەیروسەمەرەی لێبکە. مانەوەی سەرکردە تا مردن، هەموو شتێک لە وڵاتدا ئیفلیج دەکات و فەسادی دەکات، تەنها خۆی نەبێت، واتا خودی سەرکردە، رۆژبەرۆژ پێگەی قایمتر و پتەوتر دەبێت. ئیدی تا ئەو ڕۆژە دێت کە بە سرووشتی خۆی دەمرێت، یان خەڵک دەیهێنێته خوارەوە. سەیری مێژووی دوورو نزیک بکەو بزانە ژمارەیان چەندن ئەو سەرکردانەی کە هەمیشەیی بوون و تەنها لە ڕۆژی مردنیاندا کورسییەکانیان بەچۆڵی مایەوە، چەندن ئەو پێشەواو ڕابەڕو سەرۆکانەی بوون بە زەلیلی بەردەستی میللەتەکەی خۆیان و مەرگێکی تراژیدی مردن. سەرۆکی هەمیشەیی هەرگیز ئەنجامێکی باشی نە بۆخودی خۆی و نە بۆ میللەتەکەیشی هەبووە.

4
مانەوەی نەوشیروان مستەفا لە پێگەکەیدا تا ساتی مردنی، ئاماژەیەکی خراپە و پێمان دەڵێ: هێشتا هیچ ئومێدێک دیارنیە، ئومێد بە مانای ئەوەی هەست بە گۆڕانکاری بکەین له عەقڵی سیاسی کوردیدا. کاک نەوشیروان لە نووسەرو رووناکبیرە سیاسییەکان بوو، بۆیە دەبوو جیاوازتر لەو دەستە حوکمدارە بێخەیاڵەی ئێستای کوردستان هەنگاوی بنایە، دەبوو حاڵەتی ئێستای تاڵەبانی وانەیەکی گرینگی سیاسی و ئاماژەیەکی کاریگەر بووایە. ئەو پیاوە بەچاوی خۆی دەیبینی یەکێتی دوای مام جەلال بەرەو چ وێرانەیەک دەڕوا. شایەدی ئەو ناکۆکیە قووڵە بوو کە دوای نەخۆشییەکەی تاڵەبانی لەناو یەکێتیدا درووستبوو. دەرفەتێکی زۆریشی لەبەردەمدابوو تا سوود لەو هەڵەیەی تاڵەبانی وەربگرێت. نەخۆشییەکەی ماوەدرێژبوو، کاتێکی زۆریشی هەبوو بۆ بیرکردنەوە، بۆ هاتنەخوارەوە لە کورسی. بۆ دانانی کەسێک لە شوێنی خۆی بە ڕێگایەکی دیموکراسی وەک کۆنگرە. بەداخەوە کاک نەوشیروان هەمان سیاسەتی هەڵەی حیزبە تەقلیدییەکانی کوردستانی پەیڕەوکرد. ئەو پیاوە بزوتنەوەکەی درووستکرد بۆئەوەی مۆدێلێکیترمان لە سیاسەت و حیزبایەتی پێشکەش بکات، کە تا ڕادەیەکی زۆر لەمەدا توانی سەرکەوتووبێت، بەڵام نەیتوانی بتە گەورەکە بشکێنێ کە خۆی بوو! نەیتوانی کۆپیەکی (رەش و سپی) پارتی و یەکێتی نەبێت لەمەیاندا.

5
دەستبەردارنەبوونی کاک نەوشیروان لە پۆستەکەی وەک رێکخەڕی گشتی، پێمان دەڵێت: سیاسییەکانی ئێمە هەمیشە وێنەیەکی (پاڵەوان, رزگارکەر، بێ بەدیل ) لە مێشکیادا هەیە بۆ کەسێتی خۆیان. سەرکردەی هەمیشەیی پێی وایە تەنها خۆی دەتوانێ کاروبارەکان بەڕێوەبەرێ و فریای هەموو شتەکان بکەوێ، وڵات بپارێزێ، سەروەری یاسا رابگرێ، ئاشتەوایی نیشتیمانی بەدیبێنێ، لە دەستی دەرەکی بمانپارێزێ، حیزبەکەی و بنەماڵەکەی بە بەهێزی و یەکگرتوویی بهێڵێتەوە. سەرکردەیی هەمیشەیی بەردەوام بیرکردنەوەکانی خۆی پێ راست و درووستە. گومان لە نەجابەت و دڵسۆزی خۆی ناکات. پێیوایە جگە لە خۆی کەس شیاوترنیە بۆ رابەرایەتیکردن، ڕۆژبەڕۆژ دیواری چواردەوری پتەوترو خەرەندی نێوان خەڵک و ئەو بەرینتر دەبێ. ئیدی دۆخێک درووستدەبێ کەس متمانەی بەویتر نابێ، سیاسەت لەشوێنێی خۆیدا وەک گۆمێکی وەستاو بۆگەندەکا، کادیرە پێشکەوتوەکان تێیدا دەقێڕێنن. سەرکردە هەمیشەییەکان دەرگاکان لەیەکتری دادەخەن و نامەکانی یەکتر ناخوێننەوە. پاسەوانەکان لە قولەو قەڵاکانەوە تیرو ڕمەکانیان هەمیشە ئامادەیە. ئامادەیەبۆ هەر ئاوازێک کە بەدڵی ئەوان ناخوێنێ.
لە میرنشیەنەکان و حکومەتە تەمەن کورتەکانی سەرەتاو ناوەڕاستی سەدەی بیست، ئێمە کێشەی سەرکردەی هەمیشەییمان هەبووە. میرەکان تا مردن کەسی یەکەم بوون، شێخ مەحموود و مەلا مستەفاو قازی محەمەدو زۆرانیتر تامردن لەسەر کورسییەکە هەمیشییەکە بوون. تا بەمڕۆش دەگات کە ئێمە خاوەنی کیانی سەرخۆ یا دەوڵەت نین، ئەوەیە کە ئەو پەتای سەرکردەی هەمیشەییە بەردەوام بڵاو بۆتەوەو پێیەوە ناڵاندوومانە.

6
کاک نەوشیروان وەک (سەرکرەی هەمیشەیی) مرد. ئەو لەناو یەکێتی نیشتیمانیدا تەمەنێکی درێژ یەک کورسی لەخوار سەرۆکی هەمیشەیی، کە تاڵەبانی بوو دانیشتبوو. دوای ئەوە خۆی چووە ئەو مەقامەوە، کورسیەکەی جیاکردەوەو چوو لەسەری هەڕەمەکە، (جا گرینگ نیە چەندە گەورەیە ئەو هەڕەمە) لێی دانیشت. بەمکارەیشی کورسیەکەی لەگەڵ بارزانی و تاڵەبانیدا یەکسان کردەوە. ڕوون نەبوو ئاخۆ نەوشیروان مستەفا دەستبەرداری پۆستەکەی دەبوو یان نا، خۆی جیادەکردەوە لە هاوڕێ لەمێژینەکانی کە بانگەشەی تێپەڕاندنی ئەوانی دەکرد یان نا؟ ئاخۆ دەیتوانی بە ئاشتەوایی لەسەرەوەی هەڕەمەکە بێتەخوارەوە یان نا؟ ئێمە تەنها ئەوە دەزانین کە ئەو وەک سەرۆکی هەمیشەیی مرد. مەرگ ئەوی لە کورسییەکەی هێنایە خوارەوە نەک گەمەیەکی دیموکراسی، نەک ڕێککەوتنی سیاسی، یان دەستەبەرداربوونی ئارەزوومەندانە. کێشەی سەرەکی سەرکردەکانی ئەم ناوچەیە ئەوەیە کە باوەڕ بە مەرگی خۆیان ناکەن، پێیان وایە دوای خۆیان ئیدی شتێک نامێنێ بەناوی نیشتیمان و سیاسەت و ئاشتەوایی و خۆشگوزەرانی. بەداخەوە لەگەڵ هەندێک جوانی لەو پیاوەدا، بەڵام دواجار وەک سەرۆکی هەمیشەیی و کەسی یەکەمی بزووتنەوەکە گیانی سپارد.

7
بۆئەوەی لە تاعونی (سەرکردەی هەمیشەیی) بگەین، پێویست ناکا دیقەتی بەهاری عەرەبی و کەوتنی قەزافی و زەینلعابدین و موبارەک بدەین، نموونەی کوردی باشترین موختەبەرە بۆئەوەی ئەنجامەکەی لێوە بەدەست بهێنین.
سەیری دۆخی یەکێتی بکە دوای نەخۆشییەکەی تاڵەبانی. یەکێتی هەلا هەلا بوو. ئەندامێکی مەکتەبێکی سیاسی کە شایستەی پۆستەکە نیە، بەڵام لەبەر ئەوەی لە ماڵباتی تاڵەبانیە کاغەزی جێگرەکانی سکرتێری گشتیی ناخوێنێتەوە. یەکێتی دوای تاڵەبانی بێ رووخسارە، فرە کوێخواییە، بنەماڵە حوکم دەکا نەک مەکتەبی سیاسی و جێگرەکانی. نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی ئاماژەیەکی ڕوونە کە ئەوەی یەکێتی بەڕێوە دەبرد خێڵ بوو نەک ئەوەی پێی دەوترا سۆسیال دیموکرات و جێگری شەرعی. دۆخی (پیاوە نەخۆشەکە)، لە یەکێتیدا، پەردە هەڵدانەوەیە لەسەر کۆی بوونیادی حیزبی کوردی. غیابی تاڵەبانی، ئامادەکردنی سەرکردەی ئەبەدیە. یەکێتی نەیتوانی جێگرەوەیەک بۆ تاڵەبانی دیاریبکات. لەم حاڵەتانەدا حیزب قڵیش و شەبەقی گەورەی بۆ درووست دەبێ، چونکە خۆیان بۆ مردنی رێبەڕ ئامادە نەکردووە. مانەوەی تاڵەبانی لەم دۆخەی ئێستادا، هیچ ناکا جگە لە هەڵکۆڵینی برینەکان و دروستکردنی شەبەقی زیاتر. هەڵوەرینی هەوادارانی ئەو حیزبە لە ئاستی باڵاو خوارەوە بەڵگەی ئەم قسەیەن. یەکێتی لە چاوەڕوانی مەرگی تاڵەبانیدا، چاوەڕوانی مەرگی خۆی دەکات. هیچ ئایندەیەک بۆ یەکێتی نیە، جگە لە قبوڵکردنی مەرگی (پیاوە نەخۆشەکە). هەتا ئەو پیاوە بمێنێ گەڵاکانی ئەو درەختە دەوەرێ و گەڵای تازەتر دەرناکا. پێویستە یەکێتی مەرگی تالەبانی پێ قووت بچێ. وەک فاکتێکت قبووڵی بکات. هیچ نەبێ تا لەوەی هەیە بچوکترو بچووکتر نەبێتەوە.

8
پارتی وەک هەموو حیزبە بیمارەکانی کوردستان، کێشەی سەرکردەی هەمیشەیی هەیە. دۆخی پارتی جیاوازە، بەوەی پارتی مێژوویەکی کۆنی هەیه لەگەڵ ژیان و گەورەکردنی سەرکردەی هەمیشەیی. هیچ حیزبێکی کوردستان هێندەی پارتی ناتوانێ بەردەوامی بدات بە تەمەندرێژی سەرۆکی هەتا هەتایی. پارتی لەو حیزبانەیە کە هەمیشە جێگرەوەی هەیە بۆ حاڵەتە لەناکاوەکان. گەر سەرۆکی هەمیشەیی مرد، ئەوا پێویست بە خۆ سەغڵەتکردن ناکا، کەسێک ئامادەیە بچێتە سەر کورسییەکە. گرینگ نیە کوڕە، نەوەیە، ئامۆزایە، یان کەسێکی سەر بە خێڵە. گرینگ ئەوەیە هەمیشە پیاوێک هەیە ئەو (ئەرکە مێژووییە )و ئەو (دۆخە هەستیارە) بگرێتە ئەستۆ. بۆیە پارتی کێشەکە زووترو ئاسانتر لە گروپەکانیتر چارەسەر دەکات.

9
یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵ، کاکە حەمەو قەمیسە شینەکەی، قادرعەزیز پێشئەوەی کورسییەکەی لەژێری بهێننەدەرەوە. هەموویان لە دۆخی سەرکردەی هەمیشەییدا دەژیان. سەیرکە چەند ڕۆژێک سەڵاحەددین بەهادین کورسییە هەمیشەییەکەی بە محەمەد فەرەج سپارد، بەڵام هەر زوو لە کۆنگرە بێماناکەدا گوتی دەبێ کورسییەکە بە مامۆستا بدرێتەوە، واتا لە کوردستاندا دەکرێ بە شێوەیەکی کاتی بچیتە سەرەوەی هەڕەمەکە، بەڵام دەبێ لەبیرت بێ تەنها بۆ هەڵخەڵەتاندنی دیموکراسی بووە یارییەکە. عەلی باپیر هەمیشەییە، بارزانی هەمیشەییە، تاڵەبانی بە ئیفلیجبوونیەوە هەمیشەییە، نەوشیروان مرد هەمیشەیی بوو. تکایە بیربکەرەوە تۆ کێ دەخەیتە سەر کورسییە هەمیشەییەکە لە هەڵبژاردنی ئایندەدا؟

10
من لە هەرکاتێک خەمبارترم، مەرگی نەوشیروان غەمگینی کردم، وەک چۆن مەرگی تاڵەبانی و بارزانی غەمگینم دەکات، ( چونکە مومکینە مەرگی هەردووکیان ببینم)، منیش بەشێکم لە مێگەلەکە، منیش بەبێ ئەوەی بەخۆم بزانم دوای بەڵێنە فریودەرەکانیان کەوتم. ئێستا کاتی ئەوەیە وەک مرۆڤێک، وەک کەسێکی ئازاد لەدەرەوەی هەموو ئایدیۆلۆژیاکان بیر لە تاکایەتی خۆمان بکەینەوە. منێک دەکرێ سەرکردەیەکی هەمیشەیی نەبم. منێک دەکرێ خاوەن بیرکردنەوەیەکی هەمیشەیی نەبم. منێک دەکرێ لەسەر کورسی بۆچوونەکانم لار نەبمەوە..

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت